گفتوگۆ

گفتوگۆ لەگەڵ سایتی بۆپێشه‌وه‌ :خه‌ڵکی ناڕازی ومۆنیۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌

سایتی بۆپێشه‌وه‌ ده‌پرسێت:

16.3.2006له‌ یادی 18 ساڵ به‌ سه‌ر تێپه‌ڕبوونی کاره‌ساتی کیمیاویبارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا خه‌ڵکێکی زۆری ئه‌م شه‌ره‌ ناڕازایه‌تیه‌کی فراوانیان به‌ ڕێ خست و خۆپیشاندانیان‌ رێکخست، ڕێگه‌یان نه‌دا مه‌راسیمی یادکردنه‌وه‌ ببه‌سترێ و ڕێگه‌یان نه‌دا مه‌سولینی حزبی و‌حکومی بێنه‌ ناو شاره‌که‌. دواتر خه‌ڵکی ناڕازی مۆنیۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌یان سوتاند.‌ سه‌رئه‌نجام ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان په‌ره‌ی سه‌ند و کار گه‌شته‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ته‌قه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا بکرێت و 2 که‌س گیانان له‌ ده‌ست دا و 11 که‌سیش برینداربوون، که‌ هه‌ندێکیان به‌ سه‌ختی.

ئێوه‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ و ناڕه‌زایه‌تیه‌ فراوانه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگینن؟ به‌ بۆچونی ئێوه‌ ئه‌مه‌ بۆ ڕوویدا؟ بۆچی خه‌ڵکی شاره‌که‌ نه‌یان ده‌ویست مه‌سولین بێنه‌ ناو شاره‌که‌؟ مۆنیۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ چی سوتێندرا؟ وه‌ ئه‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت که‌ دواتر له‌ لایه‌ن ده‌ساڵاتدارانه‌وه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ ئاژاوه‌چی ناوبران؟ دواپرسیار: هه‌ڵوێستی 5 حزبه‌ کوردیه‌که‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت که‌ به‌ ڕاگه‌یاندنێکی هاوبه‌ش به‌یانیانکرد؟

ئیتر له‌گه‌ل سلاو و ریزی بی پایانمان به‌ هیوای کاتیکی خۆش.
ئارام عه‌لی
به‌ریوه‌به‌ری سایتی بۆپێشه‌وه‌
17/03/2006
aramali1@yahoo.com
www.bopeshawa.com

