گفتوگۆ

بزوتنەوەی شورایی١٩٩١

http://www.nkae-shora.com/index/?p=1345&fbclid=IwAR03THDGvxHbBiwAS4oQ6evWdr8C1eevmw_2e68waFr4DxpP1Vnr5ROY5G4

ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی لەساڵیادی بزوتنەوی شورایی لە ساڵی ١٩٩١یی کوردستان-عێراقدا وەک ڕێزگرتن لەویادە وسوود وەرگرتن لەوتێکۆشانە شکۆدارە ئازادیخوازی ویەکسانیخوازی ومرۆڤدۆستی یە،وە ڕێزگرتن لەهاوڕێ یانی گیان بەختکردوویی ڕێگای هێنانەدی سیستەم و ئیدارەدانێکی شورایی دا سەروڕێزی نەوازشیان لەئاستیان دادەنەوێنین وبەردەوام تێکۆشانیان بەرز دەنرخێنین و لەسەر هەمان ڕێبازوتێکۆشانی بزوتنەوەی شورایی دا بەردەوام دەبین بۆهێنانەدی نان،کار،ئازادی ئیدارەدانی شورایی ،هەر بۆئەم مەبەستەش پرسیارێکمان خستۆتە ڕوو بەم جۆره:بزوتنەوەی شورایی لەگەڵ ئەوەی لەساڵی ١٩٩١ لەهەلومەرجێکی تایبەتیدا هاتەکایەوە بەڵام توانی کاریگەرێکی ئەرێنی وسوودبەخش بەجێ بهێڵێت لەکۆمەڵگای کوردستاندا ئایا لەئێستادا دەتواندرێت بە میکانیزمێکی باشتر بەسوود وەرگرتن لەتێکۆشانی ڕابردوو هەمان نەخشە ڕێگای شورایی واتە خۆبەڕێوەبەری خەڵک هەنگاوی بۆبندرێت لەتێکۆشانێکی هاوبەش ویەکگرتوانەدا بۆڕزگارکردنی کۆمەڵگا لەدەست قەیران وکێشەکانی دا؟

 

ئاسۆ کمال:ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە بەهاری ١٩٩١دا فرسەتی بۆ ئەم گروپە کۆمۆنیستانە کردەوە کە بێنە ناو مەیدانی ململانێی ئاشکرای سیاسی و کاری جەماوەریەوە. بەشداری چەکدارانەی کۆمۆنیستەکان لە ڕاپەڕیندا و پێکهێنانی شوراکان و دروستکردنی هێزی چەکدار بۆ بەرگری لە دژی گەڕانەوەی بەعس، ئەمانە قاڵبێکی تری دا بە هەڵسوڕانی سیاسی ئەم گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستانە. دەرگیربونمان لەگەڵ کێشەی کرێکار و فەرمانبەران و خەڵک کە چی بکەن لەدوای نەمانی بەعس؟ وە ململانێی شوراکان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی و بەرەی کوردستانیدا و هتد.. هەموو ئەمانە پێویستی یەکگرتووبونی کۆمۆنیستەکان کردە ئەمری واقیع. هەرچەند “ڕەوتی کۆمۆنیست” وەک گروپێکی جیا مایەوە، بەڵام هەڵسوڕاوانی ڕەوتی کۆمۆنیست و گروپەکانی تر لەناو شوراکاندا یەکیان گرت. ئەم بزوتنەوە شوراییە نەیتوانی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا دروست بکا. نەک تەنیا لەبەر مەسەلەی کەمی کات، کە تەمەنی شوراکان هەر ٣ هەفتە بوو ، بەڵکو توانایی و تەجروبەی ئەم گروپانە لە باری سیاسی و جەماوەریەوە زۆر لاوازبوو. تەجروبەی ململانێی ئاشکرامان لەگەڵ حزبە چەکدارە ناسیونالیستەکاندا نەبوو و لەمەش گرنگتر تەجروبەی شەڕی چەکداریمان لەگەڵ بەعس نەبوو. لەگەڵ ئاوارەبونی خەڵکی کوردستان لە نیسانی ١٩٩١دا گروپە کۆمۆنیستەکانیش ئاوارە بوون و ئیتر دەوری ئاشکرا و جەماوەریان نەگێڕا.

