کۆمۆنیزم

جێگای “بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە” لە دایەلۆگی کۆمۆنیستەکاندا

 

لەماوەی ڕابردوودا لە نێوان هاوڕێیانی کۆمۆنیست لە “ئاراستەی مارکسیستی هاوچەرخ” و “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان”دا گفت وگۆیەک دەستی پێکردوە. ئەم جەدەل و دایەلۆگانە هەرچەندە گرنگن، بەڵام خوێنەریان هەست دەکا کە ڕەخنە و گفت وگۆکاکان بارگاوین بە باسی شەخسی و ترس و دڵەڕاوکێ لە ڕەخنە ، وە هەروەها بەرپەرچدانەوەی نالۆجیک و پشت نەبەستن بە بەڵگە بۆ سەلماندنی ڕاستی و ڕەخنەکان.  هەر بۆیە پێویستە هەڵوێستەیەک لەسەر ئەم کەلتورە لە ڕەخنە و گفت و گۆ بکەین و بزانین چ پەیوەندیەکی بە دۆخێکەوە هەیە کە ئەمڕۆ بزوتنەوەی کۆمۆنیستی چەقبەستوو کردووە لە سێکتێکی فکری و قاڵبێکی سیکتاریستی دا؟ . با بزانین ڕیشەی ئەم جۆرە لە وەڵامدانەوە ، وە خۆلادان و ترس لە پرسیار و ڕەخنە و لێکۆڵینەوە لە کێشە فکری و سیاسیەکانی ناو ئەم بزوتنەوەیەی ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست لە چیدایە؟

“بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە” ئەو میتۆدەیە کە کۆمۆنیستەکان دەتوانن بەهۆیەوە ئەم دۆخەی ئێستای خۆیان بناسن و لە مێژووی خۆیانەوە فاکتەر و هۆکردی لاوازیەکان دەستنیشان بکەن، وە هەروەها ڕێگای گۆڕینی ئەم کەلتورە سیاسی و فەرهەنگە چەقبەستوە سێکتارێستیەی ئێستا تیایدان پەیدابکەن. سەرەتای ئەم ڕیگایەش بە پرسیارکردن دەست پێ دەکا لە سەر ئەوەی کە ئێمە تا ئێستا چیمان کردوە و لە کوێی گەیشتن بە ئامانجی کۆمۆنیستیمانداین، کە ڕزگاری چینی کرێکار و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە؟ . لێرەشەوە مێژووی ٣٠ ساڵی  ڕابردووی خۆمان و ئێستامان دەبێتە بابەتی بیرکردنەوەکە.  ئەمە مێتۆدی لێکدانەوەی ماتریالیستی یە کە بەڵگەکانمان کامانەن لەسەر ئەوەی چیمان کردوە، نەک ئەوەی چی دەڵێین لەسەر خۆمان و ئەفکارەکانمان .

بەڵام با چەند نمونەیەک لەم جۆرە ڕەخنەگرتنانەی ئەم ڕۆژانە بهێنینەوە کە ڕۆشنایی زیاتر دەخاتە سەر ئەم کلتوری گفت و گۆ و ڕەخنەگرتنەی ئێستامان، وە یارمەتیمان دەدات تا ڕێگری بەردەم بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە ناو کۆمۆنیستەکان و کۆمۆنیزمی کرێکاریدا بناسینەوە و ڕیشەکەی دیاری بکەین.

 لەوانە :” لەوەڵامی چەند ڕەخنەیەکی سامان کەریم دا لەسەر مەسەلەی پێکهێنانی حزبە کۆمۆنیستیەکان و هەڵویستی تاکتیکی لە چەند ڕوداوێکی سیاسی ٣٠ ساڵی ڕابردودا، عوسمانی حاجی مارف لەبەشێکدا دەڵێت: “پێموایە دوای سی ساڵ پەشیمان بوونەوە لە خەتێکی فکری سیاسی، کە تەجروبەیان کردووە و ناساندنی مەنسور حیکمەت وەک “مارکسیەکی هاوچەرخ”، ئیتر ناتوانن جێگای متمانەی ئەوەبن، کە وەک ڕابەرێك چاویان لێ بکرێت.(“بیرمەند”ی ناشۆڕشگێڕ/عوسمانی حاجی مارف).

