ئەدەب

گەشتێکی خەیاڵ بەرەو نەسیم

ئایا دەکرێ ژیانێک چاوەڕوانی نەسیمێک بیت و دواتر بەلاتا تێپەڕێ بێ ئەوەی ئاوڕێک بداتەوە؟ ئەمە بەسەرهاتی من بوو نازانم تۆ حەز دەکەیت گوێ بۆ چیرۆکێک ڕادێری کە تەنیا خەیاڵێک بێت. بەڵام ئەم خەیاڵە کە چەندین ساڵ من بەدوایدا دەچوم لەوانەیە شتێک بەتۆش بڵێ لەسەر ئەو خەیاڵانەت کە هەموو تەمەنت بەشوێنیدا وێڵیت. بزانە ئاکامی ئەو خەیاڵە چیە کە دەبێتە واقیع بەڵام باوەڕناکەی کە ئەوە کۆتایی چاوەڕوانیەکەیە.
من ،ناوم خەیاڵە، لە دامێنی شاخی گۆیژەدا لەدایک بوم. چەندین ساڵ لەوەوبەر نەسمێکی خۆشەیستی بە ڕۆحمدا گوزەری کردبوو و بەڵام لەو کاتەوە بەدوایدا وێڵ بووم و بە حەسرەتەوە بووم کە پێش ماڵئاوایی لە ژیان جارێکی تر ئەو نەسیمە لەدنیای ڤێرچواڵیشدا بێت ببینمەوە.
من زۆر لە دنیای خەیاڵی خۆمدا دەژیام و پێم وابوو هەموو دنیا لەو چرکە ساتانەی یەکەم ژوانەکان لەگەڵ ئەودا ڕاوەستاوە و هەر کات بیری لەو نەسیمە دەکردەوە دەتوت لەو ساڵە دورودرێژانەی هەموو شتێک گۆڕاوە ، بە سپی بونی تاڵەکانی سەری خۆشمەوە، لە دنیایەکی تردابوم کە تەمەن تیایدا ڕاوەستاوە. هەربۆیە نەمدەیویست ئەو چاوەڕوانیەی لەگەڵ هەموو تەمەنمدا بوبو بەهاوڕێ ،لەناو ئەو بڵقی بیرکردنەوە لە نەسیمەکەدا بچێتە دەرەوە و هەواشی بەرنەکەوێ تاکو ئەو خەیاڵەم نەبێتە بڵقی سەرئاو.
دەرگای هەموو خەیاڵەکان گەڕام تا هەواڵێکی ئەو نەسیمەم جارێکی تر دەست بکەوێ و ئەو مەدوا پچڕاوە گرێ بدەمەوە کە تیایدا ئەم نەسیمەی لەبەرچاوم ون کردبوو. کاتێک خەیاڵەکان خیانەتیان لێکردم و هیچیان بۆ نەکرا تا سەردەواێک پەیدابکەن. کەوتمە دوای سێبەری هاوڕێکانی نەسیمەکە و بەدوای هەواڵی هەموو کزەباو و ڕەشەبا و تەوژمێکی گەرما و سەرما دا دەچووم. دواتر زانیم ئەوانیش دەمێک بوو دوور کەوتبونەوە لە سەرزەمینی ئەو کەشوهەوایەی کە جاران کۆی دەکردنەوە و هیچ هەواڵێکیان لەو دۆستە قەدیمیەیان نەبوو.
دەڵین هەموو دنیا لە گوندێکدا بچوک بۆتەوە بەڵام من چەندین ساڵ لەم گوندە بچوکەدا کۆڵان و ماڵی نەمابوو سەری پێدانەکەم. دەست بەتاڵ هیچم دەست نەدەکەوت. کاتێک بێ ئومێد دەگەڕامەوە بەخۆم دەوت دنیا بۆ هەموو کەس بچوک نەبۆتەوە. بێ ئومیدی وەک سکی بەتاڵ وایە هیچ واقعێکت لا ڕۆشن ناهێڵیتەوە. بەڵێ خەفەت و حەسرەت نسیبی ئەو خەیاڵە بوو کە دنیای تەی دەکرد بەدوای نەسیمەکەدا و دواتر دەبوایە بگەڕایەتەوە ناو خەیاڵدان و شوێنێکی تری نەبوو بۆ دڵدانەوەی خۆی. ئەوە حاڵی هەموو گەڕیدەیەکی عاشق بە ڕاستیە کە دەبێ دڵی خۆی بەوە خۆش بکا کە گرنگە هێشتا خاوەنی باوەڕبون بە ئایندەیە و نابێ واز لەو خەیاڵە بهێنێ کە ئەو ئایندەیە چاوەڕوانیەتی.
ئەنشتاین دەڵێ خەیاڵ لە زانیاری داهێنەرترە. نازانم ئەم جۆرە خەیاڵە بە نەسیمەوە چ داهێنانێکی لە خەیاڵی مندا دروستکرد، بەڵام دەزانم ئومێد و ڕۆمانس و خەیاڵی خۆش بەشێک لەو خۆراکە گیانیە بوو کە ئەم گەڕانە بەدوای نەسیمدا بەمنی دەبەخشی. ئێمە ئێستاش بەدوای خەیاڵی کۆمۆنە سەرەتاییەکانی مرۆڤداین کە تیایدا ژیانمان ئاسودەتر و پڕ بەهای ئینسانی بوو، ئێمە هەموو ژیانمان بۆ ئەوە تەرخانکردوە کە دوبارە ئەو نەسیمە لە خۆشەویستی بگێڕینەوە بۆ ژیانمان. منیش بەخۆم دەوت خەیاڵەکەی منیش مشتێکە لەو خەروارە.
