وتار

تونس رۆشنایی کۆتایی تونێلی دیکتاتۆریی


ڕاپەڕینی کریکاران و لاوان و خەڵکی زەحمەتکێش وئازادیخوزای تونس و دەرکردنی بن عه‌لی دیکتاتۆر ڕۆشناییەکی گەورەی لەدڵی سەدان ملیۆن ئینسان لە باکوری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکردوە. ڕۆشناییەک کە هەموو کریکاران و خەڵکی چەوساوەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتە دیکتاتۆریەکان کۆتایی تونێلی ئەم دەورانە دیکتاتۆریانەی تێدا دەبینن و وێنەی ڕاکردنی بن علی لە چارەی حسنی مبارک و قەزافی و زۆرێک لەسەرۆک و سەرانی دەوڵەتە دیکتاتۆریەکانی تری وەک جەزائر و ئەردەن و ووڵاتانی تری تێدا دەبیننەوە. تەنانەت لە شوێنێکی وەک کوردستانیش کە ئەمڕۆ جەماوەر لەدەسەڵاتی دیکتاتۆری و مافیایی و میلیشیایی حزبە سەرمایەدارەکان بێزاربوبێ و لەناڕەزایەتی دەربڕیندا بێ نمونەی تونس ئیلهامی پێدەبەخشێ. هەربۆیە سەرکەوتنی ئەم ڕاپەرینەی تونس دەرگایەکی گەورە بەڕوی خەباتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورە لەبەشێکی دنیای ئەمڕۆدا دەکاتەوە.بەپیچەوانەشەوە شکستی ئەم ڕاپەڕینە لە کۆتایی هێنان بەم ڕژێمە دیکتاتۆریەی بن علی کاریگەری زیانباری لەسەر خەباتی ملیۆنەها ئینسانی کریکار و ئازادیخواز دەبێ. ئەمە وادەکات هەموو دڵمان لەگەڵ ئەم ڕاپەرینەدابێ و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی بکەین بۆسەرکەوتن.


گێڕانەوەی باوەڕ بوون بەهێزی جەماوەر بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتە سەقامگیرە دیکتاتۆریەکان وەک کارێکی کردەنی هەر ئەمڕۆ هەموو دنیای سەرسام کردوە. لەدوای دوو دەیە لە پڕوپاگەندەی بوژوازی جیهانی دژی شۆڕشی کریکاری و ئازادیخوازی هەڵاتنی یەکێک لە دیکتاتۆرەکانی ئەم نیزامە بەم شێوەیەی بن علی لە تونس سەرانی ئەم چینەی لە هەموو شوێنێک شۆک کردوە. ترس لە پەیامێک کە کریکاران و خەڵکی هەژار بە سیستەمی برسی کردن و سەرکوتی سەرمایەداری دەدەنەوە. ئەگەر کریکارێ ، کارمەندێ و خویندکارێک لە تونس لەسەر بێکاری و برسیەتی بتوانێت دیکتاتۆرێک لە تونس ڕاوبنێ ئەبێت کریکاری فەرنسی و بەریتانی و ئەوروپی و لاوان و خوینداکارانی ووڵاتانی تر چی بەسەر حکومەتە ڕاستڕەوە بورژوازیەکانی ئەم ووڵاتانە بێنن کە دەستیان کردوە بە بیکارکردن و نانبڕین و سەپاندنی باج و گرانی قورس بەسەر خەڵکدا. پەیامی یاخی بوونی برسی وبیکارەکان و ئازادیخوزاەکانی تونس ئومێدێک بۆ هاوچارەنوسەکانیانە لە دنیا و پەیامی ڕاکردنی دیکتاتۆری تونسیش شڵەژانێکە بۆ هاوچینەکانیان لە جیهان. سەیری خۆپیشاندانەکانی خەڵک جەزائیر و ئەردەن و میسر و پشتیوانی کریکاران و ئازادیخوازانی لوبنان و فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا و ئیسپانیا بکەیت و لەولاشەوە سەیری سەرقاڵی حکومەت وسەفارەتەکانی فەرەنسا و ئەمریکا و سعودیە و لیبیا و حکومەتەکانی تر بکەیت بۆت دەردەکەوێت ئەم دوو بەرە چینایەتیە چۆن هەر کامەیان بەرژەوەندی وچارەنوسی خۆی لە ڕوداوەکانی تونس و ئاکامەکانیدا دەبینێتەوە.


