وتار

ئاگاداربن پۆناپارت هات!

ووتەکانی مەسعود بارزانی ڕۆژی ٢٦ی ئایاری ٢٠١٣لە یادی بزوتنەوەی چەکداری گوڵانی پارتیدا سەبارەت بە ڕاپرسی  لەسەر دەستور ئەزمەیەکی دروستکردوە کە پێویستی هاتنەمەیدانی پۆناپارتێک دەکاتە ئەمری واقیع،بەڵام ناپلیۆن پۆناپارت نا بەڵکو لویس پۆناپارتی برازای. بارزانی وەک پۆناپارت لە ٨ساڵی سەرۆکایەتیدا هەموو ئەو دەسەڵاتانەی پەیداکردوە و پیادەی کردوە کە لە پرۆژەی دەستوردا هەیە پێش پەسەندکردنیشی. هەربۆیە ئەمڕۆ وەک پۆناپارت ڕایدەگەیەنێ کە کوردستان پێویستی بەبارزانیە وەک “پارێزەری نیزام و گەڕانەوە بۆ گەل و ڕاپرسی و دەنگی خەڵک”.ئایا ڕاپرسی خەڵکی کوردستان لەسەر دەستورێک کە هەموو دەسەڵات و سەلاحیەتێکی داوە بە سەرۆکی هەرێم ڕەسمیەتدان بە پرسە گورگانەیەک نیە سەبارەت بەو دەسەڵات و سیستمەی کە بارزانی لەم ٨ ساڵەی سەرۆکایەتیەکەیدا بەبێ دەستور پیادەی کردوە؟ ئەگەرخەڵک بە دەنگدان ئەم سیستەمی سەرۆکایەتیەی قبوڵ نەکرد ئەوا بارزانی دەست لەدەسەڵات هەڵدەگرێ ؟ ئەوەندەی لە پارتی دیموکراتمان بینیبێت ئەمە یەکەم جارێکێتی لە مێژووی زیاتر لە ٦٠ ساڵیدا دەنگ و ڕاپرسی خەڵکی بەلاوە گرنگ بووبێت، لە شەڕی ناوخۆی ٩٤و٣١ئاب ونوسینەوەی دەستور و یاسای هەڵبژاردن و ١٧شوباتدا نمونەی بڕیاری تاک لایەنانە و پێچەوانەی ڕاو بەرژەوەندی ئەم حزبەمان بینیوە لەگەڵ ڕای گشتی و بڕیاری خەڵکی کوردستاندا. ئێستا پارتی و سەرۆکەکەی هەموو جومگەکانی سیاسی و حکومی و ئابوری دەسەڵاتیان لەکوردستان پاوانکردوە و ئەوەی ماوەتەوە سەپاندنی ئەم ئەمری واقیعەیە بەناوی ڕاپرسی دەستورەوە. دەستورێک کە سیستەمی سەرۆکایەتی کردۆتە باڵادەست و پەرلەمانی خستۆتە ژێرسایەی دەسەڵاتی سیاسی و عەسکەری و یاسایی سەرۆکەوە. ئەمە هەنگاوی سەپاندنی سیستەمی سەرۆک نشینی یە کە دەستوری ئێستا شەرعیەتی پێ دەدا و بۆ پارتی و بارزانی ئەمە هەنگاوی یەکلاکەرەوەی دەسەڵاتیانە لە کوردستاندا.

