ئەرشیڤ کۆمۆنیزم

گرنگی دەقەکان و پیرۆزنەکردنیان

م ح
ئاسۆ کەمال:
ڕادیۆی پێشەنگ پرسیارێکی لێکردم لەسەر ئەوەی “زۆر جار دەوترێت سێکولاریزم پەیوەندی بە کۆمۆنیستەکانەوە نیە و ئەمە مانەوەیە لە سەرمایەداریدا”ئەمە ڕای چەند هاوڕێیەکی کۆمۆنیستیش بوو کە لە کۆڕی ناوەندی سێکولار لە ئەندێشە لە سلێـمانی دەریان بڕی. هەربۆیە بە گرنگم زانی هەڵوێستەیەک لەسەر سێکولاریزم لە دیدی مەنسور حیکمەتەوە بکەم و باسی میتۆدی مەنسور حیکمەت لە گرنگی دان بە سێکولاریزم بکەم.
مەنسور حیکمەت زۆر بەکورتی لەسەر سێکولاریزم قسەی کردوە و لەخەباتی دژی ئیسلامی سیاسی و جمهوری ئیسلامی ئێرانەوە ئەم باسەی کردوە و وەکو خاڵێکی بەرنامەی دنیایەکی باشتر جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەتی هێناوە. ئەوەی گرنگ بوو بەلامەوە لە کۆڕی یادی مەنسور حیکمەت لەلەندەندا باسکردن لە گرنگی میتۆد و ڕێبازی ڕەخنەگرانەی مەنسور حیکمەت بوو وە چۆنیەتی جیاکردنەوەی گرنگی دەقەکانی مەنسور حیکمەت لە پیرۆزکردنیان. کە لێرەدا دەمەوێ جارێکی تر ئەم وتە کورتە ڕۆشن بکەمەوە.
گرنگی پێدانی مەنسور حیکمەت بە مەسەلەی سێکولاریزم و کردنی بە یەکێک لە ئەرکەکانی “چەپی کۆمۆنیست” و بزوتنەوەی سوشیالیستی بەرهەمی کۆپی کردنی دەقێکی مارکس یان لینین نەبوە و ئەو لە جەرگەی خەبات و ڕەخنەگرتنی لە دەوری دین و ئیسلامی سیاسیەوە بەگرنگی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و یاسا و پەروەردە کردوە. ئەو باسی لەوەکردوە کە چۆن بورژوازی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم کارەی بەئەنجام نەگەیاندوە وەک بورژوازی ڕۆژئاوا و بگرە ناسیونالیزمی دەسەڵاتداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوپەیمانی ئیسلام بوە. لەکاتێکدا ئەم ناسیونالیزمە لە قەیرانی سیاسی و ئابوریدایە ئیسلامی سیاسی وەک بەدیلێکی کۆنەپەرستانەی بورژوازی دەیەوێ دەوڵەتی ئیسلامی و یاساو شەریعەتی ئیسلامی بسەپێنێ بەسەر کۆمەڵگەدا. بیروسیاسەتی مەنسور حیکمەت سەبارەت بە سێکولاریزم و ئیسلام تەعبرێک بوون لەو بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیە چینایەتیەی کرێکاران دژی ئەم ئەم سەرخانە فکری  وسیاسیەی بورژوازی و بەدیلی ئیسلامی سیاسی بۆ دەسەڵات.
