سێکولار

سه‌باره‌ت به‌ سێكیولاریزم

سه‌باره‌ت به‌ سێكیولاریزم

وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاسۆ كه‌مال

دیدگای سۆشیالیستی:

هاوڕێ ئاسۆ ئه‌م كاته‌تان باش. سه‌ره‌تا گه‌ر بتوانن كورته‌یه‌كی مێژوویی له‌سه‌ر سێكیولاریزم بۆ خوێنه‌ران بخه‌نه‌ڕوو. وه‌ ئایا سێكیولاریزم وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌بینن یان به‌ ساده‌یی گوزارشت له‌ جۆره‌ سیستمێكی سیاسی و ئیداری ئه‌كات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی دووه‌میانه‌، چۆن په‌یوه‌ست ئه‌بێته‌وه‌ به‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئابوری و سیاسیه‌وه‌؟

ئاسۆ كه‌مال:

سێکولاریزم پرەنسیپێکی کارکردنی ئیداری و پەروەردەیی و یاسایی یە کە پشت بە مەوزوعیەت و ئۆبژێکتیڤ دەبەستێ و هەموو بنەمایەکی دینی و دەستێوەردانی دەزگا دینیەکان لە کاروباری گشتی دەوڵەت و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەدا ڕەتدەکاتەوە.

سێکولاریزم بەرهەمی خەباتی دژی دەسەڵاتی دین و کەنیسەیە کە لەسەردەمی دەرەبەگایەتیدا وەک ڕوکنێکی سەرخانی کۆمەڵگە باڵادەست بوو وە هاوکات سێ یەکی زەوی وزار و داهات و باجی  دەرەبەگ دەدرایە پیاوانی دینی و کەنیسە. شۆڕشی یەکەمی فەرەنسە لە ١٧٨٩ و دواتر کۆمۆنەی پاریس دینی لەدەوڵەت جیاکردەوە و زەوی وزاری کەنیسەی دەست بەسەراگرت و خوێندن و یاساکانی لەژێر دەستی دامەزراوە دینیەکان دەرهێنا. هاوکات سەرمایەداری لە سەرهەڵدانیەوە تاکو گەشەکردن و جیهانی بوونەوەی سێکولاریزمی وەک بنەمایەکی کۆمەڵگە و دەوڵەتی مۆدێرن دژ بە یاسا و پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکانی دەرەبەگایەتی جێ خست. هەربۆیە هەر لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە ڕەوتێکی فکری و فەلسەفی و زانستی فیزیا و فەلەکناسی و زیندەوەرزانی و کۆمەڵناسی دژی ئایدیۆلۆژیا و میتافیزیک و خورافاتی لێکدانەوەی سروشت و کۆمەڵگە دەرکەوت، بۆنمونە کارە فەلسەفیەکانی کانت و دیکارت و فیورباخ و مارکس، یان دۆزینەوەکانی گالیلۆ و کۆپەرنیکۆس لە ئەستێرەناسی، یاخود دۆزینەوەی بنەچەی جۆرەکان و بیردۆزەی ئیڤۆلوشنی داروین، وە هەروەها بیرۆکەی بیگ بانگ (تەقینەوە گەورەکە) ی فیزیا و لە کۆتاییشدا بانگەشەی مافە فەردی و مەدەنیەکانی مرۆڤ، ئەمانە هەموویان پێکەوە وەک جەستەیەکی نوێ خاوەن باوەڕ و پرەنسیپی نوێ کەوتە کار و لە کۆتایی سەدەی هەژدە و سەدەی نۆزدەدا کاتێ پەیوەندی بەرهەمهێنانی ئابوری دەرەبەگایەتی لە ئەوروپا هەڵوەشا جێگا و دەسەڵاتی فکری دینیش سەرەوژێربوو. سێکولاریزم وەک بنەما و پرەنسیپیی کۆمەڵگەی مۆدێرن و دەوڵەت لە سەرجەم بوارە فکری ،سیاسی ،ڕۆشنبیری ، هونەر ، زانست و یاساکاندا باڵادەست بوو.

