کۆمۆنیزم

مەبەست چیە لە “کۆمۆنیزمی نوێ”؟ لە چی دا “نوێ” یە؟

مەبەست چیە لە “کۆمۆنیزمی نوێ”؟ لە چی دا “نوێ” یە؟

ئەم پرسیارە هاوڕێ شەماڵ علی و دانا بەهادین لە بەرنامەی گفتوگۆ لەسەر کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” کردیان و لەو بەرنامەیدا نەپەرژاینە سەر وەڵام پێ دانەوە و پرسیارێکە کەسانی تریش دەیکەن، هەر بۆیە گرنگ بوو بەلامەوە لێرەدا وەڵامی بدەمەوە. هەرچەند پێشنیاری ئەوە دەکەم کە لەگەڵ ئەم وەڵامەدا کتێبەکە بخوێننەوە چونکە ئەو قسە و ستەیتمەنتانەی لێرەدا هاتوە لە بەشەکانی ئەم کتێبەدا پشتیان بەستوە بە فاکت و لێکۆڵینەوە.

کۆمۆنیزمی نوێ واتە ڕەخنەگرتن لە دۆخی ئێستای بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و لێکدانەوە لە ئەزمەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەم بزوتنەوەیە. ئەمە ڕەخنەیەک نیە لەپاڵ ئەو ڕەخنانەی کە گروپە جۆراوجۆرەکانی ئێستای ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە یەکتری دەگرن، بەڵکو ڕەخنەیە لە خودی دابەش بونی ئەم بزوتنەوە چینایەتیە بەسەر ئەم قاڵب و گروپ و ڕەوتانەدا و وەڵام نەدانەوە بە پێویستیەکانی یەکگرتووکردنی خەباتی چینایەتی کرێکاران لە ئێستادا. بەم پێیە کۆمۆنیزمی نوێ نوێگەریەکە لە گۆڕینی دیدگای کۆمۆنیزمی سەردەم بۆ حزب و دەرهێنانێتی لە حزبی گروپ و دەستە ڕۆشنبیریەکان و سێکتە فکریە جۆراوجۆرەکانی وەک مارکسیزم، لینینزم، ستالینزم، ترۆتسکیزم، ماویزم، حیکمەتیزم و هتد.. وە گۆڕینێتی بۆ حزبی جەماوەری کرێکاران و حزبی خەباتی چینایەتی کرێکاران.

هێنانەوە پێشی ئەو نمونەیەیە، کە لەسەرەتاوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و مانیفێستە کۆمۆنیستیەکەی و ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکارانی پێ ناسراوە، بۆ کۆتایی هێنان بە پەرژوبڵاوی ڕیزی کرێکاران و یەکگرتوکردنیان بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری. لە بواری حزبدا ئەمە بانگەوازێکی نوێیە بۆ دروستکردنی حزبە کرێکاریە جەماوەریەکان، تاکو لە بواری حزبدا، کۆتایی بە مۆدێلی سێکتاریستی و بیرۆکراتی سۆشیالیزمی دەوڵەتی حزب بهێنێ. ئەم باسەمان بە ڕۆشنی لە بەشی ٤ دا “حزب بۆ لای چینی کرێکارە میتافۆرە؟” باسکردوە.

ئەم تێزە نوێ یەی حزبی کرێکاری جەماوەری لە ڕیگەی ئەم خاڵانەوە ڕۆشنتر دەکەینەوە:

یەکەم: لێکدانەوەی کۆمۆنیزمی نوێ بۆ دۆخی ئەزمەی کۆمۆنیزمی سەدەی ٢١ لەو شوێنەوە نوێ یە کە ئەم دۆخەی پەرژوبڵاوی و چەق بەستویەی ئێستا، کە خۆی بەرهەمی مانەوە لە مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیدایە، ڕەت دەکاتەوە و بنەماکانی گۆڕانی تیۆری حزب و پراکتیکی کۆمۆنیستی نوێ دەخاتە ڕوو لە مۆدێلی حزبی جەماوەری کرێکاریدا. حزب لەم دیدگایەدا وەک سات و مۆدێلێکی نەگۆڕ و جێگیری یەک گروپ و ڕەوتی سیاسی سەیر نەکراوە، بەڵکو وەک ئامڕازێک سەیرکراوە کە خۆی بابەتی گۆڕانکاری بوە لەلایەن خەباتی چینایەتی کرێکارانەوە لە دوو سەدەی ڕابردوودا. هەربۆیە تیۆری حزبیش لەم پرۆسەی گۆڕانکاریانەدا لێکدراوەتەوە.