سەرەتا ناونانی ڕەخنەگرتن بە “پەشیمان بونەوە” زاراوەیەکە کە کەسی ڕەخنەگر دەکاتە خەتابارێک نەک بیرکەرەوەیەک. ئەم ناونانە بەشێکە لەو ووشە و ئامڕازانەی کە مەبەستی وەڵامدەرەوەکە نیشان دەدا کە نایەوێ گوێ لە ڕەخنەکە بگرێت و لە سەرەتاوە ڕەخنەگری بە تاوانبار داناوە. بەڵام دەپرسین کە بۆچی دەبێت بە ڕەخنەگرتن لە ڕابردوو، وە یا بە “ناساندنی مەنسور حیکمەت وەک “مارکسیەکی هاوچەرخ” ، ئیتر ڕەخنەگرەکان “ناتوانن جێگای متمانەی ئەوەبن کە وەک ڕابەرێك چاویان لێ بکرێت”؟! .  ئایا ئەم پێوەری متمانەیە لە کوێ وە هاتوە؟  بۆچی متمانەی ڕابەری کۆمۆنیست بوون لەسەر ئەوە بنیات دەنرێ کە ڕەخنە لە ڕابردوو نەگرێ و مەنسور حیکمەت بە “مارکسیەکی هاوچەرخ” دانەنێت؟ .

ئەم جۆرە پێوەرە پێمان دەڵێ کە سێکتی فکری کۆمۆنیزمی کرێکاری مێژووی خۆی تەقدیس دەکا، ئەوەتا لە دوای ٣ بۆ ٤ دەیە لە کارکردن، ئامادە نی یە پرسیار بکات یان وەڵام بداتەوە سەبارەت بە وەی کە بۆچی ئەم بزوتنەوەیە نەیتوانیوە کۆمەڵایەتی بێتەوە یاخود حزبێکی سیاسی لە ئێران یان لە عێراق لەناو کرێکاراندا پێک بهێنێ؟. ئەگەر ئامانجی کاری کۆمۆنیستی ڕزگاری چینی کرێکار و یەکگرتوکردنی ئەو چینە بێت ، بۆ هەموولایەک زۆر ڕۆشنە کە لە دوای ٣٠ ساڵ ئەم ئامانجانە نەک بەدی نەهاتوون، بەڵکو بە پێچەوانەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاریش خۆی لە ئەزمە و پارچە پارچە بوون و دابەش بونە بەسەر سێکتی فکری و سیاسی داخراوتر و پەراوێزکەتوتردا. جاری وا هەیە لە لە مەراسیمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا ( ١ی ئایار) ، لە یەک گۆڕەپانی بەریتانیادا  ٣ مێزکتێبی کۆمۆنیزمی کرێکاری دەبینین کە هی ٣ حزبی جیاوازی کۆمۆنیستی کرێکارین، کە تەنیا مەترێک لەیەکترەوە دوورن، ئەمە لە زۆر ووڵاتی تریش هەروایە . چۆنە کە ئەم واقعیەتە لە دوای ٣٠ ساڵ خەباتی کۆمۆنیستی ڕامان ناچڵەکێنێ ، وە نامانخاتە بیرکردنەوە لە سەرچاوەی ئەم لاوازی و پەرژوبڵاوی یە؟  چۆنە کە تەنانەت قبوڵمان نیە ڕەخنەی لێ بگیرێت و چاوێک بە چوارچێوە فکری و سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی رابردووماندا بخشێنیەوە، تا لێوەیان فێر بین و کارمان باشتر کەین ؟ بە ڕاستی بۆ دەبێت پرسیار و ڕەخنە لەم رابردوەمان ببێتە هۆی تاوانبارکردن بە پەشیمان بونەوە و بێ متمانەیی ، “ئینتحاری سیاسی”   هاوڕێکانمان ؟

سەرەتای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، پرسیارکردنە لەوەی تا ئێستا بە ڕاوەستاو و بەڵگەنەویستی دەزانین. دەبێ لە خۆمان بپرسین کە بۆچی لە دۆخێكی چەق بەستودا خۆمان و بزوتنەوەکەمان گیری کردوە؟  بۆچی ئەو بنەما و بیرکردنەوە و گروپ و ڕیکخراوانەی کە هەمانە یارمەتیدەری دەرچوون لەم بنبەستە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ڕیکخراوە سێکتاریستیانە  نین . کەچی هێشتا ئامادەنین بیانگۆڕین و ڕەخنەیان لێ بگرین؟! ئەمە جۆرێک لە خۆپارێزی و کۆنسەرڤاتیزمی فکری و کەلتوری یە کە ڕەنگدانەوەی دابەش بونە سێکتاریستیەکانی ئێستای بزوتنەوەکەمانە ، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی .

