کۆمۆنیزم

کۆنترۆڵی سەرمایەداری یا کۆنترۆڵی کرێکاری

 

 کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ لە نوسینی ئاسۆ کمال

بەشی ١٧

 

کۆنترۆڵی سەرمایەداری یا کۆنترۆڵی کرێکاری

پرسیاری سەرەکی شۆڕشی ئۆکتۆبەر

 گۆڕانکاریەکی گەورە کە لە “سیاسەتی ئابوری نوێ “نیپ” دانی پێدا دەنرێ بریتی یە لە گواستنەوە لە کۆنترۆڵی کرێکاریەوە بۆ کۆنترۆڵی سەرمایەداری دەوڵەتی بە شێوەیەکی فەرمی لەڕوسیادا. بابزانین ئەم گۆڕانکاریە چی بەسەر جێگا و دەسەڵاتی کرێکار و شورا و سەندیکا و هەموو جۆرە ڕیکخراو و دەسەڵاتێکی کرێکاریدا دەهێنێ. ئەم پرسە گرنگە چونکە هەموو ترسێکی گەڕانەوەی سەرمایەداری لای بەلشەفیەکان بەو وتەیەی لینین ڕەوێنراوەتەوە کە “لە حکومەتی سۆڤیەتدا دەسەڵاتدارێتی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەرە.”![1]

 هەربۆیە لێرەدا لەسەر ئەم گۆڕانەی بەسەر ئەم گرەنتیەی لینیندا دێت لێکۆڵینەوەکەمان درێژە پێ دەدەین. بابزانین ئەگەر ئەم گرەنتیە نەمێنێ بەهۆی “نیپ”ەوە چی لە سۆشیالیزم لە سۆڤیەتدا دەمێنێتەوە؟!

 لینین دەڵێ؛ “سیاسەتی ئابوری نوێ “نیپ” کۆمەڵێک گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دۆخی پرۆلیتاریادا دروست دەکا.. لەوانە بازرگانی ئازاد و سەرمایەداری ڕێگە پێدراوە و پەرەی پێدەدرێ و کاروباری بازرگانی و سەرمایەداری لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێک دەخرێ و لەلایەکی ترەوە ئەو دامەزراوە دەوڵەتیانەی کراون بە سۆشیالیستیی دەبێ پەیڕەو لە بنەمای بازرگانی بکەن وە ئەم کارە لە هەلومەرجی دواکەوتویی گشتی فەرهەنگی و هیلاکی وڵاتدا بەناچاری کەم تازۆر دەگات بەوەی کە لەزەینی جەماوەردا دەستەی بەڕێوەبەری ئەم دامەزراوانە بەرامبەربە کرێکارانێک دەوەستنەوە کەلەم دامەزراوانەدا کاردەکەن.”[2]

 بەم پێیە پەیوەندی نێوان سەندیکا کرێکاریەکان و دەوڵەتی سۆڤیەت دەگۆڕێت. لەبەرئەوەی دەوڵەت وەک سەرمایەدارێک بەرامبەر بە کرێکار وەستاوە. هەربۆیە لینین دەڵێ “ڕووبەڕووبونەوەی چینایەتی نێوان کاروسەرمایە بێ گومان دەمینێتەوە، بەم پێیە یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکەکانی سەندیکاکان پاریزگاری هەمەلایەنەیە لە بەرژەوەندی چینایەتی پرۆلیتاریا لە خەباتیدا دژی سەرمایە. سەندیکا بەپێی ئەم ڕوانگەیە سەرلەنوێ خۆی ڕێک بخاتەوە، شکلێ بگۆڕێ یا کامڵ بکرێ.”[3]

  بەم پێیە “هەرجۆرە دەستێوەردانێکی ڕاستەوخۆی سەندیکا لە ئیدارەی کاروباری دامەزراوەکاندا. لەم جۆرە دۆخەدا، دەبێ بەبێ شک زیانبار و ڕێگە پێنەدراو دابنرێ.”[4]

 سنوری ئەم خەباتە سەندیکاییەش دیاریکراوە بەوەی “دژی کەموکورتیە بیرۆکراتیەکانی دەوڵەت بێ و زیان بە پەرەپێدانی دەوڵەتی کرێکاری و ئابوریەکەی نەبێ. سەندیکا کاری نێوبژیوانی و نێوانگەریە و نابێ گفتوگۆکان بگاتە مانگرتن لە دامەزراوە دەوڵەتیەکاندا.” [5]

