وتار

ئەزموونی رێگای پەرلەمانیی و تراویلکەی گۆڕانی دەسەڵات!


زیاتر لە نیوەی ساڵێک بەسەر تەمەنی ئەو دەنگدەرانەدا تێدەپەڕێ کە دەیانویست لە سندوقەکانی هەڵبژاردنی ئەیلوولی ڕابردوەوە حکومەتێکی تازە دروست بکەن. لێکدانەوەی پێنج حیزبە سەرەکییەکەی دەیانەوێت ئەم حکومەتە پێکبێنن ئەوەیە کە کێشەی بەشکردنی دەسەڵات لە نێوان یەکێتی ‌و پارتی ‌و گۆڕان بووەتە ڕێگری سەرەکیی دروستکردنی حکومەت‌ و دەنگدەرانیش لە سایەی حکومەتە کۆنەکەدا لە چاوەڕوانی ریکەوتنی ئەم نوێنەرانەدا دانیشتون. ئەم دۆخە ناکۆکییەکی لە را و بیرکردنەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستاندا دروستکردوە کە دوای ١٧ی شوبات جارێکی تر رێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانیان گرتەبەر بە ئومیدی گۆڕینی دەسەڵات.


ئێستا دوای نیو ساڵ لەتەمەنی چاوەڕوانی جێگای پرسیارە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ودیموکراسی هەڵبژاردن چ جێگاوڕێگایەکی لە سیستەمی سیاسی کوردستاندا هەیە و ئایا چ ئاڵوگۆڕێک لەم سیستەمەدا لە ڕێگای دەنگدان و هەڵبژاردنەوە دێتەئاراوە؟ ئێستا ئەمە تەنیا باسێکی تیوری نییە و ئەزموونی دوو هەڵبژاردنی “ئازاد” لە دوای رووخانی بەعسەوە لە کوردستان لە لایەن جەماوەرەوە لەبەردەست دایە بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە.


یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار ئیدعای ئەوە دەکەن کە لە کوردستاندا ئەوان بەپێی سیستەمی دیموکراسی هەڵبژاردن حوکم دەکەن و شەرعیەتیان لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بەدەست هێناوە. لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠٠٩وەک زۆرینەی پەرلەمان حکومەتێکیان دروستکرد کە مافی پاوان کردنی داهات و شەرعیەتدان بە هێشتنەوەی هێزی میلیشاییان وسەپاندنی یاسای دژی ئازادی و سەرکوتی هەستان وخۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی پێبەخشین. لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠١٣ هاوسەنگی نێوپەرلەمان گۆڕدرا و ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان بەپێی دەنگەکان کەوتە پێش یەکێتیەوە و ئێستا ئەم هێزە داوای بەشداری پیکردنی لە حکومەتدا دەکا.ئەم ئاڵوگۆڕە سەرئێشەیەکی بۆ ئەم سیستەمە دروستکردوە کە شەرعیەت وەرگرتن لەڕێگای زۆرایەتی ڕێژەی دەنگەکان و زۆرینەی پەرلەمانی وەک دەورەی ڕابردوو ئاسان نییە تاکو پەردەپۆشی دەسەڵاتی فیعلی میلیشیایی و پاوانکاری حکومەتی پێ بکرێ و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ سیستەمی میلیشایی حیزبیدا کەوتۆتە ناکۆکیەوە. ئەم سەرەڕای ناکۆکیەکانی پارتی ویەکێتی و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی کە سیستەمی میلیشیایی دوو حیزبیی لە ناجێگیریدا ڕاگرتوە. سەرەڕای کاریگەریەکانی ئەم ناجێگیریەی هێزەکانی پێکهێنەری ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە بەڵام خودی سیستەمەکە بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتوە وحکومەتی ئەمری واقیعی یەکێتی وپارتی لەشوێنی خۆیدایە .حکومەتی ئەمری واقیع حکومەتی دووئیدارەی یەکێتی و پارتیە کە بەهەرکامەیان خاوەنی داهات و میلیشیا و دەزگای بەڕیوەبردنی خۆیەتی و لە شکڵی حکومەتی هاوبەش وبەشکردنی وەزارەتەکاندا خۆی دەرخستوە.ئەم حکومەتی ئەمری واقیعە لە حیزبەوە فەرمان وەردەگرێ و لەڕیکەوتنی دوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە فەرمانە حکومیەکان جێبەجێ دەکا. گۆڕان دەیەوێ لەو سیستەم و حکومەتی ئەمری واقیعەدا جێگایەک بۆ خۆی پەیدابکا کەوەک خۆی دەڵێ جومگەیەکی تەنفیزی وسەربازی ئەم سیستەمە میلیشیایەی وەک وەزارەتی ناوخۆ یا ئاژانسی پاراستنی هەرێمی بەدەست بێت یا وەزارەتی نەوتی بەدەست بێ تالە سیستەمی ٢ حیزبییەوە بیکاتە سیستەمی ٣ حیزبیی. نیو ساڵ لە چاوەڕوانی گفتوگۆ بێ ئەنجامەکان دەری دەخا کە گۆڕان ئەو هێزەی نییە کە لەڕیگەی یاساییەوە یەکێتی وپارتی ناچاربکا بە شەریک کردنی لەدەسەڵاتی فیعلیدا ودروستکردنی سیستەمی ٣کوچکەی حیزبی .پەرلەمان و کۆبوونەوە ویاسا دەرکردنی پەرلەمان بۆ دروستکردنی حکومەت هیچ دەسەڵاتێکی فیعلی نییە لەم سیستەمەدا وپاشکۆی دەسەڵاتی فیعلی وسازانی حیزبەکانە کە بەسازانی نیشتمانی ناودەبەن .هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار تەنیا کاتێک ئامادەی ئەم سازانە دەبن کە لەترسی ناڕەزایەتی جەماوەری و ڕوخانی دەسەڵاتیان کێشەی گۆڕان لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە و گۆڕانیش لەبنبەستی ئێستای ڕێگای هەڵبژار دنیدا دەیەوێ کارتی گوشاری ناڕەزایەتی جەماوەری بە ناوی ناڕەزایەتی دژی پێکنەهێنانی حکومەت بەدەستەوە بگرێ، هەرچۆن خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی کردە کارتی گوشار بۆ ملدانی دەسەڵات بە گفتوگۆ لەسەر پاکێجەکانی چاکسازیی.


ئەگەر ئەم لێکدانەوەی سەرەوەمان هەبێ لەسەر سیستەمی سیاسی میلیشیایی کوردستان و دەوری حیزبەکان و جێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستاندا ئەوا گرنگ لێرەدا ئەوەیە کەوەک جەماوەری کرێکارو چین وتوێژە هەژارەکان وخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان چ دەرسێک وەردەگرین لەم دوو هەڵبژاردنە وگرتنەبەری ڕێگای گۆڕینی دەسەڵات لەڕێگەی هەڵبژاردن وتاکتیکی ئۆپۆزسیۆن بۆ سودوەرگرتن لەناڕەزایەتیە جەماوەریەکان وەککارتی گوشاری بەشداریکردنیان لەدەسەڵاتی میلیشیاییدا.ئایا دەبێ لەسایەی سیستەمێکی کۆنی میلیشیاییدا چاوەڕوانی چ گۆڕانێکی نوێ بکەین؟


دەرسێک کەلەمانە وەری بگرین ئەوەیە کەئایا بەشداری سیاسی ئێمە لە مەیدانی ململانێ سیاسیەکاندا لە چ ڕیگایەکەوە کاریگەرە؟ چ میکانیزمێک هەیە بۆ بەشداری جەماوەر لە ژیان و بڕیاری سیاسی و دروستکردنی حکومەتدا و لەگۆڕینی باری گوزەران و مافەکانی خەڵکی ژێردەستە و چەوساوەدا؟ چ سیستەم و ئۆرگانیزمێکی سیاسی دەتوانێ ئەم بەشداریە ڕاستەوخۆ وڕۆژانەیەی خەڵک لە دەسەڵاتد مسۆگەر بکا؟