لەم فەزای پارچە پارچەیی و پەرژو بڵاوی یەدا، ئاسانترین ڕێگا ئەوەیە کە هەر لایەک پەنجە بۆ بەرامبەرەکەی درێژبکا و بڵێ خەتای ئەوانەیە کە لە حزب دەرچوون یان خەتای ئەوانەی ترە کە وەزعی گروپەکەی ئەمانیان بەم لاوازیە گەیاندوە، هەروەک ئەمە لە گفت و گۆکاندا بە ڕوونی دەبینرێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەر گروپە خۆی بەشێکە لە کێشەکە نەک تەنیا بەرامبەرەکەی هۆکار بێت. دەبێ پرسیار لەسەر هۆکاری ئەم چەقبەستوویی یەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بکەین، وە پێویستە ئامرازی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە دەستەوە بگرین تاکو سەرچاوەی  لاوازی و کێشەکانی هەموومان، وەک بزوتنەوەیەک، دەستنیشان بکەین. ئەمەش سەرەتاکەی بەوە دەست پێ دەکات کە بە بێ ترس ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و نەگەتیڤانە قبوڵ بکەین سەبارەت بەوەی ئێستا باوەڕمان پێیەتی و لێی بکۆڵینەوە تا هۆکاری مانەوەمان لەم قاڵبە نەگۆڕ و سێکتاریستی و پاسیڤەدا، کە تواناکانمان بە فێرۆ دەدا، بدۆزینەوە.  ئەم پرۆسەی ئیڤۆلۆشن و گۆڕانکاری یە ، وە لە گەڵیدا گەشەی فکری و سیاسی یە ، لە گرەوی پراتیکی ڕەخنەگرانە دایە لەم دۆخەی ئێستا ، وە دەتوانێت سنورەکانی ئێستامان بگۆڕێ بە هاوخەباتی نێوان کۆمۆنیستەکان و بەشداری پێکەوەیی وهەرەوەزیانە لە خەباتی کرێکاراندا.

بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەمان، کە بۆچی ڕەخنە لە ئامرازەکانی خەباتی ڕابردوو هەڵەیە؟ هاوڕێ عوسمان لە وەڵامەکەیدا تێگەشتنێك لەم بارەوە دەخاتە روو کاتێ دەڵێت : ” مرۆڤ نزیک بە هەموو تەمەنی خۆی بە هەڵە دوای ڕێباز و بزووتنەوە و نەریت و خەتێکی فکری سیاسی کەوتبێت، ئیتر تازە چەند تەمەن و کات و فرسەتی بۆ دەمێنێتەوە، تا خەت و ڕێباز و نەریتێکی تازە بگرێتەبەر و بەرەوپێشەوەی ببات؟!”(” بیرمەند”ی ناشۆڕشگێڕ/عوسمانی حاجی مارف).  ئەم نیگەرانی یە لە تەمەنی کۆمۆنیستەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری کە زۆرینە سەروو ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵین واقعی یە، بەڵام ناکرێ پێوەری تەمەنی خۆمان بکەین بە بەهانە بۆ ڕەخنە نەگرتن لە خەت و ڕێبازی خەباتمان؟ .

لێرەدا پێوەر لە وەڵامەکەی هاوڕێ عوسمان دا ئەو کێشانە نین کە ڕوبەڕوی کرێکاران دەبێتەوە و ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان نەمانتوانیوە یەکگرتوو و ڕیکخراویان بکەین بەرامبەر بە یەکێتی و پارتی، یان ئەو کێشەیە کە بۆچی لە دوای ٣٠ ساڵ نەمانتوانیوە ڕیکخراوی سیاسی کرێکاران و ڕیکخراوی جەماوەری دروست بکەین؟. بەڵکو پێوەری ئەو وەفاداریە بە بەرنامە و نوسراوەکانی مەنسور حیکمەت و حزب ، وە بە مانەوەی گروپێک کە پێکەوە هاوفکربن و کۆبونەوە حزبیەکانی خۆیان بگرن و دەستەیەک سەرکردە هەڵبژێرن و لە قسەکانیان دەرنەچن و ڕەخنەیان لێ نەگرن.

بە پێچەوانەی ئەم کەلتوری ترس لە ڕەخنە یە، بیروبۆچون و حزب و گروپەکانی ئێستامان بەرهەمی کاری خۆمانن و ئامڕازێکن بۆ بردنە پێشی خەباتمان دژی سەرمایەداری، هەربۆیە پیرۆزنین، بەڵکو تەنها خزمەت بە ئامانجی ڕزگاری مرۆڤایەتی و چینی کرێکار دەکەن.  پێوەر بۆیان تەمەنی خۆمان نیە، بەڵکو چۆنیەتی سودلێوەرگرتنیان و ڕاددەی خزمەتکردنیانە بەو ئامانجانەی ڕزگاری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بۆیە دەبێت بە پێی ئەم پێویستی یە ئاوڕیان لێ بدەینەوە، بیانگۆڕین و پێشیان بخەین، وە سوود لە دەرس و تەجروبەکانی ڕابردومان ببینین. ئێمە وەک مرۆڤەکان تەمەنمان دەڕوا و هەر دەڕۆێن، بەڵام تا ئەو کاتەی کاردەکەین و لە ژیانداین چ ئاڵوگۆڕێکمان لەو ئامرازانەدا دروستکردوە، کە ئێستامانیان چەقبەستوو کردوە، وە کام ڕێباز و ئامرازی خەبات لە دوای خۆمان جێ دێڵین تا کۆمۆنیستەکانی دوای ئێمە بەرەوپێشتری بەرن؟.

