کۆمۆنیزم

دایەلۆگێک لەگەڵ هاوڕێیەکی ئەنارکیدا

دایەلۆگێک لەگەڵ هاوڕێیەکی ئەنارکیدا

سەبارەت بە پرسی حزب لە “کۆمۆنیزمی نوێ”دا

هاوڕێم “زاهیر باهیر” لە چەند نامەیەکدا*[1] سەبارەت بە چەند بەشێکی کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” سەرنجەکانی خۆی دەربڕیوە و من نامەیەک کە سەبارەت بە حزبە پێشتر وەک خۆی بڵاومکردەوە و لێرەدا دایەلۆگێک لەگەڵ بۆچونە ئانارکیەکانی ئەم هاوڕێ یەدا دەخەمە ڕوو. داواشم لە هاوڕێ زاهیرە کە ئێستا کە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” بڵاوکراوەتەوە بۆ زیاتر زانینی دیدگاکانم سەبارەت بە حزب سەیری کتێبەکە بکات و  من لێرە تەنیا لەسەر ناوەرۆکی نامەکەی ئەو قسە دەکەم.

هاوڕێ”زاهیر باهیر” لە پێشەکی نامەکەیدا دەڵێ ” زۆر بە ڕاشکاویانە دەیڵێم تۆ لاقێکت  لەناو مارکسیزمە [ نەك لیننینزم چونکە لام وایە ئەمەیانت بە جێهێڵاوە]  بە لاقەکەی دیکەت هەنگاو بەرەو ئەنارکیزم دەنێیت  کە ئەمەش هەنگاوێکی وائاسان نییە بۆ گواستنەوەی سەنگەر و پێگەی خەباتکرندمان، … حیزب هەر ئامرازی خەباتکردن و ڕزگارکردنی چینی کرێکاران و بەشخوراوان نییە بەڵکو گەورەترین کۆسپیشە.  “

بۆچونی ئەم هاوڕێ یە لەسەر جیاوازی نێوان کۆمۆنیزم و ئانارکیزم ئەوەیە کە دوو سەنگەری جیاوازن. لەبەرئەوەی یەکەمیان باوەڕی بە حزبە و دوەمیان دژیەتی. ئەمە تێروانینیكی هەڵەیە سەبارەت بە مێژووی ئەم ڕەوتانە لە خەباتی چینی کرێکاردا. ڕاستە کەسانێکی ئانارکی ئەم فۆرمۆلەیان لە ئەنارکیزم داوە بەدەستەوە کە دژی حزبە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەنارکیزم بەپێی سەردەم و هەلومەرجی خەباتی چینایەتی بۆچون و شێوازی جۆراوجۆری لە خۆی نیشانداوە هەروەها کۆمۆنیزمیش لە ئەنارکیزم زیاتر لق و پۆپی لێبۆتەوە . کەواتە ئەم سەنگەر گواستنەوەیە بۆچونێکی میتافیزیکە سەبارەت بە تێڕوانین بۆ مێژووی فکری خەباتی چینایەتی دژی سەرمایەداری لە دوو سەدەی ڕابردوودا، کە سەنگەرەکانی بەپێی قاڵبی فکری ڕەوتێک ناتوانین لێک بدەینەوە و لێی تێبگەین.

هەربۆیە ڕەخنەی من لە مۆدێلی سوشیالیزمی دەوڵەتی بۆ حزب و دەوڵەت و کۆمۆنیزم لەوانەیە کە هاوبەشی لەگەڵ ڕەخنەی ئەنارکیستێکدا هەبێ، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نیە کە من خوازیاری گواستنەوە لە کۆمۆنیزمەوە بۆ ئەنارکیزم ببم، چونکە پێم وایە کە ئەو سەنگەرانە خۆیان گۆڕاون و بەردەوام لە گۆڕاندان.