ئێمە لە ١٧ی شوباتدا بەکۆمەڵێک داخوازی گرنگەوە هاتینە مەیدان کەکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی وگێڕانەوەی داهاتی دزراوی کوردستان ودانانی یاسای یەکسانی ودابینکردنی ئازادیەکان بوو.ئەمانە نە لە گفتوگۆی پێکهینانی حکومەتی تازەدا هەیە نە هیچ کام لەو حیزبانەی خەریکی ئەم کارەن نوێنەرایەتی دەکەن. گرێی ئیستای گفتوگۆکانی ئەم حکومەتە دابەشکردنی ئەم دەسەڵات وداهاتانەیە نەک نەهێشتنی ئەم م یلیشیا ودەزگایانە ودابەشکردنەوەی داهاتی دزراوی خەڵک.هەربۆیە ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوو دەورە نیشانی داوە کە لەم ڕێگەی هەڵبژاردنی ئەم حیزبانەوە ئەم داوایانە بەسەر ئەم سیستەمەدا ناسەپێنرێ وبەپێچەوانەوە کاتێک بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەریخۆی ڕاستەوخۆ بۆ ئەم داوایانە دێتە مەیدان وەک لە ١٧ی شوباتدا بینیمان ئەوکاتئەم داوایانە لەسەر مێزی دەسەڵات باسیان لێوەدەکرێ ودەسەڵات داوای بینینی نوێنەرانی خەڵک دەکا.کەواتە بەراوردێک لە نێوان ڕێگای ١٧ی شوبات و هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکاندا ئەوەیە کە تەنیا لەڕێگەی یەکەمەوە واتە لەڕێگەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانەوە جەماوەری کرێکار وئازادیخواز توانیویەتی بەشداری چالاکانە لە ململانێی سیاسیەکاندا بکا وبەپێچەوانەوە دوای بەشداری دەنگدانەکان وهەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێستا دەوری خەڵک لەبڕیاردانی پێکهێنانی حکومەتدا هیچ نییە وڕۆڵێک ی پاسیڤی سیاسی هەیە لە ڕوداوەکاندا و خواستەکانی خەڵک لەگەڵ ریکلامی هەڵبژاردنەکاندا خراوەتە تەنەکەی خۆڵی حیزبە بەشدارەکانەوە.


ئێستا ئێمە لەدەورەیەکداین کە ئەم دەسەڵاتە لە ئەزمەیەکی هەمەلایەنەدایە و لەهەمیشە لاوازترە و ترسی لەپەرەسەندنی ناڕەزایتیەکان هەیە. چاوەڕوانی و دانیشتن بەدیار بنبەستی پێکهێنانی حکومەتی ئەم حیزبانە و بەستنەوەی داوای مووچە و بیمە وخزمەتگوزاریەکان بە بنبەستی پێکهێنانی حکومەتەوە ڕێگای گرتوە لەوەی کە خەڵک ی کرێکار وکارمەند و چینە هەژارەکان خۆیان ڕاستەوخۆ بێنە مەیدان و بەگوشار وناڕە زایەتیەکانیان دەسەڵات ناچار بەوەڵامدانەوە بەخواستەکانیان بکەن و لەم بن بەست و لاوازیەی دەسەڵات بۆ سەپاندنی خواست و مافەکانیان سود وەرگرن و هاوسەنگی هێز بەقازانجی جەماوەری ستەملیکراو بگۆڕن.میکانیزمی بەشداری سیاسی لەئێستادا دانیشتن نییە بەدیار نوێنەرە پەرلەمانی و حیزبەکانیانەوە تا بزانرێ کەی حکومەت دروست دەکەن و تا ٤ساڵی تر لەسایەی سیستەمی میلیشیایی دا چ ئاڵوگۆڕێ لە وەزعی خەڵ کدا دەکەن بەڵکو میکانیزمی کارا و ڕاستەقینەی بەشداری جەماوەر لە جێبەجێکردنی خواستەکانی و باش بونی ژیانیدا دەخاڵەتکردنی ڕۆژانەیەتی لەو بڕیارانەدا کە دەسەڵات و وەزارەت و دەزگاکانی بەڕێوەبردنی دەیدەن.مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبونەوە و ڕێکخراوەی جەماوەریی ئەو میکانیزمانەن کە دەتوانن لەدنیای ئەمڕۆی گەشەکردوی تەکنیک و بەڕیوەبردندا دەتوانێ شوێنی ئەو پەرلەمان وئەندام پەرلەمانانە بگرێتەوە کە بەساڵێک داوایەکی خەڵک جێبەجێ ناکەن وتەنانەت نایانەوێ و ناتوانن بیکەنە یاسا.


