گفتوگۆ

گرێی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و بنبەستی مۆدێلی دەوڵەتی ترانسناشناڵی عێراق و کوردستان

دیمانەیەک لەگەڵ “بۆ پێشەوە” سەبارەت بە گرێی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و بنبەستی مۆدێلی دەوڵەتی ترانسناشناڵی عێراق و کوردستان.
سوپاس بۆ هاوڕێم عبداللە محمود سەرنوسەری “بۆ پێشەوە” بۆ سازدانی ئەم دیمانەیە.
بۆپێشەوە: با بەو پرسیارە سادەیە دەست پێ بکەین، بۆچی دوای ئەو ماوە زۆرە بەدوای هەڵبژاردندا حکومەت بۆ پێک نایەت؟
ئاسۆکمال: ڕیشەی قەیرانەکانی دەوڵەتی عێراق و لەوانەش ڕیک نەکەوتنی لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت دوای لە ٧ مانگ لە هەڵبژاردن لە جۆری تایبەتی دەوڵەت و دەزگا سیاسیەکان و دەسەڵاتە میلیشیاکانی پێکهێنەری ئەم دەسەڵاتەدایە لە عێراق و کوردستان.
دەوڵەتی فیدراڵی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە وەک دەوڵەتێکی ترانسناشناڵ دروست کراوە. ئیدارەی بوش بە راوێژکاری لەگەڵ کەسانی وەک تۆنی بلێر و نیولیبرالەکانی ڕۆژئاوا نەخشەیەکی سیاسی و ئابووری تەواویان بۆ چوارچیوەی عێراقێکی فیدرالی سیکتاریستی و بەش بەش کراو دوای سەدام حسێن دانابوو. کوردستانیش بوە بەشدار لە پێکھێنانی دەولەتێکی لاوازی ” ترانسناشنال” کە تیایدا چیتر یەک بەرژەوەندی “نیشتمانی” سەرانی ئەو دەوڵەتە کۆناکاتەوە ، بەڵکو شتێک بە ناوی بەرژەوەندی گشتی نامێنێت ، وە جێگا و رێگا و بەرژەوەندی ماددی ھەر سێکست و ئەتنیکێک (وەک کورد و شیعە و سونە) پەیوەست دەبێت بە پارسەنگی ھێز و رادەی ھێزی میلیشیایی و مادی و سیاسی ئەو حیزب و کۆمپانیا بازرگانیانیانەی کە “نوێنەرایەتی”یان دەکەن.
واتە دەوڵەتی عێراق لەو مۆدێلەی “دەوڵەتی نەتەوە” ی بەعسەوە گۆڕدرا بە دەوڵەتێک کە سەرێکی بەسترایەوە بە بەرژەوەندی کۆمپانیا جیھانیەکان و دەولەتانی ناوچە کە نیازی ئابووری و سیاسی گەورەیان ھەبوو لە عێراق . لێرەدا دەوری تورکیا و ئێران و ئەمریکا و ڕووسیا و چین و ..ھتد ، وە ڕاددەی دەستێوەردانیان لە عێراق چەندە پەیوەندی بە ھەژمونی دەسەلاتی سیاسیانەوە ھەیە لە ناوچەکەدا ، سەرێکی تری وا بە بەرژەوندی ئابووری گەورە و ناوچەیی لە بواری نەوت و گاز و ئاو و کارەبا و بازرگانی و کالا ساغکردنەوە لە بازاڕەکانی عێراق و کوردستان و ،،ھتد.
ئەم دەوڵەتە ترانسناشنالە جۆرێکی تایبەت لە سیاسەتکردنی لەگەڵ خۆیدا ھێنا . سیاسەت کردن لە عێراق ، سەرباری ئیدعاکانی وەک سیاسەتێکی ‘ دژە دیکتاتۆری ، دیموکراتی ، مافی کەمەنەتەوەکان ، مافی ژنان و فرەیی و ..ھتد ” ، لە راستیدا بۆ ھەر ھێزێکی سیاسی بەشدار بوو بچوک بوەوە بۆ ھاوکێشەیەکی سادە کە بریتی یە لە شەڕکردن بۆ مسۆگەر کردنی گەورەترین بەش لە سامان و داھاتی عێڕاق بۆ حیزبەکەی یان گروپەکەی خۆی.
