سازدانی: بێریڤان محه‌مه‌د
بێریڤان محەمەد: ئه‌و نادادپه‌روه‌ریی و سته‌مه‌ى ده‌سه‌ڵات که ده‌گوترا (١٧)ى شوباتى دروست کرد، ئه‌و ئازارانه‌ى له (١٧)ى شوباتدا، له‌م دوو ساڵه‌دا چه‌نده ساڕ‌ێژ کراوه‌ته‌وه، واته له‌م دوو ساڵه ده‌سه‌ڵات بۆ خه‌ڵک چی کرد؟
ئاسۆ کەمال: ده‌سه‌ڵات له‌م دوو ساڵه‌دا درێژه‌ى به هه‌مان سیاسه‌تى سه‌رکوتى ئازادى و تاڵانى بودجه بۆ به‌هێزکردنى هێزى میلیشیا و که‌ڵه‌که‌کردنى سه‌رمایه درێژه‌پێداوه. هه‌ر بۆیه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نایه‌وێ برینى ئه‌و (١٠) خێزانه‌ى که کوڕ و که‌سیان له (١٧)ى شوبات و رۆژانى دواییدا گیانیان به‌فیشه‌کى میلیشیایى یه‌کێتى و پارتى له‌ده‌ستدا ساڕێژى بکا. به پێچه‌وانه‌وه بکوژانى خۆپیشانده‌ران ئازادن و ئه‌وانه‌ى ده‌گیرێن و زیندانى ده‌کرێن خۆپیشانده‌رانى (١٧) شوباتن. په‌رله‌مان و سه‌رۆکى حکومه‌تى پێشوو و سه‌رۆکى هه‌رێم و تاڵه‌بانى هه‌ریه‌ک، بڕیار و نامه‌ى زۆریان نارد کاتێک هه‌زاران ئازادیخواز له مه‌یدانه‌کانى ئازادى خۆپیشاندانیان دژى ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان ده‌کرد. ئه‌وکات ئێمه له ئه‌نجومه‌نى کاتى مه‌یدانى ئازادى وتمان متمانه‌مان به‌م قسه‌و به‌ڵێن و بڕیارانه نیه تا ده‌سه‌ڵات هه‌نگاوى عه‌مه‌لى نه‌نێت بۆ گرتن و دادگایى تاوانباران و لابردنى بنکه و باره‌گاى میلیشیاکان له شاره‌کاندا، ئه‌وه‌تا ئێستا ده‌بینین چۆن دواى دوو ساڵ ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵات ئه‌و بڕیارانه‌ى خۆشى له بیر بردۆته‌وه که به خۆپیشانده‌رانیدا، وه‌ک له بڕیارێکى (١٧) خاڵى په‌رله‌مانى کوردستان له رۆژانی (٢٣)ى شوباتى (٢٠١١) و له (١٧)ی مارس (٢٠١١)شدا بڕیارێکى تر‌ى ده‌رکرد که خواسته‌کانى خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بکه‌ن و له سه‌روویانه‌وه دادگایى ئه‌و که‌سانه‌ى به تاوان هه‌ڵساون. ته‌نانه‌ت په‌رله‌مان و حکومه‌تى هه‌رێم بڕیاری دا گوێ له داواکانى خۆپیشانده‌ران بگرن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانیان دابنیشن تا “بڕیارى گرنگ و به‌په‌له بده‌ن بۆ باشترکردنى گوزه‌رانى خه‌ڵکى و به‌دیهێنانى دادپه‌روه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى و کرانه‌وه‌ى زیاترى فه‌زاى سیاسى و ئازادی”.
ئه‌م راستیه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ته‌نیا لۆژیکى هێز ده‌زانێ کاتێ جه‌ماوه‌ر هێزى هه‌بێ ئه‌وا زمانى ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕێ و بڕیارى له‌و چه‌شنه‌ى سه‌ره‌وه ده‌دا، به‌ڵام که زانى خه‌ڵک به‌جدى ئه‌و خواستانه‌یان ده‌وێ و درێژه به خۆپیشاندان ده‌ده‌ن، ئه‌وکات گه‌ڕانه‌وه سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تى سه‌رکوت، تا بتوانێ درێژه به ده‌سه‌ڵاتى میلیشیایى و تاڵانى بودجه بدات. هه‌ر بۆیه تا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له لایه‌ن جه‌ماوه‌رى ئازادیخوازه‌وه له ده‌سه‌ڵات نه‌خرێت هیچ چاوه‌ڕوانیه‌ک بۆ به‌دیهاتنى خواستى ئازادى و خۆشگوزه‌رانى کۆمه‌ڵانى کرێکار و ژێر ده‌سته له سایه‌ى یه‌کێتى و پارتیدا ناکرێ. رێگاى خه‌ڵک هه‌ر رێگاى (١٧)یشوباته، رێگاى نیشاندانى هێزه به ده‌سه‌ڵات و ناچارکردنیه‌تى به‌جێبه‌جێکردنى خواسته‌کانى جه‌ماوه‌رى ئازادیخواز و ناڕازی.
