وتار

سازانی نیشمانی ، سوڵحی عەشایری یا کودەتای سیاسی یە ! 

پارتی دوو زمانی هەیە،زمانێکی هەڕەشە و زمانێکی سازان. دوێنێ مەسعود بارزانی هەڕەشە سەپاندنی دەستور دەکا و ئەمڕۆ نیچیرڤان بارزانی داوای سازان دەکا لەسەری. ئەمە دوو دیوی دراوێکە کە پێی دەڵێن دەسەڵاتی پارتی. ئەم دەسەڵاتە هێزی یەکەمی سیاسی و عەسکەری و ئابوری بەکردەوەی لەدەست سەرۆکدا کۆکردۆتەوە ،بەڵام گرفتی هەڵبژاردنی ئەمجارە بوەتە بەردێکی گەورە لەسەر ڕێگایدا.یاسای سەرۆکایەتی ئەم بەردە گەورە یاساییەیە لەبەردەم بارزانیدا کە بە هەڕەشەی کودەتای “ڕاپرسی” دەیەوێ یەکێتی و ئۆپۆزسیۆن ناچار بە سوڵحێکی عەشایری بکا لەسەری.

بارزانی سەرۆک هەرێم خۆی بۆ کودەتای سیاسی لە پەرلەمان و یاساکانی ئامادەدەکا و سەرۆک وەزیرانی برازاشی دەیەوێ وەک هەر کەیسێکی تاوان و گەندەڵی تر کە لەکوردستاندا لەسەروو یاساوە باڵادەستە سیستەمی سوڵحی عەشایری لەگەڵ حزبەکان تاقی بکاتەوە. پارتی بۆی گرنگ نیە وەسیلە چیە،وەک میکاڤیللی سیاسەت دەکا و ئامانجی شەرعیەتدانەوەی بەبارزانی و سیستەمی سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی بۆگرنگە.

بانگەوازی ڕاپرسی لەسەر دەستور لەلایەن بارزانی شەیپوری شەڕیکی جدیە لەسەر یەکلاکردنەوەی دەسەڵات و دیاریکردنی سنوری هەڵبژاردنی داهاتوو. پارتی وەک هێزی یەکەم دەیەوێ چارەنوسی هەڵبژاردن پێش دەست پێکردنی دیاری بکا. دانانەوەی بارزانی بەسەرۆکی هەرێم و شەرعیەتدان بەو دەسەڵاتە فراوانەی تائێستا لەڕیگەی پاوانکردنەوە بەدەستی هێناوە و پەسەندکردنی دەستور شەرعیەتی پێ دەدا، ئامانجی پارتیە لەم هەڵبژاردنەدا. ئەگەر ژمارەی کورسیەکانی پارتی پێویستی بەیاسا نیە و مسۆگەرکراوە لەڕیگای ترس و تۆقاندنی میلیشیا و پاوانی کار ونان لە ناوچەکانی دەسەڵاتیدا و کۆنترۆڵی سندوق وسەرپەرشتیاری پرۆسەی دەنگدان لەناوچەی زەرددا ، بەڵام کێشەی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک و دەستورەکەی بەم وەسیلانە مسۆگەر ناکرێ. دوو ڕیگا لەبەردەم پارتیدایە، یان تەسلیم بوون بە ئەمری واقیع کە پارتی بەپێی دەسەڵاتی فیعلی خۆی هێزێک نیە ناچاری بکا بەم کارە. یان تەسلیم بوونی نەیارەکانی. سازانی نیشتمانی ئەو ناونیشانەیە کە دەتوانێ کودەتای سیاسی پارتی لە یاسای سەرۆکایەتی و پەرلەمان بشارێتەوە و بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی نەیارەکانی پارتی پێ پوچەڵ کرێتەوە، کە گوایە پارتی یاسا دەشکێنێ و هەڵەی مێژوویی ١٩٧٥ و ٣١ ئاب دوبارەدەکاتەوە. سازانی نیشتمانی یەک کە پارتی هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی و تێپەڕاندنی دەستور وسیستەمی سەرۆکایەتی بە یەکێتی و ئۆپۆزسیۆن ئیمزادەکا بەڕە دەرکێشان لەژێر پێی ئەم حزبانە و یاسا و پەرلەمانێکە کە بەدوا سەنگەری خۆیانی دەزانن بۆ پاراستنیان لەدەست هێرشی پاوانکردن و سەپاندنی دەوڵەتی دیفاکتۆی پارتی بەسەریانەوە . ئەگەر پارتی ئەگەر بە ڕێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی لە زلهێزێکەوە خستە پەراوێزی دەسەڵاتی خۆی ، ئەوا بەشداری پێکردنی یەکێتی و ئۆپۆزسیۆن لەم کودەتا سیاسیەی ناوی “سازانی نیشتمانی” لەخۆی دەنێ دەبێتە مایەی لەدەستدانی  پەرلەمان و ئەندام و لایەنگری ئەم حزبانە و بێ ئیعتباری رەسیدی سیاسیان لای جەماوەرەکەیان. ئەمە ئەو بۆسەیەیە کە سازانی نیشتمانی ناویەتیەوە و ملدانی پارتی بە هەڵبژاردنەکان کاتێکە کە مانۆرە سەرسوڕهێنەرەکانی وەک ڕاپرسی دەستور نەیارەکانی ناچار بەوازهێنان لە یاسای سەرۆکایەتی و لابردنی سیستەمی سەرۆکایەتی کردبێ و ڕێگای سوڵحی عەشایری لەگەڵ پارتی بگرنەبەر.