ھەروەھا مسۆگەر کردنی دەسەڵاتی یاسایی لە ناوچە و جێگای خۆیدا بەسەر دابەش کردنی زەوی و زار و سەرچاوەکانی کارەبا و ئاو و سامانەسروشتیەکانی تر . بەم پێ یە سیاسەت بەکارھێنرا و دەھێنرێت بۆ پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایە ھەم بۆ چینی سەرمایەدارانی ناوخۆ و ەھەم بۆ کۆمپانیا جیھانی و ئیمپریالیستیەکان.
ئەم کەڵەکەی سەرمایەیەش لە ڕێگەی داھاتی نەوت و سامانە سروشتیەکان و ئابووری بەکڕێ دان، وە لە دەستبەسەردا گرتن و دابەشکردنی زەوی زار، و ھەم لە دەستبەسەداگرتنی سەد و بەنداو و خاڵە سنوریەکان تا ئێستاش بەردەوامە. دابەشکردنی ئەم سەرچاوانەی سامان و سەرمایە پاڵنەر وبابەتی سەرەکی سەدان کۆبونەوەی پەرلەمان ، وە شەڕو و ئاشتی لایەنەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بە بەردەوامی . ئەم جۆرە لە سیاسەت کردن گەشتۆتە ڕاددەیەک کە لەم سالانەی رابردوودا ئەو پۆستە وزاری و گرنگانەی کە کۆنترۆڵی ھەیە بەسەر زۆرترین سەرچاوەی داھاتدا ، نرخی تایبەتی لەسەر بێت بۆ فرۆشتنەوە ؛ وە شەڕی گەورە ھەمیشە بە دەوری سێ پۆستە گەورەکەدایە کە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانە.
هەربۆیە هەمیشە ئەم دەوڵەت و حکومەتە لە کێشمەکێشێکی هەمەلایەنەی بەردەوامدایە و هیچ هەڵبژاردن و دیموکراسیەکی پەرلەمانی سەقامگیری ناکا. هەڵبژاردن و پەرلەمان ئامڕازێکن بۆ یەکلاکردنەوەی فەرمی ئەو ململانێ سیاسی و چەکداری و نەخشە ناوچەیی و نێودەوڵەتیانەی کە خۆیان هەمیشە ناجێگری دروست دەکەن. هەربۆیە کاتێک بەرژەوەندیەکانی ئەم لایەنانە دژ بەیەکە توانای چارەسەکردنی نیە ئەوا ڕێگا یاساییەکانیش بەم شێوەیە توشی شەلەل دەبن.
بنبەستی ئێستا بەرهەمی چەند ململانێیەکە لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆی عێراق و کوردستان. ململانێی ئێران و ئەمریکا لەسەر کەمکردنەوەی نفوزی یەکتر لە ناو حکومەتی تازەدا. ململانێی هێزە شیعەکان لەسەر چۆنیەتی حکومەتی زۆرایەتی یان تەوافقی. ململانێی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و چونە پاڵ بەرە جیاجیاکانی عیراق. فشاری ناڕەزایەتی خەڵکی عێراق و گەنجەکان لەسەر هێزە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی شیعە و سونە.
لە کۆتاییدا شەڕ و ململانێ سیاسیەکاندا ئەمانە هەموو پێویستیان بە ڕیکەوتن هەیە لەسەر بەشە بودجە و پۆست و ناوچەی دەسەڵات و بە پێی ئەم هاوسەنگی هێزە دیسانەوە دەکەونەوە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان تا خۆیان بۆ دەورەیەکی تری کەڵەکەی سەرمایە ئامادە دەکەن و دەسەڵاتی سیاسی و میلیشیایان دەخەنەوە گەڕ بۆ دەورەیەکی تری ٤ ساڵی تا لەڕێگای هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە جارێکی تر شەرعیەت بدەن بەو دەستکەوتانەی لەو ٤ ساڵەدا بەدەستیان هێناوە. ئەمە پێی دەڵێن بازنەی ڕیسایکڵ و تازەکردنەوەی سیاسەت و دەسەڵات و حکومەت لە عێراقدا لە چوارچێوەی دەوڵەتی ترانس ناشناڵدا کە بنەماکانی نەگۆڕە هەرچەند ژمارەی کورسیەکانی لایەنەکان بگۆڕێ و پۆست و وەزیرەکان لە گۆڕانیشدابن. .