ئەوەی پێویستە سەرنجی بدەینێ ئەوەیە کە خەباتی چیانیەتی لە ئێستادا چی پێویستە و دەبێ چ دەرسێک لە بزوتنەوە فکری و سیاسیەکانی وەربگرێ؟

وەک ئەنگلس لە کتێبی “دیالەکتیکی سروشت”*[2]دا دەڵێ” فکری تیۆری هەر سەردەمێک ، ئەم سەردەمەشمان، بەرهەمێکی مێژووییە کە ، لە سەردەمە جیاوازەکاندا ، شێوازی زۆر جیاواز و ناوەرۆکی زۆر جیاواز لە خۆدەگرێ. بەم پێیە ، زانستی فکر ، وەک هەر زانستێکی تر، زانستی گەشەی مێژوویی فکری مرۆڤایەتیە.”

لێرەدایە کە کۆمۆنیزمی ئێستا ناتوانێ کۆپی نە کۆمۆنیزمی پێشوو و نە ئەنارکیزمی پێشوو و جەدەلەکانی پێشوو بێت، بەڵکو دایەلۆگ و جەدەلێکە سەبارەت بەو مەسەلانەی ئەمڕۆ کە درێژەی مێژووی سەرجەم ڕەوتەکانی نێو خەباتی چینایەتی پێشووە نەک ڕەوتێکی فکری دیاریکراو، وەک مارکسیزم، یان ئەنارکیزمی باکۆنینی، یاخود لینییزم یان بوکچینی. ئەمە بەمانای ئەوە نیە کە تیۆری مارکس سەبارەت بە ئابوری سەرمایەداری یان لێكدانەوەی ئانارکیستێک سەبارەت بە پەرلەمان دروست نەبێ کە بە تەجروبەی جەماوەری کرێکار ڕاست و دروستی سەلمابێت.

لە زانستە سروشتیەکاندا چونکە بەرژوەندیە سیاسی و ئابوریەکان ناتوانن بەڕاشکاوانە بەر بە یونیڤێرساڵی و جیهانی بون و کۆلێکتیڤ بوونی ڕاستی بگرن و  ناچارن  هەڵسەنگاندن و سود لێوەرگرتنەکانی زانا و ڕێبازە زانستیە جۆراوجۆرەکان  بەپێی پێوەری زانستی بون و سەلماندنیان لە تاقیگەدا دان پێدا بنێن، نەک بەپێی قاڵبێکی ئایدیۆلۆژی چەق بەستوو. هەربۆیە زۆر ئاسانتر سەرجەم ئەم هەوڵانە دەخرێنە خزمەت وەڵام دانەوەی پێداویستیەکانی مرۆڤەوە. لە زانستی خەباتی چینایەتیدا هێشتا ماویەتی دیدگایەکی بەم شێوەیە ماتریالیستیانە لای زۆربەی هەڵسوڕاوانی چینی کرێکار بەرجەستە ببێت تاکو لە دابەشبونە فکری و سیاسیەکانی ڕابردوو ڕزگارمان بێت، کە بزوتنەوەکەی لە چەقبەستویی فکری و سێکتاریزمی فکریدا هێشتۆتەوە.

بابێینە سەر مەسەلەی سەرەکی خاڵەکانی نامەکەی هاوڕێ زاهیر.

یەکەم: سەبارەت بە حزب

هاوڕێ زاهیر دەڵێ” من ئەمە وادەخوێنمەوە کە تۆ تەنها یەکەم حیزبی بەلشەفی و هاووێنەکانی ڕەتدەکەیتەوە نەك بوونی خودی حیزب.  دووهەم : تۆ بۆیە ئەم حیزبە و هاوچەشنەکانی ڕەتدەکەیتەوە چونکە “مۆدێڵێکن هۆکاری سەرەکی شکستی شۆڕشی سۆشیالیستین..”  بەڵام هاوڕێ بۆ من ئەو هۆکارە شکست دروستکەرە هەر بە تەنها حیزبی بەلشەفی و هاوچەشنەکانی نین ، بەڵکو هەموو جۆرە حیزبێكن ئیتر هەر ناوێکیان لێدەنێیت .  حیزب بە هەموو چەشنەکانییەوە و لە هەموو شوێنێکدا کار لە سەر دابەشکردنی خەڵکی و چاندنی تۆوی دووبەرەکی و بیرۆکراتیی و ململانێی دەسەڵاتخوازیی و کۆنترۆڵكردنی خەڵکی و لەباربردنی چالاکی تاکی چالاک و سەربەخۆیی تاك و کوشتنی ڕۆحی موبادەرە و پێشبنیار و جێ بەجێكردنی کولتوریی ملەکەچی و پاشکۆیەتی و سازشکردن و … زۆرێك لەمانەیە .  پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە دەتوانین حیزبێك یاخود ڕێكخراوێکی قوچکەیی ببینین یا هەتا دروسستیش بکەین کە خەسڵەتەکانی پێچەوانەی ئەوانەی سەرەوە بن ؟”