بێریڤان محەمەد: ده‌وترێ هیچ حساب بۆ خواستى خه‌ڵکى خۆپیشانده‌ر و لایه‌نه‌کانى تر نه‌کرا، له ده‌ره‌وه‌ى دوو حیزبى ده‌سه‌ڵات و سێ حیزبى ئۆپۆزسیونى په‌رله‌مان که ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵکیان بۆ خۆیان له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ به‌کار هێنا؟
ئاسۆ کەمال: ده‌سه‌ڵات له ژێر گوشارى خۆپیشاندانه‌کاندا په‌ناى برد بۆ گفتوگۆ و ریکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنى په‌رله‌مان، ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ش له گه‌رمه‌ى خۆپیشاندانه‌کانى خه‌ڵکدا خۆیان کرد به‌ده‌م راستى جه‌ماوه‌ر و وه‌ک کارتى گوشار به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات به کاریان هێنا تا بودجه‌ى حیزبه‌کانیانى پێ زیاد بکه‌ن و خواسته سیاسیه‌کانى خۆیانى پێ به‌دى بێنن، تا له هه‌ڵبژاردنى داهاتودا کورسى زیاتر له په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنن و پێگه‌یان له ده‌سه‌ڵاتدا به‌هێزتر بکه‌ن. ئۆپۆزسیۆنى گۆڕان و ئیسلامیه‌کان به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى سیاسى و گۆڕ‌انى هاوسه‌نگى هێز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌کان ده‌کرد. سه‌ره‌تا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له زارى نه‌وشیروان مسته‌فاوه خۆپیشاندانى سه‌راى سلێمانى و دواتر چونه به‌رده‌م لقى چوارى پارتى به ئاژاوه‌گێڕى ناو برد و رایگه‌یاند که هاوکارى ده‌زگا فه‌رمیه‌کان ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵیش هه‌ڵوێستێکى نزیک له گۆڕانیان هه‌بوو و یه‌کگرتوى ئیسلامیش بێده‌نگ بوون و حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریان به “تاوانبار”ى ئه‌و خۆپیشاندانه ناساند. به‌ڵام کاتێک بینیان به‌رده‌وامى جه‌ماوه‌ر و گه‌نجان له خۆپیشاندانه‌کان هاوسه‌نگى هێزى نێوان خه‌ڵکى ناڕازى و ده‌سه‌ڵاتى گۆڕیوه، ئه‌وکات هاتنه ناو خۆپیشاندانه‌کان تا وه‌ک ئامرازێکی گوشار دژ به ده‌سه‌ڵات به‌کارى بێنن. هه‌ربۆیه کاتێ ده‌سه‌ڵات ویستى وه‌ک ئه‌سپى ته‌رواده به کاریان بێنێ بۆ ساردکردنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کان، ئه‌م حیزبانه یه‌کسه‌ر چونه سه‌رمێزى گفتوگۆ تا به‌شه ده‌سه‌ڵات و داهاتێک وه‌ک سه‌فه‌قه‌ى کۆتایى‌هێنانى خۆپیشاندان وه‌رگرن. ئه‌وکات من ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى کاتى مه‌یدانى ئازادى بووم و هه‌وڵم دا وه‌ک ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵوێست له‌سه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات ده‌رکه‌ین. به داخه‌وه (فاروق ره‌فیق) له ترسى ئه‌وه‌ى ئۆپۆزسیۆنمان لێ نه‌ڕه‌نجێ رێگرى کرد له ده‌رکردنى ئه‌م به‌یانه که تیایدا ئاماژه‌م به‌وه کرد بوو که “له گفتوگۆکانی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ حیزبه ئۆپۆزسیۆنه‌کاندا، باسی خواسته‌کانی خۆپیشانده‌ران و هه‌نگاوهه‌ڵگرتنی ده‌سه‌ڵات بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواسته هه‌نوکه‌ییه‌کان ده‌کرێ. له هه‌مان کاتدا بارزانی چه‌ند بڕیارێکی داوه دژ به خۆپیشانده‌ران له‌وانه رێکاریى یاسایى پێویست دژ به هه‌ر که‌سێک وه‌ربگیرێت که: ١- هێڕشى کردبێته سه‌ر باره‌گا حیزبیه‌کان