بۆپێشەوە: ناو ماڵی شیعەکان” لێکترازاوە، ئەم لێکترازانە چ کاریگەرییەکەی لەسەر پیکهێنانی حکومەت دەبێت؟
لەهەلبژاردنەکاندا لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران پاشەکشەیان کرد، و باس لەوە دەکرێت ئەو لایەنانە دەبنە ئۆپۆزیسێۆن، ئایا ئەمە چ کاریگەریەکەی لەسەر حکومەت و شەقامی عێراقی دەبێت؟موقەتەدا سەدر پێداگری لەسەر پیکهێنانی حکومەتی زوربە دەکات و دەیەوێت کۆتایی بە حکومەتی تەوافوقی بهێنێت، چۆن دەڕوانە ئەو پێداگرییەی موقتەدا سەدر؟ ئایا لەهەلومەرجی ئیستای عێراقدا، پیکهێنانی حکومەتی زوربە لە جێگای حکومەتی تەوافوقی کیشە دروست ناکات؟
ئاسۆکمال: کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی پشتی پەردەی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی حزبە شیعەکانی عێراقە. بەڵام لەم ٢٠ ساڵەی ڕابردوودا هێزە شیعەکان ئیتر ئەو گروپە چەکدارانە نین کە لە ئێرانەوە هاتن و تەنیا خاوەنی چەکەکانیان بوون، بەڵکو ئێستا ئەمانە چینی بورژوازی ملیاردێری عێراقن. لێکترازانی ئەمانە ڕەنگدانەوەی کێشمەکێشی ئەم حزبانەیە لەسەر ناوچەی دەسەڵات و بەشی نەوت و بودجە و هێزی میلیشیایی و دەزگای دەوڵەتی. ئێران ناتوانێ لە بازاڕی سەرمایەی عێراقدا هەموو کارە بێت و هێزە شیعەکان ناچارن مل بە پێداویستیەکانی بازاڕی کەڵەکەی سەرمایەکانیان بدەن پێش ملکەچی بۆ مەرجەعیەتەکانیان. بەڵام ئێستا جیاکردنەوەی ناوچەی دەسەڵات و یەکلاکردنەوەی ئەم شەڕە سیاسی و ئابوریانە لە عێراقدا بۆ شیعەکان ئاسان نیە و ئەوان تەنیا بەشێکن ، هەرچەند بەشی سەرەکی و باڵادەستیشن، لە پرۆسەیەکی ترانس ناشناڵ کە ئەمە ئاڵۆزی و لێک ترازانی لە ڕیزەکانیاندا دروست کردوە. هەرچۆن ڕیزی ناسیونالیستی کورد، یەکێتی و پارتی لیک ترازاندوە وێڕای ئەوەی بۆ ١٠ ساڵێک ڕیکەوتنی ستراتیژیان هەبوو. هەربۆیە سەرمایە لە عێراقدا بە زمانی کەڵەکەکردن و پاوانکردن و کێبڕکێ قسەدەکات نەک بە زمانی نەتەوە و دین و تایفەگەری مەزهەبی. ئەم ناوانەی بەشی کورد و شیعە و سونە نازناوی دووەمی دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتە. پیویستە بیزانین ئەوەیە کە سیاسەت بە تەواوی لە خزمەتی بەرژەوەندی ئابووری حیزبەکان و ھێزەکانی نیو پەرلەماندا بەکار ھێنراوە . بەڵام بەرژەوەندی حیزبەکان و لایەنەکان بە تەنھا خۆیان دیاری ناکەن ، بەڵکو کۆمپانیا جیھانیەکان دەستێکی باڵایان ھەیە لە ئاراستە کردن وکۆنترۆڵکردنی بەرژەوەندیەکانی ھەر لایەنێکدا .