چینی دەسەڵاتدار لە تونسدا تا ئیستا تەنها بن علی کردۆتە قوربانی تاکو هەموو دەسەڵاتی حزبی و میلیشیا ودەوڵەتی و سوپا و پۆلیس وو دەستور و کۆنترۆلی مالی و ئابوری لەدەست ڕاپەڕینی کریکاران و جەماوەر ڕزگار بکا. دەزگای میلیشیایی حزبی حاکم کەوتۆتە نانەوەی ترس لەڕێگای چونەسەر دوکان و ماڵان و دزی و تاڵانی تاکو بیانوی “منع التجول” بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیودا بسەپێنن و کۆتایی بە کاری شۆڕشگێڕانەی خەڵک بۆ سەر دەسەڵات بهێنن. لەم ڕێگەیەوە سەرانی ڕژێمی پێشووسیناریۆی سازدانەوەی دەسەڵاتیانن لەڕێگای زیادکردنی چەند حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە چینی دەسەڵاتدار و بەڵێن دان بە هەڵبژاردنی ئازاد لە 6 مانگی داهاتوودا. ئەم سیناریۆیە پشتیوانی BBCو CNNو کۆشکی سپی و کۆشکی ئەلیزیە و تەرابلس و قاهیرە و ریازی لەپشتە و بە هەموویان دەیانەوێت شکستێک بە ڕاپەڕینی خەڵکی تونس بهێنن کە ڕاپەڕین و خەباتی هەموو شوێنێکی تری پێ بەرتەسک بکەنەوە و ئەم تەجروبەیەش بەسەرکەوتنی دیموکراسی بەسەر دیکتاتۆریدا لەقەڵەم بدەن. بن علی دۆستی دیموکراسی سارکۆزی و هیلاری کلنتۆن دوێنێ، ئەمڕۆ بوەتە دیکتاتۆرێکی ڕاکردوو کە نایانەوێت بیگرنەخۆ.


