گفتوگۆ

“یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” دەیانەوێ لە ڕێگەی حوکمی شەریعەتەوە سیستەمی سیاسی کوردستان بکەن بە ئیسلامی

“یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان”  دەیانەوێ لە ڕێگەی حوکمی شەریعەتەوە سیستەمی سیاسی کوردستان بکەن بە ئیسلامی وخۆشیان ببن بە مەرجەعی ئیسلامی سەروو حکومەت و پەرلەمان

 

گفتوگۆی ڕادیۆی پێشەنگ لەگەڵ ئاسۆکمال ئەندامی بۆردی ناوەندی سێکولار لە کوردستان

 

ڕادیۆی پێشەنگ : لەنامەیەکدا*”یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” ،کە بۆ پێنج حزبە دەسەڵاتدارەکەیان ناردوە ،داوای هێشتنەوەی ئیسلام دەکەن وەکو بنەمای سەرەکی یاساو دەستور ، ئایا ئەمە بەرامبەر بە کەمپینی ناوەندی سێکولار نیە کە ئیستا بەرێکەوتوە بۆ دەستورێکی عەلمانی؟

 

ئاسۆکمال: بێگومان کەمپەینی “بەڵێ بۆ دەستورێکی سێکولار لە کوردستان” فشاری لەسەر ئیسلامیەکان داناوە . بۆیە دەبینین “یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” لەسەرەوە بەسەردان بۆلای لیژنەی نوسینەوەی دەستور و بەدەرکردنی بەیاننامە کەوتونەتە هەڕەشە و گوڕەشەی ئەوەی نابێ شەریعەتی ئیسلامی و حوکمەکانی ئیسلام لە دەستوردا لاببرێ و لەخواریشەوە مەلا و وتاربێژەکانی

 

ڕۆژی هەینی ،وەک (مەلا حەسەن كانى توەيى) لە مزگەوتى بنار لە رانيە ومەلای ئەیوبی کارێزەوشک لەسلێمانی، دژی ئەوانەی واژۆی کەمپەینەکەیان کردوە فەتوای تەڵاق کەوتن وکافربونیان بڵاودەکەنەوە. “یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” بەم کارانەیان دەیانەوێ ببنە مەرجەعی دەسەڵات لەکوردستاندا،هەروەک لەسەر قەرزکردنی حکومەتی هەرێم لە بانکە جیهانیەکان کەوتنەهاوار و فەتوادان بەوەی ئەگەر قەرزلەبانکە ئیسلامیەکان نەکرێ پارەی حکومەت حەرام دەبێت.

ئەمانە دەیانەوێ دەوری “زانکۆی ئەزهەر”ی میسر و ” زانایانی سەحوە” ی سعودیە ببینن و ببنە مەرجەعی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان و بەم شێوەیە دەسەڵاتی ئیسلامی لە کوردستان پیادەبکرێ. ئەمە باڵادەستی سیاسی کۆمەڵ و یەکگرتو و بزوتنەوە و سەلەفیەکان لەم” یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان”دا نیشان دەدا و هەرکات ئیسلامیەکان بیانەوێ لەدژی ئازادی کارێک بکەن ئەم یەکێتی زانایانە باشترین وەسیلەیان بوە و لەم ڕێگەیەوە فشاریان بۆ دەسەڵاتیش هێناوە . لەبەرئەوەی پارتی ویەکێتی وگۆڕانیش خۆیان ڕاگری پلەوپایەی ئەم “یەکێتی زانایان”ەن وموچە و دەوریان پێداون  وبۆقازانجی خۆیان بەکاریان دێنن .

ئەم پێداگریەی “یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” لەسەر سەپاندنی شەریعەتی ئیسلامی بەسەر دەستوری کوردستاندا خزمەت بە سیاسەت و ستراتیژی حزبە ئیسلامیەکان دەکات کە گۆڕینی سیستەمی سیاسی و ئابوری و یاسایی کوردستانە بە سیستەمێکی تەواو ئیسلامی. هەربۆیە بەرزکردنەوەی بەدیلی سیستەم و دەستوری سێکولار بۆ کوردستان بەشکستی پڕۆژەی بە ئیسلامی کردنی سیستەمی سیاسی و دەستوری دەبینین و بەرامبەر بە کەمپەینی ناوەندی سێکولار لە کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەن و بە هاتنە مەیدانی خەڵکی ئازادیخواز و سێکولاری کوردستان بۆ دانانی دەستورێکی سێکولارهەراسان بوون .