دووەم: نوێ بونی ئەم کۆمۆنیزمە بریتی نیە لە دروستکردنی ڕەوتیکی تر بۆ دەستپێکردنی مێژووی نوێ کە هیچ پەیوەندیەکی بە مێژووی تا ئێستای بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و خەباتی چینایەتیەوە نەبێ. بەڵکو نوێ بوون بەشێک لەو پرۆسەی ئیڤۆلوشن و گەشەکردنە بەردەوامەی مێژووی دوو سەدەی ڕابردوە بۆ ئاستی وەڵام بە پێداویستیە نوێ یەکانی خەباتی چینایەتی ئەمڕۆ. لە هەمان کاتدا ئەم کۆمۆنیزمە درێژەی مێژووی سەرجەم ڕەوتەکانی نێو خەباتی چینایەتی پێش خۆیەتی. واتە نوێ بوونی ئەم کۆمۆنیزمە بەشێکە لە پرۆسەیەکی مێژوویی دانەبڕاو. نەک مێژووی گروپێک و ڕەوتێکی فکری کۆمۆنیستی کە لە هەر دەورەیەکدا بەناوێکەوە دەردەکەون، وەک مارکسیزم، لینینزم، ستالینزم، ترۆتسکیزم، ماویزم، حیکمەتیزم و هتد..

پرۆسەیەک کە لە سەرەتادا بە حزبی هەموو چینەکە دەستی پێکردوە لە ئەنتەرناسیونالی یەکەمدا و دواتر گەشەی کردوە بۆ حزبی پەرلەمانی شێوازی سۆشیال دیموکراتی و دواتریش چوەتە ئاستی حزبی دەسەڵاتداری بەلشەفی و لە ئێستاشدا وەک گروپە ڕۆشنبیرەکانی دابڕاو لە جەماوەری کرێکاران قەتیس ماوە. ئێستا پێویستمان بە گەڕانەوە بۆ بنەمای ئەنتەرناسیونالی یەکەمە بەڵام لەگەڵ سوود وەرگرتن لە هەموو ئەو زانستەی ئێمە لە تەجروبەی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیەوە لە خەباتی چینایەتیدا و بەتایبەت لە مەیدانی حزبدا فێری بووین و ئەم ئەزمونانە ئەو زانستەمان دەداتە دەست کە چۆن لە شکڵی سێکتاریستی ئێستای کۆمۆنیزمی گروپەکان دەرچین و حزبێکی جەماوەری کرێکاری نوێ بنیات بنێین. ئەم گەشەپیدانی ئەو تیۆریە”کۆن”انەیە بۆ بیرۆکە و قاڵبێکی “نوێ”. ئەمە پەیڕەوکردنە لە پرۆسەی “زانستی گەشەی مێژوویی فکری مرۆڤایەتی”.

هەربۆیە هیچ ئیدعایەکی نوێ بون مانای ئەوە نیە کە بڵێین مێژووی دوو سەدەی ڕابردوو یان لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە مێژووی کۆمۆنیزم نەبوە، وە ئیدعای ئەوە بکەین کە لەو کاتەوە بە تیۆریەکی نوێ گەیشتوین ئیتر مێژوویەکی تازە بەناوی “کۆمۆنیزمی نوێ” وە دەست پێدەکات. ئەم جۆرە لێکدانەوە و ناونانانە وەکو ئیدعای پێغەمبەرەکانە کە هەر کامەیان پەیڕەوەکانی ئەوانی پێشویان ڕەت دەکردەوە تا بیسەلمێنن ئەوان نێردەری پەیامی نوێ و تاک و تەنهان بۆ مرۆڤایەتی یان قەومەکەی خۆیان. مێژووی چینی کرێکار و کۆمۆنیزمەکەی بەم شێوە فیرقەیی و دینیە نیە.

نوێ بوون وەک پرۆسەی گەشەی بەردەوامی تیۆری و گۆڕانی پراکتیکی چینایەتیە لای کرێکاران، تا کاتێک کە دەتوانن پەیامی مێژووی خۆیان بۆ کۆتایی هێنان بە سەرمایەداری بە ئەنجام بگەیەنن و مێژوویەکی نوێی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەست پێ دەکا.

