ژنان

لابردنی پەیوەندییە مادییەکانی خێزان، ژنان لە دەسەلاتی باوک و برا و مێرد و سزا یاسایی و دینییە پیاوسالارییەکان رزگار دەکا

لابردنی پەیوەندییە مادییەکانی خێزان، ژنان لە دەسەلاتی

باوک و برا و مێرد و سزا یاسایی و دینییە پیاوسالارییەکان رزگار دەکا

گفتوگۆی  نەجیبە محمود لەگەڵ ئاسۆ کمال

 

تەوەری ساغکردنەوەی چەمکی یەکسانیی لە گفتارەوە بۆ رەفتار.

 

بارودۆخی جڤاکیی و پرسی یه‌کسانیی نێوان ژنان و پیاوان، قسه‌ و باسی زۆر هه‌ڵده‌گرن، هەڵبەتە سەرەکییترین و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە ساغکردنەوەی ئه‌و چه‌مکه‌ له‌ گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو ته‌وه‌رێکی تایبه‌ت لەو رووەوە ساز بدەین، هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک نووسەر و رۆژنامەنووس یاخود هێندێک لەو کەسانەی کە له‌ بواری چالاکیی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چالاکن یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە دەنوێنن.. دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.

 

نەجیبە محمود بەڕێزت وەک کەسێک کە بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟

ئاسۆ کمال -ڕوداوی کوشتنی دوعا زۆر کاری تێکردم و گەڕامەوە بۆ کوردستان تا کارێ بکەم دژی کوشتاری ژنان و چالاکوانەکانی ڕیکخراوەکانی ژنان و ڕۆژنامەنوسان و پاریزەر و کەسانی یەکسانی خوازمان کۆکردەوە و کۆنفرانسمان گرت و دواتر کەمپینێکی ڕاگەیاندنی سەراسەریمان لە هەموو کەناڵی ڕاگەیاندنی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیی و ڕۆژنامە و پەیامی مۆبایلدا کرد دژی کوشتن و توند وتیژی ژنان. لەم ڕیگەیەوە میدیای فرانس پرێس و بی بی سی و زۆر سایتی جیهانی ڕاپۆرتی ئەو چاوپیکەتنەیان بڵاوکردەوە کە ئاماری کوشتنی ژنانم بە ١٢هەزار ژن باسکردبوو. دواتر سەردانی شێڵتەری ژنانمان کرد لە سلێمانی و ئەوەی گرنگ بوو بەلامەوە ئەو ژنانەی توندوتیژیان لەسەر بوو گوێ بیستێکیان پەیداکرد و لە بیستنی دەنگیان لەڕادیۆ و بینینی ئەو ژنانە لە شێلتەر و کارکردن لەگەڵ چالاکوانەکانی ژناندا هەستم کرد بە کردەوە کارم بە باوەڕی یەکسانی خوازیم کردوە و گرنگی ڕاوەستانی پیاوی یەکسانی خوازم لە بزوتنەوەی ژناندا لەنزیکەوە هەست پێکرد،  کە لە ووتار و چاوپێکەوتندا لەبارەوەیان دەدوێم.

جارێکی تریش لە ٨مارسی ٢٠١١لەسەرای ئازادی ئەو پیاوانەی بڵندگۆکەیان بەدەستەوە بوو دەیانویست بەرنامەکە کورت بکەنەوە کە ژنان بەڕیوەیان دەبرد . بۆ پشتیوانی لە دەنگی ووتار و بڕیارەکانی ٨ مارس بە حەماسەوە بۆ پشتیوانی لە ژنان و هاتنەمەیدانی ئازادیان قسەم کرد و لە کۆتاییدا  “شیعاری ئازادیە و یەکسانی داخوازی هەموومانی” م ووت زیاتر لە ١٠٠ژن و کچ بەگەرمی لەگەڵیان دەوتمەوە و جەماوەری هەزاران کەسیش دەیان وتەوە ، لە بینینی ڕوخساری گەشاوەی ژنەکان و دەنگی بەرزیان لە ووتنەوەی شیعاری یەکسانیدا گەشامەوە و دەمزانی ئەمە دڵی کەسانی کۆنەپەرستی ئەو مەیدانەی تەنگ کردوە و ئەوانی بیدەنگ کردبوو. دوایی ئەندامێکی لایەنێکی ئیسلامی لە ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی پێی ووتم “ئەمڕۆ ڕۆژی دژی فرەژنی بوو”،پێم ووت ئەوە مانای ٨ی مارسە.