 

ڕادیۆی پێشەنگ : هۆکارەکانی چین لەم کاتەدا ئەم راگەیاندنە دەدەن؟

 

ئاسۆکمال: ڕاگەیاندنەکەی “یەکێتی زانایان” بەرانبەر بەحزبە دەسەڵاتدارەکان و لیژنەی دەستورە و دەیانەوێ فشاریان لەسەر دابنێن تا گوێ بیستی دەنگی ناڕەزایەتی شەقامی ئازادیخواز و سێکولاری کوردستان نەبن کەڕۆژبەڕۆژ پەرەسەتێنێ .دەیانەوێ بەم زمانی هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەیە ڕەشنوسی دەستور وەک خۆی بە ئیسلامی بهێڵنەوە و مادەی ٦لانەبرێت کە شەریعەتی ئیسلامی کردۆتە سەرچاوەی یاسادانان .

“یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” هەمیشە دژی ئازادی و مافە مەدەنیەکانی خەڵکی کوردستان بوون .ئەمانە پشتیوانی سەپاندنی یاسای چوارژنەی ئیسلامی بون لەپەرلەمان .لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٢دا ئەمانە و مەلابەشیر وپەرلەمانتارە ئیسلامیەکان یاسایەکیان هێنا بەناوی “یاسای پاراستنی پیرۆزە ئاینیەکان” کە دژ بە ئازادی ڕەخنەگرتن بوو وە ئێمە وەک خەڵکی ئازادیخواز و سێکولار کەمپەینێکمان کرد و پڕۆژە یاساکەمان لەپەرلەمان شکست پێ هێنا. هەربۆیە ئەمانە هەمیشە لەسەنگەردان دژی ئازادی و ئێمەش بەرانبەر بەم هەوڵە کۆنەپەرستانەیان ڕاوەستاوین و ڕێگەیان پێ نادەین پیلانی ئیسلامیەکان بەناوی ئەم “یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” سەربگرێ و کوردستان بکەنە “دەوڵەتی ئیسلامی” داعش و دەستورەکەی داعش لە کوردستان داسەپێنن. کاری کەمپینی “بەڵێ بۆ دەستورێکی سێکولار لە کوردستان”بۆ شکست پێهێنانی ئەم هەوڵە داعشیانەیەی ئەم لایەنە ئیسلامیانەیە. ئاشکرایە کوردستان موسڵ و ڕەقە ریاز و تاران و نیە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی حوکمی بکەن و بتوانن دەست و ملی خەڵک بپەڕێنن و ژن بەردباران بکەن و بە قامچی بەربنە پیاوان. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان چۆن شەڕ دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی داعش دەکا هەر بەم شێوەیەش شەڕی داعشەکانی ناوخۆی کوردستان دەکا و ڕێگایان پێ نادا حوکمی داعش بێننە کوردستان. ئەمە دەرسێکە کە لە خەتەری داعش و گەشەی ئیسلامی سیاسی خەڵکی کوردستان وەریگرتوە و بەهاتوهاوارێکی ئەم “یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان”  ئاسان بەسەریدا تێپەڕنابێ.

