ژنان وتار

مافی مناڵ و دایک پیرۆزترە لە کلتوری “زۆڵ”

دین، دڵی جیهانێکی بێ دڵ و ڕۆحی هەلومەرجی بێ ڕۆحە، ئەوە تلیاکی خەڵکیە”

مارکس

 


لە کاردانەوەکانی ئیسلامیەکاندا بەرامبەر بە “كەمپینی ناوی من ناوی دایكمە” سەرنج بدەنە کەلتورێک کە مافی ناونانی مناڵ بەناوی دایکەوە ڕەت دەکاتەوە و بزانن ئەم کەلتورە دینیە مناڵ یان ئینسانی ساوا چۆن دەبینێ؟
مونیرە عەلی عەبدولعەزیز،ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت:”كەمپینی ناوی من ناوی دایكمە … هەوڵێكە بۆ خستنەوەی مناڵی زۆڵ و بن دیوار”.
دیارە وشەی زۆڵ مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و بەو مناڵانە دەوترێت کە لە دەرەوەی خێزانی ڕەسمی یان شەرعی ئیسلامی لە دایک دەبن.
لێرەوە لە پێوەر و کەلتوری دینی تێدەگەین سەبارەت بە مرۆڤ و سیستمی خێزانی پیاوسالاری باوکسالاری.  مناڵێک کە لەدەرەوەی ئەم خێزانەی کە پیاو خاوەنەکەیەتی و دواتر ناوی ئەو وەردەگرێ بە فەرمی ناناسرێ و هیچ پێناسەیەکی وەک هاوڵاتیەکی یەکسان نیە و بە کەلتوری دینی “زۆڵە”. هەربۆیە نوێنەرێکی ئیسلامی سیاسی وەک بەڵگەی دژایەتی بەرامبەر بە مافی مناڵانێک کە ناسنامەی باوکیان دیار نیە زۆر بە ئاسانی و بێ پەردە ئەم زاراوەیە وەک بەڵگەی سەلماندنی ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر بەکار دەهێنێت بۆ سڕینەوەی مافی ناسنامەی مناڵێک و مافی دایکێک لە بونی وەک بەشێک لە ناسنامەی مناڵەکەی. هەروەک ئەوەی ئەو مناڵە مرۆڤ نەبێ و لە پلەیەکی خوارتری مرۆڤدا بێت، هەر لەبەرئەوەی لەدەرەوەی دامەزراوەی زەواجی شەرعی ئیسلامی و  فەرمیدا لەدایک بوە. کە بەم هۆیەوە تەنانەت شایەنی ناسنامەش نیە بەناوی دایکیەوە کە ٩ مانگ وەک بەڵگەیەکی بایۆلۆژی حاشاهەڵنەگر لە سکیدا وەک مرۆڤێک هەڵی گرتوە.
لەهەمان کاتدا ئەم هێرشە بۆ سەر ئه و دایکانەیە کە دەتوانن ئەوانیش بەشێک بن لە ناسنامەی مناڵەکەیان. لەلای ئەم ئیسلامیانە دروستکردنی ناسنامه ی  منداڵ لە سه رناوی دایکی، تەنانەت ئەگەر لە ئەنجامی تاوانێکیشەوە وەک ئەوانەی داعش بە ژنە یەزیدیەکانیان کرد، دیسانەوە هەر ڕیگە پێدراو نیە چونکە لەگەڵ بنەمای سیستمی خێزانی ئیسلامی و پاتریارکی و باوکسالارانەی دینیدا نایەتەوە.
ئەم  دژایەتیەی ئیسلامیەکان دژ بە مافی ژنان لە خستنەپاڵی ناوی خۆیان لەگەڵ ناوی مناڵەکانیان بەرگری کردنە لە مافی موڵکایەتی و میراتی پیاو کە سیستمی خێزانی ئێستای لەسەر بنیات نراوە و ئەگەر مناڵێک باوکی دیار نەبێت ئیتر ناتوانرێ ناوی خێزانی بۆ بەکاربهێنرێ، چونکە خەلەل دەخاتە ئەم گواستنەوەی موڵک و میراتیەوە کە خێزانی پیاوسالارانە هەزاران ساڵە لەسەری دەڕوا.  ئەگەر پیاوێک لە ئارادا نەبێ کەواتە نە مناڵ نە دایکی، وەک هاوڵاتی فەرمی بونیان هەیە و بەشێک نین لەم سیستمەی کە بۆ گواستنەوەی موڵک و میراتی پیاوان دانراون و هەربۆیە ناوی خێزان ناوی تەنیا پیاوەکانی هەڵگرتوە.
ئەم کەمپینەی “كەمپینی ناوی من ناوی دایكمە” دەرگای لەسەر بابەتێکی گرنگ کردۆتەوە کە ئەویش مافی مناڵ و مافی دایکە. ئەم مافانە بنەڕەتین و  سیستمی خێزانی دینی و یاسا دینیەکانی ناسنامەی عێراقی کە ڕێگرە لەبەردەم ناسنامەی مناڵێک لەڕێگای دایکیەوە ئەوە دەبێ بزانین کە ئەو کلتورە لە شارساتنیەتی مرۆڤایەتی ئەمڕۆدا زۆڵە نەک مناڵەکە. دینێک کە مناڵ بێبەری بکا لە مافی ئینسانی خۆی لەبەرئەوەی لە دەرەوەی سیستمی خێزانی ئیسلامیدا لەدایک بوە ئەوا دینی دنیایەکی بێ دڵە و ڕۆحی هەلومەرجێکی نائینسانی بێ ڕۆحە و تلیاکێکە بۆ بێ هۆشکردنی کۆمەڵگە لە بێداربونەوە و وەستانەوە بە دژی ئەم کلتورە “زۆڵە”.

Add Comment

Click here to post a comment