وتار

ئایا پرۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا لەئارادایە ؟

 

پێوەرەکانی گفتوگۆ بۆ ئاشتی لە تورکیا ڕۆشنە کە دوولایەن دوای ٣٠ساڵ شەڕی سەربازی دەبێ ڕێگای سیاسی بگرنە بەر بۆ چارەسەری کێشەی کورد. بەڵام ئایا ڕێگایەک کە تورکیا بۆ گفتوگۆ گرتویەتیەبەر کامەیە. سەرەتا سەرکردەی پەکەکە کە لایەنی وتوێژەکەیە زیندانیەکی ئینفرادیە کە باری تەندروستی و دەرونی و ژیانی هیچ پێویستیەکی سەرەتایی ئارامی و مرۆیی و دەست ڕاگەیشتنی بە هیچ کۆمەکێکی زانیاری تێدانیە تا بتوانێت بڕیارێکی دروست بدا و لەژێر فشار و هەڕەشەی جۆراوجۆری دەوڵەتی تورکیادایە. لایەنی گفتوگۆکاری دەوڵەت دەزگای میتی تورکیایە نەک دەزگایەکی سیاسی و مەدەنی حکومەتی تورکیا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت مەبەست چارەسەری سیاسی کێشەی کورد نیە بەڵکو چەک دانانی پەکەکە و کۆتایی پێ هێنان بە هێزە سەربازیەکەیەتی. ئەم هەلومەرجە هیچ پێوەرێکی گفتوگۆیەکی سیاسی دوولایەنی یەکسانی تێدا نیە و دەوڵەتی تورکیا شێواز و ڕێگایەکی بۆ گفتوگۆ داناوە کە هەموو ئیمکانیەتی سود وەرگرتنی لەم وتووێژەی خستۆتە خزمەت ئامانجی خۆیەوە کە لەزاری ئۆردوگانەوە بە”کار لە پێناو کۆتایی هێنان بە تیرۆری پەکەکە” بەئاشکرا ناوی دەبا،واتە لەناوبردنی پەکەکە ئامانجە نەک ئاشتی و چارەسەری سیاسی و سەلماندنی مافی خەڵکی کوردستانی تورکیا لەبڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا. هەربۆیە بەپێی قسەی ئۆردوگان و ئەجیندای ئەم گفتوگۆیە ئەمە شەڕە نەک ئاشتی. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ لەڕێگای فشارهێنان بۆ ئۆج ئالانەوە چەک بە پەکەکە دابنێ و خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خەڵکی کوردستان دژ بە حکومەتی تورکیا کە ڕوولەگەشەیە شکست پێ بێنێت.

ئامانجی تورکیا لەم بەناو گفتوگۆیە کۆتایی هێنان بە کێشەی شەڕی پەکەکە لە ناو تورکیادا نیە ،بەڵکو لابردنی ڕێگریەکانی بەردەم ستراتیژی باڵادەستی تورکیایە لەناوچەکەدا. تورکیا بە بەشداری لە وێرانکردنی سوریادا دەیەوێ دەروازەیەک بکاتەوە کە ئیخوانە هاوپەیمانەکانی بگەنە دەسەڵات و کاریگەری ئێران لەسەر عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕەقیبێک نەهێڵێ و دەستی درێژکا بۆ دۆستانی ئیخوانی میسر و تونس و حەماس. پەکەکە و دەیەپە کۆسپێکن لە بەردەم ئەم نەخشە و ستراتیژیەدا و وەکو گویل دەڵێ “دەیانەوێ لە سەرئێشەی پەکەکە خۆیان لادەن “تا لەئاستی ناوچەکە بەدوای بەرژەوەندیەکانیانەوەبن . ئەمە کورتەی ئەو پرۆسە ئاشتیەیە کە نەک هیچ چارەسەرێکی سیاسی تێدا نیە بەڵکو کێشەی کورد و سیاسەتی سەرکوتی قەومی و دەستور و دەوڵەتی قەومی تورکیا جێگای باس نین. تەنانەت چارەسەری سیاسی کۆتایی هێنان بەشەڕی سەربازی پەکەکە بە لێبوردنی گشتیش نازانێ وەک ئەو لێبوردنە گشتیانەی سەدام حسین لەکاتی سەرکەوتن یا مفاوەزات دەیدا و دواتر دەکەوتەوە گرتن و کوشتن لەشارەکاندا.  سەرۆکی ئەو هێزەی گفتوگۆی بۆ ئاشتی لەگەڵ دەکا دەبێ هەر زیندانی بێ.سەرکردەکانی پەکەکە دەبێ بچنە ئەوروپا و وڵاتانێکی تر بەمەرج و بەڵێنی قورسەوە. ئەمانە پێوەر و مەرجەکانی گفتوگۆی ئاشتی نین بەڵکو گفتوگۆی لایەنێکی شەڕکەرە کە مەرجەکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە بەرامبەرەکەی دەکاتە ئەجێندای گفتوگۆ.

