کۆمۆنیزم

پلاتفۆرمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە شەڕی دژی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامیدا

پلاتفۆرمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە شەڕی دژی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامیدا*

بەوپێیەی کە :

    1. داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی  کە وەک باڵێکی بورژوازی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست شەڕێکی وەحشیانە دەکا بۆ سەپاندنی بەدیلی خەلافەت و دەوڵەتی ئیسلامی  لەم ناوچەیەدا وخەتەرێکی جدیە لەسەر ژیان و ئایندەی خەڵکی کوردستان. ئەمڕۆ کوردستان بوەتە مەیدانێکی شەڕی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دژ بەداعش . دەور و سیاسەتی یەکێتی و پارتی وەک هەمیشە پاشکۆیەتی سیاسەتی باڵادەستی ئەمریکا و یاریکردن لەسەر پەتی شەڕی دوو قوتبی نێوان دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە.ئەم سیاسەتە بەرهەمی بەدیلی فیدرالیزمی پارتی و یەکێتی یە کە بەهۆیەوە دوودەیەیە دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان پاراستوە و سەپاندویانە بەسەر خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێشی کوردستاندا.
    2. ژینگەی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی لە کێشەی بنبەستی سیاسی و ئابوری لە جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. بەتایبەت ئاکامی شەڕودەستێوەردانی ئەمریکا لە عێراق وسوریا و ململانێی نێوان دوو قوتبی دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە کە لایەکی ئێرانە ولاکەی تری تورکیا وسعودیە و خلیجە.

 

  • دابەشکردنی ئەم ناوچەیەی بە چەند شێخنشینێک کە داهاتێکی خەیاڵی نەوت و گازیان لەبەردەستدایە بەژمارەیەکی کەمی چەند ملێونی دانیشتوانەوە و بوونی چەندین دەوڵەتی گەورەی وەک میسر و تونس و ئوردون و سوریا بەچەند سەد ملێون بێکارەوە. ئەم دابەشکردنە ئیمپریالیستیەی بازاڕی کاروسەرمایە بوەتە مایەی کەڵەکەبونی سەرمایەی نەوتی لەدەستی شاو ئەمیرەکانی کەنداو و دیکتاتۆرەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەک و ڕاگرتنی هێزی کاری هەرزانی کرێکاران و بێ مافی سیاسی و ئابوری زۆربەی دانیشتوانی هەژاری ئەم ناوچەیە لەلایەکی ترەوە. ئەمریکا و هاوپەیمانە ئیمپریالیستەکانی لەڕێگەی کۆنترۆڵی بازاڕوقەرزدارکردنی ئەم ناوچەیە و کۆمەک بەسوپا ودەزگای جاسوسی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی و دانانی بنکەی سەربازی ئەمریکی و بەرپاکردنی دووشەڕی کەنداو و درێژەدان بەپشتیوانی داگیرکردنی فەلەستین ،وەک سەرچاوەی نەهامەتیەکانی خەڵکی ئەم دەرکەوتوە و فاشیزمی ئیسلامی ئەلقاعیدە و داعش بەهەمان شێوەی نازیزمی ئەڵمانی دەتوانێ ڕێگای دەرچونی خەڵکی هەژاری ئەم ناوچەیە لەدەست ئەمریکا و شێخنشین و دیکتاتۆرە ناسیونالیستەکان بە ئایدیۆلۆژی و بەدیلی خەلافەتی ئیسلامیەوە گرێ بدا .

 