 “هاوکات لەساڵانی یەکەمی دوای شۆڕشدا، چ بە یاسا و چ لەواقعدا، سەندیکا کرێکاریەکان تەنیا مافی دیاریکردنی کرێیان هەبوو. بەڵام لەکاتی سیاسەتی نوێی ئابوریدا، نیپ، کرێ لە ڕێگەی ڕێکەوتنی نێوان سەندیکا و ئیدارەوە دیاری دەکرا و دواتر لەگەڵ سەرەتای پلانی ٥ ساڵەدا، کرێ بەزۆری لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئابوریەوە دیاری دەکرا، وەک کۆمیسارەکان، بەڕێوەبەری تاکی کارگەوە، دواتریش لە ١٩٣٣ پارێزگاری کرێکاران لەخۆیان قەدەغەکرا بەوەی دژی حکومەتەکەیانە و ئەمە هەڵەیە.”[6]

 ئەم گۆڕانکاریانە لە هەڵوێستی دەوڵەتی بەلشەفی لە دروشمی “بەڕێوەبەرایەتی کرێکاری و شورا کرێکاریەکان” لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧ دا بەرەو ئەوەی کە سەندیکای کرێکاران دەبێ “خۆی دژی دەوڵەتی سەرمایەداری سۆڤیەت ڕێکبخا، وە نابێ دەست وەربداتە ئیدارەوە، وە هەروەها مافی مانگرتنیشی نیە”، گۆڕانکاریەکە کە حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار جیا دەکاتەوە.

  لێرەدا چینی کرێکار لە دەوڵەتی کرێکاری جیا دەبێتەوە و دەبێ وەک چینێک لەڕێگەی سەندیکاوە دژ بەم دەوڵەتە کرێکاریە خۆی ڕێک بخا. کەواتە خەباتی چینایەتی دژ بەم دەوڵەتە لە ئارادایە، هەروەک بەڵگەی مانگرتنە بەردەوامەکانی ساڵانی ١٩٢١تا دوایی دەیسەلمێنێ. لینین خۆی دەڵێ ئەمە “خەباتی چینایەتی دژی سەرمایە” یە، کەواتە دەوڵەتێکی سەرمایەداری لە ئارادایە نەک دەوڵەتێکی کرێکاری. ئەگەر نا چۆن دەکرێ چینێک لە دژی دەسەڵاتی خۆی خەبات بکا؟! مەسەلەکە ئەوە نیە سەرمایەداری وەک شێوازێکی  بەرهەمهێنان هێشتا لە هەندێ شوێنی ڕوسیادا ماوە و دەوڵەتی کرێکاری لەدژی خەبات دەکا، بەڵکو مەسەلە لێرەدا ئەوەیە کە خودی دەوڵەتی کرێکاری دەیەوێ دەوری مۆنۆپۆلی سەرمایە بگێڕێ و چینی کرێکار دەبێ وەک کرێ گرتەی ئەم دەوڵەتە سەرمایەداریە کاربکا و زێدەبایی بەرهەم بهێنێ و کەڵەکەی سەرمایە بکا. ئەمە ئەو پەیوەندیە بەرهەمهێنانەیە کە هەموو موڵکایەتیەکی هۆیەکانی بەرهەمهێنان دەکاتە موڵکی دەوڵەتێکی مۆنۆپۆلی سەرمایەداری کە ناوی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفیە. کەواتە ئەگەر کرێکاران خەباتی چینایەتی بکەن، ئەوا دەبێ دژی حزبی بەلشەفی بیکەن. هەربۆیە دەبینین کە دیسپلینی حزبی و دەزگای بیرۆکراتی حزبی بەپێی پێوەری ڕادەی گوێڕایەڵی کریكارانی ئەندامی حزب بۆ قبوڵکردنی ئەم کۆیلایەتی کاری کرێ گرتەییە و ملکەچ کردنیان بۆ یاساکانی سەرمایەداری دەوڵەتی بەلشەفی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. ڕێژەی دەرکردنەکان لە حزب و مانگرتنە کرێکاریەکان نیشانی دەدەن کە ئەم سیاسەتەی “نیپ” قۆناغی جیابوونەوەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار و قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتە لە کۆنترۆڵی کرێکاریەوە بەرەو کۆنترۆڵی سەرمایەداری.

