نارەزایەتیەکان

کۆتایی بایکۆت و سەرەتای قۆناغێک

“مانگرتن قوتابخانەی جەنگە نەک خودی جەنگەکە” لینین

ڕاگەیاندنی گردبونەوەی سەراسەری لەلایەن مامۆستایانی ناڕازیەوە پێمان دەڵێ کە دەنگ و ئیرادەیەکی نوێ لەڕیزی ناڕەزایەتی مامۆستایانی کوردستاندا هەیە. ئەم دەنگ و ئیرادە نوێیە تەنیا لە ڕاوەستانەوە دژی بڕیاری پاشەکەوتی موچە و پێداگری لە خواستی تەواوی موچە گرنگی پەیدا ناکا بەڵکو ئەوە نیشانی یەکێتی مامۆستایانیش دەدا ،کە کودەتایەکەیان بەسەر بایکۆتی مامۆستایاندا و  قوربانیکردنی ئەنجامی مانگێک لە خەباتی مامۆستایان بە چەند بەڵێنێکی دەسەڵات، بەئاسانی تێپەڕنابێ.

لێرەدا قسە لەسەر کاریگەری خودی ئەم گردبونەوە سەراسەریە نیە لە پاشەکشە پێکردنی دەسەڵاتدا ،بەڵام بێگومان ئەمە هەنگاوێک دەبێ لەوەی کە مامۆستایانی ناڕازی هێزی خۆیان لەبەرامبەر دەسەڵات و یەکێتی مامۆستایاندا تاقی دەکەنەوە. ئەم گردبونەوە و مانگرتنانە وەک “لینین” دەڵێ قوتابخانەی جەنگە نەک خودی جەنگەکە.واتە قوتابخانەیەکە کە لێوەی فێر دەبین کە ڕێگای بەدەست هێنانی خواستەکانمان چین؟ ئامڕازەکانمان کامانەن؟ دۆست و هاوپەیمان و دوژمن و نەیار و ڕەقیبەکانمان کێن؟

لەسەر حکومەتی هەرێمی پێنج حزبەکە یا دوو حزبە سەرەکیەکە گومان نیە کە چەندە ژیانی مامۆستایانی لەلا بێ بەهایە و نەدانی ٦ مانگ موچە نیشانی دەدا کە ئەم دەسەڵاتە نەک ژیانی مامۆستا بەڵکو سەرجەم پرۆسەی خوێندن و پەروەردەی بەلاوە گرنگ نیە . هۆیەکەشی بە ئاسانی ئەوەیە کە ئەم بوارە قازانج هێنەر نیە و تەنیا قازانجی حزبە دەسەڵاتدارەکانی تێدا بەهەدەر دەدرێت. نە کارگە و نە پیشەسازی و نە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و زانستی ئەمانە بەرنامەی دەسەڵاتێک نین کە کوردستان وەک کارگەی کۆکردنەوەی پارە لە داهاتی نەوت سەیربکا.

بایکۆت وەڵامێک بوو بەم بێدەربەستیەی دەسەڵات بەڵام دیارە بە مانگێک بایکۆت دەسەڵات ناچێتە ژێر فشارەوە و ئامادەنیە لە بەرنامەی برسی کردن و هەژارکردنی مامۆستایان دەست هەڵگرێ. هەربۆیە گۆڕینی شێوازی ناڕەزایەتیەکان لەلایەن مامۆستایانی ناڕازیەوە دەبێ وەک تاقیکردنەوەی چەکی جۆراوجۆر سەیربکرێ نەک شکست. گرنگ ئەوەیە کە مامۆستایان ئامادەبن لەگەڵ گۆڕینی ئەم چەکانەدا وزە و هێزی تازە بێننە مەیدان و ڕیزەکانی خۆیان ڕێکخراوتر بکەن. ئێستا دەبێ ئەو پرسیارە بکەین کە لە ژمارەی ١٢٢ هەزار و ٣٧٠ مامۆستای کوردستان و ٦٠ هەزار کارمەندی وەزارەتی پەروەردە ،دەتوانین چەند مامۆستا بێتە ناو گردبونەوە و مانگرتنی گشتیەوە؟ ئەمە هێزێکی مەزنە و دەبێ بزانین ڕێگریەکانی بەردەم هێنانە مەیدانی ئەم ‌هێزە چیە؟ بۆچی ئەم ‌هێزە ناتوانێ دەسەڵاتی دوو بنەماڵە بخاتە ژێرفشارەوە کە موچە دابین بکەن؟

