کۆمۆنیزم

باوەڕی کۆمۆنیستی توخمـێکی مێژووییە نەک تیۆری، هاوڕێ جەبار مستەفا وەک نمونە

باوەڕی کۆمۆنیستی توخمـێکی مێژووییە نەک تیۆری، هاوڕێ جەبار مستەفا وەک نمونە

بۆنزیک سێ دەیە هاوڕێ جەبارم ناسی و ئەو دوو دەیە پێش ئەوەش کۆمۆنیست بوو. بەڵام هەرکەس هاوری جەباریشی نەناسیبێ ، ئەوەندە بەسە ئەو گفتوگۆیەی ئەم هاوڕییە ببیستێ و ببینێ کە هاوری عەلی محمود لە بەرنامەی سەکۆی چەپی کەناڵی ڕێگا لەگەڵی کردوە. ئەم هاوڕێیە هەرچی جۆری گروپی کۆمۆنیستی و ئایدیای کۆمۆنیستی لە عێراق و کوردستاندا بوە ئاشنای بوە و خۆشی دەستی لە دروستکردنی بەشیکیاندا بوە. سەرەڕای ئەوەش دوای نیوسەدە لەم کۆمۆنیزمە کۆڵی نەداوە و بگرە ژیانی بۆتەرخانکردوە. نهێنی ئەم ماندونەناسیەی جەبار مستەفا لە تێۆریەکانی کۆمۆنیزمدا نیە چونکە تێۆریەکانی سەردەمی ئەو زوو زوو دەگۆڕان ، لە سۆڤێتەوە بۆ چین و ئەلبانی و پۆپۆلیستی و مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیزمی کرێکاری. بەڵام ئەوەی ئەم هاوڕییە و نەوەی ئێمەی کۆمۆنیستەکانی بۆزیاتر لەسێ – چوار دەیەیە لەسەر باوەڕی کۆمۆنیستی هێشتۆتەوە ئەو مێژووەیە کە جەبارمستەفا و هاوڕیکانی دروستیانکردوە.
ئەم مێژووە بریتیە لە خەبات بۆڕوخانی بەعسی فاشی و ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە سەرکوتی ناسیونالیزمی کوردی یەکێتی و پارتی و ڕەخنەگرتنی بەردەوام لەهەموو ئەو لایەن و هێزە بورژوازی و وردەبورژوازیانەی لە عێراق و کوردستاندا دژی بەرژەوەندیەکانی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو و ئازادیخواز بوون. هەربۆیە باوەڕی کۆمۆنیستی ئەو مێژوویەک لە خەبات و قوربانیدان دروستی کردبوو نەک تیۆریەک .جبار مستەفا لەتیۆریانەدا بەدوای پەیداکردنی ڕێگایەکەوە بوە کە ئەم خەباتە چینایەتیەی دژی سەرمایەداری خاراوتربکا.

بەداخەوە کە هاورێ جەبار ئێستادا لەناوماندا نیە و هێشتا وەک کۆمۆنیستەکانیش نەمانتوانیوە چینی کرێکار و خەڵکی هەژار لە دەست ئەم دنیا پڕ لەستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداری و دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی بورژوازی ڕزگاربکەین. بەڵام ئەوەی جێگای شانازیە کە ڕیزی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی هەمیشە پڕبوون لە کەسانی ماندونەناسی وەک هاوڕێ جەبار کە بانگەشەیان بۆ دنیایەکی ئازاد ویەکسان کردوە و پەردەیان لەسەر تاوان و ستەمکاریەکانی دەسەڵاتی سەرمایەدارانی کورد و عەرەب هەڵداوەتەوە لە عێراق و کوردستاندا وکرێکاران و زەحمەتکێشانیان بۆ خەبات لەدژی نایەکسانی و نادادپەروەری هانداوە. ئاخرین دیاری جەبار مستەفاش ئەو کتێبەبوو ((سه‌باره‌ت به‌ خه‌باتی ئابوری چینی کرێکار)),کە چینی کرێکار بۆ خەباتی ئابوری هان دەدا. خەباتی ماندونەناسانەی هاوری جەبار و کۆمۆنیستەکان توخمی دروستکردنی مێژوویەکی پڕ لەشانازیە کە لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ گەیشتن بەو دنیا یەکسان و ئازادەی تیایدا هەموو ئینسانەکان دەبنە خاوەنی دڵیکی گەورەی وەک جەبار مستەفا ،کە جگە لە سۆزوخۆشەویستی و وەفاداری بۆ ئینسان جێگای هیچی تر نابێ.

ئاسۆکمال

٢/١/٢٠١٩

Add Comment

Click here to post a comment