کۆمۆنیزم

تراژیدیای جیابونەوەی کۆمۆنیزم لە ئێران

جیابونەوەکانی ئەم ڕۆژانەی ڕیزەکانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە نمایشێکی تری تراژیدی جیابونەوەی کۆمۆنیستەکانە لەیەکتر. ئەم ڕیکخراوە چەپ و کۆمۆنیستیەی دەیان ساڵە کار و خەبات دەکا دژی جمهوری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی تراژیدی دوو شەق دەبێت و هەرکام لە لایەنەکانی ئەم جیابونەوەیە دەکەونە شەڕێکی سیاسی دژی یەکتر کە دڵی دوژمنی هاوبەشیان خۆش دەکەن.  

لە لێکدانەوەیەکدا لەسەر شکستی کۆمۆنیزم لە شۆڕشی ١٩١٧٩ ی ئێران پرسیارێکمان بۆ وروژاندنی ڕاستیەک خستەڕوو ” مەسەلەکە بیروڕای بزوتنەوەی چەپ و کرێکاری نیە کە چۆن بیردەکەنەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بەرامبەر بە دوژمنی چینایەتیان و دەوڵەتەکەی و هێزە سەرکوتگەرەکانی چی دەکەن؟ ئەمە کارێک بوو کە چەپ و کرێکارانی ئێران نەیانکرد و مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاریش نەیانکرد. ئەمە هۆکاری شکستی شۆڕش و کرێکاران بوو لە ئێران و کێشە و قەیرانی کۆمۆنیزمە لە ئیران.

 ئایا هیچ دەرسێک لەم شکستە و لە خۆجیاکردنەوە و پەرژوبڵاوی کۆمۆنیستەکان وەرگیرا؟”

ئەم جیابونەوەیەی ئاخری نێو حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە بەداخەوە پێمان دەڵێ هیچ دەرسێک وەرنەگیراوە و هێشتاش پرسیارەکە بەجدی وەرنەگیراوە و نەبوەتە هۆی وروژاندنی کۆمۆنیستەکانی ئێران!

لە نیوسەدەی ڕابردووی شکستی کۆمۆنیزم لەبەرامبەر کۆماری سەرمایەداری ئیسلامی ئێراندا، جیابونەوە بەردەوامەکانی نێوان گروپە کۆمۆنیستەکان کێشەیەکی سەرەکی چەپ و کۆمۆنیزمی ئێران بوە و ئەم جیابونەوەیەش بە شێکی تر لەو ڕەوتە تراژیدیەی بەش بەش بونی ئەم کۆمۆنیزمە ڕیکخراوە بووە لە ئێراندا و بەشێک لە هۆکارەکانی نەبونی ڕیزێکی یەکگرتووی چینایەتی کرێکارانی ئێران بوە بەرامبەر بە جمهوری سەرمایەداری ئیسلامی ئێران.

بێگومان ئەم جیابونەوە و ئەوانەی پێشتریش هەرکام هۆکاری سیاسی خۆی هەبوە.  ڕیزکردنی ئەو کردەوانەی ئەم دوو باڵەی ئێستاش بەرامبەر بە یەکتریان کردوە دەکرێ لێکدانەوەی تایبەتی بۆ بکرێ تا کاریگەری ئەو دۆخە سیاسیەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی تێدابوە بخرێتەڕوو. بۆ نمونە بنبەستی خەباتی چەکداری کۆمەڵە لە ٣ دەیەی ڕابردوودا و کاریگەری مانەوەی کۆمەڵە لە سایەی حکومەتی ناسیونالیستی کوردستانی عێراقدا، هەروەها بێ کاریگەری حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە خەباتی کرێکارانی ئێراندا لە ٤ دەیەی ڕابردوودا.

بەڵام ڕوداوی جیابونەوە نابێ لە چوارچیوەی شەڕی ئاخری باڵەکانی ناو حزب و کۆمەڵەدا قەتیس بمێنێتەوە. وەک ئەوەی باڵی کۆمەڵە کە ئوردوگای زڕگوێزی لە کوردستانی عیراق بەدەستەوەیە ڕێگەی بە باڵی زۆربەی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی نەدا بچنە ئۆردوگای کۆمەڵە بۆ کۆنگرەی ١٨ کۆمەڵە و لە پێناو ئەم یەکلاکردنەوەی “دەسەڵات”ەی ئۆردوگای کۆمەڵەدا هەڕەشەی چەکداری لەو ئەندامانەی خۆی کرد. باڵی زۆرینەش دوای کۆنگرەی ١٨ کۆمەڵە باڵی ئۆردوگای کۆمەڵە لە حزب دەرکرد.

ئەم ئەنجامانە لە خۆیاندا تەنیا بۆ لایەنگری لە جیابونەوە دەتوانن ببن بە بەڵگە بەدەست ئەو کەسانەی دەیانەوێ پشتیوانی لەم جیابونەوەیە یان لایەنگری لە لایەک بکەن لەم پرۆسەیەدا. ئەگەر بمانەوێ ڕیشەی ئەم دەردی جیابونەوەی گروپە کۆمۆنیستیەکانی ئێران و دنیای ئەمڕۆ بناسین پێویستە لەم ڕوداوانە زیاتر بڕۆین و هۆکاری سەرەکی شکستی کۆمۆنیزم و ئەزمەی ئێستای ئەم جۆرە لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی و حزبەکانی لە سەدەی ٢١ دا بناسین.

من لێرەدا لێکۆڵینەوەیەکی لەم بابەتە لە پەیوەند لەگەڵ جیابونەوەکانی ناو حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەدا ناتوانم بخەمە ڕوو بەڵام لێکدانەوەیەک کە من بۆ جیابونەوەکانی پێشتری کۆمۆنیزمی کرێکاریم کرد لە شۆڕشی ئێرانەوە تا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ڕیشەی ئەم کێشانەی کۆمۆنیزم لە ئیراندا باس دەکەن. لێرەدا هەرچەند باس لە کۆمۆنیزمی کرێکاری و حیکمەتیزم دەکەم، بەڵام کۆمۆنیزمی کرێکاریم وەک نمونەیەک هێناوەتەوە و گروپە کۆمۆنیستیەکانی تری وەک کۆمەڵە و حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش بە هەمان شیوە بەشێک لەو بزوتنەوە سۆشیالیزمە دەوڵەتیەن کە لەسەدەی ٢٠ دا نمونەی زاڵی کۆمۆنیزم و حزب و ڕێکخراوبونی کۆمۆنیستی بوە و هەربۆیە لیکۆڵینەوەکە دەتوانێت یارمەتی تێگەیشتنی زیاتر لە کێشەکانی ئێستای کۆمۆنیزم و گروپە کۆمۆنیستەکانی ئێران بدات بەدەستەوە.

فەرموون لەم لینکەدا ئەو ٣ چاپتەرە لەسەر کۆمۆنیزم لە ئێراندا لە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” دەتوانن بخوێننەوە:

کێشەکانی کۆمۆنیزم لە ئیران

Add Comment

Click here to post a comment