 ئەوەی ئێمە لە کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە فێری بوبوین خۆجیاکردنەوەمان بوو لە ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی. ئەمە لەکاتی ڕاپەڕین و شوراکاندا زۆر زوو ڕەگی داکوتا لە بزوتنەوەکەماندا کاتێک دژایەتی یەکێتی نیشتمانی و بەرەی کوردستانیمان بەرامبەر بە شوراکان بینی و دژایەتی ئەم حزبە بورژوازیانە بەرامبەر بە کۆمۆنیستەکان بەرجەستەبوو.بزووتنه‌وه‌ی چەپ بەدوای جیابوونه‌وه‌ لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران توشی دەورەیەکی دوورودرێژی پاسیڤیستی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ٢٠ بوو، وە خۆی خاوەنی پایەی کۆمەڵایەتی و سوننه‌تی کاری سیاسی جەماوەری نەبوو. هەربۆیە دوای شوراکانی ١٩٩١یش هێشتا باوەڕی بە تەجروبەی سیاسی خۆی نەبوو کە لە بزوتنەوەی شوراییەوە بەدەستی هێنابوو. لە کاتێکدا لە ڕاپەڕیندا ئەم بزوتنەوەیە شانسی گۆڕینی ئەم وەزعەی هەبوو، وە دەستی بە خەڵک ڕاگەیشت و چووە مەیدانی سیاسی و بەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شوورایییەوە.ئەزمونی شوراکان گرنگە و پێویستە لێکدانەوەیەکی واقعی و دروستی بۆ بکەین، نەک تەنیا وتنەوەی ئەو دروشمەی کە شوراکان گرنگ بوون. دەبێ بزانین شوراکان چیبون؟ چ دەورێکیان هەبوو؟ کۆمۆنیستەکان لەڕیگای شوراوە چیانکرد؟

ڕای من بەکورتی ئەوەیە کە ئەمە یەکەمین تەجروبەی کاری جەماوەری کۆمۆنیستەکان بوو و لەم بارەوە دەبێ جارێکی تر دەرسەکانی باس بکەین.

یەکەمین شتێک کە کردی کاریگەری بۆ سەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستی خۆی بوو کە لەو پەرژوبڵاوی و فیرقەگەریە و گروپە بچوکانە دەری کردن و یەکگرتوی کردن بۆ چونە مەیدانی کاری سیاسی و جەماوەری. هەرچەند ئەم بزوتنەوەیە دوای ئاوارەیی گەڕایەوە دۆخی جارانی نهێنی و سیکتاریستی خۆی، بەڵام بوە زەمینەی دروستبونی حزب و ئێستاش دەتوانێ جارێکی تر وەک تەجروبەیەک دوبارەبکرێتەوە بۆ دروستکردنەوەی بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی و کرێکاری بەرفراوان و ئەم پەرژوبڵاویەی ئێستا کۆتایی پێ بێنێ.

دووەم؛خەڵکی لەگەڵ ناوی شورا و لەگەڵ کۆمۆنیستەکان ئاشناکرد و پەیوەندی لەنێوان ئێمە و خەلکدا دروستکرد. ئەمەش تەجروبەیەکە ئەگەر بمانەوێ ببینە بزوتنەوەیەکی کرێکاری و جەماوەری دەبێ لەنێو کرێکاران و فەرمانبەران و خەلکی زەحمەتکێشدابین و لە ناڕەزایەتیەکانیاندا دەورمان هەبێ و ڕیکخراو و یەکگرتویان بکەین . ئەمە ڕێگای دروستکردنی بەدیلی کرێکاریە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان.

سێیەم؛دەبێ بزانین کە بۆچی شورا نەبوە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و نەیتوانی گۆڕانکاری لە ئاستی ڕیکخراوبونی کرێکاران و فەرمانبەراندا دروست بکا. ئەمە بەشێکی لەوانەیە کە بە کورتی تەمەنی ڕاپەڕین و دیسانەوە سەرکوتی بەعس و ئاوارەیی پاساوبدەین. هەروەها داخرانی هەموو کارگە و فەرمانگەکان و دەوام نەکردن ئەمانە هەموو فاکتەربوون. بەڵام فاکتەری سەرەکی نەبونی پەیوەندی و ڕیشەی کۆمۆنیستەکان بوو لە نێو کرێکاران و فەرمانبەراندا.ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان دەچوین خەڵکمان کۆدەکردەوە و داوامان دەکرد کە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن لەگەڕەکدا و مودیرە بەعسیەکان لابەرن. بەڵام شورا ئەو پەیوەندیەی کە نوێنەری شورا بە خەڵکەوە هەیبێ و بزانێ دەبێ چی بکا و بەرنامەی چی بێ لە ئارادا نەبوو. دوای چەند کۆبونەوەیەکی گشتی بنکەکانی شوراکان و دوای ئەوەی یەکێتی دژی شورا ڕاوەستا و دەچوە سەر هەندێ بنکە، کاری ئێمە بوە کۆبونەوەی هەڵسوڕاوان و لەو کۆبونەانەدا نوینەری کرێکاران و فەرمانبەران و گەڕەکەکان نەبون و هەر گروپە باسی لە دروشمەکانی خۆی دەکرد. 