 ئەمەش بنەمای هەموو لادان و بەئەنجام نەگەیشتنی شۆڕشی کۆمۆنیستیە لە ڕوسیادا. گۆڕانی بنەماکانی شۆڕشێک، کە بۆ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەسەر سەرمایەداریدا بەرپاکرا بەرەو دیکتاتۆریەتی حزبێک کە لەڕێگای سەرمایەداری دەوڵەتیەوە ڕێگە دەگرێ لە کۆنترۆڵی کرێکاری و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا.  لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم پرۆسە مادیەی جیابوونەوەی بنەڕەتی و ژێرخانەیەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار، بیرۆکراتیزم و سەرکوتی ناوخۆی حزب و سەرکوتی حزبە کرێکاریەکانی تر و هەموو ئەو بێ مافیە سیاسی و ئابوریانەی کە چینی کرێکار لە ڕوسیادا بەرەو ڕوی بوەوە، بە شیوەیەکی مادی، بەشکڵی  تەواوەتی خۆی گەیشت و سەرمایەداری دەوڵەتی و سۆشیالیزمی دەوڵەتی جێگای بەرنامە و خەباتی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی گرتەوە.

 لێرەوە بەلشەفیزم حزب دەکاتە بەڕێوەبەری کارگە و بازرگان و سەرمایەدار، وە کرێکارانیش دەبێ خەباتی چینایەتی دژی سەرمایەدارێکی حزبی درێژە پێبدەن. ئەمە ناکۆکیەک و ئەنتاگۆنیسمێکە کە لەنێوان حزبێکی کرێکاری و دەسەڵاتێکی دەوڵەتی بەلشەفیدا دروست دەبێ. ناکۆکی نێوان مۆدیلی حزب و کۆمۆنیزمی بەلشەفی لەگەڵ دەوری چینی کرێکار لە بنیاتنانی سیاسی و ئابوری کۆمەڵگەی سۆشیالیستیدا. لێرەوە شکستی ڕەوتی شۆڕشگێڕانەی نێو حزبی کرێکاری بەلشەفی دەبینین لە خەباتی چینایەتی کرێکارانی ڕوسیادا.

 ئیتر ئەم قسەیەی لینین، کە دەیوت “ترسی لە “نیپ” نەبوو چونکە لە حکومەتی سۆڤیەتدا دەسەڵاتدارێتی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەرە” [7]، نەیدەتوانی ئەو ناکۆکیە چینایەتیە لە نێوان دەوڵەتی بەلشەفی و چینی کرێکاردا پەردەپۆش بکا، کە بۆچی ئەگەر دەسەڵات و حکومەتی کرێکاری هەیە، کرێکاران سەعاتی کاری زیاتر کاردەکەن و دەسەڵاتیان بەسەر بەرهەمهێناندا نیە ؟ بۆچی حزب و بەڕێوەبەری سەرمایەدار پێیان دەڵێن کرێ یان چەندە و ئەگەر ناڕازیش بن ناتوانن مانبگرن؟ دروستکردنی فراکسیۆن و حزبی تریش قەدەغەیە؟ چۆن حزبی بەلشەفی و دەستەجێگرە سەرکردایەتیەکەی تاکە نوێنەری چینی کرێکارە، وە “لە حکومەتی سۆڤیەتدا دەسەڵاتدارێتی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەرە”، ئەگەر لەم مۆدیلی سیاسی و ئابوریەدا هیچ دەسەڵاتێکی کرێکار و زەحمەتکێش، نەک لە ئارادا نیە، بەڵکو دەبێ دژی ئەم دەسەڵاتە خەبات بکا؟ چۆن حزب و دەوڵەتێک کۆمۆنیستی دەبن ئەگەر جێگای کرێکار تیایدا بریتیە لە کرێ گرتەیی بۆ بەڕێوەبەرێکی حزبی؟ وە ئەگەر بڕیاری ئابوری ئەو دەوڵەتە و کرێ و بەرهەمهێنان لەدەستی کەمایەتیەکی حزبی سەرمایەداری دەوڵەتیدا بێ؟ هەروەها ئازادی مانگرتن و فراکسیۆن پێکهێنان و هەموو ئازادیەکیش لەژێر ناوی حکومەتی خۆماڵی چینی کرێکاردا قەدەغەبێ؟

 زەوتکردنی ئەم مافانە لە چینی کرێکار بەناوی حکومەتی کرێکاریەوە نیشانی دەدا کە ئەمە حکومەتی کرێکاران خۆیان نیە. قەدەغەبوونی بڕیاری بەرهەمهێنان لەدەستی سەندیکا و شورا کرێکاریەکاندا بریتیە لە لێسەندنەوەی مافی بەشداری ڕاستەوخۆی ئازادانە و هەرەوەزیانەی لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانیدا، وە سەپاندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری حزبیە بەسەر بەرهەمهێنەرانی واقعی کۆمەڵگەدا. ئەمە ئەو هەنگاوەیە کە شۆڕشی کۆمۆنیستی بە هەڵوەشانەوەی ئەم دەستێوەردانە دەوڵەتیە دەست پێ دەکا نەک بە جێگیرکردنی. ئەمە جیاوازی بنەڕەتی سۆشیالیزمی کرێکارانە لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی.