پرسیارێ لێرەدا بۆ خەڵکی کوردستانی تورکیا گرنگە بیکەن ئەوەیە کە، ئایاهۆی ئەوەی پەکەکەش بەهانای ئەم پرۆسە بەناو ئاشتیەوە دەچێ چیە؟ پێم وایە تائێستا لەتورکیادا لەلایەن پەکەکە و بزوتنەوەی ناسیونالیستیەکەیەوە چارەسەری کێشەی کورد نەخراوەتە ڕوو و داوا وچارەسەری پەکەکە لەدەوری دەور و ئایندەی پەکەکە لەتورکیادا هەڵبەزو دابەزدەکا. هەرچۆن یەکێتی و پارتی بۆ دەیان ساڵ بەشوێن حوکمی زاتی و دواتر فیدرالیەوە بوون و هێشتا ئایندەشیان دیارنیە. پەکەکەش لە داوای زمان و ئیدارەی ناوچەییەدا چارەسەر دەبینێتەوە. بەڵام لەسایەی دەوڵەتی تورکیادا کە دەستور و سیاسەتی قەومی تورکی سەپاندوە ،وا ٣٠ساڵە ئەم چارەسەرە هەنگاوێکی نەناوە. ئێستا کە مەسەلەی گفتوگۆ و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستانی تورکیا هەیە چارەسەر بە چەکدانان یان بەچونەوە ناو ژیانی سیاسی دەکرێ ،لەکاتێکدا بە بوون و بێ بوونی پەکەکەی چەکدار دەوڵەتی تورکیا هەر بەپێی دەستور خەڵکی کوردزمان بەهاوڵاتی یەکسان ناناسێ لە تورکیادا و ناسنامەی تورکی بەسەر دەوڵەت و دەزگاکانی بەڕیوەبردن و پەرەوردە و ناسنامەی هاوڵاتیاندا سەپێنراوە و ستەم و جیاکاری قەومی درێژەی هەیە. خستنەڕووی چارەسەری کێشەی کورد لە رفراندۆمێکی ئازاددا کە چارەنوسی کوردستانی تورکیا لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزیدا دیاری بکا گونجاوترین ڕێگایە تاکو خەبات و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانی تورکیا بەئامانجی کۆتایی هێنان بە ستەم و کێشەی قەومی بهێنێ و ئەم خەباتە لە چوارچێوەی سازش و شەڕی بەشی پەکەکە لەدەسەڵاتی کوردستانی تورکیادا دەربهێنی . ئەم ڕێگا چارەیە وادەکا کە ئیتر ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بریتی نەبێ لەداوای ئازادی ئۆجالان و داوای ئازادبونی پەکەکە لەچالاکی سیاسیدا نەبێ بەڵکو کۆتایی هێنان بەستەمی قەومی و گەیشتن بە سەربەخۆبوون لەدەوڵەتی تورکیا یان مانەوە وەک هاوڵاتی یەکسان و گۆڕینی سیستەم و دەستوری تورکیا بێ.  

 

20/01/2013

Add Comment

Click here to post a comment