نارەزایەتیەکان

دادگای پارتی بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسی سەردەشت عوسمان شەرعیەتی نیە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دادگای هەولێردا ڕۆژی ٧/١/٢٠١٣ داناوە بۆ لیکۆڵینەوە و بڕیاردان لەسەر کەیسی تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و داوای لە ٥ ئەندامی خانەوادەی سەردەشت عوسمان کردوە کە ئامادەی دادگاییەکە ببن. پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دروستکرد کە کەیسێکی سەراپا درۆ و بوختانی خستەپاڵ سەردەشت عوسمان کە وەک تیرۆریستێک بە تاوانبار ناساندویەتی و ئێستاش داوا لە خانەوادەکەی دەکا بە بچن لە دادگا گوێ لە تاوانی تیرۆریست بوونی سەردەشت عوسمان بگرن. ئەمە بێشەرمیەکی گەورەیە کە پارتی بەناوی دادگا و لیژنەی لێکۆڵینەوە و یاساوە سوکایەتی نەک بەرامبەر بە خانەوادەی سەردەشت عوسمان بەڵکو بەسەرتاپای خەڵکی کوردستانی دەکا لەبەرئەوەی کەیسی سەردەشت کەیسی ئازادی سەرجەم خەڵکی کوردستانە.

دەسەڵاتی پارتی کە سڵی لە تیرۆری چەندین ئینسانیئازادیخواز نەکردۆتەوە ،ئێستا دەیەوێت لە دادگا و دەسەڵاتی قەزاییەکەی بەناو حکومەتی هەرێمدا تاوانی تیرۆریست بوون بەسەر سەردەشت عوسماندا وەک بڕیاری دادگا بسەپێنێ . هاوکات تاوانبارکردن و دادگایی و سزادانی هەرکەسێک دژ بەم کردەوە تیرۆریستیەی پارتی لە شارەکانی کوردستان ناڕەزایەتی دەربڕیوە. ئەمە هەمان کردەوەی بەعس ئاسای پارتیە کە هەرئەوەی ماوە کە پارەی ئەو گوللانەی کەنراوە بە سەردەشت عوسمانی گیان بەخت کردووەوە لە خانەوادەکەی بسەنرێتەوە.

خستنەڕووی کەیسی بەتیرۆر ناساندنی سەردەشت عوسمان لەلایەن دادگای هەولێر ئەو دەزگایە دەکاتە دەزگای سوکایەتی کردن بە ئازادی خەڵکی کوردستان و دەزگای قەزاییەی هەولێر دەکاتە دەزگای تیرۆرکردنی ئازادی و ئامڕازی دەستی پارتی بۆ سەرکوتی هەر ناڕەزایەتیەکی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەرانبەر بەم دەسەڵاتە میلیشیایی و بنەماڵەییە.

ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیاری خانەوادەی سەردەشت عوسمان ڕادەگەیەنین کە ئەم دادگایەی پارتی شه‌رعیه‌تی نیه‌. هاوکات ئەم هەوڵە دژ بە ئازادی و بۆ شاردنەوەی تاوانی تیرۆرکردنی سەردەشت لەلایەن پارتیەوە مەحکوم و شەرمەزاردەکەین .بانگەوازی سەرجەم لایەنە سیاسی و جەماوەری و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین کە ئەم کردەوەیەی دادگای پارتی مەحکوم و شەرمەزاربکەن.

کەیسی سەردەشت عوسمان کەیسی ئازادی خەڵکی کوردستانە و پێویستە هەموو ئازادیخوازان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆ لەپارتی و حکومەتی هەرێم لەلایەن نوێنەری خانەوادەی سەردەشت عوسمان و نوێنەرانی لایەنە سیاسی و جەماوەریەکان و دەزگا نێونەتەوەییەکان پێک بهێنرێ بۆ ئاشکراکردن تاوانبارانی تیرۆری سەردەشت و بەسزاگەیاندنیان لە دادگایەکی ئاشکرای دوور لەدەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا.

٦/١/٢٠١٣

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان /ڕیکخراوی ده‌ره‌وه‌

Add Comment

Click here to post a comment