ئەمە کرۆکی دایەلۆگی ئێمەیە. ئایا هەموو حزبێک ” کار لە سەر دابەشکردنی خەڵکی و چاندنی تۆوی دووبەرەکی و بیرۆکراتیی و ململانێی دەسەڵاتخوازیی و کۆنترۆڵكردنی خەڵکی و لەباربردنی چالاکی تاکی چالاک و سەربەخۆیی تاك و کوشتنی ڕۆحی موبادەرە و پێشبنیار و جێ بەجێكردنی کولتوریی ملەکەچی و پاشکۆیەتی و سازشکردن و… زۆرێك لەمانەیە . “؟؟؟

ئەم تێگەیشتنەی تۆ لەسەر حزب بەرهەمی مێژوویەکە لە بوونی حزبەکان لە کۆمەڵگەدا و دەوری ئەم حزبانە لە خەباتی چیانیەتیدا. لایەنێکی مێژوویی ئەم قسەیە ڕاستە کە حزبەکان ئەم جۆرە “بیرۆکراتیی و ململانێی دەسەڵاتخوازیی” کاریان کردوە، بەڵام لایەنی واقعی ئەوەیە کە ئەو حزبانە قاڵبی چینەکان و خەباتی چینایەتی سەردەمی خۆیان بوون و هەرواش دەبن. ئەوە ئاستی گەشەی سیاسی و فکری و پراتیکی چینی کرێکارە کە حزب لەسەر مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی، و ە یان ڕێکخراوی ئەنارکی لەسەر شێوازی گروپی ڕۆشنبیری وردەبورژوازی دروست دەکا. نەک تێگەیشتنێکی واقعیە لە خودی حزب ک چینی کرێکار لە مێژووی خەباتی خۆی دژی سەرمایەداری وەک قاڵبێکی ڕیکخراوی لە خەباتی سیاسیدا دروستی دەکا و دەتوانێت بنەما و “ڕۆحی” کۆمەڵگەیەکی بێ چینی کۆمۆنیستی نمایش بکا، کە ئیتر هیچ جۆرە ” بیرۆکراتیی و ململانێی دەسەڵاتخوازیی” تیدا زاڵ نەبێت. ئەوە بەرهەمی خەباتی چینایەتی و سیاسی کرێکارانە کە کرێکاران فێر دەبن چۆن حزب و ڕیکخراو لەسەر بنەما و ئامانجەکانی ڕزگاری چینی کرێکار دروست بکەن و هەموو ئەو شیوازە زیانبەخشانەی لابەرن کە تۆ باسی دەکەی وەک “چاندنی تۆوی دووبەرەکی و بیرۆکراتیی و ململانێی دەسەڵاتخوازیی و کۆنترۆڵكردنی خەڵکی و لەباربردنی چالاکی تاکی چالاک و سەربەخۆیی تاك و کوشتنی ڕۆحی موبادەرە و پێشبنیار و جێ بەجێكردنی کولتوریی ملەکەچی و پاشکۆیەتی و سازشکردن و…”. بەپێچەوانەوە کرێکاران بۆیە حزب دروست دەکەن تا کۆتایی بە دوبەرەکی و بیرۆکراتی و دەسەڵاتخوازی و ملکەچی و پاشکۆیەتی بێنن و لەسەر بنەمای شورایی و بڕیاری بە کۆ و ئازادی فەرد و بەشداری و دیموکراسی ڕاستەخۆ هەموو حزب و ڕیکخراوێک لە ڕووی پرەنسیپی بەڕیوەبردنەوە وەک دەزگایەکی ئیداری نەک سیاسی بەڕیوەبەرن.

