کۆمۆنیزم

پیرۆزبێ یەکی ئایار

پیرۆزبێ یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار
لە دنیایەکدا کە سیستمی نا تەندروستی سەرمایەداری کپ و خامۆشی کردووە ئەوە ڕۆژی کرێکارانە کە دەتوانێ چرای دنیایەکی باشتر لە دڵی مرۆڤایەتی هەڵ بکات.
هاوڕێیان..پێم خۆش بوو لە یەکی ئایاردا پێتان ڕابگەیەنم کە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” بە ڕێوەیە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە و لە بەر دەستی هەمووتاندا دەبێ.
پرسیاری ئەم کتێبە و پرسیاری یەکی ئایاری ئێستامان یەک پرسیارە، ئەویش ئەوەیە بۆچی چینی ئێمە لە ئاستی وڵاتەکان و لە ئاستی ئینتەرناسیونالیدا یەگرتوو نیە؟
لەم کتێبەدا ڕووی ئەم پرسیار و ڕەخنەیە لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و گروپ و حزبە کۆمۆنیستەکانە، کە بۆچی داوای یەکگرتوو کردنی چینی کرێکار دەکەن لە کاتێکدا خۆمان وەک بەشێکی ڕوناکبیری ئەم چینە پەرژ و بڵاوین و بەسەر چەندین گروپ و فیرقە و خەت و حزبدا دابەش بووین؟
لە کاتێکدا لەم ئایارە و بە درێژایی نزیک بە دوو سەدە ئەمە دروشمی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان بووە کە “کرێکارانی جیهان یەکگرن!”
یەکی ئایاری ئەمڕۆ بۆ کۆمۆنیستەکان یەک دروشمی هەیە. ئەویش دروشمی ئینتەرناسیونالی یەکەمی کرێکارانە کە لە سەدە و نیوێک لەمەوبەرەوە بەرزی کردەوە؛ “ئەبێ هەڵەکانی دابەشبوونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاریی دووبارە نەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.”
ئەمە پەیامی کۆمۆنیزمی نوێ یە. کۆمۆنیزمی سەدەی ٢١ ئەگەر ئەم کارە نەکا ناتوانێ مەترسی سیستمی نا تەندروستی سەرمایەداری لەسەر چینی کرێکار و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دوور بخاتەوە و سیستمێکی سۆشیالسیتی هەرەوەزی دامەزرێنێ.
زۆر سوپاسی هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە هاوکاریان کردم بۆ ئامادەکردنی ئەم کتێبە و هیوادارم خزمەتێک بکا بە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری.

Add Comment

Click here to post a comment