ئاسۆکمال:
لەپێشدا دەمەوێت ڕەوتى ڕوداوەکە پشت ڕاست بکەمەوە سەرەتا ئاسایشى یەکیتى تەقەیان لە خۆپیشاندەرەکان کرد و بەدواییدا مۆنۆمینتى هەلەبجە لەلایەن کەسانێکی ناو خۆپیشاندانەکەوە سوتێنرا. ئەم مەسەلەیە بۆیە گرنگە چونکە لەلایەن یەکێتى یەوە حەملەیەکى ئیعلامى دەست پێکراوە بۆ شێواندنى ئەسڵى مەسەلەکە لەلاى خەڵک ، کە گوایە خۆپیشاندەران مۆنۆمینتەکەیان سوتاندوە و دواتر ئاسایش تەقەیان کردوە و خەلک کوژراوە و برینداربوە. لەم پێناوەشدا یەکیتى کەوتۆتە کۆکردنەوەى لایەنگرانى وسازکردنى ڕێپیوان بۆ مەحکوم کردنى سوتانى مۆنۆمیتى هەلەبجە. ئەم کارە بۆ شاردنەوەى تاوانى کوشتنى خۆپیشاندەرانى هەلەبجە لەلایەن یەکیتىیەوە و دەستپیکردنى حەملەیەک دژ بەخۆپیشاندانى خەلکى هەلەبجە کە گوایە بۆ سوتاندنى مۆنۆمیتى هەلەبجە بوە و دەبێت ئەنجامدەرانى بەسزا بگەیەنرآ. یەکێتى بەم شێوەیە خۆى کردوە بە خاوەنى ئیدعا و مەسەلە و دەیەوێت لەخانەى تاوانباریەوە خۆى بگوێزێتەوە بۆ خانەى دادوەر و مدعى. ئەم چەواشەکاریە نابێت لە یەکێتى قبوڵ بکرێت و گۆڕینى ڕاستى ڕوداوەکە و هۆى خۆپیشاندانەکە بۆ سڕینەوەى لیپرسینەوەیە لە لە تاوانێکە کە یەکێتى کردویەتى .
هۆى خۆپیشاندانەکەى هەلەبجە هەر هەمان هۆى خۆپیشاندانەکانى یەک ساڵى ڕابردووى سلێمانى وڕانیە و کەلار و ئاکرآ و چەمچەماڵ و شار و شارۆچکەکانى ترى کوردستانە، کە ئەویش پچڕانى پردى تەحەمولى پانزەساڵ ژیانە لەسایەى دەسەڵاتی میلیشیایى یەکێتى وپارتیدا کە زەرەیەک ژیان و گوزەرانى خەڵکیان بەلاوە گرنگ نىیە و بەبەرچاوى ئەو خەڵکەى لە سایەى بآ ئاو و بآ کارەباى و بآ سوتەمەنى و گرانیدا دەژى سەرانى ئەم حزبانە ملیۆنەها دۆلاریان کەڵەکەکردوە و ئیدارەیەکى گەندەڵیان بەسەر خەڵکدا فەرزکردوە. لە کاتێکدا ئێمە لە سلێمانى لە سیپتەمبەرى 2005دا کۆبونەوەى جەماوەریمان لەپارکى ئازادى و بەرسەرادا دەکرد خەڵکی هەلەبجەش ناڕەزایەتیان دەردەبڕى و دەیانویست خۆپیشاندان بکەن وەک شوێنەکانى تر بۆ ئەو داخوازیە سەرەتایانەیان.بەڵام بەرپرسانى یەکێتى بە وەعدەى درۆ و بە هەڕەشە بەریان بەم هاتنە مەیدانەى خەڵکی هەلەبجە گرتبوو. خەڵکی هەلەبجەش کات و فرسەتێکى باشیان هەڵبژارد بۆ ئەوەى فشار بخەنە سەر یەکێتى نیشتمانى ئەو یش 163 ڕۆژى یادى کیمیابارانى هەلەبجە بوو. یەکێتى دەیویست ئەمجارەش بە وەعدە و بەڵێنى درۆ خەڵکى هەلەبجە فریوبدات تا ئەو سەوداو مامەڵەیەى بەڕۆژى هەلەبجەوە لەگەلڕ لایەنە دەرەکیەکانى دەعوەتى کردبوون تەواو بکات . قیمەتى هەلەبجە و مۆنۆمینتەکەى بۆ حزبە دەسەلاتدارەکانى ئەوەیە کە نەک تەنها دەتوانن خوێنى زیندوەکانى دەمژن بەڵکو خوێنى 5 هەزار شەهیدى ئەو شارەشیان کردۆتە سەرمایەى سیاسى و مالى بۆ خۆیان. بەڵام خەڵکی ئەم شارە دواى 15 ساڵ لەم فریودانانە تەفرەیان نەخوارد و هێزى خۆیان هێنایە مەیدان تا بەر بەو شانۆگەریەى دەسەلاتداران بگرن و بیانخەنە بەردەم ئەمرى واقیعەوە کە خەڵکی هەلەبجەیە ئەم وەزعە قبوڵ ناکەن و ڕێگەنادەن مەسئولینى یەکێـتى بچنە ئەوشارە و ئەو نمایشەى خۆیان بەناوى هەڵەبجەوە بکەن.