لە وەڵامەکەی هاوڕێ عوسماندا، دەڵێی لە دوای ئەم ٣٠ ساڵەی مێژووی کۆمۆنیزمی کرێکاری مێژووی خەباتی فکری و بیرکردنەوە وەستاوە. ئەو گەشەی فکر وەک بەشێک لەگەشەی خەباتی چینایەتی نابینێ. لە کاتێکدا پێ بە پێ ی گۆڕانکاری لە مەسەلەکانی خەباتی چینایەتی و ئاستی گەشەی کرێکاران، فکری کۆمۆنیستەکانیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، و ڕەخنە لە کەموکوڕی ڕابردویان دەگرن، و ڕێباز و سیاسەتی تازە دەگرنە بەر، کە وەڵامدەرەوەی مەسەلەکانی خەباتی چینایەتی بێت لە زەمان و مەکانی خۆیدا. ئەم دابڕاوی یەی گروپە کۆمۆنیستیەکانی ئەم سەردەمەمان لە خەباتی چینایەتی کرێکاران بوەتە هۆکاری دابڕاوی فکری و مانەوەمان لە قاڵبی سێکتێکی فکری داخراودا، کە سنوری هەرکام لە گروپە ڕۆشنبیریەکانی دیاریکردوە و بەسەر ناوی جۆراوجۆری حیکمەتیزم، ستالینیزم ، مارکسیزم، لینینزم و تروتسکیزم و هتد دابەشی کردوون. هەربۆیە قاڵبی سێکتێکی ئایدیۆلۆژی تاک پایە و تاک خەت بووەتە مۆدێلی مانەوە، وە لە هەمان کاتدا بووەتە ڕێگر لەبەردەم یەکگرتوبونیان لەگەڵ باقی گروپە ڕۆشنبیرەکانی تری نێو چینی کرێکار، تا ئەو ڕاددەیەی کە هەرکامیان ئەوی تر بە بورژوازی و ناکۆمۆنیستی و “ناکرێکاری” دادەنێ.

‌هەڵبەت ئەم بۆچون و کلتورە تەنیا تایبەت بە کۆمۆنیزمی کرێکاری نیە، هەروەک لە ئەنجامگیریەکانی هاوڕێ سامان کەریمیشدا هەمان شت دەبینین کاتێک لە لای ئەو گروپەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە هۆی سیاسەت و تاکتیکەکانیەوە یەکسەردەکرێنە ناکۆمۆنیستی و “ناکرێکاری”. هەربۆیە ئەو تەنانەت قسەکردنی لەسەر کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبەکانی بۆ گرنگ نی یە ، بۆیە ڕەخنەکانیشی تەنها کاتێك باس دەکات کە وەک خۆی دەڵێت ” عوسمان قسەی کردوە” و ڕەخنەی لە گروپەکەی ئەم گرتووە ” ئەگەر نا، ئەمکارە و وەڵامدانەوە بە عوسمانی حاجی مارف ئەولەیەتی من نیە”.” سامان کەریم. لە وەڵامێکی بێ وەڵامی عوسمانی حاجی مارفدا!” .  هەر کام لەم گروپە کۆمۆنیستانە هەڵوێستی بەرامبەر بە گروپەکەی تر بەم شێوەیەیە . هەربۆیە لەم کلتورەدا ئامانج ئەوە نیە کە ڕۆشنگەری و ناسینی خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی نێو یەک چین و ڕیزەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری کاری لەسەر بکرێ، بەڵکو هەر دایەلۆگ و جەدەلێک دەچێتەوە قاڵبی سەلماندنی بورژوازی بون یان ناکۆمۆنیستی و “ناکرێکاری” بونی گروپی بەرامبەر.