سێ یەم: کۆمۆنیزمی ئێستا یان کۆمۆنیزمی نوێ ناتوانێ کۆپی نە کۆمۆنیزمی پێشوو و نە جەدەلەکانی پێشوو بێت، بەڵکو دایەلۆگ و جەدەلێکە سەبارەت بەو مەسەلانەی ئەمڕۆ. تیۆر و پراکتیکی کۆمۆنیستی لە ناو دەق و فۆرمێکی جێگیردا ڕانەوەستاوە کە وەڵامی هەموو مێژوو و داهاتوو بداتەوە، وەک بایبل و قورئان و تێستەمەنتی کۆن و کتێبە ئاینیە جۆراوجۆرەکان.

ئەمە بەمانای ئەوە نیە کە تیۆری مارکس سەبارەت بە ئابوری سەرمایەداری یان تەجروبەی گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن لینین و بەلشەفیەکانەوە نادروستە، لە کاتێکدا بە تەجروبەی ژیان و خەباتی جەماوەری کرێکار ڕاست و دروستیان سەلمابێت. بەڵکو مانای نوێ بوون ئەوەیە کە دۆخی خەباتی کرێکاران دەگۆڕێ و بەم پێیەش تیۆر و پراتیکی کۆمۆنیستی لە چونەپێشەوە و گۆڕاندایە و ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێ تا کاتێک کۆمۆنیزم وەک تیۆری و بزوتنەوەیەک ئەرکی مێژوویی خۆی واتە خستنەڕووی ناکۆکیە چیناتەیەکانی نێوان کرێکاران و سەرمایەداران  و  چۆنیەتی بنیات نانی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوسانەوە دەخاتە ڕوو.

لێرەوە هەر هەنگاوێکی چینایەتی لە چاو هەنگاوەکانی پێشوودا نوێ دەبن و نوێ بونەوەی بەردەوامی تیۆریش بەرهەمی ئەم بەردەوامی خەباتە پراکتیکیەیە. هەربۆیە ئەگەر کۆمۆنیزم هەمیشە نوێ بونەوەی تێدا نەبێ دەبێت جێگەی پرسیار بێت و هەربۆیە ڕەخنە لە تیۆر و پراتیکی ڕابردوو و تەجروبەی خەباتی چینایەتی و شۆڕشەکانی ڕابردوو لە پێناو لابردنی کۆسپەکانی بەردەم گەشە و سەرکەوتنی ئەم خەباتەدا کارێکی هەمیشەیی یە نەک وەک ئێستا نیشانەی ترس و دڵەڕاوکێ و گومان بێت کاتێک ڕەخنە لە مارکس یان لینین یان ترۆتسکی و ماو و مەنسور حیکمەت بگرین یان لە تیۆریەکانی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی یان ڕەخنە لە تەجروبەکانی ڕابردوو و چوارچیوەی بیرکردنەوە و پراتیکی ئێستامان. ئەمە ئەنجامی بیرکردنەوەی میتافیزیکیانەی ئێستامانە سەبارەت بە حزب کە لە بەشی ٢ دا بەدورودرێژی باسی ئەم جۆرە تێگەیشتنەمان لە حزب و کۆمۆنیزم کردوە.

وەک ئەنگلس لە کتێبی “دیالەکتیکی سروشت”*[1]دا دەڵێ” فکری تیۆری هەر سەردەمێک ، ئەم سەردەمەشمان، بەرهەمێکی مێژووییە کە ، لە سەردەمە جیاوازەکاندا ، شێوازی زۆر جیاواز و ناوەرۆکی زۆر جیاواز لە خۆدەگرێ. بەم پێیە ، زانستی فکر ، وەک هەر زانستێکی تر، زانستی گەشەی مێژوویی فکری مرۆڤایەتیە.”

چوارەم: ئەم ڕەخنانە خۆی لە قاڵبی ڕەخنەیەک لە مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و مۆدێلی سیاسی حزب و دەوڵەتەکەیدا دەخاتە ڕوو. هەربۆیە لەم بارەوە ڕەخنەیەکی نوێ و گەشەکردوترە لە چاو ڕەخنەکانی بزوتنەوە ڕەخنە ترۆتسکیەکان یان حیکمەتیەکان لە بیرۆکراتیزمی ستالینی یاخود سەرمایەداری دەوڵەتی.

