سێکولار

سەبارەت بە قسەکانی مەلا کامەران لەسەر مافەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا

 

لەنامەیەکدا مەلا کامەران وەک نوێنەری ڕەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان بۆ “صالح” مسلم هاوسەرۆكی پەیەدەی ناردوە ڕاستیەکی گرنگی درکاندوە کاتێک  دەڵێ “ئەم یاسایەی(یاسای “یەکسانی”لەلایەن کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوا دەرچوە)” كە لەمیرات و مارەیی ئافرەتان”  جۆرێكە لە داعشێتی بەسەر زۆرینەیەکی موسڵماندا، ئێمە گومانی هەڵەمان وابوو كە ئێوە هیچ كێشەیەكتان لەگەل خودی ئیسلامدا نیە، بەڵام پێچەوانەكەی ڕاست دەرچوو، ئێوە كێشەتان لەگەڵ خودی ئیسلامدا هەیە”.

ئەم هەنگاوەی کانتۆنی جزیرە کە دژ بە سەوابتی ئیسلامی یاسای پاراستنی مافەکانی ژنانی دەرکردوە و “فرەژنی ،بەنیوئینسان حسابکردنی ژنان لە میرات و شایەتی دادگادا ،مارەیی وبەشودانی مناڵانی ٩ساڵی نێو یاسا وشەریعەتی ئیسلامی هەڵوەشاندۆتەوە، بەدروست وەک مەلا کامەران دەڵێ “کێشەیە لەگەڵ خودی ئیسلامدا” و شەڕە لەدژی داعشێتی ئیسلام.

ئەم پێشڕەویە سیاسی و کۆمەڵایەتیە دژی یاساکانی داعش و ئیسلام لەلایەن جزیرەوە تەواوکردنی شەڕی سەربازی کوبانیە دژی داعش و دەوڵەتە ئیسلامیەکەی. بەڵام هەرچۆن سەرکەوتنی بەرخۆدان و شکست پێدانی ‌هێرشی داعش لە کۆبانی ڕەمزی سەرکەوتنی ‌هێزی چەکداری ژنان وپیاوانی کۆبانی و بەرەی ئازادیخوازی  جیهانی بوو دژ بەبەربەریەتی تیرۆریزمی ئیسلامی ، بەهەمان شێوە یاسای “یەکسانی” جزیرە ڕەمزی سەرکەوتنی خەباتی ژنان و بەرەی یەکسانیخوازیە دژ بە خودی ئیسلام و یاساکان و نوێنەرە سیاسیەکانی .

وێڕای هەر کەموکوڕیەک کە لەچەند بەندێكی یاساکەدا هەبن وەک “خیانەتی هاوسەرگیری” یاخود پێویستی زیادکردنی بەندی تری مافە بەڕەسمی ناسراوە جیهانیەکانی ژنان وەک “لەباربردن” و هتد، ئەمانە لە ناوەرۆکی شۆڕشگێڕانەی ئەم یاسایە کەم ناکەنەوە کە دژ بە “خودی ئیسلام و یاسا و بەرنامەکەی” چەند هەنگاوی ڕاشکاوانەی ناوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا ئیسلامیانەی کۆیلایەتی ژنانی و توندوتیژی دژ بەژنانی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا گەیاندۆتە ڕادەیەک کە ئیتر شەرمە بۆ ئینسان لەسەدەی ٢١دا بێ دەنگ بێت لە ئاستیاندا و فڕێیان نەداتە زبڵدانی مێژوەوە.

ئەم مەلایە بەدروستی شایەتی لەسەر مێژووی ٢٣ ساڵەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردی یەکێتی وپارتی لە هەرێمی کوردستاندا دەدا کە هۆکاری هەزاران تاوانی ژن کوژی و سوتاندن و لێدان و سوکایەتی و پەلاماری سێکسی بۆسەر ژنان ئەوەبوە کە “لە یاسای باریكەسێتیدا ڕۆڵی ئاین لە هەرێمی كوردستانی باشوردا باڵادەست بوە و نابێت ڕۆڵی ئاین لەو كانتۆنەی ڕۆژئاوادا لەمە كەمتر بێت”. بە پێی ئەم قسانەی مەلا کامەران ئەوا دوای زیاتر لە ساڵێک شەڕ وقوربانی دان دژی داعش دەبێ ژنانی ڕۆژئاوا چاوەڕێی ٢٣ ساڵی داهاتوی خۆیان بکەن کە بەهەمان دەردی ژنانی هەرێمی کوردستان بچن.!!