دیموکراسی پەرلەمانی و حکومەتی زۆرینە و ئۆپۆزسیۆن بونی میلیشیاکان گاڵتەی ئەم دەوڵەتە ترانس ناشناڵە یە کە بوەتە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرەکانی جیهانی دیموکراسی. ئەمانە لەسەر چاڵە نەوتێک و پۆستی وەزیرێک و سەفەقەیەکی بازرگانی ئامادەی شەڕی سەروماڵین لەگەڵ یەکتردا ئێستا بۆ لەدەست دەرهێنانی ناوچەی دەسەڵات و بەشە نەوت و گاز و کۆمپانیا و وەزارەت دەبنە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی ! ئەوەی ٢٠ ساڵە توانیویەتی ئەم میلیشیا و هێزە دژبەیەکانە ڕابگرێ ئەوەیە کە ڕیکەوتون لەسەر ئەوەی لە داهاتی دزی و تاڵانی و کەڵەکەی سەرمایەدا لە عێراق بێبەش نەکرێن.
بۆپێشەوە: لەدوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعسەوە ناسیونالیزمی کورد و حزبە دەسەڵات بەدەستەکان، بە تەوافوق لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی بەشداری لە دەسەڵات بوون، ئایا بە وەلانانی تەوافوق چارەنووسی پۆست و ئیستیحقاقاتەکانیان چی بەسەر دێت؟ جێگەو ڕیگەی حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا چۆن دەبینن؟ چۆن دەروانیتە کۆبونەوەی نیوان مەکەتب سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی ؟
ئاسۆکمال: حکومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی بوە بە باشترین نمونەی ئەم دەوڵەتی ترانس ناشناڵ و فرە کۆمپانیایە . لێرەدا دەوری تورکیا و ئێران و ئەمریکا..ھتد ، وە ڕادەی دەستێوەردانیان لە کوردستان چەندە پەیوەندی بە دەسەلاتی سیاسیەوە ھەیە ، سەرێکی وا بە بەرژەوندی ئابووری ناوچەیی بەتایبەت لە بواری نەوت و گاز دا . پەرلەمانی کوردستانیش بوە بە ئەو دەزگایەی کە مۆر بدات لەو یاسایانەی کە دەرگا ئاواڵا دەکات بۆ مامەڵە و بازرگانی نێوان کۆمپانیا ترانس ناشناڵیکان لەگەڵ کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانی یەکێتی و پارتی و گۆڕان ؛ ھەر ئەم حیزبانەش ئەم کەڵەکەی سەرمایە یە بۆ خۆیان بە ناوی دەستکەوتی نیشتمانی و سەربەخۆیی ئابوری و سیاسیەوە دەفرۆشنەوە بە خەڵک ، بە بێ ئەوەی ھیچ جۆرە بوژاندەنەوەیەکی ئابووری و دەستکەوتێکی ماددی ئەوتۆ یان لێوە بەدەست ھاتبێ بە قازانجی خەڵک.
قەیرانەکانی ئەم سیستەمە ، وەک پێش ٢٠٠٣ ، تەنیا پەیوەست نیە بە کێشەی نێوخۆی ناسیونالیزمی کورد لە نەبونی ئاسۆیەک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتدارێتیان لە ھەرێمدا، چونکە ئەم کێشەیە لە نێو دەوڵەتێکی پڕ ململانێێ ، فیدرالی ترانس ناشنال و میلیشیایدا بووەتە سیمایەکی ئاسایی سیاسەت کردن ؛ وەک ئەوەی پێویستیەکی سەرەکی کێشە و ململانێێ دەسەڵات بێت لە عێراقدا.
قەیرانی ئابوری لە ھەرێمدا ئیتر بووەتە سەرچاوەی قەیرانێکی فراوانتر کە ھەمیشە قەیرانی سیاسی و ئیدارییش بەدوای خۆیدا دێنێ. ھۆکارێکی سەرەکی ئەمەش بەسترانەوەی ئابوری کوردستانە بە بەرزونزمی نرخی نەوتدا، چالاکی و ئاستی کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان ، بە ڕێکەوتنی نەوتی لەگەڵ تورکیا و کێشەی بودجەی فیدرالی ، ئەمانە ھەمووی پێکەوە حکومەت و دەسەڵاتی ئابوری یەکێتی و پارتی بەردەوام لە ژێر فشاری شکستی گەورەی ئابوریدا دادەنێ.
