ئەدەب

شانسی دوو دایکی

بەهەشت لەپێی ژێر دایکدایە بەڵام بەهەشتی ژێرپێی دایک لەو شوێنە خەیاڵیە نیە کە دینەکان دایاناوە بەڵکو هەر ئەم سەرزەویەی ژێر پێی دایکەکانمانە کە ئێمەی تیا گەورە دەکەن.
بۆیە من شانسی دوو بەهەشتم هەبوە چونکە دوو دایکم هەبوە لەژیاندا.
دایکی دوەمیان ئەو خوشکە گەورەیەم بوو کە چاوم لەگەڵ سۆزێکی فراوان و خۆشەویستیەکی بێ پایانیدا هەڵهێناوە.
ئێمە زۆرکات ئەوەندە خۆشەویستی دایکەکانمان بە مسۆگەر وەردەگرین کە ناچینە ناو ڕۆحی ئەوانەوە تا خۆمان ببینین لە چ دەریایەکی خۆشەیستی ئەواندا مەلە دەکەین. بێ باکی شتێکە دەڵێی لەگەڵ شیردا دەماندەنێ تا ئاوڕنەدەیتەوە لەو بەخشندەییەی هەمیشە دەڵێی چاودێری دڵت دەکا و شەونخونی هەناسەکانتە.
چەند خۆشە کاتێ کە ئەم خۆشەیستیانە تەنیا لە خانەی دراوسێی ئاگایماندا خۆیان نەشاردۆتەوە و بە هەموو جوانیەکانیانەوە دەردەکەون و ئەم دایکانەمان دەزانن کە زمانی خۆشەویستیمان بۆیان پژاوە و لە وردەکاری ژیانی ئەوانیشدا ئێمەش بە هۆش و هەستەوە ئامادەین.
کاتێ ئەم کەسە نزیکانەمان نابنە میوانی بیرو گفتوگۆی ڕۆژانەمان و تەنیا لە نزیکیان دەژین دەبێ بزانین کە چ بەشێکی گرنگی ژیانی خۆمان لێ ونە و لە فەرامۆشیدا دەژین. ئایا چی دەزانین دەربارەی ناخی ئەو کەسانەی شەو و ڕۆژ لەگەڵیان دەژین و ژیان بەسەر دەبەین؟
ئەگەر بەهەشت ئەو ئاسودەییە نادیارەیە کە هەموو ژیانی مرۆڤایەتی بریتیە لە چیرۆکی ئەو، ئەوا دایک و خۆشەویستە نزیکەکانمان ئەو بەهەشتە دیارەی ئێمەن کە دەبێ بە هەموو پێدەشت و ڕوبارەکانی ئاشنا بین و بزانین کە ئاسودەیی ئێمە لەچ سەرچاوەیەکەوە هەڵقوڵاوە.
دانیشتن و گفتوگۆکردن و باسی ڕازی دڵ و نهێنیەکانی ژیانت لای ئەم کەسە نزیکانەت بکە تا بزانی چی هەیە لە ژیاندا هێندە ئاسودەت بکا بە هێندەی خۆشەویستی ئەوان. بەهەشت هەر گرنگ نیە کە هەت بێت بەڵکو گرنگە پێی ئاشنابیت و هەموو شوێنێکی گەڕابیت و چێژت لەهەموو شتێکی وەرگرتبێ.
بەڵێ من شانسم هەبوو دوو بەهەشتم هەبوو و دایکی دوەمم “باجی” بەشی زیندوی بیرەوەریەکانی مناڵی و گەنجیمە ،کە لە هەر ئاوڕدانەوەیەکی خەیاڵمدا وەک میهرەبانیەکی گەورە ئامادەیە و چاودێریم دەکا. حەزدەکەم بتوانم منیش لە هەر ئاوڕدانەوەیەکی بیرەوەری و خەیاڵەکانی ئەودا بم تا پێی بڵێم کە چەندم خۆش دەوێ.

Add Comment

Click here to post a comment