بەڵام ئەم مامۆستایە و بزوتنەوە ئیسلامیەکەی هێشتا لە قۆناغی پێش کۆبانیدا دەژین کە ئیسلامی سیاسی لە یاسای باری کەسێتی و دەستور و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە کوردستان و ناوچەکەدا دەستی باڵای هەبوو و هەڕەشەکانی بۆدەچوە سەر و دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی هاوکاریان بون. ئەوەی ئیسلامی سیاسی نایبینێت شکستێکی سیاسی و مێژوویی ئیسلامە کە لە شکستی داعش لە کۆبانیدا بەدەستی ژنانی چەکدار و پشتیوانی بەرەی ئازادیخوازی جیهانی نمایش کرا.

ئەم مامۆستا ئاینیە لەسەر یاساکانی بەکۆیلەکردنی یەزیدیەکان و فرۆشتنی ژنانی یەزیدی و یاسای کوشتنی ناموسوڵمانان و باج و سەرانە لێسەندن و مل پەڕاندن و هەموو تاوانەکانی داعش کە بە پەیڕەو لە ئایەتەکانی قورئان و حەدیسەکانی محمد جێبەجێ دەکەن هیچ ناڵێ و ناچێ لەپاڵ یاساکانی میراتی و مارەیی و فرەژنی و بەشودانی مناڵی ٩ ساڵە شەریعەتی ئیسلامدا دایانبنێت تاکو هەموو پاکێج و کۆی دەستور ویاسای ئیسلام دەربکەوێ ، چونکە دەزانێ کە ئەمڕۆ زۆربەی خەڵکی کوردستان وەک جەزیرە و ڕۆژئاوا “کێشەی لەگەڵ  خودی ئیسلامەدا هەیە .کێشەی لەگەڵ ئەم یاسا بەربەریانەی چاخەکانی ناوەڕاست هەیە کە هەڕەشەن بۆسەر مافەکانی ئینسان و لەسەدەی ٢١ دا دەبێ قەدەغەبکرێن.

ئەو پەیامەی کە هاتنی داعش و دەوڵەتە ئیسلامیەکەی بۆ خەڵکی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی هێناویەتی ئەوەیە کە،یا هێشتنەوەی ئەم یاساو پیرۆزیە ئاینیانەی ئیسلام و ملدان بە دەوڵەتی ئیسلامی یاخود هەلوەشاندنەوەی یاسای کۆیلایەتی ئیسلامی و کۆتایی هێنان بەخەونی گێڕانەوەی خەلافەت و دەسەڵاتی ئیسلامی.

ڕاستە ئەمە شەڕێکی درێژخایەن و ناوچەییە بەڵام ئەمڕۆ کە لە کۆبانی و جزیرەوە سەرەتایەکی دەستی پێکردوە دەبێ بەهەموو تواناوە پشتیوانی هەرچی زیاتر ڕادیکاڵ کردنەوەی ئەم شەڕە دژ بەداعش و یاسا ئیسلامیەکانی بکەین. شکستی داعش دەتوانێ شکستی پرۆژەی بەئیسلامی هێشتنەوەی دەسەڵات لە کوردستان و ناوچەکەدا بێت و بەم شێوەیە کۆتایی بەخەتەری درێژەکێشانی داعش و ئەلقاعیدە و ئیخوان و ئەردۆگانیزم و ئەنسارئیسلام وجۆرەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی بهێنین و وەک نازیزم و فاشیزم ببنە پاشماوەکانی مێژووی کۆمەڵگەی ئینسانی. سەرکەوتن لەم شەڕەدا مێژووی کۆمەڵگەی بەشەری وەک دەورانی ڕێنیسانس و شۆڕشە کۆمەڵایەتی و کرێکاریەکانی سەدەی نۆزدە و بیست لە تاریکستانێکی فکری و تیرۆریزمێکی سیاسی دەوڵەتی و گروپی جیهادی و لە زۆنگاوێکی کۆمەڵایەتی ڕزگاردەکا و ڕێگای خەبات بۆ دامەزراندنی دنیانەکی ئازاد ویەکسان خۆش دەکا.

