نارەزایەتیەکان

نامەیەک بۆ خەڵکی ناڕازی لە کوشتنی کاوە گەرمیانی. – لەسەر داواکەی دادگای کەلار بۆ مەحمود سەنگاوی چی بکەین؟ –


پاش تێپەڕبونی چوار رۆژ بەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانیدا، دادگای کەتن کەلار، پسولەیەکی ئاگادارکردنەوەی بۆ کاوە گەرمیانی ناردوە ‌و تێیدا داوای لێدەکات مانگی کانوونی دوەم/یەنایەری داهاتوو لەدادگا ئامادەبێت بەمەبەستی دادگاییکردنی لەگەڵ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەلەرێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکردوە.


کاوە ئەم داوایەی لەسەر مەحمود سەنگاوی بۆیە داوەتە دادگا تا بەربەکوشتنی خۆی بگرێ و هەڕەشەکانی ئەم ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی لەڕێگای دادگاوە بەری پێبگیرێ و سزابدرێ.بەداخەوە داگا نەیتوانی بەر بەکوشتنی کاوە بگرێ .بەڵام دادگایەکی جەماوەری بۆ لیکوڵینەوە و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی کەیسەکەی کاوە هەموو ڕۆژ لە شاروشارۆچکەکانی کوردستان و شارەکانی ئەوروپا و ڕۆژائاوا و ئوسترالیا لەلایەن ئازادیخوازان و نوێنەرانی کەیسی کاوەوە نمایش دەکرێ.


گرنگە ئەم داوا و دادگا نمایشیەی سەر شەقامەکان ئەمڕۆ بگوێزینەوە بۆ هۆڵی دادگای کەتنی کەلار.ئەمە دادگایەکی سیاسی و قانونیە.یەکێتی دەبێ لەژێر فشاری ناڕەزایەتیدا دەبێ ناچار بکرێ کە ئەندامە تاوانبارکراوەکەی کە مەحمود سەنگاویە بنیریتە بەردەم ئەم دادگایە تا بیسەلمێنێ کە هەڕەشەکانی ئەو نەبۆتە هۆی کوشتنی کاوە گەرمیانی.


ئەگەر داوای ئاشکراکردنی نەخشەدانەرانی تیرۆری کاوە داوایەکی سیاسی وقانونی زۆربەی خەلکی ناڕازی کوردستان وئازادیخوازانی دەرەوەی ووڵاتە، ئەوا ئەم دادگاییەی کەلار پەیوەندی بەکوشتنی کاوەوە هەیە ویەکێک لەو کەسانەی هەڕەشەی لە گیانی کاوە کردوە لەم دادگایی کردنەدا داواکراوە.لیکوڵێنەوە ودادگایی کردنی مەحمود سەنگاوی ئەوە ئاشکرادەکا کەکێشەی کاوە و نەخشەدانەرانی تیرۆری کاوە چی بوە و لەسەر چی هەڕەشەی لێکراوە و دادگا دەوری چی بوە؟


کاوە ڕایگەیاندوە کە ئەو کێشەی ئەو گەندەڵی مەحمود سەنگاوی و کەسانی تری دەسەڵاتداری یەکێتی لە ناوچەیگەرمیاندایە.کاوە گەرمیانی لەڕێگای گۆڤاری ڕایەڵەوە بوەتە نوێنەری خەلکی کوردستان بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵیەک کە لە دزینی ماف و داهاتی خەڵک دەکرێ.


لەم داوایەدا کە لەسەر مەحمود سەنگاوی تۆماری کردوە چونکە لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی گەندەڵیەک هەڕەشەی لێکراوە کە گەندەڵی کردنە لەخواردنی ماف و موڵکی گشتی تاک و گشتی خەڵکی کوردستانە. کاوە لەلایەن مەحمود سەنگاویەوە هەڕەشەی لیکراوە تا گەندەڵیەکانیان ئاشکرانەکا .هەربۆیە کاوە پەنای بردۆتە بەردادگا تاکو دادگایی ئەوانە بکا کە هەڕەشەی دەم داخستنی کاوەکان دەکەن لەسەر پرسی گەندەڵی .ئەم داوایەی کاوە لەسەر ئازادی ئاشکراکردنی زانیاریە لەسەر دزی و تاڵانیەک کە دەستەیەکی مافیا و میلیشیایی دەوڵەمەند کردوە لەسەر حسابی هەژاری زۆرینەی خەڵکی کوردستان ،ئەوانەی ماڵ و حاڵەکەی کاوە نوێنەرایەتی هەژاریەکەیان دەکا. ئەم کەیسەی کاوە کەیسی زۆربەی خەڵکی کوردستانە کە دژی گەندەڵین ، هەربۆیە ئەم دادگاییەی کاوە دادگایی کردنیێکی جەماوەری گەندەڵی و پارێزەرانێتی. مەحمود سەنگاوی دەبێ لە دادگادا بەڵگەکانی کاوە لەسەر گەندەڵی خۆی و دەسەڵاتەکەی وەڵام بداتەوە. داوای ئازادی ئاشکراکردنی زانیاری لەپەرلەمان یاسای لەسەرە ،دەبێ مەحمود سەنگاوی وەلام بداتەوە کە بۆچی هەڕەشەی لەکاوە کردوە لەسەر بڵاوکردنەوەی بەڵگە و زانیاری لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەی بۆ کاری گەندەڵی. ئەم دادگاییە لیپرسینەوەیە لەو بەرپسانەی وەک سەنگاوی هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و هێزبەکاردەهێنن دژیان . ئەم دادگایە دەتوانێ سەنگاوی بەتتۆمەتباری یەکەمی کوشنی کاوەی دابنێ چونکە بەڵگەی دەنگی لەسەر هەڕیشەکردنەکەی هەیە و بەم پێیە سەنگاوی زیندانی بکا و لیکوڵینەوەی لەگەڵدا بکا وەک کەسانێک کە بەشدارن لە کەیسی کوشتنی کاوەدا.


