گفتوگۆ

ئەزموونی شوراکان

بۆپێشەوە: دوای ٢٨ ساڵ بەسەر بزوتنەوەی شوراییدا، چۆن دەڕوانە ئەزموونی شوراکان؟

ئەزمونی شوراکان گرنگە و پێویستە لێکدانەوەیەکی واقعی و دروستی بۆ بکەین، نەک تەنیا وتنەوەی ئەو دروشمەی کە شوراکان گرنگ بوون. دەبێ بزانین شوراکان چیبون؟ چ دەورێکیان هەبوو؟ کۆمۆنیستەکان لەڕیگای شوراوە چیانکرد؟ ڕای من بەکورتی ئەوەیە کە ئەمە یەکەمین تەجروبەی کاری جەماوەری کۆمۆنیستەکان بوو و لەم بارەوە دەبێ جارێکی تر دەرسەکانی باس بکەین.

یەکەمین شتێک کە کردی کاریگەری بۆ سەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستی خۆی بوو کە لەو پەرژوبڵاوی و فیرقەگەریە و گروپە بچوکانە دەری کردن و یەکگرتوی کردن بۆ چونە مەیدانی کاری سیاسی و جەماوەری. هەرچەند ئەم بزوتنەوەیە دوای ئاوارەیی گەڕایەوە دۆخی جارانی نهێنی و سیکتاریستی خۆی، بەڵام بوە زەمینەی دروستبونی حزب و ئێستاش دەتوانێ جارێکی تر وەک تەجروبەیەک دوبارەبکرێتەوە بۆ دروستکردنەوەی بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی و کرێکاری بەرفراوان و ئەم پەرژوبڵاویەی ئێستا کۆتایی پێ بێنێ.

دوەم؛خەڵکی لەگەڵ ناوی شورا و لەگەڵ کۆمۆنیستەکان ئاشناکرد و پەیوەندی لەنێوان ئێمە و خەلکدا دروستکرد. ئەمەش تەجروبەیەکە ئەگەر بمانەوێ ببینە بزوتنەوەیەکی کرێکاری و جەماوەری دەبێ لەنێو کرێکاران و فەرمانبەران و خەلکی زەحمەتکێشدابین و لە ناڕەزایەتیەکانیاندا دەورمان هەبێ و ڕیکخراو و یەکگرتویان بکەین . ئەمە ڕێگای دروستکردنی بەدیلی کرێکاریە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان.

سێیەم؛دەبێ بزانین کە بۆچی شورا نەبوە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و نەیتوانی گۆڕانکاری لە ئاستی ڕیکخراوبونی کرێکاران و فەرمانبەراندا دروست بکا. ئەمە بەشێکی لەوانەیە کە بە کورتی تەمەنی ڕاپەڕین و دیسانەوە سەرکوتی بەعس و ئاوارەیی پاساوبدەین. هەروەها داخرانی هەموو کارگە و فەرمانگەکان و دەوام نەکردن ئەمانە هەموو فاکتەربوون. بەڵام فاکتەری سەرەکی نەبونی پەیوەندی و ڕیشەی کۆمۆنیستەکان بوو لە نێو کرێکاران و فەرمانبەراندا.

ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان دەچوین خەڵکمان کۆدەکردەوە و داوامان دەکرد کە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن لەگەڕەکدا و مودیرە بەعسیەکان لابەرن. بەڵام شورا ئەو پەیوەندیەی کە نوێنەری شورا بە خەڵکەوە هەیبێ و بزانێ دەبێ چی بکا و بەرنامەی چی بێ لە ئارادا نەبوو. دوای چەند کۆبونەوەیەکی گشتی بنکەکانی شوراکان و دوای ئەوەی یەکێتی دژی شورا ڕاوەستا و دەچوە سەر هەندێ بنکە، کاری ئێمە بوە کۆبونەوەی هەڵسوڕاوان و لەو کۆبونەانەدا نوینەری کرێکاران و فەرمانبەران و گەڕەکەکان نەبون و هەر گروپە باسی لە دروشمەکانی خۆی دەکرد.