 

ڕادیۆی پێشەنگ : دەڵێن خەڵکی کوردستان زۆرینەی ئیسلامە بۆیە دەبێ شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی دەستوربێت نابی هیچ یاسایەك دەربچیت پێچەوانەی بنەمای ئیسلام بێت… مەبەست لەم شێوە لێدوانە چیه؟ 

 

ئاسۆکمال: ئەمانە دەیانەوێ بەناوی خەڵکی موسوڵمانی کوردستانەوە ،کە وەک کلتور و نەریت وباوەڕێکی دینی هەزارساڵەی لەژێرکاریگەری ئیسلامدا ماوەتەوە ، ئەمڕۆ لەسەدەی ٢١دا دەستور و حوکمێکی کۆنەپەرستانە و کۆیلایەتی ئیسلامی بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن. بەڵام لەنێوان باوەڕی ئاینی خەڵک و داوا و مافەکانی خەڵک لە ژیاندا جیاوازی هەیە. ئەوەی خەڵک بە باوەری بەخوای ئیسلام هەبێ وبەشێکی نوێژ بکا ئۆتۆماتیکی مانای ئەوەنیە کە خەڵکی کوردستان دەیانەوێ لەسایەی ئەو یاسا ئیسلامیانەدا بژین کە یاسای کۆیلایەتی چواردە سەدە لەوەو پێشە. گۆڕانی بارودۆخی ژیان و فکر و دەرسەکانی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئازادیخواز وستەم لێکراو کۆمەڵگەی کوردستانی وەک کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و خوازیاری ژیانی هاوچەرخ نیشان داوە و بزوتنەوە ئیسلامیەکان نەیانتوانیوە ئەم ڕوخسارە مەدەنیانەی بسڕنەوە . هەربۆیە دەستور ویاساکان لە کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستاندا پێویستە سەرچاوەکەیان لە خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادیەوە سەرچاوەبگرێ کە سەدەیەک دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و کۆیلایەتی بەعس شەڕیان کردوە لە پێناویداو ئێستا ئامادەنین کە بەدەستورێکی ئیسلامی ئازادی ڕادەربڕین و بیروباوەڕ و ڕەخنەگرتن و داهێنان لەخۆی قەدەغەبکا ،لەکاتێکدا ئەمانە لە شەریعەتی ئیسلامیدا قەدەغەیە و تەنیا دەبێ پابەندبیت بە قورئان و ئیسلامەوە. خەڵکی کوردستان چارەکە سەدەیەکە خەبات بۆ ئازادی سیاسی دەکا ئێستا چۆن دەبێتە ژێردەستەی دەسەڵاتێکی ئیسلامی کە بەپێی شەریعەتەکەی هەرچی ئیسلامی نەبێ کافر و تاغوتە و دەبێ لەناوببرێ. ئەم خەڵکە دژی گەندەڵکاری و بۆ خۆشگوزەرانی خۆپیشاندان دەکا چۆن بە پێی حوکمی شەریعەت مل دەدا بە یاسای خومس و زەکات و بانکی ئیسلامی و خەزێنەی ئیسلامیەکان و هەر ناڕەزایەتیەکیش دژی دەسەڵاتی ئیسلامی وەک لە سعودیە و ئێران سزای مەرگ قبوڵ دەکا. ئەوە ژنانی سلێمانی و هەولیر و دهۆک نین کە ئەگەر بەگوێی مەلاکانیان نەکرد لە جلوبەرگ پۆشیندا ئەوا بتوانن پۆلیسی ئاداب و تەمیکردنی ئیسلامیان بەردەنە گیانیان و سوکایەتیان پێ بکەن . کام یەک لەم حوکمە ئیسلامیانە لەلایەن خەڵکی موسوڵمانی کوردستانەوە قبوڵ دەکرێ. ئەگەر دین ببێت بەم یاسای پێشێلکاریانەی ئازادی ئینسانەکان و حوکم بکا کەس هەیە بڵێ لەبەرئەوەی موسوڵمانم قبوڵی ئەم بێ مافی و سوکایەتیانە دەکەم. هەرکەسێک سەیری ئەو دیمەنە وەحشیانەی داعش بکا کە چۆن دەستی کەسێک دەبڕن و دوایی ئەو کەسە والێدەکەن کە سوپاسیان دەکا لەبەرئەوەی بەحوکمی ئیسلام سزایان داوە ،ئەوا دەزانێ کە ئەم ئیسلامیانەی کوردستان کە دەڵێن لەبەرئەوەی خەڵکی کوردستان موسوڵمانە ئەبێ حوکمی ئیسلامی بەسەردا بسەپێنی و دەستورەکەی بەپێی شەریعەتی ئیسلام بێ، سبەینێ بە هەمان شەریعەتی داعش مامەڵەی خەڵکی  کوردستان دەکەن و چارەنوسی خەڵک وەک چارەنوسی قوربانیەکانی ژێردەستی داعش و سعودیە و ئێران لێ دەکەن.

