وتار

دەبێ یاسای یاریەکە بگۆڕین؟

بنەما و یاسایەکی یاری سیاسی هەیە لە کوردستان کە یاسای جەنگەڵە، مانەوە بۆ بەهێزە.ئەم یاسایە ڕیشەی مێژوویی دەگەڕێتەوە بۆ دروست نەبونی دەوڵەت لە کوردستاندا. بەڵام بۆ دەربازبون لەم جەنگەڵەوە بەرەو دەوڵەتێکی مۆدێرن دەبێ یاسای یاریەکە لە لۆجیکی هێزی میلیشیایی بۆ هێزی لۆجیکی جەماوەری ئازادیخواز بگۆڕین.
دوبارەبونەوەی مێژوو

 

لە چەند سەدەی ڕابردودی ١٨ تا ٢٠دا کە سەردەمی دەوڵەت دروست بون بوە، میرنشینە کوردیەکان لەنێو ئیمپراتوریەتی عوسمانی و ئێرانی دا خەریکی یاریکردن بە هاوسەنگی ‌هێزەوە بون و لەدژی یەکتریش لەشەڕدا بون. بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردیش کە لە سەدەی بیستدا سەرهەڵدەدا پەیڕەو لەهەمان یاسا و ڕێسای سود وەرگرتن لە کەلێنی نێو دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران و عێراق دەکا . میرنشینە تازەکانی بارزانی و تاڵەبانی کە بەردەوام لە ململانێدان لەسەر باڵادەستی و ناوچەگەری درێژەپێدەری هەمان مۆدێلی حوکمڕانین.
ئەگەر لە ڕابردودا دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە جیهانیە ئیمپریالیستیەکان ڕێگر بوبن لەبەردەم گۆڕینی ئەم واقعیەتە سیاسی و ئابوریەی کوردستان بەڵام لە چارەکە سەدەی ڕابردودا ئەم ڕێگریانە لەبەردەم کوردستانی عێراقدا نەبوە کە ستراکتۆری سیاسی و ئابوری بەرەو دەوڵەت هەنگاونەنێت. ستراتیژ و شێوازی دەسەڵاتدارێتی یەکێتی و پارتی لە ئیمارەتێکی میلیشیایی کە گەورەکردنی هێزە چەکدارەکەی و کۆنترۆڵی داهات و نەوت و خۆبەستنەوە بە دەوڵەتانی ئێران و تورکیا نەبێ هیچی تر نیە. هەربۆیە کوردستان کراوەتە سیستەمێکی کاپیتالیستی بە یاسای جەنگەڵی میلیشیاکان دەڕوات بەڕێوە. شەڕی پارتی لەسەر باڵادەستی لە ڕێگەی مانەوەی سەرۆکایەتی بارزانی و شەڕی ناوخۆی یەکێتی لەسەر داهاتی نەوت ڕاستیەکانی ئەم میرنشینە نەوتیانە دەردەخا.
پەرلەمان و یاسا و موچە و ئازادی لەسایەی یاسای میلیشیایدا چ مانایەکی هەبوە جگە لەوەی کە هێزی چەکداری حزبی دەسەڵاتدار سنور و پەراوێزی ئەمانەی دیاریکردوە. هیچ یاسا و سنورێک لەسەروو هێزی چەکدارەوە نیە و هیچ بەرژەوەندی و پێداویستیەک لەسەروو بنەماڵە و تاقم و حزبی چەکدارەوە نیە. بێگومان ئاکامی ئەم شێوە حوکمڕانیە شەڕی ناوخۆی ئەم میلیشیایانە و ململانێی بەردەوامیانە لەسەر باڵادەستی و پەیڕەوی یاسای جەنگەڵ لە نێوخۆشیاندا کە مانەوە بۆ بە‌هێزترینیانە. ئەم شێوازە لە حوکمڕانی ئێستا و ئانیدەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو شیواندن و داڕمان و دواکەوتویی دەبات. قەیران و چەقبەستویی سیاسی و ئابوری ئێستا ئاکامی ئەم سیستەمە میرنشینیە نەوتیە میلیشیاییەیە.

11/09/2016

Add Comment

Click here to post a comment