هەرکەسێک بێت و بەراوردی سیاسەت و ستیراتیژی پارتی بکا لەگەڵ هەنگاوەکانی لویس پۆناپارتی فەرەنسا لە دەیەی کۆتایی چلەکان و سەرەتای پەنجاکانی سەدەی نۆزدەدا زۆر هاوشێوەییەک لە چۆنیەتی هاتنەسەرکاری پۆناپارتێکی دیکتاتۆر لەگەڵ دەوری سەرۆکایەتی پاوانکاری بارزانیدا دەبینێ. جۆری سوود وەرگرتن لە ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی و دواتر بەقسەی مەلابەختیار“له‌ به‌شێكی‌ بڕیاره‌ سیاسییه‌ گرنگه‌كان، پێش نه‌خۆشكه‌وتنه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال، له‌ ئاڵۆزبونی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غدادو هه‌تا گه‌یشته‌ ئه‌م بایكۆته‌ی‌ وه‌زاره‌ت‌و په‌رله‌مانتارانیش له‌مدواییه‌دا، یه‌كێتی‌ په‌راوێز خرا” بەڵام  یەکێتی هەموو ئەمانەی قبوڵکردوە  چونکە وەک ئەم ئەندام مەکتەبی سیاسیە دەڵێ“ده‌بێ‌ له‌ رێكه‌وتنامه‌ی‌ ستراتیژی‌ بكشێته‌وه‌؛ یاخود ده‌بێ‌ رێز له‌ دوابڕیاری‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی‌، كه‌ پارتییه‌، بگرێ”‌.ئەمە بڕیاری مەرگی سیاسی ڕەقیبی سەرەکی پارتی یەکێتی بوو کەوای کردوە ئەم دەسەڵاتە دیفاکتۆیەی بارزانی لەکوردستان جێگیر ببێ. ئێستا کە پارتی لەبەردەم هەڵبژاردنەوەی سەرۆکدایە و لەڕێگەی دەستورەوە دەتوانێ بارزانی بکاتەوە بەسەرۆک، یان دەبێ دەستبەرداری دەسەڵاتی فیعلی و دیفاکتۆی خۆی بێت یان دەبێ یەکێتی و پەرلەمان بخاتەوە پەراوێز و ڕێز لەدوا بڕیاری پارتی بگرن. پەیامی مەسعود بارزانی لە یادی بزوتنەوەی چەکداری گوڵانی پارتیدا ئەوەیە کە دوا بڕیاری پارتی پەراوێز خستنی دەسەڵاتی نافیعلی و ژێردەستەیی پەرلەمانە. بڕیاری ڕاپرسی هەنگاوێکە بۆ خەڵک بەگژاکردنی پەرلەمانە لەپێناو بێ ئیعتیبارکردنی ئەم دەزگایە کە ئێستا ڕێگری لەبەردەم سێ بارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆکدا دەکا و سەلماندنی ئەوەیە کە ” دەبێ رێز له‌ دوابڕیاری‌ پارتی بگیرێ “.

ئەوانەی لە کوردستان هێشتا پەتای “گێلێتی پەرلەمانی” بەری نەداون ئاخر سەنگەری خۆیان بەپەرلەمانەوە گرێداوە و پێیان وایە دەسەڵاتی فیعلی و دیفاکتۆی سیاسی و عەسکەری و ئابوری پارتی و بارزانی لەڕێگەی هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە دەگۆڕن. ئەمە ئەگەر بەکەڵکی ئەو حزب و هێزانە بێ کە خێری بودجەی حزبەکانیان و یان کورسی دەسەڵاتیان لەڕێگەی پەرلەمانەوە بەرکەوتوە ئەوا ناتوانن جگە لەشەڕی پەرلەمانی شتێکی تر بکەن . ئەم هێزانە ناتوانن ١٧شوبات دروستبکەن چونکە دەستپێشکەری و زەمینەی ١٧ شوبات لەکاری پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆنەوە نەهات بەڵکو دەستکەوتی گیان بەختکردن و خۆپیشاندانەکانی خەڵک کرایە دەستمایەی سازان لەگەڵ دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا. ئەوەی دەتوانێ بەر بەپارتی و بارزانی بگرێت لەسەپاندنی دەسەڵاتی دیفاکتۆی دەرەوەی پەرلەمانیان سیاسەتی ژێردەستەیی و پەرواێز قبوڵکردنی یەکێتیش نیە. یەکێتی لەبەردەم تەنگەژەی بێ دەسەڵاتیدایە. لەلایەک چاوی لەمانەوەی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانێتی لەژێر هەیمەنەی ئابوری و سیاسی پارتیدا و لەلایەکی ترەوە لەژێرفشاری ڕیزەکانێتی کە تەسلیم بوون بەتاکڕەوی و باڵادەستی پارتی گرێی مێژووییەتی و بەلەدەستدانی رەسیدێکی سیاسی یەکێتی دەزانن.