  لینین لە وەڵام بەم ناکۆکیەدا دەڵێ؛ “سەرەکی ترین و بنەمای ترین مەسەلەیەک کە پرۆلیتاریا، دوای گرتنی دەسەڵاتی دەوڵەتی بەدەست دەهێنێ، سودی هەبێ بۆی، بریتیە لە گەشەی ئاستی بەرهەم و بردنە سەری هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگە تا ئاستێکی باش.. لەدۆخی ئێستای ڕوسیادا بێ شک پێویستی بە کۆکردنەوەی تەواوی هێزە لەدەستی بەڕێوەبەرایەتی کارگەکاندا. ئەم بەڕێوەبەرایەتیەش، بەپێی بنەمای گشتی لەسەر بناغەی تاک سەرۆکی دروست دەکرێ و پێویستە جدی ترین شێواز لە هەڵبژاردنی بەرجەستەترین و بەتواناترین بەڕێوەبەرەکان و بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدرێ.”[8]

 ئەم تێگەیشتنە لەوەی کە مەسەلەی سەرەکی پرۆلیتاریا دوای گرتنە دەستی دەسەڵات “گەشەی ئاستی بەرهەم و بردنە سەری هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگە” یە، تێگەیشتنێکی بەرتەسکە لە سۆشیالیزم هەرچەند لەباری مێژووییەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیست و بەتایبەت بۆ ڕوسیا مەسەلەیەکی جدیە و وەک مارکس دەیوت ” کۆمۆنیزم بریتی نیە لە دابەشکردنی هەژاری”. بەڵام مەسەلەی گەشەی ئابوری ناوەرۆکی سۆشیالیزم نیە. داینەمیزمی سیستمی کەڵەکەی سەرمایە لای بورژوازیش گەشەی ئابوری دروست دەکا . لای بورژوازی مەسەلەی سەرەکی لەم یاسا ئابوریەدا کەڵەکەی سەرمایەیە. لای چینی کرێکاریش گەشەی ئابوری ئامانجی سەرەکی نیە، بەڵکو مەسەلەی سەرەکی سازدانەوەی کۆمەڵگەیە لەلایەن چینی کرێکار خۆیەوە و بۆ کۆتایی هێنان بە کۆیلەتی خۆی وەک چینێک بۆ دەسەڵاتێکی سەروو خۆی، بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی کەمایەتیەکی سەرمایەدارە، جا چ ئەم کەمایتیە سەرمایەدارە دەوڵەت بن یان کۆمپانیای تایبەت بن. هەر پلانی گەشەیەکی ئابوری بەمانای دەوری ئەم چینە خۆیەتی لە ئابوری و سیاسەتدا، نەک ئەم چینە خۆی ناچاربکرێ لە سایەی دەوڵەتێکی سەرمایەداری دەوڵەتیدا لەلایەن حزبێکەوە، جا کرێکاری بێ یان بورژوازی، دەوری “بردنە سەری هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگە ” بۆ دابنرێ.

 سۆشیالیزم بریتی نیە لە نەخشە و پلانێکی ئابوری داڕیژراو، بەڵکو چالاکی سیاسی چینی کرێکار خۆیەتی لە خەباتی چینایەتیدا بۆ گۆڕینی سیستمێک کە ئەو تیایدا ژێردەستەیە. هەربۆیە، وەک گرامشی جەختی لەسەر کردۆتەوە، ” سیاسەت بریتی نیە لە ستراتیژیەک بۆ سەرکەوتنی سۆشیالیزم، بەڵکو سۆشیالیزم خۆیەتی”[9].پراتیکی سیاسی ئەم چینەیە نەک حزبەکەی کە “مێژووی خۆی دروست دەکا، بەڵام لەهەلومەرجێکدا نا کە خۆی هەڵی بژاردوە، بەڵکو هەلومەرجێک کە دراوە و لەڕابردوەوە هاتوە.”[10]