سێکولاریزم ئەگەر چی وەک پێناسەی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جیاواز و سەربەخۆ نەبوە بەڵام وەک کارەکتەر و پرەنسیپی بزوتنەوە شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازەکان دەوری بینیوە لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و ڕادیکالی نێو کۆمەڵگەدا. ڕەوتی دژی دین و ئاتەئیزم و لائیستیە ودیدگای فەلسەفەی ماتریالیستی و سەلماندنە زانستیەکانی بواری ئەستێرەناسی ، بایۆلۆژی ، فیزیا ، پەروەردە و خوێندن و داهێنان ،هەمویان وەک ڕەوتی سێکولاریزم بەرهەمی هەمان شۆڕشی ڕینسانس و بوژانەوە و تازەگەری و ڕۆشنگەرین کە دژ بە بنەماکانی سیستەمی کۆنی دەرەبەگایەتی کران.

سێکولاریزم بەرهەمی ئەو شۆڕش و بزووتنەوە سیاسیانەش بوو کە دژی دەسەڵاتی دینی دەرەبەگایەتی بەرپاکرا و لەهەر شۆڕش و هەنگاوێکی شۆڕشگێرانەدا شەرعیەتی دینی پاشا و دەرەبەگ و خانەدانەکانیش کە دەزگا دینیەکان و کەنیسە کاریان داڕشتن و پاراستنی بوو دەخرانە ژێرپێوە و هەربۆیە دەسەڵاتی دنیایی کەنیسە و دین کەوتە بەر شاڵاوی شۆڕش. بزوتنەوە فکری و سیاسی و کۆمەڵایتیەکانی سەدەی نۆزدە و لەوانەش بزوتنەوەی کرێکاری و سوشیالیستی و کۆمۆنیستی بزوتنەوەی ئاتەئیست و زانستی و پێشکەوتنخواز بوون بەشێوەیەکی خۆڕسک.

ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیە لە کۆمەڵگایەکی دینی یەوە، کە تیایدا دین لە هەمو بوارە فکری و سیاسی و کۆمەڵاتیەکاندا باڵادەست بوو، بۆ کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و سێکولار کە پشتی بە زانست و یاسا دانراوەکانی مرۆڤ دەبەست، ڕوخساری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ هەمیشە گۆڕی و سێکولاریزم بوەتە میتۆد و پرەنسیپێکی جێکەوتو بۆ گەشەکردنی بەردەوامی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. لەڕۆژئاوا و تەواوی دنیادا ئەمڕۆ سێکولاریزم وەک ڕەوتێک بۆ گۆڕینی یاسا و نەریتە دینیەکان بە یاسای مەدەنی و نەهێشتنی دەستێوەردانی دەزگا دینیەکان لە هەمو جومگەکانی دەوڵەت و ئیدارەی گشتیدا بەردەوامە.