و دامه‌زراوه حکومیه‌کان و زیانى به موڵک و سامانى ده‌وڵه‌ت و هاوڵاتیان گه‌یاند بێت. ٢- هانى خه‌ڵکى دابێت، یان هانى خه‌ڵک بدات بۆ پێشێلکردنى یاسا و نیزامى گشتی. ٣- به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن خۆپێشاندانى رێک خستبێت و رێکی بخات و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش به پێچه‌وانه‌ى یاسا جوڵابێته‌وه و له‌سه‌ریشى به‌رده‌وام بێت. ٤- هه‌ر لێپرسراوێکى پۆلیس یان ئاسایش که‌مته‌رخه‌م بووبێت له جێبه‌جێکردنى ئه‌رکى فه‌رمیى خۆى بۆ پاراستنى ده‌زگا و موڵک و سامانى ده‌وڵه‌ت و هاوڵاتیان.
ئه‌مه جارێکی تر نیشانی ده‌دا که وه‌عد و به‌ڵینه‌کانی ده‌سه‌ڵات پێچه‌وانه‌ی کرده‌وه‌کانێتی و گفتوگۆکردنی ده‌سه‌ڵات ته‌نها بۆ پیلانگێڕی دژی خۆپیشاندانه‌کانی کوردستانه و ئه‌م بڕیارانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم راست و دروستی هه‌ڵوێستی ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانی ئازادی نیشان ده‌دا که پێویستی جێبه‌جێکردنی عه‌مه‌لی داخوازییه‌کانی خۆپیشانده‌ران، پێش مه‌رجی گفتوگۆکردنه له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی جێگای متمانه نیه. بۆیه رایده‌گه‌یه‌نین که ئێمه وه‌ک ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانی ئازادى که نوێنه‌ری خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ری کوردستانین و هه‌ر گفتوگۆیه‌ک له‌سه‌ر خواسته‌کانی خۆپیشانده‌ران بکرێت پێویسته روبه‌ڕوی ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانی ئازادی بکرێته‌وه و گفتوگۆکردن به بێ به‌شداری ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانی ئازادی شه‌رعیه‌تی نیه. جارێکی تر سه‌رنجی هه‌موو لایه‌ک راده‌کێشین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات که به ناوی گفتوگۆکردنه‌وه ده‌ستی کردۆته‌وه به هه‌ڕه‌شه له خۆپیشانده‌ران و ئه‌مه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌کاته‌وه بۆ مانۆڕکردن و خۆده‌ربازکردن له جێبه‌جێًکرنی خواسته هه‌نوکه‌ییه‌کان به ناوی گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌کان و سه‌رکوتی خۆپیشانده‌ران.
به دواى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات توانى له‌م مانۆرى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا سه‌رکه‌وێ و ئیسلامیه‌کان و به‌تایبه‌ت یه‌کگرتوى ئیسلامى که‌وتنه ره‌زامه‌ندى نیشاندان له‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ى بارزانى و کۆمه‌ڵى ئیسلامیش به به‌ڵێنه‌کانى ده‌سه‌ڵات بۆ زیادکردنى به‌شه داهاتیان نه‌رمیان نیشاندا و ئێران و ئه‌مریکاش پشتى ده‌سه‌ڵاتیان به‌ر نه‌دا، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان که‌وته‌وه سیاسه‌تى چاوه‌ڕوانى و ژێرپێى ئه‌نجومه‌نى کاتى مه‌یدانى ئازادیش چۆڵ بوو که بتوانێ ئه‌م بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه بکاته خاوه‌ن ئاسۆ و ئه‌ڵته‌رناتیڤێکى شۆڕشگێڕانه‌ى جیاواز له سیاسه‌تى ساتوسه‌وداى ئۆپۆزسیۆنى بورژوازى گۆڕان و ئیسلامیه‌کان و درێژه به ناڕه‌زایه‌تیه‌کان بدات بۆ گۆڕینى ده‌سه‌ڵاتى میلیشیایى و سه‌پاندنى خواسته سیاسى و ئابورییه‌کانى خه‌ڵکى کرێکار و سته‌ملێکراوى ژێرسایه‌ى یه‌کێتى و پارتی.