 لینین بۆ گەیشتن بەم گەشە ئابوریە کە گەشەدان بە سەرمایەداری دەوڵەتیە، وەک لە بەشەکانی پێشودا باسمانکرد، سیستمی “یەک سەرۆکی” لە بەڕێوەبردنی کارگەکاندا دروست دەکا. بێگومان ئەمە پێچەوانەی بەرنامەی حزبە، کە لەساڵی ١٩١٩ تیایدا هاتبوو کە “کاریگەری دانانی ڕاستەخۆ جەماوەری زەحمەتکێش لە بینای حکومەت و ئیدارەی هەموو وڵات لە ڕێگای گۆڕینی یەکەی ئابوری – پیشەسازی (کارخانە)- نەک دابەشکردنی ناوچەیی – بەشێوەی یەکەی سەرەتایی هەڵبژاردن و ناوکی بینای حکومەت لەسایەی دەسەڵاتدارێتی هێزی شوراکاندا جێبەجێ دەبێت. ئەم پەیوەندیە نزیکترە لە نێوان دەزگای دەوڵەت و جەماوەری پرۆلیتاریای پێشکەوتوو کە سەرمایەداری یەکگرتووی کردون، سەرەڕای ئەوەی ئاستێکی باڵاتر لە دیموکراسی بەدی دێنێ، لەهەمان کاتدا جێبەجێکردنی ریفۆرمی قوڵی سۆشیالیستی مومکین دەکا.”[11]

لێرەدا ڕۆشنە کە بەرنامەی حزب دەڵێ؛ یەکەی ئابوری – پیشەسازی ( کارخانە )- بەشێوەی یەکەی سەرەتایی هەڵبژاردن و ناوکی بینای حکومەت  ودەسەڵاتدارێتی یە، واتە کۆمیتەکانی کارگە و شوراکان دەسەڵاتی بنەڕەتین.

هەربۆیە ئەم هەنگاوە تازەیەی “یەک سەرۆکی” کارگەکان هاوکات لەگەڵ ئەو بڕیارەی کە دەوری سەندیکای کرێکاری “کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان نیە”، بریتین لە دابڕینی چینی کرێکار و سەندیکا و شوراکانی لە بەڕێوەبەری کارگە و لە ئیدارەی دامەزراوەکان و جیا بوونەوەی پۆستە حکومیەکان و چینی کرێکارە لەیەکتر.

 ئەم ناکۆکیە لەنێوان بەرنامەی حزب و سیاسەتی “نیپ”دا بووە مایەی ململانێ لەنێو حزبدا. هەروەک پێشتریش باسمان کرد، لەکۆنگرەی دەیەمی حزبدا، لینین و بەدواشیدا زۆربەی کۆنگرە، ئەم ناکۆکیەی نێوان سەندیکای کرێکاری و دەوڵەتی سۆڤیەت بە “لادانی سەندیکالیستی و ئەنارشیستی” دەدەنە قەڵەم. گروپی “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” ناو حزبی بەلشەفیش، کە پێداگری لەو مادەیەی بەرنامە سەبارەت بە دەسەڵاتی سەندیکا و شورا کرێکاریەکان دەکەن لە بەڕێوەبردنی ئابوریدا، بە “مەنشەویک” و “وردە بورژوازی” دەناسێنن. لینین “بۆچونەکانیان بە “خەتەری سیاسی ڕاستەوخۆ بۆسەر بوونی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و “کۆمەک بە دوژمنانی چینایەتی شۆڕشی پرۆلیتاریا دەکەن” دەناسینێ و دەڵێ “دەبێ ڕێگەی خەبات و پاکردنەوەش لەدژی بگیرێتە بەر و ئەم “تەبلیغاتانە لەگەڵ ئەندامەتی لە حزبدا ناهاوئاهەنگە.”[12]

 ترۆتسکیش لە هێرش بۆسەر “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری ” لە دەیەمین کۆنگرەی حزبدا دەڵێ “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری بە دروشمی مەترسیدارەوە هاتۆتە مەیدان. بتی لە بنەما دیموکراتیەکان درووستکردوە و مافی کرێکارانی لەهەڵبژاردنی نوێنەراندا خستۆتە سەروو حزبەوە. بە شێوەیەک کە حزب نابێ دیکتاتۆری خۆی پیادەبکا، تەنانەت ئەگەر ئەو دیکتاتۆریە بەشێوەیەکی کاتی ناکۆک بێت بە دیموکراسی کرێکاری .”[13]

 بەڵێ، ئەمە جیاوازی بنەڕەتی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمە وەک دیموکراسی کرێکاری یان بەشداری ڕاستەوخۆی کرێکاران لەگەڵ مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دیکتاتۆری حزبیدا. گۆڕینی بەرنامەی بەلشەفی ١٩١٩ بەشێکە لەو پرۆسەیەیە کە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی جێگای سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمی واقعی کرێکاران دەگرێتەوە.

