ژنان

پەیامێکی ئەنتەرناسیونالی بەرەو ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان

پەیامێکی ئەنتەرناسیونالی بەرەو ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان

لە هەر چاوگێڕانێک بە دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا  سەرنجی  گەڕانەوەی چاخەکانی کۆیلایەتی ژنان دەبینین. کوشتنی بێ شەرەفانەی ژنانی کورد وئەفغانی و سوری .لاقەکردنی  وەحشیانەی ژنانی هیندی و ئاسیایی دەبینین.فرۆشتنی نائینسانیانەی ژنانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لەبازاڕی سێکسدا دەبینین. بێکاری بێ ڕەحمانەی ژنانی ئەوروپا دەبینین.گێڕانەوەی شەریعەتی جەعفەری و ئیسلامی زەواجی دوور لەبەهای مرۆڤی کچانی مناڵ  لەعێراق و یەمەندا دەبینین .

ئەم هێرشانە هەرچەند ڕەنگاوڕەنگ ولە شێوەدا جیاوازن بەڵام یەک ڕاستی بەدنیای ئەمڕۆ دەڵێن کە لە سایەی دەسەڵاتی حکومەت وحزب وبزوتنەوە ڕەنگاوڕەنگەکانی سەرمایەداراندا یەک دۆزەخ وزیندان هەیە کە تیایدا ژنان وەک بەشێکی گەورە لە کرێکاران و بێ بەشانی کۆمەڵگە لەژێر بیانوی ژن بووندا هێرش دەکرێتە سەر ئینسانیەتیان و وەک کۆیلە وپلەدوو مامەڵەیان دەکەن .ژنان کراونەتە قوربانی بۆ خۆنیشاندانی توانای  ئەم دەسەڵاتە ئیسلامی وقەومی وبازاڕی سەرمایەدارانەوە بۆ شکاندنی هەرچی پرەنسیب وماف وحورمەت وشەهامەتێکی ئینسانی مرۆڤی چەوساوە  وکۆیلەی سیستەمی سەرمایەداری.ئەم بەربەریەتەی بەسەر ژنانی سەدەی بیست ویەکدا دێت ئامانجەکەی بۆ گەڕانەوە دواوەی هەرچی فەرهەنگ وباوەڕ ودەستکەوتێکی ئینسانی بیست سەدە و بۆ نەهێشتنی ئاسەواری خەباتی ئینسانی چەوساوە ودووسەدە شۆڕش وگیان بەختکردنی کرێکارانە  لەپێناو دنیایەکی باشتر لە دۆزەخی سەرمایەداری.

هەربۆیە ئەگەر ئەم بەربەریەت و دۆزەخە بەشی هەموو  ژنانە لە دنیای ئێستادا ، کەواتە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پەیامی  ئەنتەرناسیونالێكی یەکسانی بە هەموو ژنان وخەڵکی یەکسانی خواز دەگەیەنێ.پەیامی دەست دانە خەباتێکی سەرتاسەری وجیهانی بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمەی ئیتر ژیان لەسایەیدا بۆ ژنان وخەڵکی یەکسانیخواز نەنگە . ئەمڕۆ خەباتێکی جیهانی دژ بە دامودەزگا جیهانی وحکومەتەکانی ئەمڕۆی سەرمایەداران مان پێویستە  .ئەمڕۆ بەرزکردنەوەی پلاتفۆرمی ئەنتەرناسیونالی مافەکانی ژنان بۆ کۆتایی ‌هێنان بە بەربەریەتی چەوسانەوە وکۆیلایەتی ڕەگەزی بەڕووی ئەم سیستەمە و دەسەڵاتدارانیدا ئەرکمانە .