کارێکی سەرەکی و گرنگ کە شوراکان کردیان خۆئامادەکردنی چەکداری بوو، بەڵام بۆ ئەمەش بەرنامەیەکی دیاریکراومان نەبوو. دەچوین بۆ کەرکوک و چەمچەماڵ و دواتر لەگەڵ ڕەوتی کۆمۆنیست قسەمان کرد بۆ ئامادەیی بەرەنگاری هێرشی بەعس و بەداخەوە ئەوان لەقاڵبی گروپەکەی خۆیاندا بوون و لەم کارەدا بەشدارنەبوون. ئێمەش بەو هێزە کەم و پەرژوبڵاو و بێ بەرنامەیەوە دوای شەهیدبونی چەند هاوڕێیەک لە سلێمانی و هەولێر نەمان توانی وەک هێزێک لە کاتی ئاوارەییدا بمێنینەوە و دەوربگێڕین و دیسان پەرژوبڵاوبوینەوە و سەرەڕای هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم هەڵسوڕاوانی شورایی بەڵام دواتر بەشێکمان کەوتینەوە سازدانەوەی دەورانی گروپگەرایی.

هەربۆیە باسی ئەزمونی شوراکان دەبێ لەم واقعیەتەوە دەست پێ بکا کە ئێمە بزوتنەوەیەکی شورایی جەماوەریمان نەبوە و تەنیا هەوڵێکی سەرەتاییمان هەبوە بۆ چونە ناو جەماوەر و ڕێکخستنی ئەوان لە شوراکاندا لە دەوری نەبونی دەسەڵاتێکی حکومیدا ، لێرەوە دەبێ بچینە ناو ئەو باسەی کە ئایا لە ئێستادا چۆن بزوتنەوەی شورایی دەتوانین جارێکی تر بەڕێبخەین؟ بۆ ئەم کارە پیویستمان بە تیكەڵاوبونە لەو ناڕەزایەتیانەی کە ئێستا هەیە تا بتوانین شێوازەکانی ڕیکخراوبون لە کارگە و فەرمانگەکاندا دروست بکەین و لێرەوە بتوانین شیوازی ڕیکخستنی شورایی پەرەپیبدەین تا بتوانرێ بزوتنەوەیەکی جەماوەری شورایی بەڕیبخەین. ئەم کارە بە بانگەواز نابێ بەڵکو پرۆسەیەکە کە لە دروستکردنی ڕیکخراوە جەماوەریەکانەوە دەست پی دەکا و ئەمەش لە مەیدانی کار و بەرهەمهێناندا دەتوانێ پێشڕەوی بکا و تا دواتر لە ناوەندەکانی تردا دەتوانرێ پێک بێت و ببێتە بزوتنەوەیەکی سەراسەری. کۆبونەوەی هەڵسوراوان بەتەنیا ناتوانێ ناوبنرێ شورا و بزوتنەوەی شورایی و دەبێ ئەوەش بزانین کە شورا لەگەڕەکدا لە دەورانی ئاساییدا دروست نابێ لە کاتێکدا گەرەک تێکەڵاوێکە لە خەڵکی جۆراوجۆری چینەکان کە بەرژەوەندی جیایان هەیە و پەیوەندی ڕۆژانەیان لە شوێنێکی ترەوە ڕیکدەخرێ. هەربۆیە دەبێ لەو جۆرە شیعاردانە ناواقعیانە دورکەوینەوە کە بەبۆنەی هەڵبژاردنەوە بێ یان کێشەی ناوخۆی حزبە دەسەڵاتدارەکان پێمان وایە بە بانگەوازێک شورا پێک دێت! کرێکاران و فەرمانبەران لە پرۆسەی ڕیکخراوکردنی ناڕەزایەتیەکان و لە شوێنەکانی کارکردنیاندا دەتوانن ڕیکخراوی شورایی دروستبکەن. کۆمۆنیستەکان دەبێ لەم پرۆسەیەدا بەشداربن و دەوری سەرەکی بگێڕن تا بتوانن بزوتنەوەیەکی سەراسەری شورایی بەگەڕبخەن.

 

بۆپێشەوە: ناکۆکیەک لەناو ڕیکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئەو کاتەدا هەبوو سەبارەت بە شورایی کرێکاریی و شوراکانی گەرەک، چۆن دەڕوانە ئەو ناکۆکییە؟

ئاسۆکمال: شورای کرێکاری و شورای خەلک تەنیا شتێک بوە لە مێشکی کۆمۆنیستەکاندا هەبوە و شتێک نەبوە لە واقیعدا دوو بزوتنەوە بەو دوو ناوەوە هەبوبێت. ئەم ناکۆکیە خەیاڵیە دواتر ڕەوتی کۆمۆنیست باسی دەکرد کە ڕەنگدانەوەی کێشە ناواقعیەکانی ناو گروپە کۆمۆنیستیەکان بوو. بەڵام بەپێچەوانەی ئەم دەرکە سیکتاریستیەوە لە شورا زۆربەی هەڵسوراوانی ڕەوتی کۆمۆنیست هەڵسوراوی هەمان شوراکان بوون کە هەموو کۆمۆنیست و چەپەکانی تری تێدابوو.