 لێرەدا تەنیا باسی سۆشیالیزم وەک مەسەلەیەکی ئیداری و ئابوری نیە، بەڵکو باسی بیناکردنی سۆشیالیزمە وەک کارێکی سیاسی کە هەموو چینەکە پێی هەڵدەستێ و ئازادانە بەشدارە تیایدا  نەک وەک بڕیار و سیاسەتی دەوڵەت و حزبێک. هەروەک گرامشی دەڵی “لەوانەیە بڵێن، ئایا بنەمای کۆمۆنیزم سۆشیالیزەکردنی ئابوری نیە وەک سۆشیالیزەکردنی خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەرنامە داڕیژراو، بەڵام پێویستمان بە سۆشیالیزەکردن لە سیاسەت و بەمانای کۆمەڵایەتی ئۆتۆماتیک و وشیارارانە دەبێ، وەک پرۆسەی دروستکردنی ئینسانی کۆلێکتیڤ و گشتی کە هەڵسوکەوتی ئینسان دەکاتە ئۆتۆماتیک و پێویستی بەدەزگای دەرەوە و سەروو ئینسان ناهێڵێ تاکو نۆرمێک بسەپێنێ.”[14]

 گۆڕان لەو بەرنامەیەوە کە ” ” کاریگەری دانانی ڕاستەخۆ جەماوەری زەحمەتکێش لە بینای حکومەت و ئیدارەی هەموو وڵات لە ڕێگای گۆڕینی یەکەی ئابوری-پیشەسازی (کارخانە) -نەک دابەشکردنی ناوچەیی- بەشێوەی یەکەی سەرەتایی هەڵبژاردن و ناوکی بینای حکومەت لەسایەی دەسەڵاتدارێتی هێزی شوراکاندا جێبەجێ دەبێت.” بەرەو ئەوەی “تاک سەرۆکی” کارگەکان لەپاڵ ئەو بڕیارەی کە دەوری سەندیکای کرێکاری “کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان نیە”، ئەڵقەی گۆڕانی پەیوەندی نێوان حزبی بەلشەفی و چینی کرێکارە. ئەمە دروستکردنی ڕژێمێکی سیاسی و ئابوریە کە چینی کرێکار تیایدا نەک دەوری نیە، بەڵکو دەوڵەت وەک “گروپێکی خاوەن هەیمەنەی ئۆتۆنۆم و سەربەخۆ ڕەفتاردەکا”[15].

 لێرەوە ئەو خەتەرەی مارکس باسی دەکرد سەرهەڵدەدا کە دەیوت “چینی کرێکار دەبێ خۆی لە نوێنەرەکانی و فەرمانبەرەکانی بپارێزێ. تاکو ڕێگە نەدا بەگواستنەوەی دەوڵەت لە ئۆرگانی خزمەتکردنی کۆمەڵگەوە ببێت بە سەرۆک، کە ئەمە لە هەموو دەوڵەتەکانی پێشودا ڕویداوە.” بەپێچەوانەی ئەم ئاگادارکردنەوەی مارکسەوە، دروستکردنی سیستمی ئیداری فەردی و حزبی هەموو بنەماکانی خۆ بەڕێوەبردن و شورایی بەرەبەرە هەڵوەشاندەوە. ئەم سیاسەتانە لەئاکامدا بووە هۆی ئەوەی کە ئەزمەی نێوان حزبی کرێکاری و دەسەڵاتی دەوڵەتی چ لە ناوحزب و چ لەئاستی چینەکەدا گەشەبکا، هەروەک گرامشی دەڵێ؛ لەم کاتەدا “دۆخی ناکۆکی دەکەوێتە ناو “نوێنەران و نوێنەرایەتی کراوانە”. ئەمە لە ئەنجامی کاریگەری دۆخی حزبە لەناو ئۆرگانی دەوڵەتدا، دیسانەوە هێز دەسەپێننەوە بەشێوەیەکی نسبی وەک دەسەڵاتێکی بیرۆکراسی.. ئەمە ئەزمەی هەژمونی چینی دەسەڵاتدارە. کە بەهۆی ئەوەوە دروست دەبێ کە ئەم چینە شکستی هێناوە لە بەجێگەیاندنی ئەرکی سیاسی گەورەدا هێناوە کە لێی داواکراوە جەماوەر قەناعەت پێ بێنێ بەو دەسەڵاتە..ئەمە پێی دەڵێن “ئەزمەی دەسەڵاتداریتی”، بە تەئکید ئەزمەی هەژمونیە یان ئەزمەی گشتی دەوڵەتە.”[16]