ڕەخنەی کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” لەم مێژووە و لە شێوازی حزب و ڕیکخراوە کۆمۆنیستیانەیە کە نەیانتوانیوە خەباتی سەرجەم چینی کرێکار یەکگرتوو بکەن بە ئاراستەی سەرخستنی ئەو خەباتە دژ بە سەرمایەداری. گۆڕانی شێوازی حزب لە ڕیکخراوی هەموو چینەکەوە بۆ گروپێکی فکری و ڕۆشنبیری و کردنی بە ئامڕازی دامەزراندنی دەوڵەت نەک لەناوبردنی، ئەمانە هەمووی بەرهەمی ئاستی گەشە و بوونی لاوازیەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بوون. ئێمە لەم کتێبەدا لە قۆناغە جیاجیاکانی ئەنتەرناسیونال و سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیزم و کۆمۆنیزمی هاوچەرخدا لەم مەسەلانەمان بەدورودرێژەی کۆڵیوەتەوە. هەربۆیە بە ئەنجامێکی جیاواز لەو تێگەیشتنەی تۆ لە حزب لای چینی کرێکار گەیشتوین.

حزبی کرێکاری پێویستە کار لەسەر کۆتایی هێنان بە دابەش کردنی چینەکە بکا و کۆتایی بە دوبەرەکی بهێنێ کە سیستمی سەرمایەداری هەموو ڕۆژە لە نێو کرێکاراندا بەشیوازی جیاجیای ئابوری و فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرهەمی دێنێتەوە. حزبی کرێکاری دەتوانێ مۆدێلی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بێت لە بەشداری ڕاستەوخۆی ئەنداماندا لە کاروباری حزبدا و ڕێگە لە بیرۆکراتی و پلەوپۆست بگرێ. چالاکی تاکی ئەندامان ئازادانە و ڕاستەوخۆبێ و دووربێت لە کۆنترۆڵی بیرۆکراتی و کەلتوری ملکەچی و پاشکۆیەتی و سازشکردن.

ئەم مۆدێلی حزبی کرێکاریە  پێویستیەکن کە خەباتی ئابوری و سیاسی کرێکاران دژی سەرمایەداری زەمینەی بۆ فەراهەم دەکا و لە تەجروبەی خۆیاندا کرێکاران فێری جیاوازیەکانی ئامانج و شێوەکاری حزبایەتی کرێکاری دەبن کە چیتر لاسایی کردنەوەی حزب لای بورژوازی نیە. کە لە پێناو هێشتنەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی کەمینەی سەرمەیداردا و لە پرۆسەی چڕکردنەوەی کەڵەکەی سەرمایەدا توێژی باڵادەستی بورژوازی دیکتاتۆریەت و بیرۆکراتیەت و کلتوری ملکەچی و پاشکۆیەتی دەسەپێنێ لە ناو کایەی ئابوری و دەسەڵات و لە ناو حزبەکانیشدا. ئەمانە ئەو ڕەخنانەی ئێمەن لە مۆدێلی حزبی بەلشەفی و دەوڵەتی سۆڤیەت کە نمونەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بوون و ئەم نمونانە بە هۆکاری شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی لە ڕوسیای ١٩١٧دا دەزانین.

دووەم: هاوڕێ زاهیر دەڵێ “مارکس باوەڕی بە حیزبی کرێکاران هەبووە.. ڕۆحی فکری مارکس-یش پڕۆلیتاریا و گەشەی پرۆلیاتریا لە ڕوی نەوعی و کە مییەوە، بووە.  ئەو باوەڕی وابووە کە پیشەسازیی باڵا و پێشکەوتنی کۆمەڵی سەرمایەداری بە پشتی تەکنەلۆجیای مۆدیرن و نوێوە جۆرێك لە پڕؤلیتاریا بە تایبەتی کرێکارانی پیشەسازیی ئاوا دروستدەکات ئیتر ئەوان دەتوانن ببنە پێشەنگی کۆمەڵ و دەستەبەری کۆمەڵی سۆشیالیستی .”