ئەم ئیسلامیانەی کوردستان دەیانەوێ بەبیانوی ئەوەی خەڵک باوەڕی بە خواوپێغەمبەری ئیسلامە و نوێژدەکا دەبێ ببێتە کۆیلەی دەسەڵات و شەریعەتی ئیسلامیەکان و ئەوان وەک نوێنەری خوا و پێغەمبەری سەرزەوی قبوڵ بکا و کۆیلایەتی بۆ دەسەڵاتیان قبوڵ بکا. ئەم نەزانی و کڵاوە ناچێتە سەر خەڵکی کوردستان هەربۆیە خەڵک هەر باوەڕێکی هەبێ خۆی وەک ئینسانێک سەیردەکا کە مافی هەیە و ئازادی دەوێ و ژیانی مەدەنی و پێشکەوتوی دەوێ. هەر لەبەر ئەم هۆیەیە دەیەوێ دین لەدەستور و دەوڵەت جیابکاتەوە تاکو ئەم ئیسلامیانە بەکاری نەهێنن بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی خۆیان. سێکولاریزم ئەم وشیاریە لای خەڵک دروست دەکا سەبارەت بە دەوری ئیسلامیەکان لەبەکارهێنانی دین کە جیاوازی بکا لەنیوان باوەڕ بون دینێک وەک بیرکردنەوەیەکی شەخسی، وە پاراستنی ماف و کەرامەتی ئینسانی و پێشکەوتنی ژیاری کۆمەڵگەی کوردستان.

ئیسلامیەکان چەکی ڕۆشنکردنەوەی شەریعەتی ئیسلامی بەکارناهێنن بەڵکو دەیانەوێ لەڕێگەی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بەوەی مادام موسوڵمانن دەبێ کۆیلایەتی ئیسلامی بێ سێ و دوو قبوڵ بکەن تاخۆیان بکەن بە حاکم بەسەر خەڵکەوە. هەر لەبەرئەوەی لەوڵاتێکدا لەدایک بون کە دینی ئیسلام تیایدا باوەڕێکی گشتی بوە ئیتر دەبێ داعش حوکم بکا؟ ئەو کاتەی دەزانن ئەم دیماگۆگیەت و عەوام فریودانە دەریناهێنێ ئەوکات  دەکەونە فەتوا دان و چەکی ترساندنی خەڵک بە دین و خوا بەکاردێنن. ئەمە خەونێکە کە ئیسلامیەکان بە کوردستانەوە دەیبینن و ئەمڕۆ بەناچاری دژی داعشن بەڵام هەمان زمانی هەڕەشە و ترساندنی خەڵک بە ئیسلام بەکاردەهێنن،هەرچۆن دوێنێ لەگۆشەیەکی کوردستاندا ئیمارەتی ئیسلامی هەڵەبجەیان سازکرد و هەرچی مەلاکرێکار و زەرقاوی و تیرۆریستی ناوچەکەیە لەسایەیاندا دەحەوایەوە. بەڵام ئاشکرایە خەڵکی کوردستان ڕێگادان بە دوبارەبونەوەی ئەم تەجروبە تاڵە ناداتەوە.

 

 

ڕادیۆی پێشەنگ :”یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان”  دەڵێن دەبێ لەدەستوردا ریگری بکرێ لە هەرجۆرە توندرەویەك و تێکدانی پێکەوە ژیان.. ئایا بەرای ئێوە چی ئەبێتە هۆی تێکدانی پێکەووەژیان؟

 

ئاسۆکمال: ئەم زمانەی “یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” لەم کۆرسی خواردنەی بۆ دەستور دایان ناوە وەک زەڵاتەی کۆرسەکەیە نەک خواردنە سەرەکیەکە و لەڕاستیدا بۆ ڕازاندنەوە و بەدڵ بونی کۆرسە سەرەکیەکەی سەر مێزەکەیە. ئەوان دەڵێن دەبێ  شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان بێت بەڵام دەبێ دەستور ڕێگە لە توند ڕەوی و تێکدانی پیکەوە ژیان بگرێ!!

