وتار

ئازادیی سوریا لە شکانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی عەرەبی دایە. – لە پەراوێزی ڕوداوی تیرۆری “مشعل تەمۆ” دا –

زیاتر لە ٨ مانگ بەسەر خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئازادیخوازی سوریادا دژ بە ڕژێمی بەعس و دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد تێپەڕدەبێ. تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار کەس کوژراوە و هەزاران بریندار و زیندانی وبێسەروشوێن و ئاوارە و ماڵوێران هەیە. ئەم ڕژێمە ناسیونالیستیە شەڕێکی سەروماڵی لەگەڵ خەڵکدا دەکات و کوشتنی ئاشکرای نەیاران و خۆپیشاندەران تەنیا ڕێگایەکە کە ئەم دەسەڵاتە بۆ خۆی دانابێ بۆ کۆتایی هێنان بە ڕاپەڕینی خەڵکی ستەمدیدە و ئازادیخوازی سوریا. کوشتنی مشعل تەمۆ کە نەیارێکی دەسەڵاتەکەی ئەسەد بوو و لەسەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و لە ڕەوتی ئایندەی سوریادا بوو نمونەیەکی تری دڕندەیەتی ئەم ڕژێمە نیشان دەدا کە لە کوشتن و تۆقاندن دا ڕووی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەی سپی کردوە.


هۆیەکانی درێژخایەنەی ئەم شەڕەی نێوان ئازادی خوازی دژ بە دیکتاتۆری لە سوریادا و ڕێگریەکانی بەردەم ڕاپەڕینی خەڵک بۆ ڕاماڵینی ڕژێمی بەعس خۆی لە پایەکانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی عەرەبی و هاوپەیمانێتیە ناوچەیی و جیهانیەکان لەلایەک و لاوازیەکانی ئەلتەرناتیڤی ڕژێمدا لەلایەکی ترەوە دەبینێتەوە.
سەرەڕای هاوبەشی سەرچاوەی شۆڕشەکانی میسر و تونس لەگەڵ سوریادا کە خۆی لە ئەزمەیەکی سیاسی و ئابوری سیستەمی دیکتاتۆری سەرمایەداری لەووڵاتانی عەرەبی و قوڵ بونەوەی هەژاری و برسیەتی کرێکاران و نەبونی ئازادیە سیاسیەکاندا دەبینێتەوە، بەڵام تایبەتمەندی شێوازی دەسەڵاتی عەسکەری بەعسی حاکم کە لە ناسیونالیزمێکی عەرەبی میلیتانت و هاوپەیمان لەگەڵ ئیسلامی میلیتانتی لوبنان و فەلەستیندا، دەزگا و سوپا و میلیشیایەکی شەعبی دروستکردوە کە لەلایەک خەڵکی ڕوبەڕی دەسەڵاتێکی فاشستی عەسکەری کردۆتەوە کە باکی لە هیچ کوشتارێ نیە و هە رجۆرە ناڕەزایەتیەک و ململانێ یەک تەبدیل بە شەڕ دەکا و لەلایەکی ترەوە پروپاگەندەی ناسیونالیزمی میلیتانتی عەرەبی کە چەند ساڵە لە ململانێی عەرەب – ئیسرائیل و ململانێ لەگەڵ غەربدا لەدنیای عەرەبی و لە سوریا و لوبنان و فەلەستیندا وەک تەبریری مانەوەی دەسەڵاتی بەعس و ناسیونالیزم و ئیسلامی میلیتانت ماوەتەوە هێشتا کاریگەری خۆی لە پاراستنی ئەم دەسەڵاتانەدا هەیە و توانای خۆی بۆ فریودان و مانۆری ساختەی ناسیونالیستی بەتەواوی لەدەست نەداوە.