لێرەدا هاوڕێ سامان هەمان لۆجیکی بەرامبەرەکەی دوبارە دەکاتەوە. کاتێک بەو ئەنجامە دەگات کە گروپ و لایەنێکی کۆمۆنیستی لەبەر ئەوەی تاکتیک و سیاسەتێکی نادروست دەگرێتەبەر ئیتر لای ئەو ئەم گروپە دەبێتە “ناکرێکاری” و بورژوازی . ئەمە دروست نیە . یەکەم ، من وشەی “ناکرێکاری” بە دروست نازانم، چونکە لە لێکدانەوەی چینەکاندا “نا کرێکاری” شتێک ناگەیەنێ. پێویستە دیاری بکرێن کە ئەم گروپانە سەر بە چ چینێکن؟ ئایا بوژوازین یان وردە بورژوازین؟.  دووەم ئەم جۆرە لە لکاندنی بورژوازی بە هەر تاکتیک وە یان بۆچونێکی گروپە کۆمۆنیستەکانەوە ڕیشەکەی لە لێکدانەوەی سێکتیانەی کۆمۆنیزمەوە هاتوە کە لە سەدەی ٢٠ وە هاتوە  و تا ئێستاش بەردەوامە و ئێمەش لە کۆمۆنیزمی کرێکاریدا بەکارمان هێناوە. ئەم جۆرە لێکدانەوەیە تەنیا یەک گروپ بە کۆمۆنیست دەزانێ و هەموو ئەوانی تر بە هۆی بۆچونەکانیانەوە بە بورژوازی دەزانێ. لە کاتێکدا لە ناو هەموو گروپە ڕۆشنبیرەکانی ئەم چینەدا و لەوانەش گروپە کۆمۆنیستیەکان، وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، بەدیلی کۆمۆنیستی، ڕێچار، ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆشیالیستی، ئاراستەی مارکسیستی هاوچەرخ و یەکێتی کۆمۆنیستەکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق و کەسایەتی و گروپە کۆمۆنیستیەکانی تر، کاری گرنگ لە نێو کریكاران و لەنێو ناڕەزایەتیەکاندا دەکرێت، وە هەموویان  کاری ڕاگەیاندنی سۆشیالیستی دەکەن. سەرەڕای هەر بۆچونێکی هەڵە و تاکتیکێکی هەڵەی ئەمانە، کە ڕەنگدانەوەی دووری  لە چینی کرێکار و خەباتە هاوبەشەکەی، وە پەرژوبڵاوی ڕیزەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری یە، ئەمانە بورژوازی نین، بەڵکو بەشە ڕۆشبیرەکەی چینی کرێکارن . کێشە سەرەکیەکەی ئەم بەشە، بە هەموو گروپەکانیەوە، ئەوەیە کە دەبێ پراتیکی خۆی و بۆچونەکانی بگۆڕێ و تا بتوانێ لە نێو خەباتی ئێستای چینی کرێکاردا دەوری پێشڕەوانە بگێڕن، نەک وەک ئێستا لە پەراوێزی کۆمەڵگە و کێشە سیاسیەکان و چینەکەی خۆیاندابن.

هەر ئەم گروپانە ناو بە ناو لە ژێر فشاری خەباتی یەکگرتووی چینایەتی کرێکاران ناچاردەبن لانی کەم هەوڵی کاری هاوبەش بدەنەوە و هەموو ئەم دابەشکردنە چینایەتیەی نێوانیان بە هەوادا دەچێ. هەروەک لە شوراکانی ١٩٩١ و ١٧ شوباتی ٢٠١١ و خۆپیشاندانەکانی کوردستان دەیبینین کە چۆن ئەم گروپە کۆمۆنیستانە بەناچاری و دوور لە ویستی قاڵبی فکری و ڕیکخراوەیی سێکتاریستی خۆیان فشاری مادی خەباتی چینایەتی بەرەو یەکتر کێشیان دەکا ، کاتێك دەبینن کرێکاران و فەرمانبەران و خەڵکی ناڕازی یەکگرتوانە چونەتە سەر شەقام دژی بورژوازی و حزبە دەسەڵاتدارەکانی لە کوردستان و عێراق و ئیراندا.

پرسیارێکی تر ئەوەیە کە بۆچی لە کەلتوری ئێستای ئێمەی کۆمۆنیستەکاندا ، بۆ نمونە لە دایەلۆگی نێوان دوو هاوڕێیە و دوو گروپی کۆمۆنیستی دا، ڕەخنەگرتن لە یەکتری دەبێتە مایەی دڵەڕاوکێ و ترسی گروپ و حزب و کەسەکان لە یەکتر، وە دەگاتە ڕاددەیەک کە نیگەرانی و هەڵچون دەنوێنن بەرامبەر بەو هاوڕێ و کەسانەی کە بۆچونەکانیان دەهێننە ژێرپرسیار؟!. بەکارهێنانی زاراوەی وەک “پەشیمان بونەوە”، ” ئەستۆپاکی حساباتی شەخسی خۆی”،”ناشۆڕشگێڕ”،”مەلا”، “فەقێ”، “ئینتحاری سیاسی” چەند نمونەیەکی ئەم هەڵچونانەن. لە ڕاستیدا ئەم تێرمینۆلۆژیانە بە کاردەبرێن تا بەرامبەرەکەیان وەک شەخس بەرپرس بکەن لە کێشەی بزوتنەوەیەک، وە بەم شێوەیە خۆیان لە ڕەخنەکان لادەدەن و مەسەلەی لاوەکی و مەزاجی و ئەخلاقی دەکەن بە ئامڕازێک بۆ بردنەوەی دایەلۆگەکە.  ئەمەش لە جیاتی ئەوەی ئەم دایەلۆگ و بیرکردنەوە ڕەخنەگریانە وەک زەمینەیەک بۆ تاووتوێ کردنی ڕاستیەکان سەیر بکەن و چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و وەڵامی پرسیارەکان بەپێی زانست و لۆژیک بدەنەوە.