لەسەرەتاوە پارتی ویەکیتی تا فێری چۆنێتی ئەم دابەشبوونە لە دەوڵەتی ترانس ناشناڵدا بوون پێویستیان بەوەبوو کە پێکەوە فراکسیۆن دروست بکەن و یەکگرتووبن ؛ دواتر نەک ھەر ئەوان ، بەڵکو بزوتنەوەی گۆران و نەوەی نوێش فێر بوون کە ئەوە ” کورد بوون” نی یە لەم دەوڵەتە نوێ یەی عێراقدا کە پاڵنەری سەرەکی پێکەوە کارکردن و دەنگھەڵبڕین بێت ؛ بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە دەست بۆ کێ ھەڵئەبڕی و دەنگ بە چی دەدەیت و ئەو دەنگدانە چ قازانجێک بۆ خۆت و گروپەسیاسیەکەت بەدی دێنی ؛ تەنانەت ھەندێک لە ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی نێو ئەنجومەنی عێراق ئەوەندە فێری ئەم ھونەرە سیاسی یە بوون کە زۆر ئاسایی سەربەخۆ کاردەکەن و مامەڵەی جۆرا جۆر بە پلە و پۆستەکانیانەوە دەکەن لە گەڵ ھەر لایەنێکی نێو پەرلەمانی عێراقدا کە نرخێکی زیاتریان لەسەر دانێ . ھەربۆیە دەبینین کە ئەم حیزبە کوردیانە کە کوردایەتی بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشنەوە کەی پێویستیان بوو، خۆیان زۆر مەسەلە نیە لە لایان و تەنھا بۆ چەواشەکردنی خەڵکی ئەو خیتابە بەکار دێنن .
گرتنەبەری ڕێگای جیاواز لە بەغداد لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە ئەو ململانێیە کە ئەم دوو هێزە لەسەر ناوچەی دەسەڵات و داهات هەیانە کە ئێستا مەیدانەکە فراوانتر بوە و هەموو عێراقی گرتۆتەوە نەک هەر کوردستان. ئەم ململانێیە لەژێر سێبەری بەرژەوەندی هاوبەشیاندا دەچێتە پێش کە بەناوی کوردەوە لە عێراقدا وەری دەگرن، وە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری دۆخی کوردستان دەکەن تا ڕێگە لە زاڵبونی تەواوی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرتاسەری عێراقدا بگرن. هەربۆیە لە کۆتاییدا ئەم دوو هێزە پێویستیان بە ڕیکەوتنە لەسەر پۆست و بەشە بودجە و نەوت و گاز.
کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی دوای ٧ مانگ لە کێشەی سەرۆکایەتی کۆمار نیشانی دەدا کە ئەم فشارە ناوخۆیی و دەرەکیانە چەندە لەسەر ئەم دوو دەسەڵاتە! لەلایەک مەسەلەی فشارەکانی حکومەتی عێراق لەسەر نەوت و گازی کوردستان و لەلایەکی ترەوە فشاری ئێران و ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ لابەلاکردنەوەی کۆسپەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا.