 

نەجیبە محمود ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە هەمان شێوەی هەر ژنێک – جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی – کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟

ئاسۆ کمال -من لە خێزانێکی کرێکاریەوە هاتوم و دایکم نان هێنەری ماڵ بوو .ئەم دوو هۆیە بونە مایەی ئەوەی کاتێک خۆم بە کۆمۆنیست زانی یەکسانی و ڕیزی ژن جەوی هاوڕێیەتی لەگەڵ دایکم و خوشکەکانمدا دروست کرد و لەسەرەتاوە هاوکاری کاری ماڵم دەکرد و دواتر کە هاوسەرگیریم کرد کاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵم بەهاوبەشی ئەنجامدا و کاردابەشکردنی ئێستامان ئەنجامدانی کاری پێکەوەییە هەرکەس بەپێی کات و توانای و هاوڕێیەتی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بنەمای ژیان و کاری ناوماڵ و دەرەوەی ماڵمانە.  

 

نەجیبە محمود ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی سێکسیی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟ ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ کردەوە؟

ئاسۆ کمال -هاوسەرگیری و ژیانی پێکەوەیی و تەنانەت خۆشەویستی و پەیوەندی بۆی فرێند و گێڵ فرێند(هاوڕێی کوڕ یا هاوڕێی کچ) هەرکامەیان کاریگەری لەسەر پەیوەندی سێکسی ئینسان هەیە. پیاو یا ژن لەهەرکام لەم پەیوەندیانەدا بێ وەکو یەک و یەکسانن لەوەی پەیوەندی سێکسی خۆیان چۆن دەبەن بەڕێوە. تەنیا ئەو دوو کەسە باڵغەی سەروو ١٦ساڵن و پەیوەندی سێکسیان هەیە لەوە بەرپرسیارن کە ئەو پەیوەندیە سێکسیەیان چ کاریگەریەکی لەسەر ژیانی پێکەوەیی و خۆشەویستیان هەیە. لەوانەیە لەکاتی بونی هاوسەردا پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسی تردا ژیانی هاوسەریت هەڵوەشێنێتەوە و لەوانەیە ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکرێ بە بێ جیابونەوە. بەڵام نابێ هیچ دەسەڵاتێکی دەوڵەتی و خێزانی و دینی دەستوەربداتە ئەم کێشە شەخسیەوە و  کێشەی ئەو دوو کەسەی لەسەر پەیوەندیەکی سێکسی دروست بوە کاری ئەو دوو کەسەیەو چارەسەری بەدەست ئەوانە کە لەسەر چ شتێک ڕیدەکەون. دانانی چوارچێوەی پیرۆزی خێزان لەکۆمەڵگا چینایەتیەکاندا و دانانی سزا یاسایی و دینیەکان بۆ ژن یا پیاو کە لەو چوارچێوەیە دەردەچن بۆ پاراستنی موڵکایەتی و میراتی ئەو یەکە ئابوریە-کۆمەڵایەتیەیە کە بە خێزان ناودەبرێ. ژنان لەم چوارچێوەدا هەمیشە کۆیلە و بەستراوە و ژێردەستەبوون لەم دامەزراوە کۆمەڵایەتیەدا. لابردنی ئەم پەیوەندیە مادیە لەسەر پەیوەندی ژن و پیاو ،خێزان و ژیانی پێکەوە بوونی دوو ئینسان لەیاسا وسزاکان ڕزگاردەکا. ژنان لەدەسەڵاتی باوک و برا و مێرد ڕزگار دەکا کە لەکوردستان ئەم پیاوسالاریە لەسایەی دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی و عەشیرەتی و میلیشیای سیاسیدا کردۆتە هەرێمێک بۆ ژن کوشتن.

