وتار

کێشەی زمانی دووانەی ئازادیی ”سەرۆک”ە یا ”دیکتاتۆر”

لە ململانێی ئیستای نێوان خەڵک و دەسەڵات لە سەر ئازادی، توێژی رۆشنبیران قسەکەری خەڵکن لەبەرامبەر دەسەڵاتدا. کشانەوەی مەسعود بارزانی لەداواکەی لەسەر ئاراس فەتاح و مەریوان وریا قانع سەرکەوتنێکی ئەم دەنگە ئازادە بوو. بەڵام ئەم قسەکەرە کێشەی زمانی هەیە لەگەڵ دەسەڵاتدا و بەتایبەت لەگەڵ سەرۆک دا. لەزمانی ئەم توێژەدا مەسعود بارزانی سەرۆکیشە و دیکتاتۆریشە. پشتیوانی جیهانی لە ناڕەزایەتی خەڵک دژ بە هێرشەکانی پارتی بۆ سەر ئازادی گرنگە و بەدەنگدانەوەی ئەم سەرکوتانەی دەسەڵات وێنەی کورد لەدەرەوە ناشیرین دەبێ. بارزانی مەحکوم دەکرێ کە لە پەرلەماندا شاوری هێرشکردنە سەر ئازادی لێدەدا و بەڵام کەمپینی “سەرۆک ئیمزای مەکە” داوا دەکا سەرۆک واژۆی یاسای دژی خۆپیشاندان نەکا. ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە هەیە کاتێک لەبەر ڕێزگرتن لە ئیسلام یاسای بێڕێزگرتنی ژنان بەپێی یاسای فرەژنی دەسەپێنێ کەچی لیستی ڕۆشنبیران داوا دەکەن حکومەتی هەرێم ئەزمونی دەسەڵاتی کوردستان لەدەستدرێژی مەلا و حزبە ئیسلامیەکان بپارێزێ.ئەمانە کێشەی زمانی ئازادیە بەرامبەر دەسەڵات. ئازادیەک کە لەژێر هەڕەشەی جدی دەسەڵات و سەرۆکەکەیدایە ناتوانێ بەم زمانی “نەشیش بسوتێت نە کەباب”ە سەرکەوتن مسۆگەر بکات.


سەرەتا دەبێ ئەو ڕاستیە باس بکەین کە بنەمای ئەم کێشەیەی پارتی لەگەڵ ئازادی و میدیای ئازاددا چیە؟ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترۆلی ساحەی سیاسی کوردستانی کردوە و یەکێتی وەک هێزی دووەم شەریکی دەسەڵاتێتی ،وە هەروەها گۆڕان و ئیسلامیەکانیش هەم ئۆپۆزسیۆنن و هەم لەسایەشیدا کار بۆ گرتنی ئیمتیازاتی دەسەڵاتیش دەکەن.سیناریۆی پارتی بۆ سەقامگیرکردنی ئەم پاوانخوازیەی دەسەڵاتی کە بەشی شێری لەداهات و سەرۆکایەتی و دەسەڵاتدا هەیە دروستکردنی مەملەکەتێکی بنەماڵەیی یە لەچەشنی شێخ نشینەکانی خه‌لیج. لیستی دوردودرێژی داوا تۆمارکردن لەسەر میدیای ئازاد و کوشتنی رۆژنامەنوسان و پشتیوانی مەلاکان و نانەوەی جەوی ترس لەکاتی هەلبژاردنەکان و قەدەغەکردنی خۆپیشاندان بەیاسا و تەنانەت شیوازی کۆنگرەی حزبەکەیان ،ئەمانە سیناریۆی سەپاندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریانەیە و پەیامی بارزانی لەپەرلەماندا دژ بەو ئازادیانەی ئیستا لە کوردستاندا بونەتە ئەمری واقیع لە تیشکی رۆژ رۆشنترە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر سیناریۆی پارتی و دەسەڵات بەم شێوەیە ڕۆشنە ئەی بۆچی هێشتا زمانێک کە ئازادی خەڵکی پێ بەیان دەکرێ ئاوا ڕاشکاو و رادیکال نیە بۆ بەرگری کردن لەخۆی؟لەبەرامبەر هێرشی پارتی و دەسەڵاتدا هێشتا دەبێ ئامۆژگاری دەسەڵات بکرێ کە ڕووی ناشیرینی خۆی بۆ جیهان دەرنەخات و دیموکراسی کوردی لەکەدار نەکا؟