 خۆلادان لە ڕەخنە کردن و خستنەڕووی کێشەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی خۆی ڕەهەندێکی ترس و بێ باوەڕی بە بۆچونەکانمان هەڵدەگرێ، وە پێمان وایە بە کەوتنە ژێر ڕەخنەی بۆچونەکانمان هەموو ئیگۆی ئێمە و بنەما و دۆگماکانمان دادەڕمێ.  ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەو زەمینە مادی و فکریە سێکتاریستیە بەرتەسکانەیە کە ئەم گروپە کۆمۆنیستیانە تیایدا کاردەکەن.

چوارچێوەی ئەم مۆدێلانەی گروپە کۆمۆنیستەکانی ئێستا پاشماوەی مۆدێلی  سیاسی و ئابوری سۆشیالزمی دەوڵەتی سەدەی بیستە، هەر ئەمەشە هۆکاری درێژەپەیداکردنی دابڕانی ئەم گروپانە لە چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی ئەمڕۆ. کە لە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”دا  ئەم باسەمان بە دورودرێژی سەبارەت بە کۆمۆنیزم بەگشتی و کۆمۆنیزمی کرێکاریش بەتایبەتی شیکاری کردوە. هەربۆیە پێویستە ئەم گروپە ڕۆشنبیرانە گۆڕانی ڕیشەیی لە فکر و پراتیکیاندا بکەن لە نێو ناڕەزایەتی و خەباتی چینایەتی کرێکاراندا تا بتوانن دەوری پێشڕەوانە بگێڕن.  دایەلۆگ لە نێو کۆمۆنیستەکان و لە نێو ڕیزەکانی خەباتی چینایەتی دا بۆ ئەوە گرنگە کە ڕەخنەکان لە ناو کۆمەڵدا بتوانێ بەشێوەیەکی زانستی بخرێنە ڕوو، و بە پێوەری زانستی بۆچونەکانمان جەدەل لەگەڵ ناسەلماندنی خۆیاندا بکەن کە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن Disapprove .

ئەمە میتۆدێکی سەلماندن و فێربونی زانستی یە، کە جیاوازە لە میتۆدی تەقدیسی دینی و دۆگمایی بۆ فکر و فێربون، کە تەنها بیروباوەڕی وشکەڵاتوو و دواکەتو لە ڕۆژگاری ئێستا بەرهەم دەهێنێ. فێربون بریتییە لە پرۆسەی بەکارهێنانەوەی فکر بۆ تێگەیشتن لە فکری کەسانی تر ،وەک هیگڵ دەڵێ” فکری کەسانی تر بەفکر نەبێ تێناگەین”.

خاڵیکی تر کە گرنگە سەرنجی بدەینێ ئەم قسانەی هاوڕێ عوسمانی حاجی مارفە کە دەڵێ:

“بە دڵنیایەوە ئێمە پێشوازی لە هەڵسەنگاندنی ڕەوتی خەباتی ڕابردووی حزب و جوڵانەوەکەمان دەکەین و لەوەش ناترسین هەڵەو کەموکورتیەکانمان چی بوون، چونکە ئەمە بۆئێمە پێداویستیەکی بردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتیو کۆمەڵایەتییە. ” “بیرمەند”ی ناشۆڕشگێڕ/عوسمانی حاجی مارف