خەڵک دەبێ لەم  “یەکێتی زانایان ” وحزبە ئیسلامیانە بپرسێ کە ئێوە دەڵێن دەستور دەبێ شەریعەت بکا بەسەرچاوەی یاسادانان ،باشە یاساکانی ئەو شەریعەتە ئیسلامیە چیە کە دژی توندڕەوی و تێکدانی پێکەوە ژیانە ؟ ئایا چوارژنە و بڕینی دەستی دز و مل پەڕاندنی ئەوانەی دینەکەیان دەگۆڕن و بەردباران کردنی ژن و شەلاق دان لە پیاو ، ئەمانە یاسای دژی توندوتیژین ؟ ئایا کوشتنی کافر و ئەنفالی ناموسوڵمانان و خەواریج و یەزیدی و کاکەیی و و وەرگرتنی سەرانە لەوەی باوەری بە ئیسلام نیە ، یاسای پێکەوە ژیانە؟ ئەگەر موسوڵمانەکانیش مرۆڤن کامانەن ئازادی و یەکسانی و مافەکانی ئەم مرۆڤانە لەم شەریعەتەدا ؟

ئەگەر ئەمانە شەریعەتی توندڕەوی و تێکدانی پێکەوە ژیانەچۆن باسی ڕێگری لە توندڕەوی دەکەن لەکاتێکدا ناتانەوێ دەستور لەم یاسا دینی و ئیسلامیانەوە سەرچاوە نەگرێ ؟ ئەگەر بەڕاستی لەناو “یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” کەسان و لایەنێک هەن کە دەیانەوێ دەستوری کوردستان لە توندڕەوی و تێکدانی پێکەوە ژیان بەدوور بێت ئەوا پێویستە مافە جیهانیەکانی مرۆڤ بکاتە سەرچاوەی یاسادانان نەک دین و یاسا ئیسلامیەکان کە خۆی یاسای قۆناغ و سیستەمی کۆیلایەتی و داگیرکاری و شەڕی بەردەوامی خەلافەتەکان بوە. هەرچۆن ناکرێ یاسای ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی و کەنیسەی ڕۆما بخرێتە جێگای جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ لەدنیای ئەمڕۆدا ،هەرئاواش ناکرێ دەستوری سەردەمی خەلافەتی ئیسلامی و یاسای ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی بکرێتە سەرچاوەی دەستوری هەرێمی کوردستان و  سەرچاوەی یاسای مافەکانی خەڵکی کوردستان .

 

ڕادیۆی پێشەنگ :”یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” دەڵێن :”لە ووڵاتە ئیسلامیەکاندا پێگەی ئیسلام پاریزراوە هاوکات حکومەتێکی مەدەنیان هەیە”، ئایا دەکرێ ئەو دومەسەلەیە پێکەوە کۆبکرێتەوە؟

 