بۆپێشەوە: زوربەی خەڵکی عێراق و کوردستان بروایان بە حزب و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان نەک نەماوە، بەڵکو لێیان بێزارن و لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ڕاماڵینیان، چۆن دەکرێت کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو حزبانە بێت؟
ئاسۆکمال: لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە گرنگانەی لە ئاستی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکاندا لە عیراق و کوردستاندا ڕویانداوە وەک ١٧ شوبات ٢٠١١ لە کوردستان و دیسەمبەری ٢٠١٩ لە عێراق و خۆپیشنادان و مانگرتن و بایکۆتەکانی ئەم دەساڵەی ڕابردوو، بەڵام ھوشیاریەکی فراوانتر پێویستە سەبارەت بەوەی کە لە عێراق وکوردستان چ سیستمێک دەسەڵاتدارە و چۆن ئەم سیستمە لەباری سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە بەرھەم دەھێنرێتەوە لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی یەوە . ئەمە گرنگە تا بزانین دەوری حزبە دەسەڵاتدارەکان چیە ، وە بەرژەوەندی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیانەش لە ڕاگرتنی پایەکانی ئەم سیستەمەدا چی یە ، ئەوان لەگەڵ چ شتیکیدان و دەیانەوێ چی لەم سیستەم و ئیدارەیە بگۆڕن بە خۆپیشاندانی خەڵک؟
دەورەیەک ناڕەزایەتیەکانی کوردستان بەدوای گۆڕاندا ڕۆشت و دەورەیەکیش ناڕەزایەتیەکانی عێراق بەدوای سەدر دا، ئەمە نیشانی دەدا کە ڕیزی سەربەخۆی کرێکار و زەحمەتکێش لە عێراق و کوردستاندا نەبوەتە بەدیل و هێزێکی سیاسی و جەماوەری. ئەم ڕیزە پێویستە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری موچە خۆران و کرێکار و گەنجان و ژناندا دروستت ببێ. جێگای حزبی کرێکاری جەماوەری و ڕیکخراوەی جۆراوجۆری کرێکاری و مامۆستایان و فەرمانبەران وژنان و خوێندکاران پێویستە دروست ببێ.
داواکاریەکانی موچە و دابینکردنی خزمەتگوزاری و داوای ئازادیە سیاسیەکان و دژی گەندەڵی و سەرکوتی میلیشیایی کە لە ئارادایە ھێزی جەماوەری ناڕازی کۆدەکاتەوە و لە ڕیگەی ئەم دەستەی ناڕەزایەتیە جەماوەریانەوە پێویستە بەرەو ڕیکخراوبوون بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی پەرژوبڵاوی و ناڕیکخراویە بچێ. .
ئەم ‌ستراتیژیەی کە لە ئێستادا خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لە ھەموو شوێنێکدا ڕیکخراو بەرامبەر دام و دەزگای و حکومەتی عێراق و ھەرێم ڕاوەستن لە کاتی ھەر دزیەک کە لە نەوتدا دەکرێ، لەھەر سەرکوتێک لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا، لەھەر پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت کە لە بودجەی گشتی دەدزرێ، لەھەر نەدان و بڕینێکی موچەدا، وە لە دروستکردنی بۆرد و ڕیکخراوەی جەماوەری بۆ تەنگ ھەڵچنین و لابردنی بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەری گشتی و وەزیر و کابینەی حکومەت و سەرۆکی حکومەتدا، دەتوانێ سەرئەنجام ھێزی جەماوەر بکاتە حکومەتی سێبەر بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا، وەک دەسەڵاتێک دەربکەوێت لە بەرامبەر بە دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەتدا وەستاوەتەوە و ڕێگری لێ دەکا و فشاری دەخاتە سەر، تا کاتێک کە دەسەلاتی جەماوەری ئامادەیە کە دەسەلاتی ئیستا وسیستمەکەی بە یەکجاری و بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆڕێ.
ئەمانە دەتوانن ڕێگای جۆراو جۆری جێبەجێکردنی ئەو دروشمی “نا” یە بن کە بۆ دەسەڵات و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن بەرزکراوەتەوە . وە نیشاندانەری ھەبوونی بەدیل و ئەلتەرناتیڤی جەماوەری ناڕازی یە لە بەرامبەر دەسەڵات و دامودەزگاکانی ئێستادا. بەدیلی سیاسی و ئابوری و ئیداری خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لەم ھەنگاوانەدا دەست پێدەکا کە لە ھەموو شوێنێک دژی ئەو بەرژەوەندی و سیاسەتانەی دەسەڵات بوەستەنەوە و ڕێگای پێ نەدەن کە ژیان و بەرژەوەندی ٪٩٩ خەڵکی کوردستان بکاتە قوربانی کەڵەکەی سەرمایە و پاوانکردنی دەسەڵات لای ١٪ کۆمەڵگە.

Add Comment

Click here to post a comment