ئەمە بریاریکى جدى و لیبڕاوانەى خەلکى هەڵەبجە بوو وە بە خۆپیشاندان بۆ بەردەم مۆنۆمینتى هەڵەبجە و شوێنى کۆبونەوەى بەرپرسان دەریان بڕى. بآگومان ئەم تەحەدایە بۆ هێزێکى میلیشیایى وەک یەکێتى نیشتمانى کە هیچ پرەنسیپیکى مەدەنى و مافى خۆپیشاندان بۆ جەماوەر قبوڵ ناکات هەر بە چەک وەڵام دەدرێتەوە . هەرچۆن تا ئێستا لە کێشەى سیاسى لەگەلڕ لایەنەکانى تردا هێرشى کردۆتە سەریان ، وەک ئاخرین نمونەى ئەم ملهورى یە عەسکەریەى هێرشى چەکدارى بۆ سەر حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عیراق بوو لە تەموزى 2000دا ، هەمان پرەنسیپ بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکانى کەلار و کۆیە و شوێنەکانى ترى بەکاربردوە بەبآ ئەوەى مۆنۆمیتێک لەو شوێنانە بوبێت. هەربۆیە مۆنۆمینتى هەڵەبجە بیانویەکە بەدەست یەکێتىیەوە نە هۆى ڕوداوەکە بوە و نەهۆى کوشتارى خەڵک بوە لەلایەن یەکێتىیەوە.
ئەم کردەوە دڕندانەیەى ئاسایشەکانى یەکێتى نیشتمانى کە بونە مایەى کوشتنى دوولاو و 11 خۆپیشاندەرى تر کڵپەى ڕق وبێزارى خەڵکی بەوپەڕى خۆى گەیاند و هەربۆیە بەبەرد کەوتنە سەر مەسئولینى یەکیتى و ئەوانەى لەوآ کۆبوبونەوە.بێگومان سوتاندنى مۆنۆمێنتەکە کارێکى ئاژاوەگێڕى بوە کە بەهاندانى ئیسلامیەکانى هەڵەبجە چوەتە پێشەوە.ئیسلامیەکان سوودیان لەو وەزعە وەرگرتوە بۆ ئەوەى دەسەڵاتى کۆنەپەرستانەیان بگێڕنەوە. ئاشکرایە کە خەڵکی هەلەبجە ناچن ئاگر بەربدەنە شوینیکى یادکردنەوەى 5 هەزار شەهیدەکەیان کەداستانى ژیانى ڕۆژانەیانە. بەڵام هەرچۆن ئیسلامیەکان لە تەقەکردنى ئاسایشى یەکیتى فرسەتى قۆستەوە بۆ ئاگرتێبەردانى ئەو مۆنۆمینیتە ، هەرئاواش ئێستا یەکێتى نیشتمانى بۆ داپۆشینى تاوانى کوشتارى خەڵکی هەلەبجە کەوتۆتە فرمێسکى تیمساحانە بۆ 5 هەزار شەهیدى هەلەبجە و زاڵکردنى جەوى ئیرهاب دژ بە خۆپیشاندەرانى ئەو شارە لەژێر ناوى سزادانى ئاژاوەگێراندا. حەملەى ئیعلامى یەکێـتى و هەڕەشەکانى لەسەر ڕوداوى سوتاندنى مۆنۆمیتەکە بۆ شاردنەوەى ئەو لەشکرکێشیەیەتى کە ئێستا کردویەتیە سەر شارى هەلەبجە و خەریکى کوشتار و گرتن وئەشکەنجەى خۆپیشاندەرانیتى. کآ دەبێت باوەڕ بە یەکێتى بکات کە بۆ یادى 5 هەزار شەهیدى هەلەبجە دڵسۆزە و لەسەر ئەو یادگاریە خەڵکی هەڵەبجە دەکوژێت ، بەلام 15 ساڵە بۆ خەڵکی زیندوى هەلەبجە ئامادەنىیە ئاو و کارەبا و سوتەمەنى دابین بکات و کاتێکیش داواى دەکەن بە گوللە وەڵامیان دەداتەوە. نابێت باوەڕ بەم هاتوهاوارەى یەکێتى بکرێت بۆ مۆنۆمینتى هەلەبجە و گۆڕینى ئەسڵى مەسەلەکە کە تاوانى کوشتارى خۆپیشاندەرانە لەیەکێتى قبوڵ بکرێت و چاوپۆشى لێبکرێت. یەکێتى بەم شێوەیە دەیەوێت بەر بە هەر خۆپیشاندانێکى تر بگرێت کە لە کوردستاندا بەردەوام سەرهەڵدەدا و لەئاکامدا شکست بەم دەورەیە لە نارەزایەتیەکانى خەلکى کوردستان بهێنێت.
