نارەزایەتیەکان

پشتیوانی لە مانگرتن و داواکانی ئازادی ڕادەربڕینی یوسف محمد علی دەکەین

کەمپەینی” نا بۆ حوکمی داعشیانە لە کوردستان” دوای کاری سەرکەوتوانەی بۆ ئازادکردنی هاوڵاتی ئازادیخواز “یوسف محمد علی”، کە لە شارۆچکەی دەربەندیخان کە لە مانگی ١٢پاردا لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕەخنەی لە ئیسلام لە فەیس بوکی خۆی لەلایەن دادگای دەربەندیخانەوە زیندانی کرابوو، بەردەوام بوە لە پشتگیری کەیسەکەی و هەوڵیداوە پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بخاتە ژێرفشاری داوای لابردنی دادگاییەکەی ئەم هاوڵاتیە چالاکەی سورە لەسەر مافی ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستاندا.

لە ئێستاشدا کە یوسف مانگرتنی ڕاگەیاندوە لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی کوردستاندا لە شاری سلێمانی ئێمە بەوپەڕی تواناوە پشتیوانی ئەم مانگرتنەی دەکەین بۆ سەرخستنی داوا ڕەواکانی کە بریتین لە داخستنی دادگایی کردنەوەکەی لە شاری سلێمانی و لابردنی مادەی (٣٧٢) لەیاسای سزادانی عێراقی کە چەندین ئازادیخوازی تری وەک یوسفی پێ سزادراوە و زیندانی کراوە. داوا لەسەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین کە پشتیوانی مانگرتنەکەی یوسف محمد علی بکەن و نامە و فشار بکەنە سەر پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەم خواستانەی مانگرتنەکەی.

ئەم هەنگاوەی یوسف هەنگاوێکە بۆ دەنگ هەڵبڕینی هەرکەسێک کە خوازیاری کۆتایی هێنان بە یاسا و حوکمە داعشیەکانی قەدەغەکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتنە لەدین و یاسا دینیەکان. بێگومان خەباتی ئازادیخوازی خەلکی کوردستان بۆ جیاکردنەوەی دین لەیاسا مەدنیەکان و لە دادگا و حکومەت هەنگاوێکی گرنگ و چارەنوسازە لەخەبات بۆ شکسپێدانی خەتەری بەدیلی دەوڵەتی ئیسلامی و داعش و یاساکانی لە کوردستان. هەربۆیە گرنگە پشتیوانی لەهەر هەنگاوێک و خەباتی هەر ئینسانێکی ئازادیخواز بکەین بۆ سەرخستنی خواستی ئازادی ڕادەربڕین و سکۆلارکردنی یاسا ودەزگا ڕەسمیەکانی کوردستان

. کەمپینی نا بۆ حوکمی داعشیانە لە کوردستان

٢٢/٢/٢٠١٥

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بەژمارەی تەلەفۆن :٠٠٤٤٧٧٦٠١٣١٢٠٣و٠٠٩٦٤٧٥١٠٢٦٨٤٣٥

Add Comment

Click here to post a comment