هێشتا ئەم سیناریۆیەی تاقمی دەسەڵاتداری تونس سەری نەگرتوە و هەموو لەچاوەڕوانی جەماوەری ڕاپەڕیودان کە بەچ شیعارێکەوە دێتەوە مەیدان. ئەوەی لە بەیاننامەی چەند بەشێکی “یەکێتی گشتی کریکاران” و “حزبی کریکارانی کۆمۆنیست”*دا دەبینرێ لابردنی سەرجەم تاقمی دەسەڵاتداری ئیستا و پیکهینانی حکومەتی کاتی و هەلبژاردن دوای 6 مانگ و پیکهینانی لیژنە وشورایە لەخوارەوە. بەشێکیش لە ئۆپۆزسیۆن کە لەکاتی دەسەلاتی بن عەلیشدا ڕێگەپیدراوبوون کەتەونەتە گفتوگۆو چەند وەزارەتێکیان پیدراوە جگە لە ناوخۆیی ودەرەوە کە لەدەسەڵات حزبی دەسەڵاتداردایە. نازانین ڕەوتی ڕوداوەکان و مەزاجی جەماوەری ڕاپەڕیو بەلای کام بەش لە ئۆپۆزسیۆندا دەچێ، بەشی چەپ و ڕادیکالەکەی کە خوازیاری لابردنی سەرجەم دەسەڵاتدارانی ئیستا و دەزگای حزب و ملیشیاکەیەتی کە تیکەڵ بەدەزگای پۆلیسە و لەسەرانی سوپادان. یاخود بەشی ڕاست و دیموکراتەکەی کە سازدانەوەی هەمان دەسەڵاتی سیاسی و دەستوری پێشوە بەبێ بنەماڵەی بن علی. ئەوەی خاڵی جەوهەریە دەسەڵاتی ئیستایە لە تونس کە چۆن شکڵی پێدەدرێتەوە نەک ئەوەی لە 6 مانگی داهاتوودا چ هەڵبژاردنێک دەکرێت. دەسەڵاتی ئیستا هەلبژاردنی داهاتوو دیاری دەکا نەک بەپیچەوانەوە. ئەگەر حزبی حاکم بە هاوکاری ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی بتوانێت درێژەدانی ڕاپەڕین لەدەستوری خەڵکدا نەهێڵێت و بەدیار چاوەڕوانی حکومەتی ” فۆاد المبزع ” و دەستوری ئیستا و هەلبژاردنی داهاتوە بهێڵێتەوە ئەم تەجروبەیە ناتوانێ گۆڕانێ لە ژیانی سیاسی و باری ئابوری کریکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بەدی بێنێ و تەنیا دەسەڵاتی بنەماڵەی گۆڕیوە بە دەسەڵاتی چەند حزبێک کە هەمان سیاسەت و دەسەڵاتی بنەماڵەی پێشوو درێژەپێدەدەن بەبێ بن علی. ئەمە ئەوپەڕی ئەو دیموکراسیەتە بورژوازیەیە کە لە دوای ڕۆشتنی دیکتاتۆرەکان وەک لەشیلی و هایتی و شوینەکانی تر بینیومانە. سیاسەتی بیکاری و برسیەتی و هەژاری و سەرکوتی سیاسی و بەرتەسکردنەوەی ئازادی خۆپیشاندان و ئازادیە سیاسیەکان و ڕێگرتن لە حزب و یەکیتیە کریکاریەکان بەپێی هەمان دەستوری ئیستای تونس درێژەی دەبێ. ئەو ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیەی تا دوێنێ خۆی دژ بە سەرکوتکاری بنەماڵە بوو ئیستا کاری بە ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک نەماوە و ئاشتبونەوەی گشتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دوێنێ دەکا و بەشە دەسەڵاتی خۆی وەردەگرێ و لەنانی سیاسەتی برسی کردن و بەرتەسکردنەوەی ئازادیەکانی دەسەڵاتی تازە دەخوات. ئەمە خەتەرێکە کە جەماوەری ڕاپەڕیو و ناڕازی لە تونس و لە ووڵاتانی عەرەبی و لە کوردستانیش دەبێ لەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەدا بیناسێتەوە و نەکەوێتە دوای شیعارە پوچەکانی گۆڕانی دەسەلات و هەلبژاردنی ئازادی داهاتووی. سەرکەوتنی جەماوەری ڕاپەڕیو لە تونس لە هێنانەوە سەرجادەی ڕاپەڕینەکەیاندایە تاکو ئەم دەسەڵاتەی ئیستا میراتگری دیکتاتۆرە لاببرێ و ئەوکات هێز بەقازانجی پیکهێنانی حکومەتێکی کاتی نوێ دەبێ کە نوینەرانی خەڵکی کریکار و زەحمەتکێشی ڕاپەڕیو و یەکێتیە کریکاری و جەماوەریەکان و حزبە چەپ و ڕادیکالەکان بکات و ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بکاتە دەستور و یاسا وبەرنامەکاری دەولەتی تونس. ئەم کارە بە داوا لە تاقمی دەسەڵاتداری ئیستا و چاوەڕوانی بەرەی نیشتمانی لە ئۆپۆزسیۆنێک ناکرێ کە چوەتە باوەشی حزبی حاکمەوە و وەزارەتی لەگەڵدا بەش دەکات ،ئەم کارە بە هێنەوە مەیدانی ئەو هێزە دەکرێت کە بن علی ڕاونا و ئەم تاقمە دەسەڵاتدارەی ناچار بەپاشەکشەکرد. شوراکان و یەکیتیە کریکاریەکان و پیکهینانی بەرەی ڕاپەرین بۆ ڕاماڵینی یەکجاری ئەم دەسەڵاتە و دامەزراندنی حکومەتی کاتی لە نوینەری شورا و یەکیتیە کریکاریەکان و ریکخراوە پیشەیی و جەماوەریەکان و حزبە چەپ و رادیکالەکان و نوینەرانی خەڵًکی ڕاپەڕیو دەتوانێ ئەو ڕۆشنایەی کۆتایی تونێلی دیکتاتۆری بێت کە نەک تەنها بەرچاوی هاوڵاتیانی تونس بەڵکو بەرچاوی هەمووان ڕۆشن بکاتەوە.


‏17‏\01‏\2011

Add Comment

Click here to post a comment