ڕاکێشانی کارتی ڕاپرسی دەستور ئامادەیی پارتی بۆ بەکارهێنانی هەر قەرەباڵغیەک بەناوی جەماوەر و خەڵکی کوردستانەوە دژ بەیاسا و پەرلەمان و ئەو حزبانەی نەیار و ڕێگری پارتین یەک تاکتیکی ئاژاوەگێڕانەی چاوەڕوانکراوی پارتیە کە نمونەکانی لە هەولێر و بادینان بینیمان بۆ لێدانی ئیسلامیەکان تاقیکراوەتەوە و ئەگەر یەکێتی و گۆڕانیش لەو سوڵحە عەشایریەی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک و سیستمی سەرۆکایەتیەکەیدا بەشداربن ئەوا ئیتر جەماوەرێکیان نابێ پێناسەی نەیاری سەرۆک بۆ هەڵبژاردنەکان هەڵگرێ.

پێشبینی ڕوداوەکانی کوردستان لەم دەورەیەدا زوو دێنەدی .لە ڕۆژەدا کە ووتارێکم بەناونیشانی “ئاگاداربن پۆناپارت هات!”لەسەر بەراوردی نێوان بارزانی و لویس پۆناپارتی دیکتاتۆری فەرەنسای ناوەراستی سەدەی نۆزدەم بڵاوکردەوە  لەهەمان  ڕۆژدا مەسعود بارزانی لە یادی گوڵاندا ووتارێکی دا کە نەتدەزانی ئەمە سەرۆکێکی مەدەنی هەرێمە یان ژەنراڵ و ئیمپراتۆر پۆناپارتە! پێشبینی دامەزراندنی سیستەمی ئیمپراتۆریەتی ئەم ژەنەڕاڵە لەکوردستاندا وەک سەرابێک وایە بەڵام هەوڵەکانی ئەم ژەنراڵە ئەگەر ناکام نەکرێتەوە دەورانێکی ڕەنگ خۆڵەمێشی چاوەڕێی ئازادی و مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکا. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە دژی یاسای خۆپیشاندان و لەنمایشی بەهاری ١٧شوباتدا تروسکایەکیان لەوسەری ئەم تونێلەی دەسەڵاتی گەندەڵ و میلیشیاییدا نیشان دا و لەم کەشە سیاسیەی هەڵبژاردنیشدا ڕوناکی ئەو هێزە ئازادیخوازە دەتوانێ جاریکی تر دیوەگەشەکەی کۆمەڵگەی کوردستانمان نیشان بدا.

ئاسۆکمال

‏28‏/05‏/2013

 

 

 

 

Add Comment

Click here to post a comment