ئاسۆکمال: ئەگەر مەبەست لە پێگەی ئیسلام حوکمی شەریعەتە ،ئەوا لەکام لەوڵاتە ئیسلامیەکاندا شەریعەتی ئیسلامی پەیڕەو دەکرێ و هاوکات حوکمێکی مەدەنیان هەیە،ئێران حوکمی مەدەنیە یان سعودیە؟ دەوڵەتی ئیسلامی یان تاڵیبان؟ ئەفغانستان و سودان یان یەمەن و لیبیا؟ ئەگەر مەبەست لە وڵاتانێکی تری وەک ئەردەن و میسر و پاکستانە،ئەوا سەیرکەن بەو پێیەی ئیسلام لەیاساکاندا بەهێزە خەڵک چۆن بەدەست گەشەی تیرۆریزم و توندڕەوی ئیسلامیەکانەوە گیری خواردوە و چۆن یاسا ئیسلامیەکان زەمینەی بۆ گەشەی داعش و ئەلقاعیدە فەراهەم کردوە. بەپێچەوانەوە لەشوێنێکی وەک تونس کە شەریعەتی ئیسلام نەکراوەتە سەرچاوەی یاسادانان و هەوڵی ئیسلامیەکان شکستی خوارد بۆسەپاندنی شەریعەتی ئیسلام بەسەر دەستوردا بۆنێکی مەدەنی بە حکومەتەکەیانەوە ماوە. ئایا “یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” بەم هەنگاوەی تونس کە ڕێگای نەدا شەریعەتی ئیسلام لەدەستوردا وەک سەرچاوەی یاسادانان دابنرێ چی دەڵێ؟ ئەگەر حکومەتی مەدەنیتان دەوێ وەک خەڵکی تونس دەبێ بەلابردنی شەریعەتی ئیسلامی لەدەستوردا ڕازی بن. ئەگینا سەپاندنی حوکم و شەریعەتی دینی بەسەر دەستور و دەسەڵاتدا هیچ مۆرک و ڕوخسارێکی مەدەنی و پێشکەوتو بە حکومەت و سیستەمی حوکمڕانیەوە ناهێڵێ.

ئەگەر شەریعەتی ئیسلامی لە کوردستاندا پەیڕەو بکرێ لە جێگەی پەرلەمان لیژنەی فەتوای ئیسلامی حوکم دەکا و یاسا دەردەکا . لەجێگای ئەنجومەنی وەزیران “”یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” قەرز لەبانکی ئیسلامی دەکا و پۆلیسی ئادابی ئیسلامی دەبێ بۆفەرزکردنی شەریعەت .بزوتنەوەی ئیسلامی وەرگرتنی دوو ملێون ڕیالی سعودیە بە بەرەکەتی بەیتولمال دەزانێ و ترسی نابێ ویکیلیکس ئاشکرای بکا. عەلی قەرەداغی نوێنەرایەتی یەکگرتوی ئیسلامی دەکا بۆ کاندیدکردنی ئۆردوگان و لە ساحەی سیاسی کوردستان خەجاڵەتی ناکێشێ . کۆمەڵی ئیسلامی دەتوانێ ئیحراج نابێ کە ناتوانێ بەیانێک لەسەر داعشی برای موسوڵمانی دەربکا. ئەمە ئەو کوردستانە دەبێ کە هەموو ئەو کارە سیاسی و ئابوری و ئەو دەست بڕین و مل پەڕاندن و بەردبارانەی سعودیە و داعش و ئیرانی ئیسلامی تیایدا ئاسایی دەبێ و دەتوانێ بەئاسانی هەردوو کاڵەکی حکومەتی مەدەنی و پێگەی پارێزراوی شەریعەتی ئیسلام بەدەستێک هەڵگرێ. هەربۆیە باشترە بێ فریوکاری بڵێن حکومەتی ئیسلامیتان دەوێ کە شەریعەت سەرچاوەی دەسەڵات و یاساکانی بێت یان ڕازین بە حکومەتێکی مەدەنی و سێکولار کە سەرچاوەی دەسەڵات و یاساکانی مافە جیهانیەکانی مرۆڤ بێت و دەستوەرنەداتە هیچ دینێک و هیچ دینێکیش دەست لە کاروباری مەدەنی دەوڵەت وەرنەدا و باوەڕی بە مافی یەکسانی هاوڵاتیان بێت لەبەرامبەر یاسا و دامودەزگا مەدەنیەکاندا. “یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان” باشترە وەک هەر ڕێکخراوەیەکی ئاینی وەک ڕێکخراوە مەسیحی و کەنیسەکانی ڕۆژئاوا خەریکی کاروباری ئاینی و خواپەرستی خۆی بێت نەک ببێتە وەسیلە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی و دژایەتی ئازادی و مافەکانی خەڵکی کوردستان.

 

http://xendan.org/dreja.aspx?=hawal&jmara=43613&Jor=1*نامەی“یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان”

 

Add Comment

Click here to post a comment