با نمونەیەکی ئەم پێشوازی یە لە ڕەخنەکردنی ڕەوتی خەباتی حزب سەیربکەین تا بۆمان روون بێتەوە  ئەم قسەیەی هاوڕێ عوسمان چەند ناکۆکە بە کردەوەیەک کە بە ئیمزای ئەوەوە کراوە. کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” کە هی نوسەری ئەم وتارە یە، وە کە ئەندامی حزبم، لە سایتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە دوای ڕۆژێك لە بڵاوکردنەوەی، سڕدرایەوە و ڕێگە نەدرا لە ماڵپەڕی حزبەوە، وەک ئەندامێک بیروڕای بە ئەندامان و چینی کرێکار و کۆمەڵگە بگەیەنێ. ئەم ڕێگەگرتنەش لە ژێر   سانسۆری حزب و بڕیاری مەکتەبی سیاسی دا بەڕێوەچوو. لەم بارەوە نامەی مەکتەبی تەنفیزی بۆ نوسەر دەڵێت : ” بە ئاگاداریت دەگەیەنین کە  لابردنی کتێبەکەت لەسەر بڕیاری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزب بووە و لەمەشدا هیچ پێشێلکاریەک نەکراوە کە پێچەوانە بێت لەگەڵ چوارچێوەی پرەنسیب و بڕیارو بنەما ڕیکخراوەیەکانی حزبدا. هۆکاری ئەم بڕیارە دەگەڕیتەوە بۆئەوەی کە سایتی حزب ئۆرگانێکی حزبی یە کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆچون و سیاسەتە پەسەندکراوەکان  و چالاکی حزبی و ئۆرگانە حزبیەکان بڵاو دەکاتەوە، بەم پێیەش ناچار نیە هەر بۆچون و هەر چالاکیەکی تایبەتی ئەندامان وکادرانێک کەوەک بۆچون و چالاکی تایبەت بەخۆیان بێت، بەتایبەتیش ئەوانەی کە لەگەڵ باوەڕو بنەما فکری و سیاسی و ڕیکخراوەییەکانی حزبدا ناکۆك و یاخود نایەتەوە، بڵاوبکاتەوە.”  هەیئەی تەنفیزی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان٢٣|٥|٢٠٢٠

ئایا سڕینەوە و ڕێگەنەدان بە بڵاوبونەوەی کتێبێکی ڕەخنەگرانە و لێکۆڵینەوە لەسەر حزب و مێژووی کۆمۆنیزم چەندە ناکۆکە بەو قسەیەی هاوڕی عوسمان کە دەڵێ” ئێمە پێشوازی لە هەڵسەنگاندنی ڕەوتی خەباتی ڕابردووی حزب و جوڵانەوەکەمان دەکەین”!! . ئەوەی کە زۆر سەیر بوو ئەم هاوڕێی یە کە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبە و بە پێی نوسراوەکەی بۆم هاتتوە دەڵێت “لابردنی کتێبەکەت لەسەر بڕیاری ئەو بووە” لە کۆبونەوەکەمدا لەگەڵی ڕایگەیاند کە ئەو کتێبەکەی نەخوێندۆتەوە!!. هەربۆیە  ناکرێت بەپێی قسەکان بڕیار لەسەر ناوەرۆکی گروپەکان بدرێ، بەڵکو پێویستە بە پێی کردەوەکانیان هەڵیان سەنگێنین.

ئایا ئەم سانسۆرە چ کەلتورێکی کۆمۆنیستی یە کە ئەندامان نەتوانن لە ئۆرگانە حزبیەکاندا بیر و ڕاکانی خۆیان بڵاوبکەنەوە؟ ئایا بۆ دەبێت ڕەخنەکردنی خەباتی حیزبی تەنها لەچوارچێوەی بۆچونەکانی گروپی سەرکردایەتیدا قەتیس بمێنێتەوە، وە بکرێتە نوسراوێک کە تەنها لە کۆنگرە و پلنۆم و کۆبونەوە حزبیەکاندا بەیان بکرێت و ئەم گروپەی سەرکردایەتی لە پشت بێت؟! . ئایا ئەم میکانیزمە ڕێگرتن لە هەر ڕەخنەگرتنێک نیە تاکو ڕەقیبێکی فکری و سیاسی بەرامبەر بە گروپی لیدەرشیپی دروست نەبێ؟ . ئەمە چ جۆرێک لە حزب نیشان دەدا جگە لە حزبی تاقانەی جێگرەوەی چینی کرێکار و گروپی نەگۆڕ و جێگیری سەرکردە؟ . لەم جۆرە گروپانەدا  لیدەرشیپی دەبێ بە سێکتێک کە دەبێتە پێوەر و سانسۆری هەر بیروباوەڕێک لە ناو حزبدا. لە ڕاستیدا ئەوە بەر ئەنجامی بەرتەسک بونەوەی ئەم ئازادی یانە و سونەتی ململانێی شەخسی و ئوتوریتەی شەخسی کۆمۆنیزمی کرێکاری یە کە بەردەوام ئەم ڕەوتەی توشی شەق بوون و جیابونەوەی کردوە. هەقیقەت ئەوەیە کە ڕێگەدان بە بۆچونە جیاوازەکان و فراکسیۆنەکان و قبوڵکردنی یەکتر و تۆلێرانسی حزبی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا ڕوینەداوە و ناتوانێ ڕووبدا. پێوەری ڕەخنە قبوڵکردن لە نمونەی ڕاگرتنی بڵاوبونەوەی ئەم کتێبەدا خودی گروپی لیدەری یە، کە بڕیار دەدات ئایا ئەم ڕەخنانە” لەگەڵ باوەڕو بنەما فکری و سیاسی و ڕیکخراوەییەکانی حزبدا ناکۆك و یاخود نایەتەوە”؟  چونکە ئەم بڕیارە دراوە بەبێ ئەوەی وەڵامی هیچ کام لەو ڕەخنانەی ئەم کتێبە درابێتەوە ، وە یان لایەنی کەم نیشانی بدا کە لە چیدا جیاوازە تا لە بڵاوبونەوەی لەناو ئۆرگانی حزبدا قەدەغە بکرێت!! .