ئەم ڕەخنەیە سۆشیالیزمی دەوڵەتی وەک بەرهەمی ئاستی گەشەی فکری و سیاسی چینی کرێکار دەبینێ و لێرەوە بنەمای مادی ئەم جۆرە سۆشیالیزمە لە نێو چینی کرێکار و خەباتی چینایەتیدا لێک دەداتەوە، نەک ئەم جۆرە سۆشیالیزمە بە بەرهەمی لادانی کەسایەتی وەک ستالین یاخود گۆڕانی سیاسەت یان ئەندامانی حزبی کرێکاران بە حزبی بورژوازی بزانێ.  ئەم گۆڕانە گۆڕانی ناو خودی چینەکەیە. گۆڕانی پەیوەندیەکانی بەشی ڕیکخراوی چینەکەیە، واتە حزب، بەسەرجەم چینەکە و بەشەکان و فراکسیۆنەکانی تریەوە. باسی زانستی سۆشیالیزمە نەک وەک تیۆریەکی ئابوری یان سیاسی ڕووت، بەڵکو وەک پراکتیکی چینێک، وەک سیاسەتێک کە چینێک پێی هەڵدەستێ و لە نێو خەباتی ڕۆژانە و شۆڕشدا مۆدێلی کۆمەڵگەی ئایندەی کۆمۆنیستی و پەیوەندی ئەم چینە لە ناو خۆی و لەگەڵ کۆمەڵگەدا، لەگەڵ بەرهەمهێنان و بەڕیوەبردندا، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەنەخشێنێ، نەک سۆشیالیزم وەک پراتیکی حزبێکی نوخبە و مۆدێلی سیاسی و ئابوری دیکتاتۆریەتی کەمایەتی ئەم حزبە. باسی زاڵبون و هەژمونی فکری سیاسی و ئایدیۆلۆژی و کەلتوری بورژوازیە لە نێو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا نەک سڕانەوەی پایەی چینایەتی کرێکاران و ئەم حزبە کرێکاریانە. سۆشیالیزمی دەوڵەتی و مۆدێلەکانی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی و تەجروبەکانیان بەشێکن لە مێژووی چینی کرێکار کە لە خەبات دژی سەرمایەداریدا پێی گەیشتوە و قاڵبێک بوون نەتیوانیوە سەرمایەداری بگۆڕێ، بەڵام دەربڕینی ئاستی ئەم چینەی نیشان داوە.

پێنجەم: کۆمۆنیزمی نوێ تیڕوانینێکی جیاوازی بۆ گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکانی ئەمڕۆ هەیە و ئەمانە بە بەشێک لە چینی کرێکار دادەنێ، کە لە کۆتایی دەورەیەک لە مێژووی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا بە بنبەست و دابڕاوی گەیشتون لە خەباتی چینایەتیدا. ئەم بەشانەی ڕۆشنبیرانەی کرێکاران بە تیۆری نابن بە بورژوازی و وردە بورژوازی ( من ناڵێم نا کرێکاری ،چونکە نازانم غەیرە کرێکاری مانای چیە؟ یان کرێکاریە یان بورژوازی یان وردە بورژوازی، ئیتر ناکرێکاری هیچ ڕۆشن ناکاتەوە). ئەمانە بەشێکن کە لە ئاستێک لە گەشەی چینی کرێکاردا دروست دەبن و بە کاریگەری مێژووی دوو سەدەی ڕابردوو و وە بەپێی ئاستی بەشداری خۆیان لە خەباتی چینایەتیدا فکر و سیاسەت و پراکتیکی جیاوازیان تێدا دەردەکەوێ. سێکتاریزمی ئەم گروپانە بەرهەمی ئەو دابڕاویەیانە لە خەباتی جەماوەری کرێکاران و مانەوەیانە لە قاڵبی سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی ٢٠دا کە شکستی خۆی ئەزمون کردوە. هەر بۆیە لە ئێستاشدا هەر گروپە دوای دەورەیەک لە چالاکی توشی هەمان بنبەستی پراکتیکی دەبێ و دیسانەوە میتۆدی خۆ جیاکردنەوە لە سەرجەم گروپە ڕۆشنبیریەکانی تر پەیڕەو دەکا بۆ دەربازبون لەم ئەزمەیە، بەڵام ئەمەش دوچاری جیابونەوە و لاوازی و پەرژوبڵاوی زیاتری دەکاتەوە. کۆمۆنیزمی نوێ ڕێگاچارەی دەرچونی ئەم گروپانە لەم سێکتاریزمە بە پرۆسەیەکی دوو لایەنە دەبینێ، کە هەم گروپانە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ جەماوەری کرێکاران لە خەباتی چینایەتیدا یەکگرتوو دەکا. ئەم باسانەمان لە بەشەکانی ١٩ تا ٢٣ دا بە دورودرێژی باسکردوە.

[1] ئەنگلس کتێبی “دیالەکتیکی سروشت”،سەبارەت بە دیالەکتیک، ل ٥٦، بەزمانی عەرەبی، الفارابی

Add Comment

Click here to post a comment