کارێکی سەرەکی و گرنگ کە شوراکان کردیان خۆئامادەکردنی چەکداری بوو، بەڵام بۆ ئەمەش بەرنامەیەکی دیاریکراومان نەبوو. دەچوین بۆ کەرکوک و چەمچەماڵ و دواتر لەگەڵ ڕەوتی کۆمۆنیست قسەمان کرد بۆ ئامادەیی بەرەنگاری هێرشی بەعس و بەداخەوە ئەوان لەقاڵبی گروپەکەی خۆیاندا بوون و لەم کارەدا بەشدارنەبوون. ئێمەش بەو هێزە کەم و پەرژوبڵاو و بێ بەرنامەیەوە دوای شەهیدبونی چەند هاوڕێیەک لە سلێمانی و هەولێر نەمان توانی وەک هێزێک لە کاتی ئاوارەییدا بمێنینەوە و دەوربگێڕین و دیسان پەرژوبڵاوبوینەوە و سەرەڕای هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم هەڵسوڕاوانی شورایی بەڵام دواتر بەشێکمان کەوتینەوە سازدانەوەی دەورانی گروپگەرایی.

هەربۆیە باسی ئەزمونی شوراکان دەبێ لەم واقعیەتەوە دەست پێ بکا کە ئێمە بزوتنەوەیەکی شورایی جەماوەریمان نەبوە و تەنیا هەوڵێکی سەرەتاییمان هەبوە بۆ چونە ناو جەماوەر و ڕێکخستنی ئەوان لە شوراکاندا لە دەوری نەبونی دەسەڵاتێکی حکومیدا ، لێرەوە دەبێ بچینە ناو ئەو باسەی کە ئایا لە ئێستادا چۆن بزوتنەوەی شورایی دەتوانین جارێکی تر بەڕێبخەین؟

بۆ ئەم کارە پیویستمان بە تیكەڵاوبونە لەو ناڕەزایەتیانەی کە ئێستا هەیە تا بتوانین شێوازەکانی ڕیکخراوبون لە کارگە و فەرمانگەکاندا دروست بکەین و لێرەوە بتوانین شیوازی ڕیکخستنی شورایی پەرەپیبدەین تا بتوانرێ بزوتنەوەیەکی جەماوەری شورایی بەڕیبخەین. 

ئەم کارە بە بانگەواز نابێ بەڵکو پرۆسەیەکە کە لە دروستکردنی ڕیکخراوە جەماوەریەکانەوە دەست پی دەکا و ئەمەش لە مەیدانی کار و بەرهەمهێناندا دەتوانێ پێشڕەوی بکا و تا دواتر لە ناوەندەکانی تردا دەتوانرێ پێک بێت و ببێتە بزوتنەوەیەکی سەراسەری. کۆبونەوەی هەڵسوراوان بەتەنیا ناتوانێ ناوبنرێ شورا و بزوتنەوەی شورایی و دەبێ ئەوەش بزانین کە شورا لەگەڕەکدا لە دەورانی ئاساییدا دروست نابێ لە کاتێکدا گەرەک تێکەڵاوێکە لە خەڵکی جۆراوجۆری چینەکان کە بەرژەوەندی جیایان هەیە و پەیوەندی ڕۆژانەیان لە شوێنێکی ترەوە ڕیکدەخرێ.

هەربۆیە دەبێ لەو جۆرە شیعاردانە ناواقعیانە دورکەوینەوە کە بەبۆنەی هەڵبژاردنەوە بێ یان کێشەی ناوخۆی حزبە دەسەڵاتدارەکان پێمان وایە بە بانگەوازێک شورا پێک دێت! کرێکاران و فەرمانبەران لە پرۆسەی ڕیکخراوکردنی ناڕەزایەتیەکان و لە شوێنەکانی کارکردنیاندا دەتوانن ڕیکخراوی شورایی دروستبکەن. کۆمۆنیستەکان دەبێ لەم پرۆسەیەدا بەشداربن و دەوری سەرەکی بگێڕن تا بتوانن بزوتنەوەیەکی سەراسەری شورایی بەگەڕبخەن.

Add Comment

Click here to post a comment