هەر بۆیە سەرەڕای ئازایەتی و گیانبازیەکانی شۆڕشگێڕانی سوریا هێشتا ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا لەدژی ناسیونالیزمی عەرەبی بەعس وەک پارێزەری دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەرمایەدارانەی بورژوازی سوری نەهاتۆتە مەیدان. لەکاتێکدا هەر ئەم دەسەڵاتەیە بەناوی نەتەوەی عەرەبەوە هەزاران کەسی لەم نەتەوەیە کوشتوە و سوریای کردۆتە قەسابخانە. ئەمە ڕۆحی نادیار و شەبەحی ناسیونالیزمی عەرەبیە کە هاووڵاتی سوری لەپشتی ئەسەد و دەسەڵاتەکەیەوە نایبینێ. ئەگەر بۆ میسر و تونس بەبێ ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە ناسیونالیزمی عەرەبی لابردنی موبارەک و بن عەلی مومکین بوو ئەوا لە سوریا دیکتاتۆری ئەسەد لەسەر پایەی ئەم ناسیونالیزمە میلیتانتیە عەرەبیە سوپا و میلیشیا و دەزگای دەوڵەتی بەدەوری خۆیدا ڕێک خستوە. هەربۆیە شۆڕش لە سوریا دەبێت لەم دەورەی ئێستا ناسیونالیزمی عەرەبی میلیتانت دەیگێڕێ ئەم دەسەڵاتە بخاتە بەر ڕەخنە و ئەم دەسەڵاتەی ناسیونالیزم و سیاسەتەکانی بە دوژمنی خۆی بزانێ. شۆڕش لە سوریادا بەبێ تێکشکاندنی ئەم دەورەی ناسیونالیزمی عەرەبی میلیتانت بەئاکام ناگات. ئەمە تەجروبەیەکە بۆ کوردستانی عێراقیش ڕاستە. یەکێتی و پارتی دوای کوشتاری ١٧ شوبات و ١٩ نیسان هێشتا لە شوێنی خۆیانن و پایەکانی دەسەڵاتیان لە مانەوەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورددایە کە لە خۆپیشاندان و هەستانەکانی ٦٢ ڕۆژەی شوبات تا نیساندا زەبرێکی نەخوارد و سیاسەت و هەژموونی فکری و سیاسی ناسیونالیستی شکستی پێ نەدرا لەلایەن بەدیلی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستانەوە. شەڕ بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسی سوری و دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی تەنیا بەهۆی دڕندەیی ئەم دوو دەسەڵاتە دیکتاتۆریەوە نیە بەڵکو پایەی ناسیونالیستی ئەمانەیە کە تە نەشکێنرێت ئەمانە دەهێڵێتەوە. ئەمە خاڵێکە کە ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی سوری لەبەرژەوەندیدا نیە خۆی لێ بدات و بەرنامەی ژیانێکی باشتری سیاسی و ئابوری بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی سووری دوور لە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی عەرەبی لەبەرنامەی ئەم ئۆپۆزسیۆنەدا نیە. ئەمە هەمان کێشە و هۆی سەرەکی ناکامی خۆپیشاندانەکانی بەهاری کوردستانیش بوو.


پایەیەکی تری توانای ڕژێمی بەعسی سوریا لە درێژەدان بە شەڕی خوێناوی دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیوی سوریا ئەو پشتیوانە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەیە کە ئێران و ڕوسیا و چین لەو دەسەڵاتەی دەکەن. گۆڕینی ڕژێمی ناسیونالیستی میلیتانتی عەرەبی لە سوریادا ئاڵوگۆڕ لە هێزهاوسەنگی ناوچەکە بە زیانی ئێران دروست دەکا و ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ ئێران لە لوبنان و تاڕادەیەکیش لەفەلەستیندا پەیدای کردوە توشی گرفتی گەورە دەکا. هاوکاری عەسکەری و ئەمنی ئێران و حزب اللە ئەوەندەی تر تواناییەکانی ئەم ڕژێمی بەعسی لەسەرکوتی خوێناوی خەڵکدا بردۆتەسەر. پشتیوانی ڕوسیا و چین لە پاراستنی ئیعتباری دەسەڵاتی بەعسی سوری لەئاستی نێودەوڵەتیشدا هەرچی زیاتر ئومێد بە هێزەکانی پارێزەری ئەم ڕژێمە سەرکوتگەرە دەدەن کە لەتاوانەکانیان بەرەدەوام بن بەرامبەر بە خەڵکی بێ دیفاعی ڕاپەڕیو و باکی هیچ جۆرە فشارێکی دەرەکیان نەبێ. شۆڕشی سوریا پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتیە پشتیوانیەک کە خۆی لە ئۆردوگای ناتۆ و غەرب دور ڕابگرێ و نیشانی بدا کە دەتوانرێ پشتیوانی ڕوسیا و چین ڕیسوابکرێ بەبێ ئەوەی بە بەرەی ئەمریکی و ناتۆ تۆمەتبار بکرێ و تەبریرەکانی ناسیونالیزمی عەرەبی بەعس بتوانێت خەڵکی سوریا فریوبدات لەوەی ئەم دەسەڵاتە پارێزەری خەڵکی سوریایە لە بەرامبەر دەتێوەردانی دەرەکیدا. شۆڕش لە سوریادا پێویستی بە پشتیوانی ناوچەیی و جیهانی خەڵکی ئازادیخوازە تابتوانن دەستی ئێران و حزب اللە کۆتا بکەن لە کۆمەک بە مانەوەی ئەم حکومەتە سەرکوتگەرە.