بێریڤان محەمەد: له‌م ره‌وشه‌ى هه‌رێم تاڵه‌بانى له بارودۆخى ته‌ندروستى تایبه‌تدایه، کاریگه‌رى چیه له‌سه‌ر گۆرانکارى له باڵانسى هێز له هه‌رێمدا؟
ئاسۆ کەمال: “یه‌کێتى دواى تاڵه‌بانی” قۆناغێکى نادیار له به‌رده‌م ئاینده‌ى یه‌کێتى وه‌ک زلهێزێک و به‌شێکى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له کوردستان داده‌نێ و هاوکاتیش ناجێگیریه‌ک له هاوسه‌نگى هێزه سیاسیه‌کان و ململانێ و شه‌ڕى ده‌سه‌ڵات و کێشه‌ى کوتله‌کانى ناوخۆى یه‌کێتى و مه‌سه‌له‌کانى به‌ڕیوه‌بردن و ئیداره‌ى ژیانى خه‌ڵک له ناوچه‌کانى ژێرده‌سه‌ڵاتى یه‌کێتدا به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێ.
ژیان و چاره‌نوسى سیاسى کوردستان له (٢٢) ساڵى رابردوودا له بازنه‌ى ململانێى یه‌کێتى له‌گه‌ڵ پارتیدا چوه‌ته پێشه‌وه. بازنه‌یه‌کى شه‌ڕى ده‌سه‌ڵات که ده‌ورانێک بریتى بوه له شه‌ڕى ناوخۆ و ده‌وره‌ى دواى به‌عسیش به رێکه‌وتنى ستراتیژى له‌سه‌ر به‌شدارى له پرۆسه‌ى سیاسى عێراق و دابه‌شکردنى ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا تێپه‌ڕیوه. یه‌کێتى باجى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆک کۆمارى به‌ده‌سه‌ڵات هه‌ڵگرتنى له ئیمتیازى سه‌رۆکى هه‌رێم و باڵاده‌ستى له حوکمه‌ت و داهاتى کوردستاندا بۆ پارتى وه‌رگرتوه. هه‌ر بۆیه له (١٠) ساڵى رابردووى ریکه‌وتنامه‌ى ستراتیژیدا هاوسه‌نگى هێزى ئه‌م دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌ى کوردستان به قازانجى پارتى گۆڕدراوه. قۆناغى دواى تاڵه‌بانی، قۆناغى نادیارى ئاینده‌ى ئه‌م شه‌ڕه سارده‌یه. ئایا یه‌کێتى ده‌توانێ ئه‌م شه‌ڕى ده‌سه‌ڵاته له‌گه‌ڵ پارتیدا درێژه پێ‌بدا، یان ته‌سلیمى ئه‌مرى واقیعى پله‌دوویى خۆى ده‌بێ؟ ئایا یه‌کێتى چ ده‌ستکه‌وتێک له وه‌رگرتنه‌وه‌ى پله‌ى سه‌رۆک کۆمارى عێراق به‌دى دێنێ و چ کارێکى وه‌ک سه‌رۆک کۆمار پێده‌کرێ تا پارتى به‌مانه‌وه له چوارچێوه‌ى ئێستاى ریکه‌وتنامه‌ى ستراتیژیدا قایل بکا؟ ئایا مانه‌وه له پرۆسه‌ى سیاسى عێراقدا و مانه‌وه له هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ شیعه و ئێران‌دا چى هێز و ده‌ورێک به‌یه‌کێتى ده‌دا له‌به‌رانبه‌ر ریکه‌وتنى پارتى له‌گه‌ڵ تورکیا و پشتیوانى له هێزه‌کانى سونه‌ى عێراقدا؟. یه‌کێتى کام رێگه‌یه ده‌گریته به‌ر، ریکه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆڕان و گوشار دروستکردن بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆکى هه‌رێم و گۆڕینى سیسته‌مى سه‌رۆکایه‌تى، یاخود مانه‌وه له‌چوارچیوه‌ى هاوپه‌یمانى پارتیدا به‌رانبه‌ر به گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن، ئایا جیاوازى هه‌ڵوێست گرتنى کوتله‌کانى ناو یه‌کێتى بۆ وه‌ڵام به‌م سیاسه‌ته جیاوازانه چ رێگایه‌ک ده‌خاته به‌رده‌م ئه‌م کوتلانه بۆ حه‌سمکردنى ئه‌م سیاسه‌ت و کێشانه، ده‌نگدان و پره‌نسیپى زۆرایه‌تى و که‌مایه‌تى، یاخود به‌کارهێنانى