ئەدەب

کاتێک کەشتیەکە بە جێت دەهێڵێ

کاتێک کەشتیەکە بە جێت دەهێڵێ
هەندێ کات هەیە وا دەزانیت کۆتایی دنیایە، بەڵام هەر ساتێکە و بە دنیایەکی نوێ ئاشنا دەبی کە دنیا کۆنەکەت بە بیر چونەوە دەسپێری.
زۆر پەلەم بوو لە فرۆکەکەوە تەکسیم گرت تا بگەمە لای کەشتیەکەم. بەڵام کە گەیشتم ئەو ساتە دەنگی ئاژێری کەشتیەکە و دوکەڵەکەیم بینی و سەرنشینەکان دەیان ڕوانیە سەرنشینە بەجێماوەکە..منیش دەستێکم بەرز کردەوە و بای بایم لێکردن و دامە قاقای پێکەنین لە داخدا..ئای ساتێکی سەیرە لەژیان دەڵێی کەشتی ژیان بە جێی هێشتوتیت و ئیتر فریای ژیان ناکەویتەوە.. بەڵام شانسێک ژیان بەمنی بەخشیوە ئەوەیە کە ژیان بە گەنجی دەبینم.
شانسم هەبوو کۆمپانیایەکی تر کەشتیەکەیان نیو سەعات دوای ئەم کەشتیەی من لەو بەری کەنارەکەوە دەردەچوو..چوم و بە دڵێکی شکاو و تەنیاوە بومە سەرنشینێکی نوێ..
خورادنەوەیەکم بە دەستەوە گرت و چوم بۆ سەکۆی کە شتیەکە و چاوم بڕیە خۆرەکە تا کزکز وەک خەیاڵەکانی من چۆڕانە ناو دەریای خەیاڵی سەفەرەوە. هەمیشە من ئەم خۆرئاوابونانە خەیاڵم بۆ جیهانێکی تری پشت ئاسۆ بینراوەکانم دەبا..نازانم چۆن بوو زۆر زوو ئەو خەیاڵە ئێوارەکەمی گۆڕی و ئەو بوە هاوڕێم. بەداخەوە کە تەنیا بە هەست لەیەکتر تێدەگەیشتین و هیچمان وشەیەکی زمانی ئەوی ترمان نەدەزانی..
لەم کاتەدا کەوتمە دنیایەکی نوێی ژیانەوە کە دەتوت دنیای کۆنی زمانم بیرچۆتەوە بەیەکجاری..ئینسان دەتوانێ بچێتە دنیای دەرەوەی زمان و لە جیهانی هەستەکانی خۆیدا بگەڕێ..لێرەدا جیهانێکی تر هەیە کە ناخت خۆی قسە دەکا و پێویستت بە هیچ هەڵبژاردنێک نیە لە نێوان وشە و دەربڕینەکاندا..جیهانیكی ڕاستەوخۆی حەز و خەیاڵەکانە..زۆر شتی کۆن دەنون لە تۆدا تاکو دەنگە تازەکان لەدایک بن..هەستەکانمان زۆر کات ئەو بەشانەن، کە تا زمان خەوی لێ نەکەوێ، جوانی و قوڵی ئەوانمان لە دەرونماندا بۆ دەرناکەون..ئەو شەوەم وەک ئەستێرەیەک، کە بە ئاسمانی ئەفسوناویدا سەما دەکا، بەسەربرد و شەپۆلەکان لەگەڵ مۆسیقاکەدا دەجوڵان و منیش سەرشاری شادی بووم لە دنیا چاوەڕوان نەکراوەکەمدا..
ئیتر لەم ساتەوە من سەرنشینەکەی ئەو دنیایە نەبووم کە کە شتیەک بەجێی هێشتم ..بووم بەو سەرنشینەی کە کەشتیەکی ئارەزوو منی هەڵگرت و بەرەو دنیایەکی خۆشتری بردم کە خەیاڵەکانی پێشووم لەوە دەچووو فریای دووکەڵی کە شتیەکەی پێشوو کەوتبن تا ڕێگا بدەن حەزەکانم خۆیان بدەن بە دەم ئەم دەریا نا کۆتاوە کە کەشتیەکان بەبێ گوێدانە سەرنشینەکان تیایدا دێن و دەچن.. منیش لەو ڕۆژەوە ڕاهاتم لەسەر ئەوەی ژیان زۆر سەپرایزی لە خۆی گرتوە کە لە دەستدانی کەشتیە لەدەست چوەکانمان بیر دەباتەوە…

Add Comment

Click here to post a comment