  1. دوو دەیەی ڕابردوی مێژووی شەڕی باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکە و سیستەمە نوێیە تاک هێزە جیهانیەکەی ، فاشیزم و تیرۆریزمی ئیسلامی کردۆتە بەشێکی جیانەکراوەی ئەم سیستەمە .داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی  بۆ قبوڵکردنی لەلایەن ئەمریکا و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواوە وەک بەشێک لە سیستەم ودەسەڵاتی ناوچەکە شەڕ دەکا. ستراتیژی نادیار و چاوەڕوانی شەڕی درێژخایەنی چەند ساڵی ئەمریکا لەگەڵ داعش و بزوتنەوەی فاشیزمی ئیسلامیدا نیشانەی ئەم واقعیەتەن.
  2. ئەمریکا خوازیاری سازان لەگەڵ باڵی میانەڕەو وئیخوان موسلمینی ئەم فاشیزمە ئیسلامیەدا هەیە وەک لەمیسر بینیمان و ئێستا لەسوریا وەک ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەو کۆمەکیان دەکا چونکە لەبەرامبەر شەپۆپلی شۆڕش و بەهاری عەرەبیدا بینیمان کە چۆن ئەم بەدیلە ئیسلامیە توانای پاشەکشەی بە رادیکال بونەوەی ئەو ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریە ئازادیخوازەی ئەم ووڵاتانە هەیە .بەڵام هاوکات ئەمریکا کێشەی لەگەڵ باڵی توندڕەوی ئەم بەدیلە  ئیسلامیەدا هەیە کە زیانی ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی ئێستای ئەمریکا و ناجێگیریەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست دەکا کە لەوانەیە ڕەقیبە جیهانی و ناوچەییەکانی ئەمریکا وەک ڕوسیا وئێران سودی لێوەرگرن و باڵانسی هێز لەم ناوچەیە لەدژی ئەمریکا بچەرخێ لەکاتێکدا دوای شکستی تەجروبەی داگیرکردنی عێراق و دەستێوەردانی سوریا ئەم ئەگەرە جدی بوەتەوە.
  3. کوردستان بوەتە مەیدانێکی شەڕی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دژ بەداعش . دەور و سیاسەتی یەکێتی و پارتی وەک هەمیشە پاشکۆیەتی سیاسەتی باڵادەستی ئەمریکا و یاریکردن لەسەر پەتی شەڕی دوو قوتبی نێوان دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە.ئەم سیاسەتە بەرهەمی بەدیلی فیدرالیزمی پارتی و یەکێتی یە .
  4. لەدوای ڕوداوەکانی داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە یەکێتی وپارتی جارێکی تربە ملکەچکردنیان بەتەسلیم بونەوە بە پرۆسەی سیاسی شکستخواردوی عێراق چارەنوسی کوردستانیان سپاردوە بە شەڕی دەسەڵاتی ئیسلامی شیعە وسونە لە عێراق کە وەک بەشێک لە شەڕی دوو قوتبی ناوچەکە ئەمڕۆ تیکەڵاوی شەڕی دژی داعش بوە.
  5. ئیسلامی سیاسیش لە کوردستان خۆی بەهاوبەشی ستراتیژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی و خەلافەتەکەی دەزانێ بەڵام هاوسەنگی هێز و بەرژەوەندیە سیاسیەکانی بەشداری لە حکومەتی هەرێمدا ڕێگای ئەم هەڵبژاردنەی لێ بەرتەسک کردۆتەوە کە لە پێش لە ١١سێپتەمبەری ٢٠٠١دا بۆ پشتیوانی تیرۆریزمی ئیسلامی گرتبویەبەر. هەربۆیە هەمیشە وەک خەتەری داعشی نوستو لە کوردستان لەئارادایە.
  6. شەڕ لەدژی داعش لە ڕۆژئاوا و کانتۆنەکانی کوبانی  وجەزیرەدا دا نمونەیەکی سەرکەوتوی لە سیاسەتی پشت بەستن بەبەرگری جەماوەری و شەڕ دژی سیاسەت و بەرنامە و بنەماکانی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی نیشان دا . پشتیوانی ئەنتەرناسیونالیستی لەبەرخۆدانی کۆبانی و یاسای یەکسانی ژن و پیاوی کانتۆنی جەزیرە ئومێد و ئیرادەیەکی بەرەی ئازادیخوازی جیهانی دژ بە داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی نیشان داوە بۆ سەرخستنی خەبات دژ بەم بەدیلە فاشیستیەی ئیسلامی سیاسی.