 بەلشەفیزم ئەگەر لە پرۆسەی پێش شۆڕش و لەکاتی شۆڕشدا نوێنەرایەتی هەژمونی چینی کرێکاری دەکرد، بەڵام لەدوای شۆڕش و لەکاتی دەسەڵاتدا چیتر نابینین زانستی سیاسەت سەبارەت بە چۆنیەتی گەشەی هەژمونی جەماوەری چینی کرێکار گەشەبکا و ئاسۆیەک و مۆدێلێک بۆ گەشەی هەموو سەرخانی سیاسی بخاتەڕوو، کە تیایدا پێمان دەڵێ چۆن پرۆسەی هەڵوەشانەوەی دەوڵەت یەکسەر دوای گرتنی دەسەڵات دەست پێ دەکا. لینین لە “دەوڵەت و شۆڕش”دا نووسینێکی ئینگلس دەهێنێتەوە کە دەڵێ “دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن پرۆلیتاریاوە و گواستنەوەی هۆیەکانی بەرهەمهێنان پێش هەموو شتێک بۆ موڵکایەتی دەوڵەت..

 یەکەم کاری دەوڵەت ئەوەیە کە وەک نوێنەری هەموو کۆمەڵگە دەردەکەوێ – بەناوی هەموو کۆمەڵگەوە دەبێتە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان- ئەمە لەهەمان کاتدا ئاخر کارە کە وەک دەوڵەت پێی هەڵدەسێ.”[17]

 بەڵام لە مۆدێلی سۆڤیەتدا بەپێچەوانەوە دوای ئەوەی کە دەوڵەتی بەلشەفی دەبێتە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان ئەوکات “تاک بەڕێوەبەری کارگە” و “وەزیری تاک حزبی” و قەدەغە بوونی دەخاڵەتی سەندیکا لە بەرهەمهێنان و مانگرتندا دەست پێدەکا و دەوڵەت و حزب دەبنە خاوەنی هەموو شتێک و هەموو بڕیارێک. ئەمە لە جێگای “کۆمەڵگەیەک کە بەرهەمهێنانی بەشێوازێکی نوێ لەسەر بنەمای یەکێتی بەرهەمهێنەران بەشێوەیەکی ئازادانە و لەسەر بنەمای یەکسانی ڕێک دەخا”[18]

بەکورتی لەم مۆدێلەی سۆشیالیستیە دەوڵەتیەدا بینیمان کە چۆن دەسەڵاتدارێتی شورا کان و تەنانەت بەشێکی دەسەڵاتی چینی کرێکاریش لەناو حزبدا نەک مسۆگەر نەبوون، بەڵکو مۆدیلی دیکتاتۆری حزبی بووە مایەی ئەوەی کە حزب دەسەڵاتدارێتیەکی کەمایەتی بیرۆکراتی دروستکرد. لەسەر بنەمای مۆدیلی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتی، ئەم پاشکۆیەتی و چەوسانەوەی چینی کرێکار لەلایەن دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفیەوە قوڵتربوەوە، وە سەپاندنی سیاسەتی نیپ بووە مایەی سەرلەنوێ سازکردنەوەی سیستمی ئابوری سەرمایەداری و  جێگیرکردنەوەی سەرخانی سیاسی دیکتاتۆریەتی کەمایەتیەکی کە پەیرەو لە چەوسانەوەی هێزی کاری کرێکاران لە پێناو کەڵەکەی سەرمایەداری دەوڵەتدا دەکا.

 بێگومان ناکۆکە چینایەتیەکان، کە کرێکارانی ڕوسیای گەیاند بووە ئاستی شۆڕشێک دژی حکومەتی سەرمایەداری کرنسکی و ئەم حکومەتەی ڕوخاندبوو، بەردەوام خۆی نیشان دەدا لە ڕێگەی مانگرتنە کرێکاریەکانەوە، وە کرێکاران بەرامبەر بەم فشارانەی حزبی بەلشەفی ڕا دەوەستان. وەک دەبینین “لە چەند ساڵی دوای شۆڕشدا مانگرتنی بەرفراوانی کرێکاران بەردەوام بووون. لە ساڵی ١٩٢٢دا ١٩٢٠٠٠ کرێكار مانیانگرتووە لە پرۆژەکانی دەوڵەت خاوەنداریان بووە، لە ١٩٢٣دا ١٦٥ هەزار، ولە ١٩٢٤دا ٤٣ هەزار کرێکار.[19]

