کۆمۆنیزم

پیرۆزبێ یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار

دایکم دڵی بە یەکی ئایار زۆرخۆش بوو چونکە خۆی کرێکاری کارگەی جگەرەی سلێمانی بوو لە هەفتاکانەوە. ئەو هەمیشە بەشداری بۆنە و مەراسیمەکانی دەکرد وەک لەم وێنەیەدا “دایە سەبری” دیارە چۆن بە حەماسەوە وەک گەنجەکان دەستی بۆ سرودی ئەنتەرناسیونال بەرزکردۆتەوە. دایکم بەهۆی کرێکار بونەکەیەوە باوەڕی بە خۆی ،وەک ژنێک، زۆر زیادکردبوو کە دەیوت”خۆم بە ٧ پیاو ناگۆڕمەوە” وهیچ کات وەک “ژنی ماڵەوە” سەیری خۆی نەدەکرد.کاتی بەعس دەچوین بۆ ئۆردوگاکانی کۆمەڵە(حزبی کۆمۆنیستی ئێران) لە مالومە بۆ بەشداری لەمەراسیم و لەدوای بەعسیشەوە کاتێک ڕێکخراوە کۆمۆنیستیەکان و دواتر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق مەراسیمی دەکرد دایکم لە هەمویاندا بەشداربو. ئەو لە شاشەی تەلەفزیۆنی سەرەتای نەوەدەکانەوە سەرمایەدار و بورژوازی کوردی بە هۆکاری برسێتی کرێکاران و هەژارانی کوردستان دەزانی و خەڵک ئەم وشانەی بۆ تازەبوو لە زمانی ژنێکی بەتەمەنی کرێکارەوە بیبیستێ. هەر ئەم ڕاستیە هاندەری بوو کە وەک دایکێکی کۆمۆنیست لەگەڵ نەوەکانیدا سفرەی ماڵی بەش دەکرد و بەشداری خۆشی و خەبات و ئایارەکانی چینەکەی دەبوو.
یەکی ئایار بۆ چینی ئێمە ڕۆژی مێژووی چینێکە کە ٢٠٠ساڵە داوای گۆڕینی ئەم سیستەمە دژی ئینسانیەی سەرمایە دەکا و ڕۆژی ئومێدی گەیشتن بە ئایدیای دنیایەکی ئازاد و یەکسانە.

Add Comment

Click here to post a comment