زۆرى عه‌سکه‌رى و ته‌شکیلاتى و ئابوری؟. ره‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌زمه و کێشانه له سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتى میلیشیایى و گه‌نده‌ڵى ئیدارى و نه‌بونى خزمه‌تگوزاریه‌کاندا، به‌ڕێوه‌بردنى ژیان و گوزه‌ران و ئاسایشى خه‌ڵک روبه‌ڕوى سه‌ختى و نائارامى و ترسى شه‌ڕ و پێکدادانى هێزه میلیشیایه‌کان ده‌کاته‌وه. ئه‌مه ئه‌و ئاینده نائارام و ناجێگیریه سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه که ئاینده‌ى نادیارى قۆناغى یه‌کێتى دواى تاڵه‌بانى نیشانى ده‌دا و پێویسته خه‌ڵکى کوردستان و هێزه ئازادیخوازه‌کان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر و مه‌ترسیه‌کانى ئاماده‌یى پێش وه‌ختیان هه‌بێ و ریزى ناڕه‌زایه‌تیه‌کان و بزوتنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى و سیاسیه‌کان ئه‌رک و پێداویستیه‌کانى سه‌رکه‌وتنى خۆیان له‌م دۆخه نوێیه بناسن.
بێریڤان محەمەد: به‌ره‌و تاکڕوى چونى پارتى له ده‌سه‌ڵاته‌کاندا و ئه‌و ره‌خنانه‌ى له سیاسه‌ته‌کانى هه‌رێم ده‌گیرێت، چى له ناوخۆ و چى له‌گه‌ڵ پارچه‌کانى تر‌ى کوردستان و چى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان، مه‌ترسى چى هه‌یه؟
ئاسۆ کەمال: ئه‌م رۆژانه ره‌خنه و هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌کان له سیاسه‌تى تاکڕه‌وى و بنه‌ماڵه‌یى پارتى وه‌ک خه‌ته‌رێک باس ده‌کرێ. ئه‌م ترسه واقعیه‌تێک نیشان ده‌دا که ئاینده‌ى کوردستان و یه‌کلایى کردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات تیایدا له که‌ناڵى ده‌ور و نه‌خشى پارتیه‌وه ده‌ڕواته پێشه‌وه.
هه‌وڵدانى پارتى بۆ سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵاتى تاکڕه‌وى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى، ئاکامى ئه‌و ئاڵوگۆڕه سیاسیه‌یه که له‌دواى روخانى به‌عس و ریکه‌وتنى ستراتیژى یه‌کێتى و پارتیه‌وه هاتۆته ئاراوه. ئێستا ئیتر یه‌کلایى کردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا بۆ پارتى ئه‌و که‌ناڵه‌یه که تیایدا ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى بنه‌ماڵه‌یى خۆى تێدا جێگیر ده‌بێ. جێگایه‌ک که پارتى وه‌ک هێزێکى باڵاده‌ستى سیاسى و ئابورى و سه‌ربازى و وه‌ک هێزى یه‌که‌م له کوردستاندا هه‌یه‌تی، ده‌یکاته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ شه‌رعیه‌تدان به ده‌وڵه‌تى ئه‌مرى واقیع (دیفاکتۆ)ى پارتی. له ئێستادا سیاسه‌ته‌کانى پارتى له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى پێى ده‌ڵێن پرۆسه‌ى سیاسى و فیدراڵیه‌ت له عێراقدا، سه‌ربه‌خۆبونى وه‌ک ده‌وڵه‌تێکى رانه‌گه‌یه‌ندراو له‌ناو ده‌وڵه‌تى عێراقدا، نیشانده‌ده‌ن. به‌ستنى په‌یوه‌ندیه سیاسى و ئابوریه‌کانى له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و هێزه سونیه‌کان و ده‌وڵه‌تى تورکیا، هاوپه‌یمانیه‌کى سیاسیه