نارەزایەتیەکان

پەیامی ئەنجومەنی سەرای ئازادی بەبۆنەی نەورۆزی ئازادیەوە

جەماوەری شۆڕشگێری کوردستان ..خۆپیشاندەرانی جەسوور و خۆڕاگری مەیدانی ئازادی .نەورۆزی ساڵی 2011تان پیرۆز بێت ..ئەمڕۆ نەورۆزی ئازادیە .. نەورۆزی ڕاپەڕینی جەماوەری شۆڕشگێڕی کوردستانە دژ بە زوحاکی گەندەڵی و ناعەدالەتی.. پەیامی ئەم نەورۆزەمان پێداگریە لەسەر داواکانمان تا سەرکەوتن..
ئێوە کە 31 ڕۆژە لە مەیدانی ئازادیدا ڕاوەستاون و باوەڕ و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەتان ماندویەتی ناناسێ توانیوتانە خەونی دەسەڵات بە مانەوەی لەسەر کورسی بۆ هەتاهەتایە تێک بدەن. ئەوان دوای تاقیکردنەوەی هێزی چەک و میلیشیاکانیان لە کوشتنی خۆپیشاندەران و دانانی بۆمبە دەنگیەکان و سوتاندنی کەناڵەکان و سوتاندنی خێمەکان و ترساندنی خەلک بە دەمامکدارەکان شکستیان هێنا و زانیان کە ئەم کارە قێزەونانە ڕقی خەڵک زیاتر دەکا و داواکانی خەڵک قوڵتر دەکا . بەڵام ئێستا سێ سەرۆکایەتیەکانی حکومەت وپەرلەمان و هەرێم کەوتونەتە بەڵێن دان کە داواکان جێبەجێ دەکەن و تەنانەت ئەوانیش دەڵێن ئێمەش داوا دەکەین. ئەمە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانمان و 31 ڕۆژ بەردەوامی خۆپیشاندانەکانمانە. ئێستا مەیدانی ئازادی و ئەنجومەنەکەی بوەتە هێزێک کە دەسەڵات ناچارە گوێی لێبگرێ و وەڵامی بداتەوە . بەڵام وەڵامەکانی دەسەڵات هێشتا بەڵێنە و ئێمە پێی قایل نین. دەسەڵاتێک 20 ساڵە بەڵێن دەدات و هیچ کارێکی عەمەلی نەکردوە بۆ لیپرسینەوەی تاوانبارانی گەندەڵی وناعەدالەتی و سەرکوتی ئازادی لەم هەرێمەدا. ئێستاش 31 ڕۆژە یەک هەنگاوی بەکردەوە لەلایەن ئەم دەسەڵات و سێ سەرۆکایەتیەوە نەنراوە بۆ گرتن و دادگایی تاوانبارنی کوشتنی گەنجان و بردنە دەرەوەی مقەراتی چەکداری حزبەکان و لیپرسینەوە لەسەروەت وسامانی بەرپرسانی حکومی و دەسەڵاتداران. نەک هەر ئەمە بەڵکو لەو شوێنەی لەسەر کاغەزی نامەی ئەم سەرۆکی هەرێمدا بەڵێنی بەڕەسمی ناسینی مافی خۆپیشاندان دەدەن لەسەر ئەرزی واقیع ئەمری قەدەغەکردنی خۆپیشاندانی جەماوەر لە هەولێر و کەلار و هەڵەبجە جێبەجێ دەکەن. لەو کاتەدا نامەی سەرۆکی حکومەت دەنوسرێ و دان بە ئەنجومەنی سەرای ئازادیدا دەنرێ کە نوێنەری داخوازیەکانی خەڵکی کوردستانە ، هەر ئەو کاتە ڕۆژنامەکەی سەرۆکی حکومەت و میدیای حزبی دەسەڵاتدارەکان دژی ئەنجومەنی سەرای ئازادی لە تەلەفزیۆن وڕادیۆ وڕۆژنامە و سایتەکانیەوە درۆو بوختان و داوا و هەڕەشەکان بڵاودەکرێتەوە. لەو کاتەدا سەرۆکی پەرلەمان باسی میکانیزمی جێبەجێکردنی 17 خاڵەکەی دەکا و تیایدا توندوتیژی مەحکوم دەکا ، حزبی ئەو سەرۆکە هەڕەشەی زمان بڕین لە لاوانی هەولێر دەکا کە دەیانەوێ دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئەو دەیان هەزارکەسەی لە شار وشارۆچکەکانی کوردستان خۆپیشاندان دەکەن.