لە سایەی دوو هەڵبژاردنی کوردستان و شۆڕشەکانی ناوچەکە ئەوە ڕۆشنە کە ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەیتوانیوە هیچ لە دەسەڵاتی میلیشیایی و سیستەمی سەرکوتی بورژوازی لەم ووڵاتانەدا بگۆڕێ و دامودەزگاکانی پۆلیس وئاسایش ودەزگای نهێنی سەرکوت وزیندان وەک خۆیان کاردەکەن ،هەربۆیە جەماوەری ناڕازی لە کوردستاندا پێویستە توانای خۆپاراستن وبەرگری لەخۆکردنی هەبێ وەک نمونەی شوراکانی ١٩٩١ی کو ردستان یاخود ئەنجومەنی مەدەنی خۆپاراستن لە میسر لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی میلیشیایدا کە ڕێگەی چەک و سەرکوت دەگرێتە بەر بەرامبەر ناڕەزایتیەکان. پەرلەمان و حکومەتی بنکە فراوانی ئەم حیزبە بورژوازیانەی کوردستان نەک ئاڵوگۆڕ لەم سیستەم و دامودەزگایانەی سەرکوت پێک ناهێنن بەڵکو ئێستا شەڕیانە لەسەر ئەم وەزارەتانەی ناوخۆ و پێشمەرگە و پاراستن و زانیاریانە.


ئێستا لەبەردەم دەورانێکداین کە شکستی ئەم مۆدیلی دیموکراسی هەڵبژاردنە پەرلەمانیانەیە وەک ڕۆڵ مۆدێلی ڕێکخستنی ژیانی سیاسی ،ئەمە نەک تەنیا لە کوردستان دوای دوو تەجروبەی هەڵبژاردن و مانەوەی سیستەمی میلیشیایی دەیسەلمێنێ ،بەڵکو ئەزمونەکانی ئەم دیموکراسیە لە عێراق و میسر و ئۆکرانیا نیشانی دەداکە کۆنەپەرسترین و دڕندانەترین جۆری دەسەڵات لەڕیگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە دەتوانێ ب ەسەر خەڵکی کرێکارو ئازادیخوازدا خۆی بسەپێنێ. بەناوی دەنگی خەڵک و هەڵبژاردنی خەڵکەوە. هەربۆیە ڕاستیەکانی ڕوداوە سیاسی وگۆڕانکاریەکانی کوردستان وناوچەکە تەئکیددەکاتەوە سەر پێویستی ئەلتەرناتیڤی شۆڕشگێڕانە وەک ڕێگای گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی لە کوردستان وئەمە تەواوکردنی ڕێگایەکە کە بە ١٧شوبات لە کوردستان دەستی پێکردوە.ئەو ئاکتیڤ بونەوە سیاسیەی ئەمڕۆ جەماوەری ستەملیکراو وئازادیخوازی کوردستان لەخۆیانی نیشان دەدەن بۆ گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی و مافیایی لەکوردستان پێویستی بە ئاڵوگۆڕە لە بەرنامە و میکانیزمی دەخاڵەتی سیاسیدا و کۆتایی هێنان بەدەورەی خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و پاکێجەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چاکسازی سیستەمی میلیشیایی و گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە کوردستاندا.

Add Comment

Click here to post a comment