ئەدەب

ساتێک لە سەروو هەورەکانەوە بژی

ئێوارەیەک بوو لە ناو فڕۆکەکەدا تەنیا بووم و لەو جۆرە ساتانە بوو کە دەڵێی تازە هاتویتە دنیاوە.
گەشتینە سەروو هەورەکان تیشکی خۆرەکە هیچ ڕێگری لێنەدەکرد کە هات خۆی بەسەر ڕەنگی شەرابە سوورەکەمدا پەخشکرد و منیش خۆم دایە دەست ئەم سەفەرە ئەرخەوانیە نادیارەی ژیانەوە.
کورسیەکەی تەنیشتم کیژێکی تێدا بوو وەک من تەنیا بوو. پرسیاری سەفەرەکەیم لێکرد. لە کاتێکدا ئەو بەدەنگە ناسکەکەی ڕۆچوە ناو باسی گەشتەکەی بۆ ئەو شارەی لەسەر ئاوە، نەم زانی چۆن شەرابە ئیتالیایەکە لەگەڵ خەیاڵەکانی ئەودا منی لەسەر هەورەکان دانابوو. زۆر زوو نوقمی ئەو دیمەنانەی شاخ و دەشتاییەکانی کردم. لە نێو هەورەکانەوە بە ڕێگا باریکەکانی و دەریاچە شینەکانەوە هەستم بە دووریەکی قوڵ کرد لەو خاڵی بونەوەیە لە جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانە.
پرسیارێک بە قوڵایی ئەو بەرزاییە لە سەروو هەورەکانەوە سەرنجەکانی منی شۆڕکردە خوارەوە بۆ سەر جادەکانی سەر زەوی. هەستێکی سەیر لە ناخمدا سەری هەڵدا. پرسیار وهەستێک سەبارەت بە سادەیی ئەو مرۆڤە بچوکانەی لە خوارەوە لە هاتوچۆدابوون، بەڵام هەر یەکەیان ئێستا خەریکی کارێکن و هەموو دنیا لەو کێشە و مەسەلەدا دەبینن کە ژیانیانی داگیرکردوە.
لە خۆمم دەپرسی بۆچی ژیان لەو خوارەوە هێندە ئاڵۆزە و پەشۆکاوە، بەڵام دیمەنی ئینسانەکان لەسەروو هەورەکانەوە ئەوەندە سادە و ئارامە؟
دەتوت لە دووربینی هابڵەوە سەیری مێژوویەکی دووری مرۆڤ دەکەم. ئەو ژیانە سادەیەی لە سەروو هەورەکانەوە هەستم پێدەکرد زۆر جیاواز بوو لەو هەموو ڕۆچونە ڕۆژانەیەی ڕیبوارەکان بە خۆیان و ماشێنەکانیانەوە وەک شارە میروولە بەبێ وچان دەجوڵان. ئای کە جەنجاڵیەکی سەیرە کە وا گیرۆدەی کردون فریای ژیان ناکەون!
خەیاڵە ئەرخەوانیەکەم لێی پرسیم بۆچی ئینسان نایەت لەسەروو هەورەکانەوە بژی تاکو سادەیی و ئارامی ژیان لە سەروو ئەم هەروانەوە هەست پێ بکات؟
لەوانەیە ئەو کات ڕای لەسەر ئەو هەموو خەم و گیرۆدەییە بگۆڕێ کە بۆتە نۆرمی ژیان. لەوانەیە ئیتر پێویست نەکا هەر خەون بە بەهەشتی ئەفسانەکانەوە ببینی و ژیانی خۆت بۆ ئەو خەیاڵانە سەرف بکەیت لە تەکیە و خانەقا و پەرستگاکاندا تا بە ئارامگایەکی خەیاڵی بگەیت.
سەفەری سەر هەورەکان فێرت دەکا کە شتێکی تر لەسەروو ماندوویەتی ژیانی ڕۆژانەی ئێمەوە هەیە! ئەویش سادەیی ژیان و ئارامیە.
ئارامی چێژێکی ژیانە، کە سەفەری دوور فێرمان دەکا، بەڵام دەتوانین بەسەردانێکی سەروو هەورەکان ئەم ڕێگایە کورت بکەینەوە و دەرسی گرنگی ئارامی لە ژیانی خۆمان وەرگرین.
ئێمەی مرۆڤ دۆزینەوەمان زۆر کردوە، بەڵام بۆ دروستکردنی ژیانی سادە و ئارام، کە گرنگترین دەستکەوتی ژیانمانە، دەڵێی چاوەڕوانی هەمان سیستمی پڕ لە کێشە و ڕاڕایی پلۆتۆی خواوەندی پارەین کە بەهای ئێمەی کردوە بە جەنجاڵی و خەمی ژیانی ڕۆژانەی نانەوە.
لەم چەند ساتەی سەروو هەورەکانەوە ئەم هەستەم بە ژیانێکی ئارام و سادەی مرۆڤ، وەک دۆزینەوەی ئارکۆلۆژیەک، مەستی کردبووم.
کاتێک فڕۆکەکەم بەرەو خوار دەبوەوە بۆ نیشتنەوە من ڕووم لەلای چەپی پەنجەرەکە وەرگێڕا و دیمەنە شینە دڵ ڕفێنەکانی دەریا و شارە دەریاییەکە ڕژا بوونە ناو چاوەکانی کیژەکەی تەنیشتمەوە و منیان لەگەڵ خۆیان بردبوو. کیژەکە پێی وتم چاوەڕوانی بینینی شوێنێکی جیاواز بە، دیمەنەکانی شارێک لەسەر ئاو. لەو شارەدا بەسەر زەویەکی ئاویدا دەگەڕام تا پەیامی یۆتۆپیا و خەیاڵی سەر هەورەکان وەک ئیدیۆمی ژیانی سادە و ئارام بۆ ئەو ڕیبوارانە بەرم کە دانیشتوانی ئەم شارە توریستیەیان پێک هێنابوو. گەشتیارەکان هەمیشە بەدوای پەیداکردنی ساتێک ژیانی ئارام و ئاسودەن. هەربۆیە دڵم خۆش بوو کە ئۆدیەنس و گوێگری ئەم گەشتە ئەرخەوانیەی سەروو هەورەکان زۆرن.

Add Comment

Click here to post a comment