ئەم گرنگی پێدانەی ئەمڕۆی ئێمەش بە سێکولاریزم لە هەرچی زیاتر گەشەکردنی خەتەری زاڵکردنی زیاتری کۆنەپەرستی دینی و ئیسلامیە چ لەلایەن ناسیونالیزمی دەسەڵاتداری کوردستان و چ لەلایەن حزبە ئیسلامیەکانی کوردستانەوە ، کە لەدوای هاتنی خەلافەتی ئیسلامی و شەڕی داعش و شەڕی شیعە و سونەوە ناوچەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەرتاپا گرتۆتەوە.هاوکات ئەو ناڕەزایەتیە فکری و سیاسیەش سەبارەت بە دەوری دین و شەریعەتی ئیسلامی ،وە شەڕ لەدژی داعش زەمینەی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی سێکولاریستی لە کوردستانی عێراقدا دروستکردوە کە ناوەندی سێکولار دەیەوێ ئەو بزوتنەوەیە ڕێک بخا و ئاراستەی بکا. بۆ ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان سێکولاریزم لانی کەمی کارێکە کە بەرامبەر بە دین و ئیسلام دەیکەین بەڵام ئەو بەشە گرنگەیە لە گشتی کارێک کە خۆلادان لێی خۆلادانە لە ڕاوەستانەوە بەرامبەر بەدەوری واقیعی و سیاسی دین لە کۆمەڵگەدا.ناسیونالیزمی کورد و ئیسلامی سیاسی ئەم دینە وەک پایەیەکی دەسەڵاتی سیاسی ، یاسایی و پەرەوەردەیی بەکاردەهێنن و سەرخانی کۆنەپەرستانەی سیستەمی سەرمایەداری پێ بەهێزدەکەن. هەربۆیە دەرهێنانی ئەم کۆڵەکە فکری ،سیاسی،یاسایی و پەروەردەییەی دەسەڵاتدارێتیان بەناوی دینەوە و ناپیرۆزکردنیان و جیاکردنەوەی دین لە یاسا و پەرەوەردە و دادگا و دەزگای ئیداری و بیرۆکراسی، ئاسانکردنی ڕێگای هاتنەدەری ئیرادەی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازە بۆ گۆڕینی خودی سیستەمەکە و یاسا و ڕێسا ستەمکاریەناپیرۆزەکانیشی. هەر کەس یاسای فرەژنی و یاسای سزادان لەسەر ڕەخنەگرتن لە دین و سەپاندنی ڕیوڕەسمی ڕەمەزان بەسەر کۆمەڵگەدا و پڕۆژەی دەستوری ئیسلامی کوردستان و ٦ هەزار مزگەوت و سەدان مەلا و وتاربێژ و گروپی سەلەفی و داعشی ببینێ لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا ، خەبات دژی دەسەڵاتی دین و ئیسلام دەزانێ و گرنگی خەبات بۆ سێکولاریزەکردنی سیستەم و دەسەڵات لەکوردستان لەخەباتی دژی سەرمایەداریدا تێدەگا.
میتۆدی لینین لە “لێکدانەوەی دیاریکراو و موشەخەس لە هەلومەرجی دیاریکراو” میتۆدێکی زانستیە کە مەنسور حیکمەت و ئێمەی کۆمۆنیستەکان بەکاری دەبەین لە چوارچێوەی ناسینی یاسا گشتیەکانی سیستەمی سەرمایەداریدا. هەربۆیە لای ئێمە دەق وەک بنەما و یاساکانی گرنگە نەک وەک وتنەوەی دێڕبەدێڕی نوسراوەکان. هەرچۆن لە زانستی فیزیادا لە نوسینەکانی نیوتندا دۆزینەوەی یاسای کێشکردن گرنگە نەک نوسراوەکانی نیوتن کە باس لە پێویستی خواش دەکا،لە زانستی ناسینی سەرمایەداریشدا مارکس گرنگی لە یاسای ڕاوەستانی ئەم سیستەمە لەسەر دزینی زێدەبایی هێزی کاری کرێکارانەوە نەک دێڕ بەدێڕی بەرنامەی مانیفێستی کۆمۆنیست کە دوای کۆمۆنەی پاریس ئینگلس ئاماژەی بە کۆن بونی هەندێ لە بڕگەکانی دەکا.کۆمۆنیزم لە زانیندا پشت بەو دیدگا دیالەکتیکیەی هیگل دەدا لەسەر ڕاستی کە دەڵێ”شوێنی ڕاستی،خودی پرۆسەی زانین و پەرەسەندنی مێژووی دورودرێژی زانستە لە پلەنزمەکانەوە بۆ پلەی بەرزتر ،بەڵام ناگاتە ڕاستی ڕەها”.کۆمۆنیزم بۆیە ئەو بەڵایەی بەسەر نایەت کە وەک دین بەسەریدا دێت و دەقی هەزاران ساڵی پێشوو پیرۆزدەکا و مەلا لە خوتبەی هەینیدا ئەو قسانەی ناو ئەشکەوتەکان لە چەرخی عەولەمەدا دەڵێ و دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی. خودی ژیان و بیرکردنەوەی مەنسور حیکمەت بریتی بوە لەو ڕەخنەگرتنە بەردەوامەی لە دنیای سەرمایەداری و تەنانەت بزوتنەوەیەکی سیاسی و حزبیش گرتوە کە خۆی بەشێک بوە لێی.
هەربۆیە ئێمە لەیادکردنەوە و هەفتەی ڕیزگرتن لە مەنسوری حیکمەتدا ئەو  وەک فەرد و  وەک دەق تەقدیس ناکەین بەڵکو میتۆد و ڕێبازی ڕەخنەگرانەی ئەو لەدنیای ١٥ ساڵ دوای ئەودا بەکاردێنین بۆ لێکدانەوەی ئەمڕۆ. زیندویەتی ئەم سونەتەی مەنسور حیکمەت لە بەکاربردنی میتۆدەکەیدایە و زیندنویەتی فکر و بیری ئەو لە زیندوڕاگرتنی بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی سەرمایەداریدایە .هەرچۆن لەکاتێکدا بزوتنەوەی ڕەخنەگرتن لەسەرمایەداری لە کاتی قەیرانی دارایدا کاپیتاڵی مارکسی لەدنیادا هێنایەوە پێش و لەکاتی شۆڕشەکاندا مانیفێستی کۆمۆنیست ڕەواج پەیدادەکاتەوە.زیندویەتی فکر و بیروباوەڕی کۆمۆنیستی لە بەردەوامی بونی بزوتنەوەیەکی عەمەلی دژی سەرمایەداری کرێکاراندایە کە دەیەوێ ئەم سیستەمە بگۆڕێ و پێویستی بە بەرهەمهێنانەوەی ئەم فکرە هەیە.