لە ڕوداوی کوشتنی “مشعل تەمۆ” دا گۆڕانێک لە زمان و هەڵوێستی ناسیونالیزمی کوردیشدا سەبارەت بە سوریا دەبینین. پەرلەمانی کوردستان لەو ڕوداوە سوود وەردەگرێ تا ڕۆحی ناسیونالیزمی کوردی بکاتە بەری هەر ناڕەزایەتیەک کە لە کوردستانی سوریا و لە لەکوردستانی عێراقدا دژ بەو تاوانە بێتە مەیدان وەک ئەوەی کە خۆپیشاندەرانی سلێمانی کوشت ناسیونالیزمی کورد نەبوون و حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەو پەرلەمانەی کوردستان نەبوو. هەڵوێستی ئەم حزبانەی نێو پەرلەمانی کوردستان زیاتر بۆ نزیک بونەوە لەو هەڵوێستەی ئەمریکا و غەرب و تورکیایە کە خوازیاری سوود وەرگرتنە لە ڕوداوەکانی سوریا بۆ گۆڕینی باڵانسی هێزەکان لەناوچەکەدا. ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی بەدوای پەیداکردنی جێگایەکن لەسایەی ئەم ئاڵوگۆڕەدا و بەدوای فرسەتەوەن بۆ شوێن تیژ کردنەوەی ناسیونالیزمی کوردی لە سوریادا. بەڵام کوردستانی عێراق تەجروبەیەکە بۆ کوردەکانی سوریا کە ئایندەی خۆیان بە بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانەی دوور لە ناسیونالیزمی کوردی ببەستنەوە تاکو لە دەستی ناسیونالیزمی عەرەبی بەعسەوە نەکەونە کۆشی ناسیونالیزمی کوردەوە لە سوریا و تەجروبەی ٢٠ ساڵەی تراژیدیای دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردی عێراق دوبارەنەکەنەوە و بەدوای بەدیل و بەرنامەی ژیانێکی باشتری سیاسی و ئابوریەوە بن وەک هاوڵاتی یەکسان لە سوریادا و دەسەڵاتێکی ناقەومی و نا مەزهەبی و ئازادیخواز بێننە سەرکار لەسوریادا.


شۆڕش لە سوریادا قوربانی زۆری داوە و ئازایەتی خەڵکی ئازادیخواز سەرتاپای ڕژێمی بەعسی سوریای خستۆتە لەرزە ئەم گیانبازیە نیشانی دەدا کە خەڵکی شۆڕشگێڕی سوریا نایەوێت لە شۆڕشە مێژووییەکانی بەهاری عەرەبی دوا بکەوێ و ئیرادەی داکوتانی دوابزمار بەتابوتی قەڵای ناسیونالیزمی عەرەبیدا لەو شەڕە درێژخایەن و ماندوونەناسانەی شۆڕشگێڕان و جەماوەری کرێکار و ئازادیخوازی سوریادا هەموو ڕۆژێ دەبینرێ. ئەمە ئایندەیەکی گەش بۆ خەڵکی کرێکار و ئازادیخوازی ناوچەکە دێنێ کە دەورانێکی مێژوویی دوور لە ناسیونالیزمی عەرەبی و کوردی و هەموو جۆرەکانی تر بەدی دێنێ و ئەم ناوچەیە لەشەڕی ناسیونالیزم و بەڵاکانی دەبێتەوە کە سەدەیەکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی لە دواکەوتوویی و هەژاریدا ڕاگرتوە و جەهەنەمێکی بۆ کرێکاران و بەهەشتێکی بۆ سەرمایەدانی دیکتاتۆر دروستکردوە.

Add Comment

Click here to post a comment