ئەگەر نمونەی کۆبانی نیشانی دا کە ڕێگای شکست پێدانی تیرۆریزمی ئیسلامی بەرخۆدان و شەڕی جەماوەری ژنان و پیاوانی ئازادیخوازە نەک مانەوە لەسایەی شەڕی دژی تیرۆری ئەمریکا کە دوو دەیەیە بەناوی سیستەمی نوێی جیهانی خەڵک فریودەدا و لەئاکامدا تیرۆریزمی ئیسلامی کردۆتە بەشێک لە واقعیەتی ئەم سیستەمە جیهانیەی ئەمریکا، ئەوا نمونەی جزیرەش نیشانی دەدا کە ڕێگای کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی شەریعەتی ئیسلامی بەسەر یاساودەستور وژیانی کۆمەڵایەتی و مافەکانی ژناندا تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسانەوە دەبێ کە کۆیلایەتی ژنان و منالآن و ئینسانی بەپێی ئیسلام پیرۆزکردوە و پاراستویەتی نەک چاوەڕوانی لەو دەسەڵاتە ناسیونالیستە کوردی و عەرەبیانەی ناوچەکە کە دەیان ساڵە باس لە شەڕ دژی توندڕەوی دینی دەکەن بەڵام توندڕەوترین یاسای ئیسلامیان لە دەستور و یاسای باری کەسێتی و دادگاکاندا داناوە و ڕۆژانە ژیانی ژنان و مناڵان و ناموسوڵمانەکان و بێ دینەکانیان کردۆتە دۆزەخ. ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە کە ڕوبەڕووی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و گۆڕان و پارتی بوەستین و پێیان بڵێین تاکەی بەرگری لە فرەژنی و مارەیی و تەڵاق و سەرپەرشتی مناڵ و میراتی لەسایەی سەوابت و شەریعەتی ئیسلامیدا دەکەن و کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان درێژەپێ دەدەن و بۆچی یاسای یەکسانی ژن و پیاو وەک جەزیرە دەرناکەن ؟!ئایا شایەتی لەسەر کۆنەپارێزی ئەم هێزانە لەشانازی کردنی مەلا کامەرانەوە بەڕۆڵی ئیسلام لەیاسای باری کەسێتیدا وەک ڕۆژی ڕوناک دیارنیە!

 شەڕ دژی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی و یاسای کۆیلایەتی ئیسلامی بەبێ کێشە لەگەڵ خودی ئیسلام وەک فکر و ئایدیۆلۆژیا و شەریعەت و یاسا و بەرنامەکەی ناکرێ و ئەبێت ئەم پیرۆزیانەی ئاینی ئیسلام کە ئیسلامی سیاسی و ڕژێمە دیکتاتۆریەکانی ناوچەکە کردویانەتە چەکی دەستیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی خۆیان لەدەستیان دەربهێنرێ و دین لە دەوڵەت و کاروباری ڕەسمی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە دوربخرێتەوە و وەک مافی تاک لە پەیڕەوکردنی دین یان بێ دینی مامەڵەبکرێ. کێشە لەگەڵ خودی ئیسلام وەک فکرویاساوسونەت ونەریت و جێگاگرتنەوەیان بە فکر و یاسا و نەریتی ئینسانی و مۆدێرن و یەکسانی خوازی دەبێ زۆر ڕاشکاوانە و بوێرانە و بەرفراوان بێت .بەشێوەیەک کە وەک ڕەوتێکی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان خۆی نیشان بدا کە کۆمەڵگەی ئینسانی لە سەرسوڕمانی بەرخۆدانی سەربازی کۆبانیەوە دژی بە تیرۆریزمی ئیسلامی بگەیەنێتە ئاستی هاوسۆزی و هاوفکری جیهانی لە بەرخۆدانی فکری و سیاسیدا کە ڕوانگەی جیهان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێوانە هیپۆکراتیەکانی مۆلتی کەلچەری و پۆست مۆدێرنی و دیموکراسی سیستەمی نوێی ئەمریکا بگۆڕێ.ئێستا گوێ بۆ بیستنی هەواڵی گۆڕانکاری و تازەگەری لەم پەنجەرەی کۆبانی و جەزیرەوە کراوەتەوە کاری بەرەی پێشکەوتنخواز و یەکسانی خوازە کوردستان بکاتە ئەو دەرگایەی کە وێنایەکی مۆدێرن وپێشکەوتو لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنان پیشان بداوە کە بەهاو یاسای چاخەکانی ناوەڕاست وداعش و یاسا ئیسلامیەکان هەڵدەوەشێننەوە و کێشەیان لەگەڵ خودی ئیسلام ڕاگەیاندوە .

هەرهەنگاوێک بەرەو دواوە لەم یاسای “یەکسانی” یە وەک مەلاکامەران دەیەوێ لەژێر هەڕەشەی ناوخۆیی  بێ منەتی لە ئیسلام و هاوسۆزی موسڵمانان و زانایانی ئاینی!!!،یاخود لە ژێر فشاری دەوڵەتە ئیسلامیەکانی ئێران و تورکیا و سعودیە لەم کێشەیەدا لە گەڵ خودی ئیسلام و یاسا و بەرنامەکەی ،شکستێکی سیاسی دەبێ کە بە شکستی سەربازی لەبەرامبەر داعش و ئیسلامی سیاسیدا تەواو دەبێ . بەپێچەوانەوە سەرکەوتن لەم شەڕە سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەدا سەرکەوتنی بەرەکانی شەڕ و گەیشتن بە ئامانجی ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو و ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە تاریکستانی ئیسلامی و یاسا بەربەریەکانی سەدەکانی ناوەراست مسۆگەرتردەکا.

 

Add Comment

Click here to post a comment