بۆپێشەوە: لەیەکەم ڕۆژەوە شوراکان کەوتنە بەر هەرەشەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، هۆکاری دژایەتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەبەرامبەر شوراکاندا چی بوو؟

ئاسۆکمال: ئەمە نیشانەی ئەوەبوو کە شوراکان خەلکیان لەگەڵ بوو لەسەرەتاوە و یەکێتی توشی شۆک کردبوو کە بزوتنەوەیەک بەم شێوەیە بە شارەکانی سلێمانی و هەولیر و کەرکوکدا بڵاوبۆتەوە. بێگومان ئەوان لە ئێمە باشتر دوژمنی چینایەتی خۆیان دەناسی و هەربۆیە لەیەکەم ڕۆژەوە کەوتنە دژایەتی و فشاردروستکردن و پڕوپاگەندە لەدژمان. ئەوان ئێمەیان وەک ڕێگری بەردەم سەقامگیری دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی خۆیان دەزانی و تەجروبەی گەشەی کۆمۆنیزمیان لە کوردستانی ئیران بینی بوو کە ببوە ڕەقیبی ناسیونالیزم . ڕاوەستانەوەی جەماوەری شوراکانیش بەرامبەریان ئێمەی بەرانبەر بەوان تیژترکرد و لەو کاتەوە تا ساڵانێکی دواتر و تا ئێستاش وشیاری سیاسی بەرامبەر بە ناسیونالیزم و خەبات دژی دەسەلاتی یەکێتی و پارتی بوە بە شێکی سەرەکی ناسنامەی ئێمە. بەداخەوە ئێمە لەدوای ئاوارەییەوە نەمانتوانی شوێن پێی سیاسی و چەکداری خۆمان پتەوبکەین و دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی ئەوان خۆی سەپاند بەسەر چارەنوس و ژیانی خەڵکی کریکار و زەحمەتکێشی کوردستاندا و سێ دەیەیە ئێمە باجی ئەو نائامادەییەی بزوتنەوەکەمان دەدەین.

بۆپێشەوە: بزوتنەوەی شورایی زۆر زوو توانی جەماوەری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام نەیتوانی بەرگری لەخۆی بکات، لەبەرامبەر بە هیرشەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

ئاسۆکمال: بێگومان دەستپێشکەری ئێمە لە کاتی ڕاپەڕیندا و دروستکردنی شوراکان لەو بۆشایی دەسەڵاتەدا هێزێکی باشی بەدەوری شوراکاندا کۆکردەوە.بەڵام بۆ ڕاگرتنی ئەو هێزە پیویستی بە ڕاگرتنی ئەو پەیوەندیە جەماوەریە هەیە و ئەویش پیویستی بە کەوتنە پێشی خەلکە بۆ کاری شۆڕشگێڕانە. لەو کاتەدا پیویست بوو کە ئێمە هێزی چەکداری هەزاران کەسی دروست بکەین بۆ بەرگری و ئیدارەکردنی کوردستان. شوارکان بکەینە ڕیکخراوێکی تۆکمە و جێگیری سیاسی و چەکداری. ئێمە تەجروبەی ئەم کارە و ئامادەیی و هێزو نفوزی پیویستمان نەبوو بۆ بینینی ئەم ڕۆڵە. ئێمە میراتگری چەپ و کۆمۆنیستێکی نا کۆمەڵایەتی و نهێنی کار بوین و ئەمە یەکەمین تەجروبەی کاری سیاسی جەماوەری و ئاشکرامان بوو. یەکێتی و پارتی نیوسەدە لە تەجروبەی سیاسی و سەربازی و حزبیان هەبوو و لە چۆنیەتی سەرکوت و خۆسەپاندندا دەستی باڵایان هەبوو. نفوزی سیاسی و توانای ڕیکخراوەیی و کۆکردنەوەی خەڵکیان هەبوو. خەڵک خۆشباوەری بەناسیونالیزم لەوپەڕی خۆیدا بوو و خەلک یەکێتی و پارتیان وەک بەدیلی بەعس پشتیوانیان لێ دەکردن و کۆمۆنیزم بەدیلێکی سیاسی نەبو لای خەڵک.