لەڕۆژهەڵات و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەسەلەی سێکولاریزم و دەوری دین تاڕادەیەک جیاوازە لە ڕۆژئاوا. پەلکێشانی سەرمایە لەئەوروپاوە بەرەو ڕۆژهەڵات تەنیا کاڵای نەبرد بەڵکو پەیوەندیە کۆمەڵایەتی وسەرخانی سیاسی ڕۆژهەڵاتیشی لەبەریەک هەڵوەشان. بۆ نمونە،هەڵوەشانەوەی خەلافەتی ئیسلامی عوسمانی یەکێک لە ئاکامەکانی بوو. بەڵام زاڵبونی پەیوەندیەکانی سەرمایەداری بەهەمان پرۆسەی دورودرێژی سەرهەڵدان وکەڵەکەی سەرمایە ومانیفاکتۆرە و دروستبونی یەکێتیە پیشەییەکان نەڕۆیشت کە لە ئەوروپا چەندین سەدەی خایاند. بەهەمان شێوە پەیوەندیە کۆمەڵایەتی وسەرخانی سیاسی دەرەبەگایەتیش هەمان پرۆسەی ئالوگۆری شێنەیی و گۆرینی نەریتە کۆنەکان بەنەریتی نوێ نەبینی. ئڵلوگۆرەکانی ڕۆژهەڵات لەژێرکاریگەری فاکتەرەکانی پەیوەست بونەوە بوو بە بازاڕی جیهانی سەرمایە و جێگاوشوێنی ئابوری و سیاسی ڕۆژهەڵات لەو دابەشکردنە ئیمپریالیستیەی جیهاندا کە تیایدا ڕۆژهەڵات وابەستەی ئەوروپا بوو .ئاڵوگۆری پەیوەندی دەرەبەگایەتی بۆ سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتدا پێویستی بە دەستبەسەراگرتنی مادەی خاو و سەرچاوەکانی وزە و زەوی وزار و هێزی کاری هەرزانی کرێکاران بوو، هاوکاتیش پێویستی بە دامەزراندنی ئیدارەیەکی مۆدێرنی سیاسی بوو.دەوڵەتانی ئیمپریالیستی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پێداویستیانەی سەرمایە لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستیان بە سێکولاریزەکردنی کۆمەڵگە نەبوو و هاوکات بورژوازی ڕۆژهەڵاتیش پێویستی بە شەڕی دەزگا دینیەکان نەبوو بۆجێخستنی سیستەمی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری لەبەرئەوەی ئیمپریالیزم لەسەرەوە ئەم ئەرکی گۆرانکاریانەی ئەنجامدا. پاشماوەکانی دەرەبەگایەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەشێوەی ریفۆرمی دەوڵەتی ئەنجامدران. هەربۆیە هیچ کات لیبرالیزمی ئابوری لە ڕۆژهەلاتدا  هاوتا نەبوە لەگەل لیبرالیزمی سیاسی و لیبرالیزم وەک بزوتنەوە و نەریتی سیاسی لە نێو بورژوازی ڕۆژهەڵاتدا باڵادەست نەبوە.  فاکتەری پشت بەستنی ئابوری لە ڕۆژهەڵاتدا بە دەوڵەتی مەرکەزی و سەرهەڵنەدانی موڵکایەتی تایبەتی وەک ئەوروپا پێشینیەکی مێژوویی هەیە وهاتنی سەرمایەی جیهانیش دەوری دەوڵەتی مەرکەزی کەم نەکردەوە بەڵکو بۆ کۆنترۆلی ئاسانتری ڕۆژهەڵات وسەپاندنی هەلومەرجی هێزی کاری هەرزانی کرێکاران دەوری دەوڵەتی سەرکوتگەری مەرکەزی زیاتر بوو.هاوکاتیش دەوری دامودەزگا دینیەکان بۆ هێشتنەوەی هەلومەرجی سەرکوتی سیاسی ودواکەوتویی کۆمەڵایەتی بوە بەشێک لە پێداویستیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتداو دەرکەوتنی بزوتنەوە و ڕەوتی سێکولاریستی بوە شتێکی شاز و ئیستیسنا نەک بنەما و قاعیدە.

ئەم هەلومەرجە لەژێرکاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئالوگۆرێکی بەسەردا هات وخەباتی دژی ئیمپریالیستی مۆرکێکی پێشکەوتنخوازانە ومۆدێرنیزەی وەرگرت. گەشەی ئابوری سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتدا هاوکات زەمینەی هەڵوەشانەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە  دەرەبەگایتەیەکان و ئالوگۆڕ لە شێوازی خێزان و دەوری ژنان لە بازاڕی کار و خوێندن وکردنەوەی قوتابخانە ودانانی یاسا مەدەنیەکان و کرانەوەی فەرهەنگی، ئەمانە سەرجەم لە  مۆدێرنیزەکردنی کۆمەڵگەدا دەوریان گێڕا و لە تورکیا و تونس گەیشتە ڕادەی ڕەسمی بونی جیایی دین لە دەوڵەت.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ناسیونالیزم وەک بزوتنەوەی باڵادەستی بورژوازی  سەرەرای ئەم رەوتی مۆدێرنیزەبونەی کۆمه‌ڵگە هەمیشە دینی وەک بەشێک لە ئایدیۆژیا و یاسای حوکمڕانی بەکاردەهێنا و شەرعیەتی کۆنەپەرستی سیاسی پێ قایم دەکرد. لەجەنگی ساردیشدا ئەمریکا ئیسلامی سیاسی وەک بزوتنەوەیەکی دژی سۆڤیەت بەکارهێنا و چ بەشێوەی پشتیوانی سعودیەی وەهابی و دواتر ئیخوانەکان و چ بە درووستکردنی گروپە جیهادیەکان لە ئەفغانستان و پاکستان .هاوکات هاتنەسەرکاری جمهوری ئیسلامی ئیران وشەڕی ئیران و عێراق و ئەزمەی حکومەتە ناسیونالیست و دیکتاتۆریە عەسکەریەکانی ناوچەکە، زەمینەی هێرشێکی بەرفراوانی بۆسەر مەدەنیەتی کۆمەلگە دەست پێکرد و پاشەکشەی به هەر رەوتیکی سیکولاریستی کرد.