هاوڕێ زاهیر لە بەرامبەر ئەمەدا دەڵێ بەڵام” سەردەمی مارکس کرێکاران لە ڕوی کەمییەوە و چ لە ڕوی نەوعیشەوە هەرگیز وەکو ئێستا نەبوون بەڵام زۆر شؤڕشگێڕتر بوون، ئەی کەواتە وەختی کردنی پرسیارێكە : بۆچی لە ئێستادا کە کرێکاران لە هەردوو ڕووەکەوە جیاوازن لە کرێکارانی سەردەمی مارکس، کەچی تەنانەت ڕیفۆرخوازیش نین ؟  “

بۆ ئەمەش پشت بە بابەتیكی بوکچین بە ناوی ” ئەی مارکسیست گوێڕادێرە!!” دەبەستێ و داوا دەکات بیخوێنینەوە.

هاوڕێ زاهیر ئەم دایەلۆگ و جەدەلە دەباتە سەر ئەم خاڵە گرنگە کە کاتی خۆی مارکس وەڵامی باکۆنینی لەسەر حزب و وەڵامی پرۆدۆنی لەسەر سۆشیالیزمی پێ دایەوە کە قسەکانی بوکچینیش لە چوارچێوەی ئەم بۆچونانەدایە سەبارەت بە جێگای پرۆلیتاریا لەسەرمایەداریدا و تێروانین بۆ حزب ، هەرچەند هاوڕاین لەسەر مەسەلەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە ڕوسیادا و بیرۆکراتیزمی ئەم مۆدێلە لە حزب. *[3]

لێکدانەوەی مارکس لەسەر بنەمای جێگای کرێکار وەک چینێک لە سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، وەک سیستمی زاڵی ئێستای پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیش، دامەزراوە. ئەم سیستمە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی ئەم هێزی کارە سەرمایە کەڵەکە دەکا و ئەگەر ئەمە نەبێت سەرمایە دەمرێت. هەموو چەوسانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەلایەن حکومەت و دەوڵەت و حزبە سەرمایەداراەکانەوە بۆ هێشتنەوەی ئەم پەیوەندیەی چەوسێنەرانەی سەرمایەداریەوە بۆ کۆیلەکردنی هێزی کاری کرێکاران و درێژەدان بە کەڵەکەی سەرمایەکەی. بەڵام تێگەیشتنی ئەنارکیزم لە لای باکۆنین و پرۆدۆن و بوکچین ئەم هەلومەرجە ئابوریەی بە کاڵابونی هێزی کار و چەوسانەوەی سەرمایەداری بۆ ئەم چینە بە بنەمای شۆڕشی کۆمەڵایەتی وەرناگرن و تەنیا باس لە چەوسانەوەی تاکە لەلایەن دەوڵەتەوە دەکەن. بەڵام هۆکاری ئەم چەوسانەوەیە چیە کە دەستەیەکی کەمایەتی و دەوڵەت و دامودەزگاکانی بەرامبەر بە تاک بەڕیوەی دەبەن؟ئەمە ئاماژەی پێ ناکرێ. هەربۆیە ڕزگاربونی کۆمەڵگە لە دەست سەرمایەداری بە کاری ئەو چینە نازانن کە ئەم سەرمایەیەی لەسەر دەژی و ڕاوەستاوە. بەڵکو ئەوان  چینی وردەبورژوازی یان توێژی خوێندکاران و کەسانێک کە دژ بە تێکدانی ژینگەن یان دژ بە سەرکوتگەری پۆلیسن، کە پێیان وایە ئەمانە  بنەمای  ناکۆکی چیانیەتی نیە بەڵکو ستەمی لەسەر تاک هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە، و ئەمە بە بنەمای شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەزانن.

بوکچین دەڵێ “جیاوازی نێوان پرۆلیتاریا دژی سەرمایەداری لەگەڵ بورژوازی لەبەرامبەر فیودالیزمدا ئەوەیە کە بورژوازی پێش دەسەڵات کۆنترۆڵی ژیانی ئابوری کردوە بەڵام پرۆلیتاریا لە کارگەدا بەرهەمهێنانی سەرمایەداری نوێ دەکاتەوە. لەبری ئەوەی پرۆلیتاریا گەشەبکا بۆ چینێکی شۆڕشگێڕ لە ڕەحمی سەرمایەداریدا، بەڵکو دەرکەوت بوەتە بەشێک لە لاشەی کۆمەڵی بورجوازی..ئایا شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی کۆمەڵیکی ناچینایەتیدایە دەتوانێت لە ناخی بەیەکادانی نێوان چینە تەقلیدیەکاندا سەرهەڵبدات؟ یاخود ئەم جۆرە شۆڕشە دەکرێت تەنیا لە هەڵوەشاندنەوەی یان بۆ گەن کردنی چینە تەقلیدیەکانەوە سەرهەڵبدات، یا بەڕاستی دەکرێت لە سەرهەڵدانی تەواوی “چینێک” کە جەوهەرەکەی ناچینایەتیە، چینێکی گەشەکردووی شۆڕشگێڕن؟”*[1]

