نارەزایەتیەکان

تیرۆری کاوە گەرمیانی پێمان دەڵێ

هیچ شتێک جگە لە نەمانی دەسەڵاتی میلیشیا و مافیاکان چارەسەری ئەم دۆخەی کوردستان ناکا.

کوژرانی کاوە گەرمیانی داخێکی گەورەیە کە ڕۆژنامەنوسێکی بوێر لەناوبرا کە دژ بەگەندەڵیەکانی بەرپرس و ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی لە گەرمیان ڕاپۆرت و بەڵگەی بڵاودەکردەوە و خەڵکی هەژار و ماف خوراوی گەرمیانی ئاگاداردەکردەوە لێیان..


کەیسی کاوە گەرمیانی کەیسی تیرۆر و کوشتن و هەڕەشە کردنە لە هەر ئازادیخواز و دادپەرەورێک کە دژ بە گەندەڵیەکانی بەرپرسانی حزبی و حکومی دەنگ هەڵبڕێ و ڕاستیەکان ئاشکرابکا و گەندەڵکارانی دەسەڵاتدار بناسێنێ بە خەڵکی ستەم لێکراو و بەشخوراوی کوردستان.


هەربۆیە ئەم کەیسە کەیسی هەموو خەڵکی کوردستان و کەیسی دژی گەندەڵی دەسەڵات و کەیسی هەڕەشەی تیرۆرە لەلایەن گەندەڵکارانی دەسەڵاتدارەوە. بەم پێ یە لەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە ئەو بەرپرسانەی کە هەڕەشە و شکات و ناویان لە دۆسیەکانی گەندەڵی و زانیاریەکانی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی و گۆڤار و سایتی ڕایەڵدا هاتوە تەسلیم بەدادگا بکا بۆ لێپرسینەوە و بەدواداچون و لیژنەیەکی سەربەخۆ لە ئیدارەی گەرمیان بەبەشداری ڕۆژنامەنوسان و بنەماڵەی کاوە گەرمیانی و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و نیودەوڵەتیەکان پێک بهێنرێ تاکو تاوانبارانی ئەم کەیسە بدۆزرێتەوە و دادگایی عادلانە بکرێن.

ئەرکی هەمووان کردنی کەیسی کاوە گەرمیانی بە کەیسی دژی گەندەڵی دەسەڵاتداران و پێکهێنانی لیژنەی لیکۆڵینەوەی بێ لایەن و دۆزینەوە و دادگایی و سزای تاوانبارانی ئەم کردەوە تیرۆریستیانەدا.


ئاشکرایە کە تاوانی تیرۆری کاوە گەرمیانی هەمان تاوانی تیرۆری سۆرانی مامە حەمە لە کەرکوک و تیرۆری سەردەشت عوسمانە لە هەولێر و پێکەوە ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە لە هەموو شوێنێکی کوردستان ئازادی ڕادەربڕین و دەنگ هەڵبڕین دژی گەندەڵی دەسەڵات لە ژێر هەڕەشەدایە ،هەربۆیە هیچ شتێک جگە لە نەمانی دەسەڵاتی میلیشیا و مافیاکان چارەسەری ئەم دۆخەی کوردستان ناکا.

Add Comment

Click here to post a comment