گفتوگۆ

کامیان رەوایە؟ شەرعیەتی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی یا شەرعیەتی دەسەڵاتی میلیشیایی


ماڵپەڕی فه‌رمیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان PUK Media لە تەعلیقێک لەسەر گفتوگۆیەکم وەک ئەندامی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی لەگەڵ رادیۆی زایەڵە کە رادیۆیەکی سەراسەرییه‌ لە وڵاتی سوێد نووسیویانه‌ – ده‌توانن له‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ ته‌علیقه‌که‌ی ئه‌وان بخوێننه‌وه‌ و هه‌ر له‌و لینکه‌ گفتوگۆیه‌که‌ی منیش ببیستن:
http://www.pukmedia.com/kurdish/index.php?option=com_content&view=article&id=21016:2011-04-09-11

ئێمە وەک ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی دوای ٥٠ ڕۆژ لە خۆپیشاندان و وەڵامنەدانەوەی دەسەڵات بە داواکاریە هەنووکەییەکان کە بریتی بوون لە: گرتن و دادگاییکردنی تاوانبارانی کوشتنی خۆپیشاندەران و لابردنی ئابڵۆقەی سەر خۆپیشاندان لە هەولێر و بردنەدەرەوەی باره‌گاکانی حیزبە چەکدارەکان لە شار و شارۆچکەکان.

هەروەها دوای ئەوەش بینیمان مه‌سعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی ئەم دەسەڵاتە پەیامی هەڕەشەئامێز بۆ دادگاییکردنی هەزاران خۆپیشاندەری کوردستان دەدا، رامانگەیاند کە ئەم دەسەڵاتە شەرعیەتی لەدەستداوە و دەسەڵاتێکە شەرعیەتی خۆی لە کوشتن و سەرکوتی هاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەردا دەبینێتەوە و بە هێزی چەک ئەم دەسەڵاتە ناشەرعیەی دەپارێزێ.

ئێمە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و PUK Media، دەڵیین لە کوردستان دوای ١٧شوبات دنیا گۆڕاوە و لە گوێی چیدا نوستوون و باسی کلتووری سیاسی خۆتان دەکەن کە گوایە ئێوە نوێنەری خەڵکن چونکە بە هەڵبژاردن هاتوون و وەکو تاڵەبانی سەرۆکتان دەڵێ شەرعیەتی شۆڕشگێرانەتان هەیە. یەک وەڵامان بۆ ئەم بێ ئاگاییه‌تان هەیە لەوەی ئێوە لە دۆڵێکن و خەڵکی کوردستان لە دۆڵێکی ترە. با بەو کلتوورەتانەوە کە دوای کوشتنی خۆپیشاندەران و کردنی شارەکانی کوردستان بە سەربازگە وەرنە سەرای ئازادی و مەیدانەکانی تری ئازادی لە کوردستان و بزانن خەڵک ئێوە بە نوێنەری خۆی دەزانێ یان ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی، وەرن بزانین شەرعیەتی شۆڕشگێرانەتان و شۆڕشگێربوونتان لە کوێدایە؟ خەڵک دژ بە دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی هاتۆتە مەیدان و خوازیاری گۆڕینێتی بە سیستمێکی سیاسی ئازاد کە حیزبەکان لە چەک دابماڵرێن هەروەک سوێد، ئەگەر PUK کلتووری میلیشیایی دەگۆڕێ بە کلتوری ئازادی سیاسی ئەوکات دەتوانێ باس لە پرەنسیپی سیاسی و هەڵبژاردن بکا، ئەگەر نا.. هەڵبژاردنە ساخته‌کانی سایەی دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی خەڵکی خۆپیشاندەر بە پوولێکی قەڵپ چیتر نایکڕێ .

ئێمە وەک ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی نوێنەرایەتی ئەو خواستەی خەڵکی خۆپیشاندەری کوردستان دەکەین کە دەیەوێ ئەم سیستەمه‌ حیزبییه‌ چەکدارەی هەموو سەروەت و سامانی کوردستانی لە دەست چەند بنەماڵە و به‌رپرسێکی چەکداردا پاوانکردوە بگۆڕێ بە سیسته‌مێکی مۆدێرنی ئازادی سیاسی کە دەنگدان و هەڵبژاردنی خەڵک دەسەڵاتیکی راستەقینە بدا بە خەڵکی کوردستان کە لەو هەموو داهاتەی کوردستان ژیان و گوزەرانی سەرجەم جەماوەر خۆش بکا.

ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی پەیامێکی بۆ حکومەت و پەرلەمانی سوێدی و دەوڵەتانی تر هەیە ئەویش ئەوەیە کە چیتر پشتیوانی سیاسی دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی نەکەن و کار و پرۆژەکانیان لە رێگەی کۆمپانیاکانی سەر بەم دوو حیزبەوە نەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ داواکانی خەڵکی خۆپیشاندەری کوردستان ده‌ربڕن و لە رێگای رێکخراوە مەدەنیەکانەوە کار و پرۆژە خزمەتگوزارییه‌کانیان پێشکەش بکەن. ئەوەی تا ئێستا لە ئەندام پەرلەمانەکانی سوێد بینیومانە ئەوەیە کە نایانەوێ لە پاڵ دەسەڵاتێکدا بن کە هاوڵاتیان لەسەر خۆیشاندان دەکوژێ و بە چەک حوکم دەکا. ئەمە ئەو کلتوور و پرەنسیپە سیاسیەیە کە ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی بە دنیای دەرەوه‌ی دەگەیەنێ.

لینکی ماڵپه‌ڕی رادیۆکه‌ که‌ گفتوگۆیه‌که‌ی تێدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌: http://sverigesradio.se/sida/default.aspx?ProgramId=2200&sida=2  

_______________________________
* ئاسۆ کمال – ئەندامی ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی.

Add Comment

Click here to post a comment