ئەدەب

دڵی خانوە گڵە ئەبەدەیەکە

شەوانی هاوینی ماڵە گڵەکەمان لە گۆیژە خەیاڵی هەمیشە دەبردم بۆلای ئەو مەعشوقە خەیاڵیەی بەڕۆژ دەمبینی و نەمدەتوانی باسی دڵمی بۆبکەم. کاتێک گەرەک کپ و بێدەنگ دەبوو لەسەر ئەو چەندین سەربانەگڵانەی پیکەوە ڕیزبوبون ئەو کات لەگەڵ مانگەشەوە گەورەکەدا دڵی منیش باسی خۆی بۆ ئەو عاشقە بەخەیاڵی شیعری دەکرد. ئەو مەعشوقە هیچ کات ئەم نامانەی نەدی و هەرکات دەمبینی خۆم لەو دنیایەی شەوانی مانگ و شیعر و غەزەلە فارسیەکانی گوڵەڕەنگاوڕەنگەکان دەدزیەوە و هیچ وشەیەکی شەوم لەڕۆژدا بۆ ئەوم نەدرکاند. هەربۆیە هیچ کات ئەم عەشقە ڕۆمانتیکە نەبوە ڕیالیست؟ نازانم بۆ؟
بەڵام دنیای خانوی گڵ و غەزەل و مانگەشەو تەنیا دەیانتوانی لەناخمدا خۆشیەکی بێوێنەدروست بکا. ئەم دنیای خەیاڵەم بەلاوە هەموو مەبەستەکەم بوو.
پاش ساڵانێکی دورودرێژ ئەم یادە خۆشانە دەتوانێ بتگەڕێنێتەوە بۆ ئەو جیهانەی کە هەموو شتێکی تێداگۆڕاوە ئەم هەست و یادگاریە نەبێ. لەوەدەچێ خۆشەویستی وەک یادگاری دەوانی زۆرمناڵی بچنە بەشی دراوسێی ئاگاییەوە و هیچ فلتەرێک نەیانگرێ لە مێشکدا هەربۆیە تا ئەبەد لەوێدا دەمێننەوە.
ئەو دڵەی لە خانوە گڵەکانەوە دەکرانەوە بەڕووی مانگەشەودا ئێستاش لەگەڵ هەر نەسیمێکی ئەو تاڵانەی قژی مەعشوقدا ئامادەی کۆڕی شەونخونیە بەدیار غەزەلی ڕەنگاوڕەنگەوە و دەڵێی هیچ شتێک لەم دنیایەدا نەگۆڕاوە. تۆ بڵێی ڕۆژێک بێت ئەمە ببێتە ئەبەدەیەت؟ ئەمە ئەو خەیاڵەیە کە مرۆڤ لەسەرەتای دروستبونیەوە لەگەڵیدا لەدایک بوە و ئەستەمە. بەڵام ئەبەدیەت دەتوانێ لە سنوری ئەو خەیاڵەیەدا بێت کە سەرتاپای ژیانت لەگەڵتا بێت و ڕۆحت سەرشاری خۆشی خۆی بکا.
لەمنالیەوە حەزم لە چیرۆک بوو و لەگەڵ ڕۆمانەکاندا گەورەبوم و دواتر خولیا و حەزەکانی خۆم واتێکەڵاوی ڕۆمانەکان بوو کە نازانم کامیان چیرۆکی خۆشەویستی لای من دروستکردوە؟ دنیای چیرۆکەکان لە خانوە گڵەکاندا ڕۆچونەتە ڕاستیەکانی خەێاڵدانی منەوە کە وا هەست دەکەم دڵێکی ئەبەدی پێ بەخشیوم کە هەست بە هەمان هێزی لێدانی گەنجی ئەو ساتانەی دەکەم کە شەوانە لە بەردەم مانگەشەودا شیعرە کورتەکانی بۆ ئەو تاڵانە دەوت کە هەرکامێکیان دڵێکی پێوەهەڵواسرابوو.

Add Comment

Click here to post a comment