ئازادی لە کوردستاندا پیداویستی ژیانی خەڵکێکە کە دەیان ساڵ لە سایەی سەرکوت وشەڕدا ژیاون و ئیستا کە بوژانەوەیەکی ئابوری و جێگیریەکی نیسبی ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە ، خەڵک دەیەوێت لەو ئیمکاناتەی لە کوردستاندا هەیە بەهرەمەند بێت و ژیانێکی خۆشگوزەران و مۆدێرن دابین بکا. بەڵام ئەم ئاستی خواست و داوایەی خەڵکی کوردستان پیچەوانەی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتدارانی ئیستایە و لەسەرووتری عەقڵیەتی پاوانخوازی و میلیشیایی دەسەڵاتەوەیە و ئەم مافە بۆ خەڵکی کوردستان بەڕەوا نابینن و ڕوبەڕوی دەبنەوە. هەربۆیە لە دوای ڕوخانی بەعسەوە شەپۆلێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵات لە کوردستاندا سەری هەڵداوە و ئازادی بوەتە پیویستیەکی خەڵک بۆ دەربڕینی خواست و کێشەکانی، وە میدیای ئازادیش بەشێک لەم واقعیەتیە. کێشەی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات لەسەر دابینکردنی پیداویستیەکانی ژیانی پایەی ئەم ناڕەزایەتیانەیە و بەرەی خەڵک لەسەر جادە و میدیا ئازادەکانەوە و بەرەی دەسەڵاتیش لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و وەزارەت و مزگەوت و شوینەکانی دەسەڵاتەوە زۆر ڕاشکاوانە بەرژەوەندی جیاواز و دژبەیەکی خۆیان بەیان دەکەن .

لیرەدا ئەوەی خەلک دەستی دەکەوێت لە بەشی دەسەڵات کەم دەبێتەوە و ئەوەی دەسەڵاتیش پاوانی دەکا لەسەر حسابی سفرە وئازادی خەڵکە. ئەوەی پارتی دەیەوێ کردنی کوردستانە بە مەملەکەتی کە داهات و سوپا و حکومەت و فەرهەنگ و بازاڕ ودراو وحزب ویاسا و هەموو شتێکی مۆری بنەماڵەیەک و دیکتاتۆرێکی لێدرابێ. ئەوەی خەڵکیش نایەوێ حوکمی میلیشیایی و عەشیرەتی و نا عەدالەتیەکە کە کوردستانی کردۆتە بەهەشتێک بۆ سەرمایەدارانی حزبی و سەرزەمینی نائومێدی و نەهاتنەدی چاوەڕوانیەکانی خەڵک بۆ ئازادی ویەکسانی و خۆشگوزەرانی و مەدەنیەت . هەربۆیە لەم شەڕەدا کە هەردوو بەرە لە نیاز و مەرامی یەکتر لەڕیشەوە تیگەیشتوون و ئیتر دەورانی موجامەلەی ئاشتکردنەوەی دەسەڵات وجەماوەر بەسەر چوە و هەر دوولا ڕادیکاڵانە قسەی دڵی خۆیان بەرامبەر یەکتر دەکەن.

جەماوەر دەڵێ “دیکتاتۆریکمان ڕوخان ئەتوانین بیکەین بەدوان ” و “سەرۆک”یش باکی نیە لەوەی بڵێ” ئەم ئازادیە فەوزایە وقبوڵی ناکەین”. ئەمە زمانی ڕاستەقینەی بزوتنەوە جیاوازەکانی کوردستانە کە هەرکامەیان تەعبیر لە خواستی خۆی دەکا و یەکێکیان بە “سەرۆک” دەڵێ سەرۆک و ئەوی تر پێی دەڵێ دیکتاتۆر. ئەو رۆشنبیرانەی دەیانەوێ وەک قسەکەری جەماوەر بمێننەوە و بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ جەماوەر دەبیننەوە ئەوا پیویستە زمانی دوانەی ئازادی بکەن بە زمانی ڕاشکاوی ئازادی و بەسەرۆک بڵێن دیکتاتۆر.


8‏\1‏\2011

Add Comment

Click here to post a comment