فێربون لە نوسینەکانی مەنسور حیکمەت لە هەفتەی مەنسور حیکمەتدا لە لەبەرکردن و وتنەوەی نوسراوەکانیدا نیە ،ئەمە شێوازی تەقدیسی دینی یە بۆ فێربون کە بیروباوەڕی وشکەڵاتوو و دواکەتو لە ڕۆژگاری ئێستا بەرهەم دەهێنێ. فیربون بریتیە لە پرۆسەی بەکارهێنانەوەی فکر بۆ تێگەیشتن لە فکری کەسانی تر ،وەک هیگڵ دەڵێ” فکری کەسانی تر بەفکر نەبێ تێناگەین”. ئەمە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی فکری کۆمۆنیستیە کە ئامانجی هەفتەی مەنسور حیکمەت و خوێندنەوەی دەقەکانی مارکس و لینینە. بهێننە پێش چاوتان ئەگەر هەفتەی مەنسور حیکمەت بکەین بە کلاسی خوێندنەوەی دەقەکانی بەتەنیا،کەدەکرێ کلاسی لەم جۆرەش هەبێ،بەڵام ئەوکات دەبێ چی بڵێین لەهەفتەی مەنسور حیکمەتدا کاتێک ساڵی ١٩٨٥ نوسراوەی “دادگای شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵە و ڕەنجانی لیبرالەکان” دەخوێنینەوە و مەنسور حیکمەت لەسەر ئیعدامی جاسوسی جمهوری ئیسلامی ئێران لەلایەن دادگای کۆمەڵەوە هیچ ناڵێ لە کاتێکدا کەسێک باس لە “پێشێلکردنی مافی مرۆڤ” لەلایەن ئەم دادگایەوە دەکا و لەبەرامبەردا مەنسور حیکمەت دیفاع لە دادگاکە و مافی یاسادانانی دەکا. هەر خودی مەنسور حیکمەت دوای ١٠ساڵ دژی سزای ئیعدام دەوەستێتەوە. ئایا پیرۆزکردنی هەر نوسراوە و دەقێک و خوێندنەوەی وەک خۆی نوسراوەکانی مەنسور حیکمەت چیمان فێردەکا؟ بۆدەبێ هەندێ نوسراوە پیرۆزبکەین و هەندێکی بخەینەلاوە؟بۆ لەڕیزگرتن لە مەنسورحیکمەتدا ڕیزلەم گۆڕانە لە فکری مەنسور حیکمەتدا نەگرین سەبارەت بە سزای ئیعدام. فێربون لە مەنسور حیکمەت خوێندنەوەی فکری ئەوە لەلایەن فکری کۆمۆنیستەکان و کەسانی ئازادیخوازەوە کە بێگومان لە گەشەپێدانی فکری کۆمۆنیستی لە ئێران و کوردستانی عێراقدا دەورێکی بەرچاو و گرنگی بوە و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی هەمیشە کار و بیری مەنسور حێکمەت وەک نمونەیەک لە هەوڵی گۆڕینی ڕەوتی فکر و پراتیکی لە کۆمۆنیزمێکی تێکەڵاو لە ناسیونالیزم و مەکتەبیەوە بەرەو کۆمۆنیزمێکی کرێکاری و دەخاڵەتگەر لە کۆمەڵگەدا سەیردەکا و ڕیزلێدەگرێ. نوسینەکانی مەنسور حیکمەت بەشێک لەم کەلەپور و بنەمایانەی کۆمۆنیزمن کە دەبێ پارێزگاریان لێ بکەین و سودیان لێوەرگرین لە گەشەپێدانی فکر و ئیدیۆلۆژیای کۆمۆنیستیدا. نمونەی خەبات بۆ سێکولاریزەکردنی سیستەمی سیاسی ،یاسایی و پەرەوەردەیی یەکێک لەو بەکردەوە درێژەپێدانەی میتۆد و ڕێبازی ڕەخنەگرانەی مەنسور حیکمەتە لە سیستەمی سەرمایەداری ئەمڕۆ لە کوردستاندا.

Add Comment

Click here to post a comment