وتار

کاسترۆ و دەزگاى دەوڵەت و سەدەى ٢١

سەدەی بیست سەدەی دروشمە ناکۆک و دژبەیەک و دوڕوەکان بوو، کە کاسترۆ یەکێک لە کەسایەتیەکانی ئەو سەدەیەیە. کاسترۆ بە شۆڕش دژی دیکتاتۆری دەستی پێکرد بەڵام دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری تری هێنایە سەرکار. کاسترۆ و کوبا شۆڕشی دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکایان لە قارەی ئەمریکای لاتیندا کردە باو کە ٤٠ ساڵ ئابڵوقەی ئابوری و شەڕی چەتەی بەکرێگیراوی سی ئای ئەی چۆکی پێ دانەدا. کاسترۆ کوبای لەدەستی ئیمپریالیزمی ئەمریکا ڕزگارکرد و بەڵایەک کە بەسەر وڵاتانی شیلی و بولیڤیا و باقی وڵاتانی تری ئەم کیشوەردا هات لە کوشتاری بەکۆمەڵ بەدەستی جەنەڕالەکانی سوپا و دروست بونی باندە و کارتێلە تلیاک فرۆشەکان لە کوبا دور کەوتەوە. کوبا کۆپیەکی تر بەڵام جیاوازی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی بلۆکی سۆڤیەت بوو کە شەرعیەتی لە ڕابردوی شۆڕشێکی جەماوەریەوە وەرگرتبوو بەڵام ئەم جەماوەرە چیتر دەوریان لە دەسەڵاتدا نەبوو وە سیستەمی سیاسی تاک حیزبی دیکتاتۆریەتی خۆی بەناوی جەماوەرەوە درێژە پێدەدا.کوبا هەمان بنەما سیاسیەکانی دەوڵەتی بورژوازی سەدەی بیستی هەیە کە هەندێکیان بەناوی دیموکراسی هەڵبژاردن و هەندێکیان بەناوی دیموکراسی جەماوەری هەمان دەسەلاتی کەمینەی سیاسی بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا دەسەپێنن . بەڵام سیستەمی سیاسی کوبا ئەم بێ مافی سیاسی و نەبونی ئازادی سیاسیەی تێدا زەق و ڕاستەخۆیە بەهۆی ٥٠ ساڵ حاکم بونی کاسترۆ و حزبەکەیەوە. سەرەرای ئەوەی کە وێڕای ئابڵوقەی ئابوری ئەمریکا و دیکتاتۆریەتی سیاسی لەم وڵاتەدا کوبا نمونەیەکی زیندوبونی نەریتی سیاسی و فشاری جەماوەری شۆڕشگێڕانە لەسەر دەسەڵات دیارە لە دابینکردنی سیستەمی پێشکەوتوی خوێندن و تەندروستیدا کە لە ئاست و ستدانداری پێشکەوتوی جیهانیدایە. لەگەڵ مردنی کاسترۆدا دنیا ماڵئاوایی لەسەردەمی ئەزمەی مۆدێلی دەوڵەتی سیاسیدایە چ مۆدێلی دیکتاتۆریەکەی کاسترۆ و چ مۆدێلی دیموکراسیەکەی ترامپ. ئەمە پرسیاری سەدەی ٢١ ە شۆڕش چی بەسەر دەزگای سیاسی دەوڵەت و خودی دەوڵەتدا دێنێ ؟سەدەی ٢١ سەدەی ئەو جۆرە شۆڕشگێڕیە دوو ڕوە نیە کە دیکتاتۆریەک دەگۆڕێت بە دیکتاتۆریەتێکی تر.

Add Comment

Click here to post a comment