هەربۆیە پێویستە سیاسەت و ستراتیژی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە شەڕی دژی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی دا بریتی بێت لە:

  1. شەڕ لەدژی داعش بۆ کۆتایی هێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی داعش بەئەرکی فەوری خۆی دەزانێ و کاردەکا لە پێناو پیکهینان و ڕیکخستنی هێزی بەرگری جەماوەری چەکدار لەژنان وپیاوان و لەگەرەک و کارگە و شوێنی کارو ژیاندا.
  2. خەباتێکی سیاسی جەماوەری لەشارەکانی کوردستان بەڕێ دەخا دژ بە بنەماکانی دەسەڵات و دەستور و یاساکان و تاوانەکانی دەوڵەتی  ئیسلامی داعش دژ بە خەڵکی کوردستان و عێراق و سوریا و دژ بە ژنان و یەزیدی و مەسیحیەکان و سەرجەم ناوچەکە. ئەم خەباتە ئاراستە دەکا  بۆ ڕاگەیاندنی یاسای یەکسانی ژن وپیاو لەلایەن پەرلەمانەوە وهەڵوەشانەوەی ئەو یاسایانەی لە شەریعەتی ئیسلامەوە سەرچاوەیان گرتوە.هەروەها بۆڕاوەستانەوە بەرامبەر بە هەوڵەکانی داعشی نوستو و ئیسلامی سیاسی لە کوردستان کە هاوکاری سیاسی و مەعنەوی داعش و ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی دەکا  و ڕێگەگرتن لە مەلا و ناوەندە ئیسلامیەکان لە هاندان و توندوتیژی دژ بە مافە مەدەنیەکانی خەلکی کوردستان.
  3. لەڕێگەی ئەم خەباتە جەماوەریەوە فشاردەخاتە سەر حکومەتی هەریم بۆ دامەزراندنی گەنجان و دانی بیمەی بیکاری و کۆمەڵایەتی و لابردنی وانەی ئاینی ئیسلام لە خوێندندا و دانانی مادەی یەکسانی و مافە سەرەتایی و جیهانیەکانی مرۆڤ لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەدا.
  4. پێکهێنانی ناوەندێکی جیهانی بۆ پشتیوانی لە خەبات و شەڕ دژی دەولەتی ئیسلامی داعش و سیاسەت و تاوانەکانی دژ بە خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و دژ بە مرۆڤایەتی. ئەم ناوەندە خەبات دەکا لە پێناو بەهێزکردنی سکولاریزم و جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت لە کوردستان و ناوچەکەدا.
  5. خەبات لەپێناو ڕاگەیاندنی دەولەتێکی سکۆلار و غەیرە ئەتنیکی سەربەخۆلە کوردستاندا کە ژیانێکی خۆشگوزەران و ئازاد و یەکسان بۆ دانیشتوانەکەی دابین بکا. بەرپاکردنی ریفراندۆمێکی ئازاد بەسەرپەرشتی نێوەندێکی نێودەوڵەتی بێلایەن لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و جێناکۆکەکان بۆ بڕیاردان لەسەر چونە پآل هەرێمی کوردستان یاخود مانەوەیان لە عێراقدا.
  6. ڕێگە گرتن لە هاتنی سوپا و دەستێوەردانی ئەمریکا و ئێران و تورکیا لە کوردستاندا و ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە سیاسەتی پاشکۆیەتی یەکێتی و پارتی بۆ ئەم هێزانە و ڕێگەندان بە کردنی کوردستان بە مەیدانی شەڕی دوو قوتبی دەوڵەتانی ناوچەکە و شەڕی ئیسلامی شیعە و سونە لە عێراقدا.بانگەوازی هیزی پێشمەرگە بۆ بەشداری نەکردن لە هەر ئۆپەراسیۆن و بەرەیەکی شەڕدا کە بۆ بەرژەوەندی ئێران و تورکیا یاخود هێزە شیعەو سونیەکانی عێراقە و وە شەڕی بەرگری لە کوردستان لە دژی داعش نیە.
  7. بەشداری چالاکانە لە پشتیوانی بەرخۆدانی کۆبانی و یاسای یەکسانی ژن وپیاو لە جزیرە و هاوکاری ئاوارەکانی ڕۆژئاوا و شەنگال لە هەرێمی کوردستاندا.
  8. کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا لەشەڕی دژی داعشدا و بۆ پاراستنی ڕیزی ئەنتەرناسیونالی وهاوخەباتی کرێکاران و ئازادیخوازانی عێراق و کوردستان دژ بە شەڕی قەومی و مەزهەبی هێزە ناسیونالیست و ئیسلامیەکان.    * پێشنیاری ئاسۆکمال بۆ کۆنگرەی حزب

Add Comment

Click here to post a comment