ئەدەب

بروسکەی خەیاڵ

کاتێ چومە ئەو دەشتاییە دڵ ڕفێنەوە یەکسەر بروسکەیەکی خەیاڵ پەیامێکی پێ وتم چەند حەیفە کە هاوڕێی گەنجیم “شوان”ەم لەگەڵ نیە.
ئەم ساتانە سەیرن دەڵێی دەتباتەوە ناو دەیان ساڵی ڕابردوو، بەڵام مێشکمان خەریکی شیێرکردنی دنیا و دیمەنێکی خۆشی ژیانە کە هاوڕێیەتی ئێمە پێکەوە بۆ گەیشتن پێی کۆکردبۆوە. ئەتوت ئێمە ڕێبواری ڕێگایەکی ئومێدین کە شادی و خۆشی ژیانی تێدادەبینینەوە، بۆیە شانبەشانی یەکتر و قۆڵ لە قۆلی یەکتر ئەو ڕێگایەمان دەبڕی.
ئەم پەیامە منی ڕۆچاندە پرسیارە ئاڵۆزەکان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ئێستامان.
سەیرکە بروسکەیەکی خەیاڵ دەتوانێ ڕامان چڵەکێنێ کە دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێ ئەلبومێکی ژیانە کە ناتەوێ وێنە خەمناکەکان داگیریان بکا. دوێنێ دڵمان بە داهاتویەک خۆش بوو کە شادبین تیایدا هەربۆیە ئەمڕۆ حەسرەتی ئەوەمانە کە بریا لە هەر ساتێکی خۆشدا هاوڕێ و دۆست و کەسە نزیکەکانمان لەگەڵ بوایە و چونکە ژیان و شادیەکان بەوانەوە خۆشتر دەبوو.
ئەزانم شادی و خۆشی بەهێندەی زانیاری لەسەر گەلە ئەستێرەیەکی نەزانراوی ملێۆنەها ساڵی تیشکی دوور هێشتا لەبەرچاومان نیە. بەڵام بۆچی بەدوایدا ناگەڕێین و ئەلبومی ژیانمان بە پۆترێتی لەو بابەتە ڕەنگاوڕەنگ ناکەین؟ بۆ لەسەر ئەم وێنانەی کۆمەڵگەیەکی ئینسانی شاد و بێ نیگەرانی ڕاناوەستین و خەریکی چارەسەری ئەم کێشەیەمان نابین؟ کە ئێستا خەونەکانیش لەجیاتی حەسانەوە لە دەست شەکەتی گیانی ڕۆژگار سەرخەوێکی ئارام ناکێشن و خەریکی چارەسەری کێشەکانی ڕۆژانەمانن.
ئەم دیمەنە سەرنج ڕاکێش و دڵ فڕێنە خەیاڵمی برد بۆ ئەو ساتانەی پەردەی شانۆگەری ژیان دەگۆڕین. پێویستە لە ئێستاوە کۆمەڵگەیەک لە لای خۆمان بنەخشێنین کە خەمەکانی لە مۆزەخانەیەکدا دانابێ و بۆ مەبەستی زانین لەسەر ئارکیۆلۆژی مرۆڤ سەردانی بکەین، نەک ئەوەی وەک ئێستا نیگەرانی بەشی گەورە و زۆربەی ژیانمانی داگیرکردوە. ژیان بوەتە خزمەتکاری نیگەرانی.
بۆ دەستپێکردنی ڕێگایەکی نوێ لەم سەرزەمینە دڵ ڕفێنەی شادیدا دەبێ بروسکەکانی خەیاڵمان بخوێنینەوە و ڕاڤەی بکەین تا نەخشەیەکی نوێ بۆ ژیانی ڕۆژانەمان دابنێین. باشترین شتەکانی ژیانت ئەو کەسانەن که خۆشت ئەوێن و ئەویادگاریە شادیانەن که پێکەوە دروستی دەکەین.

Add Comment

Click here to post a comment