بەیانى هاوبەشی ئەو ئەو حزبانە ملدانیانە بۆ ئەم کوشتارەى یەکیتى و نەیانوێراوە لەو کاتەدا پەنجەى تاوان بۆ ئاسایشى یەکیتى درێژ بکەن . بەشێک لەو حزبانە خۆیان دەستى ئاژاوەگێربوون . هەڵوێستى ئیدانە و لێپرسینەوە لەم تاوانەى یەکێتى لەبەرامبەر خەڵکدا ئەنجامى داوە لەو حزبانە چاوەڕوان کراو نىیە. ئەوەى من بەلامەوە سەیرە هەڵویستى ڕێکخراوەى “چاک” ە ، ئەمانە لە 3 بەیاننامەدا کەلەسەر هەلەبجە داویانە سآ هەلویستى جیاوازیان نیشانداوە . یەکەمیان پشتیوانى لە خۆپیشاندانەکە دەکات و دەلێت هەلەبجە کەوتۆتەوە دەستى خاوەنەکانى و کوشتنى خۆپیشاندەران شەرمەزار دەکات و ریکخراوە نیودەولەتیەکانى لێئاگاداردەکاتەوە. دوەمیان دەڵێت هەردوو روداوى تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و سوتاندنى مۆنۆمینتەکە مەحکومە . سآیەمیان دەلێت تەنها نیگەرانن بەرامبەر بە کوشتنى خۆپیشاندەران بەڵام سوتاندنى مۆنۆمینەتەکە مەحکوم دەکەن وداواى سزادانى ئەنجامدەرانى دەکەن. ئەم گۆڕینى هەڵویستانە بۆ ئەم ڕێکخراوەیە نیشانى دەدا ئەم جۆرە ڕێکخراوانە لە پشتى هەموو ئیدعاکانیانەوە بۆ شەهیدانى هەلەبجە لە کۆتاییدا بەرامبەر بەدەسەڵاتداران کە خەلکى زیندوى هەلەبجە دەکوژن بێدەنگی دەکەن و تەنها داوا ڕەواکانى ئەم دەسەڵاتدارانە دوپات دەکەنەوە . ئەم جۆرە هەڵویستەى ئەم حزب و ڕێکخراوانە دەبێت بکرێتە پیوەرى ئەوەى ئەمانە چەندە ئازادى و ژیان وگیانى خەلکى کوردستانیان بەلاوە گرنگە؟ ئەوەى لەم روداوەدا کوشتارى خەلکى هەلەبجە لەلایەن یەکیتىیەوە مەحکوم نەکات و داواى سزادانى ئەنجامدەرانى لەدادگاى ئاشکرادا دەست بەجآ نەکات ئەوە ماناى ئەوەیە تەسلیم بە سەرکوتى یەکیتى نیشتمانى بوە. ئەمە تەنها سەرکوتى خەلکى هەڵەبجە نىیە بەلکو کوشتارى هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەیە کە لە سلیمانى و کلار ورانیە و کۆیە و چەمچەمال و لەهەر شوینیکى ترى ژیر دەسەڵاتى یەکیتىدا دەیانەوێت بێنە سەر مەیدان و داواى مافە رەواکانى خۆیان بکەن و بڵێن 15 ساڵى دۆزەخى ژیرسایەى یەکیتى نیشتمانى قبوڵ ناکەین.
بەداخەوە ئەو کارانەى دژ بەم تاوان و پێشیلکاریەى یەکێتى کراوە هێشتا لە ئاستى پیویستدانىیە و یەکێتى نیشتمانى خەریکى ئاوەژووکردنەوەى ڕاستیەکانە و خۆى بە خەمخۆرى خەڵکی هەڵەبجەیە لەقەڵەم دەدا لەسایەى شاڵاوى ئیعلامى چەواشەکارانە سەبارەت بە مۆنۆمیتى هەڵەبجە و وەعدەى درۆى ئاوەدانکردنەوە و لەهەمان کاتیشدا بەردەوامە لەسەر درێژەدان بە سەرکوت و تۆقاندنى خەڵکی ڕاپەڕیوى شارى هەڵەبجە.ئەمە کارى زیاترى لە هەموومان دەوێت و دەبێت ئەم کوشتار و سەرکوتە لە یەکیتى قبوڵ نەکەین و خەڵکی هەلەبجە بەتەنیا لە سایەى هەڕەشە و سەرکوتى یەکێتیدا جآ نەهێڵین و پشتیوانیان لێ بکەین. لێرەوە جارێکی بانگەوازى هەموو دەستە و کۆمەڵەکانى داکۆکى لە داخوازیەکانى خەلکى کوردستان و ریکخراوە و لایەنەکانى کوردستان و دەرەوە دەکەین کە لەپیناو دیفاع لە خەلکى هەلەبجە و خۆپیشاندانەکەیان و لەپیناو ئازادى لە کوردستاندا دەنگ بەرامبەر بەم تاوانەى یەکیتى هەلبڕن و مەحکومى بکەن. دەستى ئێوەش وەک سایتى بۆپێشەوە خۆش بێت بۆ کارێک کە لەم پیناوەدا لیبڕاوانە کردوتانە و جێگاى شانازىیە.

Add Comment

Click here to post a comment