وتار

ڕاپەڕینی زانکۆکانی کوردستان

کێ لە نەوەکانی بەعس چاوەڕێی ئاشتی خوازی دەکا؟
ئەمە ڕاستیەکە کە هەر کات بۆ دەرماڵە یان موچە یان ئاو و کارەبا و بژێوی ژیان و ئازادی خوێندکارێک یان مامۆستایەک یان فەرمانبەر و کرێکارێک هاتە مەیدان ، چاوەڕوان دەکرێ کە یەکێتی و پارتیش بەعس ئاسا گولە دەنێن بەسەر دڵی چەند گەنجەوە یان خۆپیشاندەرێکەوە.
ئایا کێ دوای ئەم بەربەریەتە خەبەری نەبۆتەوە و باسی ئاشتیخوازی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا دەکا. ئایا هیچ کات کەسێک بە خەیاڵیدا دەهات بڵێ با بە ئاشتی خۆپیشاندان دژی بەعس بکەین؟ ئەم خۆشخەیاڵیە دەبێ کۆتایی پێ بێت.
دەسەڵات کە بە هێزی چەک شەرعیەتی خۆی دەپارێزێ و بەشێکی زۆر لە بودجەی کوردستانی بۆ هێزە سەرکوتگەرەکانێتی دەبێ کێ بێت نەزانێ کە هەر ناڕەزایەتیەک بەرامبەر بەم دەسەڵاتە و لێسەندنی هەر مافێکی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت بەناچاری دەبێت هێز و زەبری جەماوەری دژ بەم هێزە چەکدارانەی یەکێتی و پارتی بەکاربێنێ.
هەر خۆپیشاندانێک شەڕێکی ڕاستەقینەیە لەگەڵ دەسەڵاتێکی میلیشیاییدا. ئەمە شەڕی سیاسی چینەکانە لە کوردستان کە دەسەلآتی میلیشایی خەسڵەتی توندوتیژی پێ بەخشیوە .
لە بەرامبەر هێرشی هەر دەستەیەکی سەرکوتی دەسەڵاتدا بۆسەر خۆپیشاندانەکان جەماوەری ناڕازی هەست بە پیویستی یەکگرتووبون و ڕێکخراو بونی هێزە ناڕازیەکەی دەکا لە مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەکاندا. ئێستا شەقامەکان نەک شاخەکان تەنیا دۆست و پشتیوانی خەباتی جەماوەری ناڕازی کوردستانن. تەنیا لەم مەیدانەندا ئەم بەعسە کوردیە چۆک بۆ جەماوەر دادەدات . ئەمە شەڕێکی ڕاستەقینەیە لەگەڵ دەسەڵاتێکی میلیشیایی و لێرەدا هێز و فشاری جەماوەری چارەنوسی ئەم شەڕانە دیاری دەکا.

Add Comment

Click here to post a comment