ئێمە لەم وەڵامەی هاوڕێ زاهیردا ناچینە سەر هەموو بۆچونەکانی بوکچین بەڵام سەبارەت بەم بۆچونانەی بوکچین زۆر سادە و نازانستین. بەوەی یەکەم:پرۆلیتاریا موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران ناکاتە موڵکایەتی چینێکی تر کە چینی کرێکارە، بەڵکو هەموو موڵکایەتی کۆتایی پێ دێنێ و بەرهەمهێنان و پەیوەندی بەرهەمهێنان لە موڵکایەتی ڕزگار دەکا، بەوەی کە هەموو کەس خاوەنی هەموو شتێکە ، جا بە شیوەی ڕاستەوخۆ بەکاری بهێنن یان بەشێکی پاشەکەوت بکەن بۆ پێویستیەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. موڵکایەتی دەربڕینێکی ڕەسمی ئەو پەیوەندیەی کۆمەڵایەتی یەیە کە لە بەرهەمهێناندا کەسانێک دەکاتە خاوەن ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و هێزی کەسانێکی تریش دەکاتە ئامڕازی کار و سەرمایە بۆ ئەو سەرمایەدارانە. چینی کرێکار لە شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا موڵکایەتی ناگوێزێتەوە تاکو پێش لە شۆڕش بتوانێ وەک بورژوازی ببێتە خاوەن موڵک و سەرمایە و کۆنترۆڵی ژیانی ئابوری بکا، بەڵکو جێگای لە بەرهەمهێناندا وەک چینی سەرەکی هێزێکی کۆمەڵایەتی پێ دەدا کە ئەگەر ئەم هێزە یەکگرتوو و ڕیکخراو بکا دەتوانێ شۆڕش بەسەر سەرمایەدار و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و موڵکایەتیدا بکا و ئەو چینە زیادەیەی کۆمەڵگە لە دەسەڵات و بەرهەمهێناندا بکاتە دەرەوە و خۆی کۆمەڵگە بەڕیوەبەرێ بەو پێیەی کە سیستمی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ڕیکخراو لەلایەن خۆیەوە دەچەرخێ و ئەگەر هەرکات ڕایبوەستێنێ تەواوی ژیانی کۆمەڵگە ڕادەوەستێ. لەمەش سەیر و سادەتر ئەو بیرکردنەوەی بوکچینە کە دەیەوێ لە ئارەزوەوە نەک بەرهەمهێنانی ژیانی مادی کۆمەڵگەوە چینێکی شۆڕشگێڕ دروست بکا کە کۆمەڵگە بگۆڕێ و چینی کرێکار و بورژوازیش کە گەندەڵ و بۆگەن بوون لابەرێ. ئیتر لێرەدا لێکدانەوەی زانستی ئابوری سیاسی کۆتایی پێ دێ و هەر قسەیەک دەوترێ بەناوی زانستەوە دەبێ بزانین کە نیشانەی ئەوەیە چەکی لێکدانەوە کورتی هێناوە.

