گفتوگۆ

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر١٠: ساڵ بەسەر ١٧ شوباتدا

١٠ ساڵ بەسەر ١٧ شوباتدا
ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی کوردستان لە ٢٠٠٧ و ٢٠١١و ٢٠١٦ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا زنجیرەیەکی بەردەوام لە خەباتی چینایەتین لە نێوان خەڵکی هەژار دژ بە سیستمێکی سەرمایەداری کە لە کوردستاندا پرۆسەیەکی توندوتیژی کەڵەکەی سەرمایەی دەستپێکردوە.
بەشێک لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر سەبارەت بە ١٧ شوبات..سوپاس بۆ هاوڕێم محسن کەریم کە گفتوگۆکەی سازکردوە.
ئۆکتۆبەر: ئێوە وەکو یەکێك لە کەسە دیارەکانی ناو خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو خرۆشانە جەماوەریە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
ئاسۆکمال: دوای ٢٠ ساڵ لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و گەنجان و ئازادیخوازان دەیانبینی کە لە ٨ ساڵی دای ڕوخانی بەعسدا ، لەلایەک هیچ مەترسیەکی دەرەکیان لەسەر نەماوە و لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتدارانیش هەرچی داهات و سەرمایەیەکی کوردستان و بودجەی عێراقە هەڵیدەلوشن و بێ ئەندازە دەوڵەمەندبوون، بەڵام ئەم خەڵکە چەندین ساڵە ناڕەزایەتی بۆ نەبونی خزمەتگوزاری کارەبا و ئاو و سوتەمەنی دەردەبڕن و دەسەڵات هیچ وەڵامێکیان ناداتەوە.
لەم کاتەدا شۆڕشی گەنجان و خەڵکی کرێکار و هەژار و ئازادیخوازی میسر و تونس زەمین لەرزەیەکی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد و لە زۆربەی وڵاتان و لەوانەش لە کوردستان کە خەڵکی هەژار و ئازادیخواز هەمان دۆخیان هەیە، ئەم شەپۆلە گرتیەوە.
خرۆشانی سیاسی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازی کوردستان کۆتایی مێژوویەک لە بێدەنگی سیاسی بوو
بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی حزبە ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان. لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ئەمە یەکەم جار بوو کە خەڵکی کوردستان ڕوبەڕووی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی ڕاوەستێ و داوای ڕووخانی بکا.
هەربۆیە ئەمە هەم ئیلهامێک بوو کە خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی گەنجان و خەڵکی کرێکار و هەژار و ئازادیخوازی میسر و تونس وەری گرت و بۆ ماوەی ٦٢ ڕۆژ بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەیداندا مایەوە. هاوکات ئەمە درێژەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانە بوو کە لە ٢٠٠٧ ەوە لە دژی نەبونی خزمەتگوزاری کارەبا و ئاو و سوتەمەنی و دژ بە گەندەڵی و پێشێلکردنی ئازادیە سیاسیەکان درێژەی هەبوو.
ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی لە کوردستان لە دوای ڕوخانی بەعسەوە و بەتایبەت لە ٢٠٠٧ و ٢٠١١و ٢٠١٦ و ٢٠١٩ و کۆتا جاریش لە دیسەمبەری ٢٠٢٠دا ڕویانداوە زنجیرەیەکی بەردەوام لە کێشمەکێش و ململانێی چینایەتین لە نێوان خەڵکی کرێکار و کارمەند و مامۆستا و خانەنشین و گەنج و ژن و ئازادیخواز و بێکاردا دژ بە سیستمێکی سەرمایەداری کە لە کوردستاندا پرۆسەیەکی خێرا و توندوتیژی کەڵەکەی سەرمایەی دەستپێکردوە. ئەم زنجیرە بەردەوامە لە دەرکەوتنی خێرای خۆپیشاندانێکی توند و تیژی هێرش بەرانەدا یاخود مانگرتنێکی هێمنی چەند مانگیدا خۆیان نیشان دەدەن پێکەوە ئەم ڕەوتە لە خەباتێکی چینایەتی نیشان دەدەن کە بەرەنگاری خەڵکی کرێکار و هەژارە بەو هێرشە هەمەلایەنەی دەکرێتە سەر ئاستی گوزەران و موچە و ئازادیەکان و هەموو لایەنەکانی ژیانی ئەم خەڵکە تاکو سەرمایەی دەسەڵاتداران بتوانێ بەبێ ڕێگری گەشەبکا و قورسایی و زیانی قەیرانە ئابوری و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی بودجە و هەلئاوسانی پارە و بێکاری وهەموو کێشەکانی تر بەسەر خەڵکی کەم دەرامەتدا بسەپێنرێ.

Add Comment

Click here to post a comment