بەڵام خەباتی چینی کرێکار لەسایەی سەرمایەداری دەوڵەتیدا کەوتە هەلومەرجێکی سەختەوە کە پێشتر وێنەی نەبوو و وەک هیچ تەجروبەیەکی لەسەر نەبوو، ئەویش ڕووبەڕووبونەوە بوو لەگەڵ دەوڵەتێکدا کە خۆی بە کرێکاری دادەنێ، بەڵام کرێکاران سەرکوت دەکا و دەیان چەوسێنێتەوە. لەڕوسیادا کرێكاران، نەک هەر وەک کرێکار کۆیلەی کاری کرێگرتە بوون، بەڵکو سەرمایەداری لەژێر ناوی سۆشیالیزمدا و بە کەڵک وەرگرتن لە ئۆرگانی حزب دیسپلینی توندکردنەوەی کار و درێژکردنەوەی سەعاتی کار چەوساندنەوەیەکی لەڕادەبەدەر بەسەر ئەم چینەدا سەپێنرا. بۆنمونە “لەساڵی ١٩٣١دا نزیکەی ٢ ملیۆن کەس لە سەربازگەی زۆرە ملێی کاردا بوون وەک سزای حزبی، لە ١٩٣٣-٣٥ نزیکەی ٥ ملیۆن و لە ١٩٤٢ لە ٨بۆ١٥ ملیۆن کەس بوون”. [20]

لە کۆتاییدا پێویستە بڵێین کە شکستی شۆڕشی سۆشیالسیتی ئۆکتۆبەر لە پرۆسەی گەڕانەوە بۆ دواوە دا خۆی نیشان دەدا، گەڕانەوە لە کۆنترۆڵی کرێکاریەوە بەسەر بەرهەمهێنان و دەسەڵات بەرەو دواوە بۆ کۆنترۆڵی سەرمایەداری دەوڵەتی و دیکتاتۆری حزبی بەسەر چینی کرێکاردا.

[1] لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٠، فارسی، منتخب اثار.https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1921/apr/21.htm

[2] لینین دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە سیاسەتی ئابوری نوێ دا، ل ٨٢٨، فارسی، منتخب اثار.

[3] لینین دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە سیاسەتی ئابوری نوێ دا، ل ٨٢٩، فارسی، منتخب اثار.

[4] هەمان سەرچاوە،ل٨٣٠

[5] هەمان سەرچاوە،ل٨٣١.

[6] تۆنی کلێف، سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا،ل٦

https://ayman1970.files.wordpress.com/2010/12/d8b1d8a3d8b3d985d8a7d984d98ad8a9-d8a7d984d8afd988d984d8a9-d981d98a-d8b1d988d8b3d98ad8a7-pdf.pdf

[7] لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٠، فارسی، منتخب اثار. https://marxists.org/archive/lenin/works/1921/apr/21.htm

[8] لینین دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە سیاسەتی ئابوری نوێ دا، ل ٨٣٠، فارسی، منتخب اثار.

[9] ئیریک هۆبسباوم. ل٣٢١ چۆن جیهان دەگۆڕین، گرامشی، بە زمانی ئینگلیزی.

[10] هەمان سەرچاوە ل ٣٤١

[11]لینین، پڕۆژەی سەرتاپاگیری بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا، ل ١٠ ، خاڵی ٥، بەشی ‘لەبواری سیاسیدا’.

[12] لینین، پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەیەمی حزب سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحزبدا، ل ٧٩٠-٧٩١، فارسی، منتخب اثار.

[13] ئارنست ماندل، دەربارەی بیرۆکراسی، تیۆری “جێنشینی”، فارسی.

https://marxists.org/farsi/archive/mandel/works/1973/boorokrasi.ht

[14] گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، ل٣، بەزمانی ئینگلیزی

[15] گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، ل٨، بەزمانی ئینگلیزی.

[16] گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، ل ٢١٠ دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی.

[17] لینین، دەوڵەت و شۆڕش، مختارات، بەرگی ٧, ل٢٧، بەزمانی عەرەبی.

[18] هەمان سەرچاوە، ل ٢٦

[19]تۆنی کلێف، سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا، ل٨، بەزمانی عەرەبی.

https://ayman1970.files.wordpress.com/2010/12/d8b1d8a3d8b3d985d8a7d984d98ad8a9-d8a7d984d8afd988d984d8a9-d981d98a-d8b1d988d8b3d98ad8a7-pdf.pd

[20] هەمان سەرچاوە ، ل١٦

Add Comment

Click here to post a comment