ئەم بۆچونە ئەنارکسیستیانە کۆمەڵگەی داهاتوی جێگرەوەی سەرمایەداریش بە کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو لەلایەن گەشەکردووترین و ڕیکخراوترین چین لە بەرهەمهێنانی گەورەدا و جیهانیدا نابینن، بەڵکو بە سەرکەوتنی ئەو بزوتنەوەی ئەو تاکە کەسانە دەبینن کە دژی چەند لایەنێکی دزێوی سیاسی و ئابوری و ژینگەیی سەرمایەدارین بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم بزوتنەوانە لە بەرهەمهێنانی ژیانی مادی و گوزەرانی کۆمەڵگەدا چ جێگایەکیان هەبێت. وەک مارکس لە کتێبی “هەژاری فەلسەفە”دا بە پرۆدۆن دەڵێ کە “هەموو شت تەجرید و دابڕاو دەکا لە تاکدا ، لە موڵک و عەدالەت و بەم شیوەیە “دەیەوێ بەسەر سەری هەردوو بورژوازی و پرۆلیتاریادا بسوڕیتەوە، بەڵام ئەو تەنیا وردە بورژوازیەکە کە بەردەوام لە نێوان سەرمایە و کاردا دێت و دەچێ”.*[4]

ئەم بۆچونە ئەنارکستیانە کێشەی نەبینینی سەرمایەداریان وەک سیستمێکی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، کە لەسەر بنەمای دژایەتی چینایەتی لە نێو دوو چینی سەرەکی کرێکار و سەرمایەداردا ڕاوەستاوە، هەیە. هەربۆیە لە سەرمایەداریدا لایەنی شۆڕشگێڕی چینی کرێکاریان لە گۆڕینی ئەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەدا نەبینیوە، کە بە هۆی جێگای لە بەرهەمهێناندا پەیدای کردوە، نەک تەنیا بە بۆنەی هەژار بون و ستەم لێکراویەوە. چینێک کە ئەم شێوازی بەرهەمهێنانە و ئاکامی گەورەی بەرهەمهێنانی لە پەرژوبڵاوی فەردی و بەرتەسکی فکری و لاوازی ئاستی بەرهەمهێنەری هێزەکەی ڕزگاری کردوە. ئەگەر ئەم چینە کێشەی ناکۆکی نێو ڕیزەکانی خۆی چارەسەر بکا و یەکگرتوو و ڕیکخراو بێت دژی سەرمایە دەتوانێ لە بەرزترین ئاستدا کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو و خۆشگوزەران دەستەبەر بکا بەوەی هیچ موڵکایەتی و دەسەڵاتێکی سیاسی و دامودەزگایەکی سەروو فەردی ئینسانی ئازاد نەهێڵێ.

لێرەوەیە کە ئەم بۆچونە ئەنارکیستیانە حزبی سیاسی و جەماوەری وەک ئامڕازێکی پێویست بۆ یەکگرتوکردنی سەرجەم هێزی ناڕەزایەتی و زەبروزەنگی ئەو چینە نابیینن. هەربۆیە پرۆسەی خەباتی ڕیکخراو وەک پرۆسەیەک لە خۆئامادەکردن بۆ شەڕی ڕزگاری کرێکاران نابینن . وەک مارکس لەوەڵامی باکۆنیندا دەڵێ “لەجیاتی ئەوەی بەشەکانی ئەم چینە بە جیاجیا شەڕی چینی خاوەن ئیمتیازی ئابوری بکەن .ئەبێ توانای پێویست و ڕیکخراوی بەدەست بێنێ بۆ بەکارهێنانی هەموو هۆیەکانی هێز نواندن لەم خەباتەدا. تەنیاش کاتێک دەتوانێ ئەم هۆیە ئابوریانە بەکاربێنێ کە بۆ کۆتایی هێنان بە کارەکتەری خۆی وەک کرێ گرتە و وەک چینێک بێت. لەگەڵ سەرکەوتنی ئەم دەسەڵاتەیدا کارەکتەری چینایەتی خۆی کۆتایی پێ دێنێ.”*[5]

ئەوەی کە مۆدێلی حزبی کرێکاری لە دوو سەدەی ڕابردوودا گۆڕانی بەسەردا هاتوە و مۆدێلی حزبی دەوڵەتی بیرۆکراتی سۆشیال دیموکراتی و دیکتاتۆری ستالینی لێ کەوتۆتەوە ئەوە مانای ئەوە نیە کە پێش بۆچونەکانی باکۆنین سەبارەت بە حزب ڕاست دەرچوە، بەڵکو ڕیشەی لە زاڵبونی مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی حزبدایە لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا. هەرچۆن زاڵبونی بۆچونی فەردگەرایی وردە بورژوازی و توێژە پەراوێزکەوتوەکانی نێو کۆمەڵگەی سەرمایەداری بەشێکی لە چینی کرێکاری لە سایەی بۆچونی دژی حزبی و دژی ڕیکخراوبونی هێشتۆتەوە و ئەمانەش هەموویان هۆکاری جۆراوجۆری لاوازی و پەرژوبڵاوی ڕیزی ڕیکخراوی چینی ملیارەها ئینسانی کرێکارە بەرامبەر بە کەمایەتیەکی سەرمایەدار.