هەربۆیە ئەوەی ئەم دەسەڵاتە بەقسە و بەبەڵێن دەیدات تا ئێستا بۆ بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕیە بەوەی ئەم دەسەڵاتە چاکسازی دەکا و گەندەڵی و نادادپەروەری و نەبونی ئازادی ناهێڵێ. بەڵام بەکردەوە دوای 31 ڕۆژ ئەو پەیامەی دەسەڵات بەجەماوەر گەیشتوە ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە نەچاکسازی هەڵدەگرێ و نە دەیەوێ خواستەکانی جەماوەر جێبەجێ بکا. ئێمە پێیان دەڵێین ئێوە ئەگەر دەتانەوآ نیەتی خۆتان بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانتان جێگای باوەڕی خەڵک بێت فەرموون بەکردەوە ئاشکراکردن و گرتن ودادگایی تاوانبارن دەست پێبکەن ، وەرن بارەگا چەکدارەکانی حزبەکانتان بەرنە دەرەوەی شارەکان ، ئابڵوقە لەسەر هەولێر و کەلار لابەرن. تا ئێمەش بتوانین لەسەر داواکانی ترمان بۆ گۆڕینی دەستور و هەڵوەشانەوەی سیستمی میلیشیایی و گێڕانەوەی داهاتەکانی کوردستان بۆ باشکردنی گوزەرانی خەلک گفتوگۆتان لەگەڵ بکەین. ئەوەی جەماوەر لەم 31 ڕۆژەوە فێربوە ئەوەیە کە تەنها هێزی خۆپیشاندانەکانە ئەم دەسەڵاتەی ناچارکردوە کە گوآ لە داواکانی خەڵک بگرآ و سەرۆکی هەرێم و کۆمار وحکومەت وپەرلەمان وەڵام بدەنەوە ، هەربۆیە ئەوەی ئەم دەسەڵات و سەرۆکایەتیانە ناچار دەکا ئەم خواستانەى خەلک بەکردەوە جێبەجێ بکەن ئەوە هەر ئەم هێزەی خۆپیشاندانەکانی ئێمەی جەماوەرە و ئێمە چاوەڕێی هێزی خۆمان دەکەین بۆ سەپاندنی ئەم خواستانە. هەربۆیە ئێمە ئەبێت لەم نەورۆزەوە بڕیار بدەین کە هەموو شاروشارۆچکەیەکی کوردستان ، هەموو دائیرە و گەرەک و کارگە و زانکۆ و هەر شەقام و سوچ وقوژبنێکی ئەم کوردستانە بکەینە مەیدانی ئازادی . ئەم دەسەڵاتە جەماوەریە لە هەموو شوێنێک بکەینە خاوەنی ئەم کۆمەڵگایە .هەرچۆن 31 ڕۆژە خۆپیشاندەرانی مەیدانی سەرای ئازادی و مەیدان وسەکۆکانی ئازادی لە کوردستاندا بونەتە ئەو هێزەی پەیامی ئازادی و خواستی ژیانێکی باشتری پاراستوە. نەورۆزی ئازادی ئەمساڵمان پەیامی سەرکەوتنی ئازادی و نەهێشتنی دەسەڵاتی ستەم وچەوسانەوەیە.
پیرۆزبێت نەورۆزی ئازادی.. سەرکەوتوبێ مەیدانەکانی ئازادی کوردستان .

Add Comment

Click here to post a comment