خەیاڵ دەتوانێ زیندانیت بکا، بەڵام ئەم نەسیمە لە خەیاڵی مندا منی بەدوای خۆیدا کێش دەکرد تا لە زیندانی مانەوە لە ڕۆتیندا دەرچم. دەرچوون بۆ ئەو بەری ڕوبارەکە، کە ئەگەر ئەم خەیالە نەبوایە نەمدەتوانی بچم و غەرقی ڕۆتینات بوبوم. ئێمە بەشێکی زۆری ژیانمان لەم ڕۆتیناتەدا بەسەر دەبەین. تەنیا کاتێک ،کە لەناو فڕۆکەدا لە ئاسمانەوە سەیری مرۆڤە بچوکەکان دەکەین کە چۆن سەریان کردوە بە ژیانی ڕۆتینەوە و هەمیشە وەک شارە میروولە دەجوڵێن ،بە خۆمان دەزانین کە ئەمە چ جۆریک لە خۆخەریک کردنە. لەوکاتەدا بەخۆت دەڵییت مرۆڤەکان بۆ ئەم خوە ناگۆڕن. تۆ سەیرکە کاتێک سەفەر دەکەیت چ ئاسودەییەک بە ناو ڕۆح و گیانتا گوزەردەکا و هەست دەکەیت لە زیندانێک ڕزگارت بوە. خەیاڵ بۆ من ئەم گەشتانە بوو و زۆر مورتاحی دەکردم . هەرچەند من نەمدەزانی قۆناغی کۆتاییم کوێیە؟ بەڵام گرنگ بوو سەفەر دەکەم و چاوەڕێی شتێک دەکەم.
هیگڵ دەڵێ “زانینی پێویستی ئازادیە”. من هەستم بەم ئازادیە دەکرد کاتێ دەمزانی پیویستم بە سەفەرێکی خەیاڵە.بەڵام ئەم گەشتانەی من لە چیرۆکە ئەفسوناویەکانی کۆن دەچێ کە ڕێگاکەی شاخاوی و نەزانراوە و تەنیا سەردابێکە. ئەو کەسانەی کە ژیانی خۆیان بۆ شوێنێکی نادیار تەرخان دەکرد و گیانیان دەخستە خەتەرەوە دیارە بەهەمان ئازادی گەیشتبون کە دەبێ شتێکی نەزانراو بدۆزنەوە و یان خەونێکیان بهێننە دی.
لەوە زیاتر ئێوە لەگەڵ ئەم سەفەرانەدا هیلاک ناکەم. بۆیە باپێتان بڵێم چی ڕویدا کاتێک بە کۆتایی خەیاڵەکە گەیشتم. من بە نەسیمەکەم گەیشتم بەڵام ئایا گەیشتنێک کە دڵم دەیخواست و خەیاڵەکەم نەخشەی کێشابوو؟ دنیای واقعی وەک خەیاڵەکانمان سادە و ئاسان نیە. ئێستا لە پێشتر هەست بە نادیاری دەکەم بەڵام جیاوازی هەیە. من ئێستا هەست بە ژیان و زیندویەتی خەیاڵ دەکەم کە نەسیمێک لە خەیاڵەوە بوەتە ڕاستی. دەتوانم بیبینم ، دەتوانم هەستی پێ بکەم. ئایا خەیاڵی من بەدوای چیترەوە بوو؟ بێگومان خەیاڵ سنوری نیە هەربۆیە داهێنان دەکا. ئەمە سروشتی خەیاڵە و من کارێکم پێ ناکرێ بۆ ڕاگرتنی.
بەڵام کاتێک گەشتمە مەنزەڵ بۆم دەرکەوت من سەفەرم لە گەڵ خەیاڵی خۆمدا کردوە و ناتوانم جگە لە خەیاڵی خۆم شتێکی ترم دەست بکەوێ.بەخۆم وت گرنگ ئەوەیە خەیاڵیک کە هەمانە کاری بۆ بکەین تا دەگەینە واقیع. لێرە ئازاد دەبین و دەزانین کە ئێمە هەین چونکە دەتوانین خەیاڵ بکەین و سەفەربکەین بۆ گەیشتن بەو نەسیمەی دەمانەوێ ئاسودەمان بکات. ئەمە سەفەری ئەفسوناوی ژیانە کە ئایندە دیارنیە بەڵام هەمیشە نەخشەی خەیاڵێک هەیە کە دەمانبات بەرەو زانین و بەدەستهێنانی ئەو ئایندەیە. ئەمە چیرۆکی گەشتە خەیاڵیەکەی من بوو…

 

Add Comment

Click here to post a comment