بەڵام ئایا بارزانی دەتوانێ وەک پۆناپارت حزبی سەرەکی هاوپەیمانی لابات و پەرلەمان هەڵپەسێرێ و دەستور فەرزبکا و دەسەڵاتی یەکلایەنەی پارتی بسەپێنێ؟ زەمینەی ناڕەزایتیە گشتیەکان و ڕوداوی هەڵبژارنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی و شارەوانیەکان دەڵێن ئەم کارە ئاسان ناچێتەسەر ئەگەر هەڵوێست و سیاسەتێک بگیرێتەبەر لەلایەن سەرجەم هێزە ناڕازیەکانەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ستراتیژی پارتی و بارزانی بۆ سەپاندنی  ” دەبێ رێز له‌ دوابڕیاری‌ پارتی بگیرێ “. پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئێستا ئەگەر وەک هەنگاوێک بۆ هەڵپەساردنی دەستور و گێڕانەوەی بۆ هەموارکردنەوەی لەلایەن خەڵک و حزب و ڕێکخراوە مەدەنی و جەماوەریەکانەوە بکرێتە بزوتنەوە و خواستێکی جەماوەری . ئەگەر لەم چەند مانگەی بانگەشەی هەڵبژاردندا داواکردنی لابردنی سیستەمی سەرۆکایەتی و لابردنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێتە خواست و بزوتنەوەیەکی فراوانی سیاسی و ئیعلامی و جەماوەری کەڕێگەی خەونی هەڵبژاردنەوەی بارزانی بەبنبەست بگەیەنێ. ئەگەر داواکانی ١٧ شوبات ببێتە پلاتفۆرمی هەڵبژاردنی هێزە ناڕازیەکانی دژ بە دەسەڵاتی میلیشیایی و گەندەڵی . ئەگەر شکست بەهەوڵەکانی تەزویری ئامار و دەنگدانەکان بگیرێ . ئەگەر ئاڵوگۆڕ لە یاسای هەڵبژاردن و سیستەمی کۆتا بۆ نوێنەرانی ڕاستەوخۆی چینی کرێکار و کارمەند و زەحمەتکێشی کوردستان دابنرێ. ئەمانە دەتوانێ ئەم هەنگاوەی ئێستای پارتی و بارزانی بۆ سەپاندنی ” دەبێ رێز له‌ دوابڕیاری‌ پارتی بگیرێ ” دوابخا و لەم پرۆسە سیاسیەی هەڵبژاردندا فشاریکی زیاتر لەسەر خەونی سەپاندنی دەوڵەتی دیفاکتۆی پارتی دابنێ.

لەم جەوە سیاسیەی لەسەر هەڵبژاردنەکان هاتۆتە ئارا، ئەگەر ناڕەزایەتیەکانی ئێستا بەڕوی هەنگاوە سەروویاساییەکانی پارتی و بەڕوی ستراتیژی سەپاندنی دەوڵەتی ” دەبێ رێز له‌ دوابڕیاری‌ پارتی بگیرێ ” نەکرێتە بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری کە پارتی لەشوێنی خۆی دابنێتەوە و توانای سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڵخراندنی میلیشیایی  لەژێرناوی “ئیرادەی خەڵک”دا پەک نەخات ئەوە دەبێ چاوەڕوانی ئەم هەواڵە بین کە لەسەر شەقامەکان و شوینە گشتیەکان هەڵدەواسرێ ” ئاگاداربن پۆناپارت هات!

ئاسۆکمال  ‏27‏/05‏/2013

Add Comment

Click here to post a comment