بەگشتی لە ئاستی جیهانیدا هەرچەند گەڕاندنەوەی کۆمەڵگە بۆ دۆخی کۆمەڵگەی دینی پێش سەرمایەداری ئیمکانی نییە، بەڵام بورژوازی چیتر ڕوخساری پێشکەوتنخوازی نیە تا رەوتی سێکولاریزاسیۆن تا هەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵگە بەرێت و بەڵکو بە پێچەوانەوە کۆنەپارێزە بەرامبەر بە هەموو سیما و نەریتە دواکەوتوە دینیەکان و تا بتوانێ  دەیانپارێزێ بە لە بەرچاوگرتنی پێویستیەکانی سەرمایە وپەرچەکرداری چینە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکان. بۆ نمونە ناچارە ڕێگری بەردەم یاسای لەباربردن و زەواجی هاوڕەگەزبازەکان لابەرێ و پەیوەندی دامودەزگا دینیەکان بە دەوڵەتەوە لە نزمترین ئاستدا ڕاگرێ کاتێ ڕێکخراوە و گروپە سێکولاریست و ئازادیخوازەکان فشاری بۆ حکومەت و پەرلەمان دێنن.

 لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێک لە بورژوازی بەدیلی دینی و ئیسلامیان کردۆتە شێوازی دەسەڵاتدارێتی و شەڕیانە لەسەر سەپاندنی مۆدیلی دینی وەک ڕێگاچارەی سەرمایەداری بۆ درێژەپێدانی هەلومەرجی درێژەپێدانی سەرکوت و بێ مافی و کەڵەکەی سەرمایە.

لێرەوە بۆمان ڕون دەبێتەوە کە سێکولاریزم وەک ڕەوتێکی شۆڕشگێڕانە کە بتوانێ کۆمەڵگە لەدەست دواکەوتویی فکری و سیاسی ڕزگار بکا پەیوەستە بە دەورونەخشی بزوتنەوە شۆڕشگیڕەکان کە دژی سیستەمی سەرمایەداری و وەزعی مەوجودەوەن. بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا سێکولاریزم بەشێک لە بەرنامەی هەر بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە پێک دەهێنێ کە ڕێگە دەگرێ لەوەی بورژوازی بتوانێ لە ڕێگای دین و دامەزراوە دینیەکانەوە کۆنەپەرستی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکاتە چارەنوسی چەند نەوەی تر لەم کۆمەڵگایانەدا. هەربۆیە هەر هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانە و هەر شۆڕشێک ڕوبەڕوە لەگەل تێکشاندنی ئەم دەورەی دین و ئیسلام لەم ناوچەیەدا لە ئاستی فکر و سیاسەت و کۆمەڵگەدا.

دیدگای سۆشیالیستی:

گرنگی سێكیولاریزم بۆ كۆمۆنیسته‌كان چییه‌؟ به‌ واتایه‌كی دی، ئایا به‌ده‌ستهێنانی سیستمێكی سێكیولاریستی كار و ئامانجی سه‌ره‌كی كۆمۆنیسته‌كانه‌ یاخود وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و بۆ ڕێگاكردنه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و یه‌كسان سه‌یری ئه‌كه‌ن؟

ئاسۆکمال:

ئاشکرایە ئامانجی کۆمۆنیستەکان گۆڕینی سەرجەم سیستەمی سەرمایەداریە کە لەسەر بنەمای موڵکایەتی تایبەتی بورژوازی بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان دامەزراوە و کرێکاران و سەرجەم کۆمەڵگەی کردۆتە کۆیلەی سەرمایە. شاردنەوەی ئەم کۆیلایەتیە لەم سیستەمە سەرمایەداریەدا پێویستی بە پاساوی تیۆریە تاکو کرێکاران و چینە ژێردەستەکان قەناعەت بەمانەوە و ئەبەدیەتی ئەم ڕژێمە بهێنن. دین هەمیشە دەوری هه‌بووه‌ لەم بێباوەڕبونەی ئینسان بە‌هێزی خۆی و بەتایبەت بۆ کرێکاران و چینە ژێردەستەکان کە خاوەنی بەرهەمی کاری خۆیان نین و لەباری مادیەوە بەهرەمەندنین لە خاوەندارێتی هۆکانی بەرهەمهێنانی ژیانی خۆیان، ئاین دەتوانێ کوێرانە ئەم چارەنوسە درێژە پێبدا. هەربۆیە پێویستی بە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ئەم باوەڕە دینیە و بەشێک لە داهاتی کۆمەڵگە دەکرێتە خەرجی ئەو دامودەزگا فکری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیانەی ئاین و خورافەی ئاینی دەهێڵنەوە. سێکولاریزم توانی دەزگای بەڕیوەبردنی دەوڵەت و خوێندن و یاساکان لە دەستێوەردانی دەزگا دینیەکان دوربخاتەوە و ئەمە هەنگاوێکی گرنگی مێژوویی بوو. بەڵام لەدەرەوەی دەزگا ڕەسمیەکانی دەوڵەت دین وەک دامەزراوەیەک لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا لەلایەن بورژوازیەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە و بەشێک لە قازانجی سەرمایە دەخرێتە خزمەت ئەو بەشە لەکۆمەڵگا کە لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی دیندا کاردەکەن و وەک بەشێکی دانپێدانراوی کار دابەشکردنی کۆمەڵایەتی لە سەرمایەداریدا کاردەکا. هەربۆیە کاریگەری دین و دامەزراوە دینیەکان تەنیا بە دوورکەوتنەوەیان لە دەزگا ڕەسمیەکانی دەوڵەت کۆتایی نایەت، هەرچەندە ئەم ڕەسمی نەبون و ڕێگرە ڕەسمیانەی ڕەوتی سێکولاریزم بۆ دامەزراوە دینەکانی دروست کردوە لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دینی کەم کردۆتەوە لە چەوسانەوە و پێشێلکردنی مافەکانی کرێکاران و چینە کەم دەرامەتەکان.

ئەگەر بەراوردێک بکەین لە دەوری ڕەسمی دەزگا دینیەکان و حزب و ئۆرگان و یاسا ئیسلامیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ سێکولاربونی دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی و دادوەری و خوێندن لە ڕۆژئاوادا ،دەبینین کە چۆن سێکولاریزم دەورێکی گەورەی گێڕاوە لە بردنە سەرەوەی باوەڕبەخۆبون و چاوەڕوانی و دەستکەوتە ئابوری و سیاسیەکان و ئازادیەکان لە ڕۆژئاوادا و چۆن کۆنەپەرستی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی ناتوانێ لە بەرگی پیرۆزیە دینیەکان خۆی بڕازێنێتەوە و چۆن هوشیاری و ئامادەیی بۆ خەبات دژی چەوسانەوە و نەهامەتیەکانی سەرمایەداری ئاسانترە بۆ کرێکاران وخەڵکی ستەملێکراو.

