وتار

نمایشی دادگای فاشیستی

زیندانیکردنی کردنی ٥ هەڵسوڕاوی ناڕازی بە ٦ ساڵ لە دادگاکانی حکومەتی هەرێمی یەکێتی و پارتی و گۆڕان نمایشێکی ئاشکرای یاسا و دادگاکانی فاشیزمی دەسەڵاتە. ئەمە درێژەی کوشتنی ٨ خۆپیشاندەرە لە پارێزگای سلێمانی لە مانگی ١٢ ساڵی ڕابردوو. تاوانی هەموو ئەم خەڵکە ناڕازیە داوای موچە و خزمەتگوزاری و ئازادیە. ئەم کوشتن و زیندانی کردنانە، کە بەرهەمی ٣٠ ساڵ تەمەنی دەسەڵاتدارێتی فاشیزمە، ئەمڕۆ بە پەیامێکی ڕۆشن پێمان دەڵێ سەرکوت چیتر تەنیا لەڕێگەی میلیشیا و هێزی نهێنی یەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو فاشیزم ئەمڕۆ بە بەرگی یاسا و دادوەرەوە حوکم دەکەن. ئەم دەسەڵاتە بۆئەوەی بتوانێ بڕینی موچە و بڕینی ئاو و کارەبا و بێکاری و هەژاری بکاتە یاسا پێویستی بەوەیە کە یاسا و دادوەر و دادگا بکاتە پۆلیس و جەلاد و زیندان.
ئەم کردەوە بەعس ئاسایەی فاشیزمی حکومەتی هەرێم بە خەڵکی کوردستان دەڵێ کە بەعسی بونی ئەم دەسەڵاتە کوردیە ڕاستیەکە و دەبێ دادگای ناسیاسی و ڕێزگرتن لە دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا بە خۆشخەیاڵی ڕابردوو بزانێ.. ئایا هیچ کات کەسێک بە خەیاڵیدا دەهات بڵێ با خۆپیشاندان دژی بەعس بکەین و چاوەڕێی دادگای ناسیاسی فاشیزم بکەین؟
خەباتی خەڵکی کرێکار و کارمەند و مامۆستا و بێکار و ئازادیخواز ئەمڕۆ لە بەرامبەر دەسەڵاتێکدایە کە بە هەموو شێوەیەکی یاسایی و دادگایی و میلیشیایی خەریکی سەرکوتە و هیچ ڕێگایەکیش جگە لە ڕیکخستنی هێزی ناڕازی ئەم جەماوەرە نیە بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەر و تاڵانچیە سەرمایەدارە.

Add Comment

Click here to post a comment