فشاری پێویستیەکانی ڕێکخراوبونی چینی کرێکار و چینە کەم دەرامەت و بێکاری ملێۆنی ئەمڕۆ بۆ بەرەنگاری و هێرشکردن و سەرکەوتن بەسەر بورژوازی و حکومەتەکانیاندا ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست و ئەنارکیست و ریفۆرمیست و سەندیکالیست و هەمووان ناچار دەکا کە بیری تیۆری خۆیان سەبارەت بە شێوازی ڕێکخراوبونی حزبی و جەماوەری نوێی چینایەتی بهێننە ئارا. ئەم تیۆریانە بەرهەمی گەشەی ئاستی بەرهەمهێنەری هێزی کاری چینی کرێکارە لە سیستمی سەرمایەداریدا کە دەتوانێ کۆمەڵگەی ئینسانی بە شێوەیەکی باشتر ڕیک بخا و گوزەران و ئازادی دابین بکات بەبێ دەوڵەت و موڵکایەتی و حزبی بورژوازی، ئەگەر ڕێگەی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی سەرمایە بگرێتە بەر. کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” شیکاریەکی ئەو جۆرە حزبە کرێکاریە کە ناوەرۆک و ڕۆحی جۆری دەسەڵات و کۆمەڵگەی داهاتوە کە کرێکاران دروستی دەکەن و جیاوازیەکانی لە حزبی سۆشیالیزمی دەوڵەتی ، بە هەردوو شیوە سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیەکەیەوە کە تا ئێستا مۆدیلی زاڵن لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا، خستۆتەڕوو.

هەروەک کۆتایی کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”*[6] لێرەشدا دەمەوێت بڵێم ئەم لێکۆڵینەوە و ئەنجامگیریانە  پێویستی بە هەوڵی هەرەوەزی هەموو کۆمۆنیست و کرێکارانە کە بتوانین پێکەوە نەخشەی حزبێکی کرێکاری دابڕێژین.  ئەو شێوازانەی کە ئەمڕۆ کرێکارانی ناڕازی و کۆمۆنیستەکان و ئەنارکیستەکان و سەندیکالیستەکان لە مەیدانەکانی مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی پاریس، بەغداد، شیللی، سودان و تاران و هەموو مەیدانەکانی تردا نمونەی لێ نیشان دەدەن لە ڕیکخراو بوون و کاری هاوبەش و هەرەوەزی، دەبێت ببێتە بنەمای فۆرمێکی نوێی ڕیکخراوەی حزبی و جەماوەری کە کۆمۆنیستەکان و کرێکاران پەیڕەوی لێ بکەین. لەسەر بنەمای ئەم تەجروبە عەمەلیانە شێوازێکی نوێی ڕیکخراوەیی ساز بکەین. 

[1] https://www.facebook.com/asokamal/posts/10223113762410536

[2] ئەنگلس کتێبی “دیالەکتیکی سروشت”،سەبارەت بە دیالەکتیک، ل ٥٦، بەزمانی عەرەبی، الفارابی

[3] مورەی بوکچین ” ئەی مارکسیست گوێڕادێرە!!”،ل ٢٧-٣٠-وەرگێڕانی زاهیر باهیر

[4] مارکس، هەژاری فەلسەفە،ل ٣١٠، هەڵبژاردەکانی مارکس و ئەنگلس لە ١٥ بەرگدا، بەرگی یەکەم، دار التقدم

[5] https://www.marxists.org/archive/marx/works/1874/04/bakunin-notes.htm

[6] https://asokamal.com/index/?p=2058

Add Comment

Click here to post a comment