هاوڕێ بەکر ئەحمەد لەسەر بێدەنگی گروپەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئاست ڕەخنەکانی کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”دا لە ڕانانی ئەم کتێبەدا بەشێوەیەی دروست سەرنج دەدا و دەڵێ :” بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی کە بەشێکی گەورەی رەخنەکانی ئەم کتێبە ئاراستەی ئەوانە، مەبەست لە حزب و گروپە جیاوازەکانی کۆمۆنیزمی کرێکارییە لەعێراق و ئێراندا، بێدەنگییەکە سەد هێندەی تر کوشندەترە… هەستدەکرێت ئەو دۆخەی لە ناو چەپی کوردستانی عێراقدا و ئێراندا دەگوزەرێ وەک ئەزمەیەک سەیر ناکرێت و ئینسان رازییە بە درێژەپێدانی ئەو ڕەوتەی کە لە کۆتایی هەشتاکانەوە گرتوویەتە بەری.. دۆخێک کە لە ڕەوتەکانی دیکەی ناو چەپی عێراقدا بە زەقی دیارە و ئەو چەپە نوێیەی کە بڕیاربوو بە ڕەخنە لەم ترادیسیۆنە سیاسی و ئایدیۆلۆژیە سنوورەکانی خۆی ڕابگەێنێ، لە ئێستایدا لە ناو هەمان کولتور و ترادیسیۆنی هێزیكی سیاسی سونەتیدا بە تەواوەتی گیریکردوە و بە لەکەناردابوونی خۆی ڕازییە .” بەکر ئەحمەد، نەوەستان لە کەناردا.

هەربۆیە گروپە کۆمۆنیستیەکان تا لەم دۆخە سێکتاریستانەیان دەرنەچن ناتوانن ئیدعای پەیڕەوی ناوخۆیەکی کرێکاری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەن لەنێو ڕیزەکانیاندا، بگرە زۆرتر سێکتی ڕێکخراوەیی ئەم گروپانە میکانیزمی سێکتێکی شەخسی و مەحفەلی  تێدا زاڵە، هەربۆیە ڕەخنە و کەلتوری ڕەخنەگرانەش مۆرکی شەخسی و ناسیاسی لەخۆدەگرێ.

پێویستە ئەم دۆخە بگۆڕین، لە بێدەنگیەوە بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بڕۆین.  گرنگە لەسەر چەمکی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە ناو کۆمۆنیستەکاندا زیاتر قسە بکەین.. لە دایەلۆگ و ڕەخنەکانماندا شێوازی بیرکردنەوە و مامەڵە لەگەڵ ڕەخنەدا بگۆڕین و ڕەخنە وەک ناکۆکی بۆ گەیشتن بەڕاستی تێبگەین، نەک ململانێی شەخسی و بەزاندنی تاکەکەسی و گروپی.

ئەمە دەرگایەک بەڕووی گوێگرتن لەیەکتر و فێربوون لەیەکتر و هاوکاری کردنی یەکتر دەکاتەوە تا ئامانجی گفتوگۆ و بەدواداچون و هەوڵە فکری و سیاسیەکان خستنەڕووی ڕاستی و ڕێگای زانستی و زەمینە سازکردن بۆ یەکگرتوویی بێت.

ئەمە شێوازێکی هەرەوەزیانەی فکری و تیۆری یە کە لە زانستدا بوەتە مایەی سەرکەوتنە گەورەکان و لە خەباتی چینایەتیشدا دەبێتە مایەی دەرچوون لەم دۆخە چەق بەستوو و سێکتاریستیەی ئێستا و گەشەپێدانی فکری و سیاسی بزوتنەوەی کرێکاری.

بەڵێ ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە شێوازی بیرکردنەوە و مامەڵە لەگەڵ ڕەخنەدا بگۆڕین.

ئاسۆکمال

٨ ئابی ٢٠٢٢

Add Comment

Click here to post a comment