کۆمۆنیزم بریتیە لە بەرپەرچدانەوەی ستەمی سەرمایەداری و گۆڕینی بە سیستەمێکی کۆمۆنسیتی کە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان دامەزراوە. بەدیلی ئیسلامی و سەپاندنی یاسا و شەریعەتی ئیسلامی کە دەیەوێ ئەم ستەمەی چینی بورژوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە بەرگی دینیەوە پیادەبکا، پێویستی بە بەرپەرچدانەوەیە و سێکولاریزم، کە دەزگاکانی دەوڵەت و یاسا و خوێندن و پەروەردە لە دەست دامەزراوەی دینیەکان و بەدیلی ئیسلامی ڕزگاردەکا، ئەمڕۆ بەشێکی گرنگ لە خەبات دژی سیستەمی سەرمایەداری لەم ناوچەیەدا پێک دەهێنێ. کۆمۆنیزم لەم خەباتە زیندوەی کرێکاران لە بەرامبەر بەدیلە بورژوازیەکاندا، کە لە دەسەڵاتدان یان بەشێکن لە ململانێی دەسەڵاتدارێتی بەشە جیاجیاکانی بورژوازی، شکڵ دەگرێ و لەم شەڕانە لەگەڵ بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرمایەدا ئەرک و ئامانجەکانی دیاری دەکا و هوشیاری و ئامادەیی دروست دەبێ. کۆمۆنیزم چوارچێوە و ئایدیۆلۆژی ڕوت و ئەبستراکت نییە کە لە تێکست و نوسینەکاندا بەتەنیا هەبێ، بەڵکو کۆمۆنیزم بزوتنەوەی چینێکە کە لە شەڕ لەگەڵ چین و هێزی دەسەڵاتداردا زیندوە و هەست بە وجودی چینایەتی دەکرێ. کاتێک وەک هێزێک  دەردەکەوێ کە تاکی کرێکار و زەحمەتکێش کۆدەکاتەوە لە کۆیەکی چینایەتی جیاوازدا لە بەرامبەر بورژوازیدا . هەلومەرج و داواکاری و تایبەتمەندیەکانی ئەم خەباتەش لە پێشدا داڕێژراو و بەپێی دەقە نوسراوەکان نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی یاسا گشتیەکانی سەرمایەداریدا لەهەر شوێن و هەر سەردەمێکدا ئەم خەباتە خاوەنی تایبەتمەندی و دۆخ و ئەرکی دیاریکراوە، کە بریتیە لە تایبەتمەندیەکانی شێوازی چەوسانەوە و گرفتەکانی دەسەڵاتدارێتی بورژوازی لە وەڵامدانەوە بە خواستەکانی کرێکاران و چینە ناڕازیەکان. لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاتێک  بورژوازی لە قاڵبی دین و ئیسلامدا بونەتە ئەو بەدیلەی دەیانەوێ ئەزمەی ئێستای سیستەمی سەرمایەداری بەرەو سەپاندنی کۆنەپەرستی و سەرکوت و بێ مافی زیاتری کرێکاران و چینە هەژارەکان بەرن، شەڕ دژی بەدیلی ئیسلامی و خەبات بۆ سێکولاریزم و جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت و خوێندن و یاساکان، خۆی بەشی جیانەکراوەی خەبات دژی سیستەمی سەرمایەداری و خەباتی کۆمۆنیستیە. جیاکردنەوەی مەیدانەکان و خواستەکانی خەباتی کرێکاران لە ژێرناوی سەرەکی و لاوەکی، ئێستا و ئایندە لە نەریتی کۆمۆنیزمی باودا دەتوانێ بەمانای بێڕۆح کردنی خەباتی واقعی کۆمۆنیستی بێ و لەقاڵبدانی ئایدیۆلۆژی خەباتی واقعی دژی بورژوازی و بەدیلەکانی بێ.

ئاشکرایە کۆمۆنیزم کاری کۆتایی هێنان بە دەزگای دەوڵەتە نەک تەنیا سێکولارکردنی، ئاشکرایە کاری کۆمۆنیزم کۆتایی هێنان بە خورافە و بازرگانی دینی و لەبەرامبەردا گەشەی زانست و فکری ئازادی ئینسانە نەک تەنیا کردنی دین بە کاری شەخسی، بەڵام خەبات دژی دەسەڵاتی دەزگا دینیەکان لە بەڕیوەبردن و یاساکاندا و سێکولاریزەکردنی دامودەزگا دەوڵەتیەکان خۆیان هەنگاوێکن لەپێناو ئامانجی ڕزگاری ئینسان لە دەست هەموو جۆرەکانی چەوسانەوەی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، ئەگەر لەلایەن کرێکاران و کۆمۆنیستەکانەوە بەرپابکرێ و ڕێک بخرێ و بەسەرئەنجام بگەیەنرێ. هەرهەنگاوێک بۆ شکستی بەدیلی ئیسلامی و یاسا دینیەکان و خوێندن و پەروەردەی ئیسلامی کەڵەکەکردنی سەرمایەی فکری و ئاستی هوشیاری و ئامادەیی عەمەلیە بۆ شکستی سەرجەم بەرنامە و بەدیلی باڵەکانی بورژوازی و ڕێگاکردنەوەی ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵاتیەیە کە دەتوانێ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان  لەسەر کەلاوەی سیستەمی سەرمایەداری دامەزرێنێ. هێزێک کە شۆڕشی کۆمۆنیستی بەرپادەکا ئامادەیی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی پەیداکردوە کە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبردن و باوەڕبەخۆبون و میحوەری بونی ڕزگاری ئینسان لەدەست هەموو دەسەڵات و ئوتۆریتەیەک باربهێنێ و ئینسان بکاتە سەروەری خۆی و بەواقعی بە توانای باڵا و هەمەلایەنەی “ئاسمانی” مرۆڤ بگات.

Add Comment

Click here to post a comment