ئەدەب بایۆگرافی

ماچی سەری ساڵ

ئەو ساتانەی ئەستێرەیەک لە ئاسمان دەکشێ بە بەرچاومانەوە خۆشیەک و جوانیەکی سەیری هەیە چونکە کتوپڕ ڕودەدەن و چاوەڕوانکراونین. هەندێ ماچ هەیە لەو جۆرە ئەستێرەی بەختانەیە کە لە ئاسمانەوە بەرەو تۆ دەکشێن و کاتێ خۆیان دەدەن بە سەرتاپای هەست و نەستدا جۆرێک دەتگۆڕن دەتبەنە دنیایەکی تری ژیانەوە کە پێشتر بیرت لێ نەکردۆتەوە. ئەو ماچەی سەری ساڵ لەکاتی سەمادا بەر لێوەکانم کەوت سیحراوی بوون و دەتوت منی لە قوڵایی مێژووەوە بەرزکردۆتەوە تا ئەو ساتەی ژیانم پێ بگۆڕێ و ئەو خۆشیەی لە قوڵایی نەستمدا نوستبوو خەبەر بکاتەوە و پێی بڵێ سەرزەمینیکی تری نەبینراوت هەیە کە تەنیا لە هۆنراوەکانی شەوانی هاوینی ماڵە گڵینەکەدا باست کردوە.

ماچی سەری ساڵ وەک ڕۆمانسی سەندریلا وایە و جادوەکەی لەوەدایە لەسەر ڕوو و لیوەکانی بیرت ناسڕێتەوە. ڕۆژانی دواتری ساڵ ئەم ماچانە بونە چیرۆکی ژیانی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی.

دڵت دەبێتە گیرۆدەی دەستی ماچێک کە دەتبات بۆ ئەو جێگایانەی ئارەزوەکانت چرۆ دەکەن و ژیانت دەکەن بەو سەیرانگایەی حەزناکەیت لێی دەربچیت. گوڵ و درەخت و چیمەن و ڕوبار و شاخەکان ڕەنگێکی تر بە ژیانت دەدەن کە دەڵێی دەیانەوێ جوانترین تابلۆی لەبیر نەچوەوە لە بیرەوەریدا دروست بکەن.  ئاواز و گۆرانیەکان دەڵێی تاری دڵت بەکاردێنن و بە هەستەکانت دەیژەنن. ئەو ئاواز و گۆرانیانەن کە بۆ هەموو تەمەن دەتوانن وروژمی خۆشی بە بیرتا بێنن و ساڕێژی ئەو برینانەی پێ بکەیت کە ساتە ناخۆشەکانی ژیان دەیبارێنن. سەما دەبێتە ئەو ساتەی ئەستێرەی جەستە و هەستەکانت تێکەڵاوبوون و هیچ لەوەوپێشتر وا نەدرەوشاونەتەوە.

ساتەکانی ژیان لێرە بە جۆرێکی تر تێدەپەڕن. جۆرێکی نوێ لە ژیان دەخوڵقێنی. چرکە ساتەکانت نوقمی خەیاڵی مەیەکن کە لە ترێی ژیانێکی گەش دروستکراون. ئەو ساتانە بەهایەکی گرنگیان لە ژیانتا هەیە کە هەر سەعاتێکی بە هێندەی ساڵێکی تەمەنن. بەڵام لەویش سەیرتر کاریگەریان لەسەر بیرەوەریتە ئەم ساتانە دەتوانن وێنەیەکی تۆبن لە ئاوێنەی خەیاڵتا کە ڕۆژانە سەرشارت بکا لە خۆشی.

هێمنی شاعیر جوان وەسفی ئەم ماچانە  دەکا”

“وه‌ره‌ ماچم ده‌یه‌ ماچی خودایی !

که‌ بێزارم له‌ ماچی سینه‌مایی !”.

ئەم ماچانە بە ڕاستی دەبێ بە ساڵی نوێی ژیان ناوبنرێن.

 

 

Add Comment

Click here to post a comment