ئەدەب

کاتێک یادەوەری دەبێ بە مۆزەخانە هەست بەچی دەکەی؟

ئامادەیی سلێمانی کوڕان
کاتێک یادەوەری دەبێ بە مۆزەخانە هەست بەچی دەکەی؟

وێنەی ئەو ڕۆژەی سەرەتای بەهاری تەمەنت تۆ چویتە ئەم مۆزەخانەیە و ئەوکات ژیان تیایدا ڕوبارێکی بەخوڕ بوو. پۆلی چوار و پێنج و شەشم لەگەڵ پۆلێک هاوڕێ و هاوپۆلم لێرە بردەسەر کە وێنەکانیان لە زەینمدا هەر گەنجانەیە. وێنەی ئەو دەرسانەی مامۆستای ئینگلیزی چیرۆکی کیپەری پێ‌دەوتین یان خۆشترین وانە وەرزش بو کە مامۆستا خلیل تۆپێکی دەداینێ و هەموو وزەی گەنجی ئەو ڕۆژەمان ئەو نیوسەعاتە لە فوتبۆلدا سەرف دەکرد و حەزمان نەدەکرد کاتەکەی تەواو بێت. یا لەپۆلی پێنجدا سەرمان کردە خوێندنەوە و کتێبی مارکسی یاساغم لەگەڵ شەهید شوانی هاوڕێم دەگۆڕیەوە و ساڵی ١٩٨١ هەموو لەپۆل هاتینەدەر و لەم حەوشەیەی وێنەکەدا دژ بەبەعس کۆبوینەوە و باسی خۆپیشاندانمان دەکرد. یاخود پۆلی شەش و قسە خۆشەکانی مامۆستا فوئاد ئەسکەندەری کیمیا و ئەفراسیابی بیرکاری و کۆکردنەوەمان لەپۆلێکدا لەلایەن مامۆستا کەمالی ئینگلیزی کە لەخەمی ئەوەدابوو کە چۆن نمرەی سەروو ٩٠ بێنین لە بەکلۆری. ڕۆژانێکی خۆشمان لەو بەهاری تەمەنەدا بردە سەر بە کۆمەڵی هاوڕێ چون بۆ فلیمی شۆڕشی نیکاراگوا”THE DOG”. ئەم وێنەیە ئێستا دەتوانێ سەدان چیرۆکی لەم بابەتە بە پاڵەوانەکانی ئەم مۆزەخانەیە بگێڕێتەوە. قوتابخانە ئەو شوێنەی کە بەهیچ شوێنێکی تر بەراورد ناکرێ لە فێرکردنی ژیاندا بەڵام کاتێ قوتابین هەست بەوە ناکەین کە لە چ بەشێکی گرنگی ژیانمداین و چ ئایندەیەک بۆ ئێمە دروست دەکا. دیوار و کورسی خوێندن و حەوشە و هاوڕێ و مامۆستا و فەڕاش و کچانی خانزاد و خەڵکی چوارباخ و ڕێگای گەڕانەوە ماڵەوە هەمووی لەمۆزەخانەی یادەکانمانەوە زیندوو بونەوە کاتێ ئەم وێنەم بینی. لەم کاتانەدا خۆزگە دەخوازی ژیانی ڕاستەقینەش وەک ئەم یادانە زیندوو بونایەتەوە و جارێکی تر بچیتەوە هەمان شوێن و هەمان هاوڕێ و هەمان ژیان وەک خۆی دەست پێ بکاتەوە. سڵاو لە ئامادەیی سلێمانی کوڕان. سڵاو لەهاورییانی خۆشەویستی کاتی ئامادەییم.

Add Comment

Click here to post a comment