لە بایکۆتدا بۆمان دەرکەوت کە یەکێتی مامۆستایان بێ بەریە لەوەی ڕێکخراوێک بێت کە ئەم ١٨٦ هەزار مامۆستا و کارمەندە بکات بەهێزێک و ڕوبەڕوی دەسەڵات بوەستێتەوە. ئەم ڕێکخراوە لەگەڵ یەکەم فشاری دەسەڵاتدا لیستی کوردستانی ناو یەکێتیەکە بایکۆتیان شکاند و بونە گوێڕایەڵی چەند بەڵێنێک بۆ چاوخشاندنەوە بە بڕیاری پاشەکەوتدا و دواتریش لیستی هاوبەش(گۆڕان،یەکگرتو،کۆمەڵ وسەربەخۆ)ی ناو یەکێتی مامۆستایان چونە پاڵ لیستی کوردستانی و خواستی نیوموچە و کەوتنە دوای بەڵێنی دەسەڵات . ئەم تەجروبەی بایکۆتە نیشانی دا کە یەکێتی مامۆستایان بەشێک لەو سیستەمەیە کە هێزی مامۆستایان کۆنترۆڵ دەکا وناڕەزایەتیەکانیان تەسلیم بەدەسەڵات دەکا نەک نوێنەری هێزی مامۆستایان و بەرژەوەندیەکانیان بێ بەرامبەر بە دەسەڵات. بەشداری حزبەکان لەم ڕێکخراوەدا ئەم ڕێکخراوەی کردوەتە پاشکۆی ململانێیەکی حزبی لەسەر گرتنی پۆست و کورسی ئەم ڕێکخراوەیە، بەکورتی یەکێتی مامۆستایان کۆپی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمە نەک ڕێکخراوەیەکی پیشەیی و جەماوەری کە کاری دابینکردنی موچە و مافەکانی مامۆستایان بێت. بڕیاری حزبە دەسەڵاتدارەکان و ڕێکەوتنی حزبەکانی نێودەسەڵات دەبێتە بڕیاری لیستی کوردستانی و لیستی هاوبەشی نێو یەکێتی مامۆستایان و بەم شێوەیە کۆنترۆڵی بڕیار و ناڕەزایەتیەک دەکرێ کە ئەم یەکێتیە ڕابەری بکا یا بەشداری تێدابکا.

ئەگەر مامۆستایانی ناڕازی و ئەو هێزە سەدهەزارکەسیەی مامۆستایان بیانەوێ فشار بخەنە سەر دەسەڵات و بەرامبەر بە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم بوەستنەوە دەبێ دەستبەرن بۆ ڕێکخستنی خۆیان لە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ و جیاواز لە یەکێتی مامۆستایان. ئەم ناڕەزایەتیانە و بایکۆتی یەک مانگی ڕابردوو زەمینەی ئەم ڕیزبەندیە نوێیەی سازکردوە و ئەوە کاری مامۆستایانی ناڕازیە کە لە جەرگەی ئەم گردبونەوە و مانگرتنانەدا نوێنەرانی سەراسەری شارو شارۆچکەکان لە تۆڕ و ڕێکخراوێکی سەراسەریدا کۆبکەنەوە تا بتوانن ئەم ناڕەزاتی و خەباتە بەسەرکەوتن بگەیەنن. ئەمە ئەو وانەیەیە کە ئەمڕۆ لە قوتابخانەی مانگرتنەکانەوە پیویستە ڕابەرانی مامۆستایان بە هەڵسوڕاوان و مامۆستایانی ناڕازی بڵێنەوە.

Add Comment

Click here to post a comment