به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتى مالیکى و نفوزى ئێران له ناوچه‌که‌دا. هاوکات ده‌ورى پارتى له سوریادا و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى نیازه‌کانى ئه‌مریکا و تورکیا له شه‌ڕى ئێستاى سوریادا. له ناوخۆى کوردستانیشدا سیاسه‌تى تاڵانکردنى بودجه و سه‌پاندنى یاساى دژى خۆپیشاندان و ئازادیه‌کان، شه‌رعیه‌تپێدانى ده‌زگاى سه‌رکوتى وه‌ک ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم و تیرۆر و گرتنى نه‌یارانى و سوتانى باره‌گا و قه‌ده‌غه‌کردنى قسه‌کردن له‌سه‌ر پیرۆزیه‌کانى بنه‌ماڵه و شۆڕشه‌که‌یان. هه‌موو ئه‌مانه دەرفەتێکى زێرینى بۆ هاتنه‌دى خه‌ونى باڵاده‌ستى و سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تى دیفاکتۆى پارتى خۆشکردوه. له ئێستاشدا سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنى حکومه‌ت و په‌رله‌مان، ئه‌و وه‌سیلانه‌ن بۆ داسه‌پاندن و شه‌رعیه‌تپێدان به هه‌نگاوه‌کانى ئه‌م ستراتیژه. ئه‌مه له کاتێکدایه که پاکێجه‌کانى ئۆپۆزسیۆن بۆ چاکسازى و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانى یه‌کێتى له‌م باڵاده‌ستیه‌ى پارتى ته‌نها ده‌ورى گوشارێکیان هه‌یه. به‌تایبه‌تى که ئه‌م هێزانه له‌لایه‌ن پارتیه‌وه کراونه‌ته پاشکۆى باڵاده‌ستى ئابورى و سیاسى و سه‌ربازى و ئه‌منى، هیچ به‌دیلێکیشیان به‌ده‌سته‌وه نییه که بتوانێ ئه‌م ستراتیژه‌ى پارتى په‌ک بخات. هه‌ر بۆیه جگه له ناڕازیه‌ک به وه‌زعى پاشکۆیه‌تیان ده‌ورێکى تریان نییە.
به‌شێکى تر له نه‌خشه و سیاسه‌ته‌کانى پارتى بۆ سه‌پاندنى ئه‌م سیسته‌مه ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌ى، بریتیه له روبه‌ڕوبونه‌وه و سه‌رکوتى ناڕه‌زایه‌تیه‌کانى خه‌ڵک. به‌ڵام تواناکانى پارتى بۆ سه‌رکوتى بێ په‌رده و ئاشکرا و به‌رته‌سکه، هه‌م له‌به‌ر هۆى نه‌بونى یه‌کڕیزى له‌نێو خانه‌واده‌ى ده‌سه‌ڵات و بزووتنه‌وه‌ى ناسیونالیستى کوردی‌دا، هه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ى دواى سه‌رهه‌ڵدان و سه‌رکه‌وتنى شۆڕشه سیاسیه‌کانى ناوچه‌که دژ به ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆریه عه‌سکه‌رییە‌کان، گڕ و تینێکى داوه به ناڕه‌زایه‌تیه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان، که بۆ به‌دیهێنانى ئازادى و کۆتایى هێنان به ئیداره‌ى گه‌نده‌ڵى سیاسى و مالی، چۆته قۆناغێکى سیاسیه‌وه. دامرکاندنه‌وه وپاشه‌کشه‌پێکردنى کۆتایى به‌م بزووتنه‌وه‌یه، له چوارچیوه‌ى هه‌لومه‌رجه ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌کاندا، ئه‌گه‌رێکى یه‌کجار سه‌خت و دژوارى به‌رده‌م پارتییه.
_________________________________________
* ئاسۆ که‌مال، ئه‌ندامى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریی کوردستانە و ئه‌ندامێکى (ئه‌نجومه‌نى کاتى مه‌یدانى ئازادى)ی خۆپیشاندانه‌کانى (١٧)ی شوباتى (٢٠١١) بوو.
Add Comment