بەداخەوە کاوە ناتوانێ ڕۆژی ٢١کانونی دوەم لەدادگا ئامادەبێ و بێگومان ئەگەر لەژیاندا بوایە وەک هەموو جارێ پێش وەخت لەوێ دەبوو و ئەگەر دادگا وەڵامی داواکەی نەدایەتوە مانی دەگرت.بەڵام ئەمرۆ کەیسی کاوە کەیسی زۆربەی خەلکی کوردستانە و هەربۆیە گرنگە وەک کاوە لەسەر دادگایی کردنی مەحمود سەنگاوی سوربین و وەڵآمی هەڕەشەکانی خۆی وەرگرێتەوە وبزانێ کە هەڕەشەکانی ناتوانێ دەمی کاوەکانی کوردستان دابخا.گرنگە تا کەیسی گەندەڵی لە زمانی نوێنەرانی کاوەوە بەدادگا بگا.گرنگە بەدادگا بڵێین کە سیستەمی دادوەری ئەگەر بەشێک نەبوایە لەگەندەڵی چارەنوسی کاوە و کەیسی ئاشکراکردنی گەندەڵی ئاوا لای ئەم دادگایانەی هەرێمەوە پشت گوێ نەدەخراو دادگا و سزاو یاسا تەنیا بۆ سزادانی ڕۆژنامەنوسان و خەڵکی ستەم لێکراو نەدەبوو.


ئەم دادگایە دەبێ ئاشکرا و کراوە بێت بۆ میدیاکان .دەبێ نوێنەرانی کاوە ناڕەزایەتی و وتار وشیعارەکانی سەرشەقام بگوازنەوە بۆ دادگا . ئەگەر دادگای کەلار نەیتوانی مەحمود سەنگاوی بێەیتە بەردەم دادگا ئەوا وەک کاوە گەرمیانی مانگرتن لەبەردەم دادگا دانێین.ئەگەر دادگا ڕێگەی بەنوێنەرانی کاوە نەدا لەدادگا ئامادەبن و نوێنەرایەتی کەیسی کاوە بکەن ئەوا خۆپیشاندان ومانگرتنی سەراسەری ڕاگەیەنین. با ٢١کانونی دوەم بکەینە ڕۆژی دادگایی کردنی تاوانبارانی کوشتنی کاوە .بیکەینە ڕۆژی دادگایی کردنی هەڕەشە لە ڕۆژنامەنوسان و ئەوانەی دژی گەندەڵین. ئەم ڕۆژە بکەینە ڕۆژی پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەو دەستانەی لەپشتنی کوشتنی کاوەوەن . ئەو کەیسانەی گەندەڵی ئاشکراکەین کە کاوەکانی لەسەر دەکوژن تا ئاشکرانەبێ . بیکەینە ڕۆژی لێپرسینەوە لەدادگاکانی دەسەڵات. ڕۆژی دادگایی کردنی سیاسی دەسەڵاتدارێتی یەکێتی کە ئامادەنیە مەحمود سەنگاوی ڕادەستی یاسا و دادگا بکالەسەر هەڕەشە وتۆقاندن وبەکارهێنانی دەسەڵاتی یەکێتی بۆ گەندەڵکاری و سەرکوت.


خەباتی قانونی وخەبات لەنێودادگاکان و ڕاپێچکردنی سەرانی دەسەڵات بۆ دادگایی ولێپرسینەوە هەنگاوێکی گرنگە لە باوەڕبەخۆبون وناسینی مافی هاوڵاتی بەرامبەر بە سیستەمێک کە لەسەر پێشیلکاری و سەرکوتی مافەکانی خەڵکی ستەملێکراو دامەزراوە.کاوە نمونەیەک لەم باوەڕبەخۆبون و باوەڕبەکەیسی دادپەروەری بو.ڕاوەستانی ئەمڕۆمان لەدادگا وەک نوێنەری کاوە ئومێدێکە بەوەی گیانبازی ئازیزانی وەک کاوە بۆ دادپەروەری و ئازادی ویەکسانی بەهەدەرنادەین.

Add Comment

Click here to post a comment