وتار

ترسی ئەفغانیەکان لە تاڵیبان و دوو ڕوویی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

ترس و ئاوارەیی خەڵکی ئەفغانستان هیچ کاریگەریەکی لەسەر دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیای ئەمڕۆ نیە کە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر دنیایان کاس کردبوو بە پێویستی شەڕ دژی تالیبان. ئەمڕۆ بە پێچەوانەوە هەموویان باس لە چاوەڕوانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە دڕندانەی تاڵیبان دەکەنەوە کە یاسا شەریعەتەکەی هەمان یاسای کوشتن و تیرۆری پێشووە. سەرمایەداری لە ڕۆژئاوا بۆ فریودانی ڕای گشتیش باسی ئەوە دەکەن نیگەرانن و داوا دەکەن تاڵیبان مافەکانی ژنان پێشێل نەکەن!!
ئەمە دەبڵ مۆراڵی و هایپۆکراسی سەرمایەداری سەدەی ٢١ یەکە کە تەنانەت ئیدعاکانی خۆشی بێ گوێدانە هیچ شتێک و لەوانەش یاسا و پەیمانە نێودەوڵەتیەکانی بە ئاسانی دەگۆڕێ. ئەمە سەدەی ٢١ یەکە کە لە ناجێگریی زلهێزەکان و پێشبڕکێی سەرمایەدا دەرگا بۆ هەرچی تاقم و گروپێکی تیرۆریست و کۆنەپەرستە دەکەوێتە سەر پشت بەمەرجێک زیان بە بەرژەوەندی ئەوان نەگەیەنن !
دەسەڵات پەیداکردنەوەی تاڵیبان هەڕاجکردنی ئەفغانستانە لەلایەن ئەمریکا کە نوقمی ئەو پێشبڕکێ جیهانیەیە کە دەستکەوتی زیاتری هەیە. سۆزی ئێران و چین و ڕوسیا بەرامبەر بە دراوسێیەتی تاڵیبان مۆراڵی ئەو بازرگانانەی سەرمایەی سەدەی ٢١ مان نیشان دەدا کە لە ناوچەی ئەفغانستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی هاوکاری بۆ هەر ئینسان کوژێک درێژدەکەن.
ئەفغانستان پێمان دەڵێ کە فریوکاری سەرمایەداری بۆ ئارامی و مافی مرۆڤ لە دنیای ئەمڕۆدا دەردێکە و مرۆڤایەتی دەبێ لەم خۆشباوەڕیە بە کۆمەڵگەی زل‌هێزەکانی سەرمایە خوی قوتاربکا، ئەگەر نا هەر ڕۆژەی هێزێکی ڕەشی دژی ئینسانی وەک تاڵیبان ئاوارە و دوچاری ڕۆژ ڕەشیمان دەکا.

Add Comment

Click here to post a comment