 

نەجیبە محمود له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیاوانن ئه‌نجامده‌ری ده‌ستدرێژیین بۆ سه‌ر ژنان، هاوکات هه‌ر ئه‌و پیاوانه‌ن که‌ ژن به‌ شه‌ره‌فی خێزان دەزانن، تۆ ئه‌و دوو جۆر هه‌ڵسوکه‌وت و دوو که‌سایه‌تییەی پیاوان چۆن هەڵدەسە‌نگێنی؟

ئاسۆ کمال -پیاو وەکو بونەوەرێک بەرپرس نیە و ڕەخنە لەڕەگەزی نێرینە نیە. سەرچاوەی ئەم تاوانانەی پیاوان ئەنجامی دەدەن ،ئەو سیستەمە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایتیەی لەسەر جیاکاری ژن و پیاو بنیات نراوە و پیاوی کردۆتە باڵادەست و ژن ژێر دەستەی ئابوری و کۆمەڵایتیە. سیستەمێک لەسەر دەسەڵاتی پیاوسالاری و موڵکایەتی تایبەت و پاراستنی میراتی دامەزراوە. دین و یاساکان بۆ پیاوان دانراوە کە ئەو ئەرک و دەسەڵاتە بەجێ بگەیەنن. پیاوان کاتێ لەم دەمارگیریە دژ بەژنان ڕزگاریان دەبێ کاتێ خۆیان بە ئینسانی یەکسان بزانن و لەڕاستیدا ئینسانیەتێ کە دین و پیاوسالاری لێی زەوت کردون و ئایدیۆلۆژی و دنیابینی باڵادەستیان بەسەر ژنان و مافی چەند ژنە و بەنیوە حساب کردنی ژنان لە میرات و شایەتی و نەبونی ئازادی تەڵاق و سەرپەرشتی مناڵ و دانانیان بەشەرەفی پیاو و خێزان. ئەم سیستەمی خێزانی و دەستدرێژی سێکسی و لەشفرۆشیە پاکێجێکن پێکەوە کە پیاو قوربانی ئەم سیستەمەیە کە ژن و پیاوی تێدا یەکسان نیە. لەم سیستەمەدا ژن لەناو خێزاندا بێ یا لەدەرەوەی خێزان پارێزراو نیە. لەناو خێزاندا بە شەرەفی کەسی تر دادەنرێ  و ئەگەر لەم چوارچیوەیە دەرچێ ئەو کەسە مافی کوشتن و سزادانی هەیە. ئەگەر کەسێک دەستدرێژی سێکسیش بکاتە سەری هەر ژنەکە تاوانبارە بەوەی شەرەفی خاوەنەکەی لەدەستداوە. ئەم خاوەندارێتیە کە لە سیستەمی خێزانی سەرمایەداریدا هەیە ، لەسایەی دەسەڵاتێکی سیاسی عەشیرەتی و شەریعەتی دا کۆت و بەندەکانی توندکراوەتەوە و ٢٠ساڵە ئەم دوو حزبە میلیشیایە و ئیسلامیەکانی کوردستان وەکو یاسا و سوڵحی عەشایری و خوتبەی ڕۆژانی هەینی مێشکی پیاو و کۆمەڵگەی کوردستانیان پێ قانداوە. ڕزگاری لەدەست ئەم جیاکاریەی ژن و پیاو ئەرکی بزوتنەوەی یەکسانی خوازانەی کرێکاران و ئازادیخوازانی کوردستانە بە ژنان و پیاوانە وە کە کۆمەڵگە لەدەست ئەم دەسەڵاتە پیاوسالاری و کۆنەپەرستانەی حزبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکان و سیستەمە سەرمایەداریەکەیان ڕزگاربکەن و ئیعتبار و مافی ئینسانی بۆ ژنان و پیاوانی ئەم کۆمەڵگەیە بگێڕنەوە.

 

سازادانی تەوەر: نەجیبە مەحمود

Add Comment

Click here to post a comment