بۆپێشەوە: هەندێک هەن دەڵین بزوتنەوەی شورایی و شوراکان… هەڵگری دروشم و بانگەشەی ناواقعی بوون بۆیە پاشەکشەیان پێکرا، لەبەرامبەر بەو بۆچوونەدا دەڵێن چی؟

ئاسۆکمال: بزوتنەوەی شورایی بزوتنەوەیەکی سەرەتایی و کەم تەجروبە بوو بەڵام ئەمە مانای وانیە کە هەموو دروشمەکانی ناواقعی بوون. ئەوەی واقعی بوو وجودی بزوتنەوەکە خۆی بوو کە جیاواز بوو لە یەکێتی و پارتی و دژ بەو بزوتنەوە ناسیونالیستیە بوو. بێگومان ئەو دروشمانەی لە وێنەکانی ئەو کاتەدا دەبینرێ وەک ٣٥ سەعات کار ناواقعی بوو بەڵام ئەوە وێنەیەک بوو نەک دروشمی شوراکان . ئەوەی شورا کاری لەسەر دەکرد کۆکردنەوەی خەلک و هەڵبژاردنی نوێنەران لە فەرمانگە و گەرەکەکاندا و بەرەنگاربونەوەی بەعس و ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی یەکێتی بوو. ئەمانە هەمووی کردەوەی واقعی بوون و هۆی پاشەکشەی ئێمە کەم بون و کەموکورتی ئەم کارە جەماوەری و چەکدارانە بوو نەک هەندێ دروشم. ئەوەی پاشەکشەی تەواوی بە ئێمە کرد سەرەڕای هەلومەرجە سەختە سیاسیەکە بۆ ڕیکخرابونی جەماوەری و دروستکردنی ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی دژ بە ناسیونالیزمی کورد ، نائامادەیی سیاسی و چەکداری خۆمان بوو و دواتریش سەقامگیربونی دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی.

بۆپێشەوە: دەوترێت دەستەیەک هەبوو بەناوی دەستەی بەرەوپیش بردنی بزوتنەوەی شورایی، ئەو دەستەیە چۆن و لەکێ پێکهاتبوو، وە رۆڵی ئەو دەستەیە چی بوو؟

ئاسۆکمال: دەستەی بەرەوپیش بردنی بزوتنەوەی شورایی هەڵسوراوانی کۆمۆنیست و چەپ و ئازادیخواز بوون. لە گروپی جیاجیا و کەسایەتی جیاجیا پیکهاتبوو. هەموو وەک هەڵسوراوی شواریی کاریان دەکرد. سەرەتا لە بنکەی ئاوات لە گەرەکی علی کمال لە سلێمانی پیکهات. من ئاگاداری کاری یەک دوو ڕۆژی یەکەمی نەبوم بەڵام لە ڕۆژەکانی تردا هەندێ کاری پاکردنەوەی شاری دەکرد و شوینی کۆبونەوەی هەلوسوراوانی شورایی بوو و خەریکی دروستکردنی ناسنامە و بڵاوکراوەی شورا بوو. هێزی چەکداری ڕیکدەخست و و شوراکانی گەرەک و فەرمانگەکان سەردانی ئەو بنکەیەیان دەکرد. ئەو ناوانەی من لەبیرم بێت مامۆستا محمد و سەفین محمدی کوڕی ، خەسرەو سایە و ئەکرەم میهرداد و جەمال چاوشین و ئەمەل عوسمان و فوئاد و سازان علی و ڕێنوار جبار و یەک دوو دکتۆر یان یاریدەدەری پزیشک و سۆران غەریب و زۆر هاوڕیی تر بوون .ڕیکخستنی ڕۆژی هەلەبجە و دواتر ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی کوردستانی لەو کارانەی تری ئەو دەستەیە بوو. بەلام دوای فشارەکانی یەکێتی چەند ئەندامێکی ئەو دەسەتەیە لە بنکەی ئاوات ناکۆکیان لەگەڵ کۆمۆنیستەکاندا هەبوو و وە داوای بنکەکەیان کرد و دواتریش تەسلیمی حزبێکی بەرەی کوردستانیان کرد وابزانم پارتی بوو. باقی دەستەکە درێژەی بەکارەکانی خۆی لە بنکەی مەجیدبەگ و بنکەی سەرشەقامدا. ئەم دەستەیە لەناو شوراکاندا چالاک بوو و دوای ئاوارەیش لەگەڵ هەڵسوراوانی تری شوراکاندا بونە گروپێک بە ناوی “هەستەی کریکارانی سۆشیالیست”.

 

13.03.2019

Add Comment

Click here to post a comment