نارەزایەتیەکان

بەشداری لە کۆنفرانسی دژی سەرمایەداری ووڵاتانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست

هاوپشتیەکی بەرفراوان لە نێو بزوتنەوەی سوسیالیستی ناوچەکەدا دەتوانێ شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای عەرەبی بە سەرکەوتن بگەیەنێ

مارسیل

ڕیپۆرتاژێک سەبارەت بە بەشداری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە کۆنفرانسی  دژی سەرمایەداری ووڵاتانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست

لە ڕۆژانی ٧و٨ ئایاردا کۆنفرانسی حزبە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکانی ووڵاتانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست لە شاری مارسیلیای فەرەنسا سەبارەت بە شۆڕشەکانی ووڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسترا. ئەم کۆنفرانسە  لەلایەن (حزبی نوێی دژی سەرمایەداری) فەرەنساوە ڕێکخرا کە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان لە ووڵاتانی فەرەنسا، میسر، تونس، مەغریب، لوبنان، فەلەستین، قوبرس، ئیتالیا، ئیسپانیا، یۆنان، عێراق و کوردستان بەشداریان کرد.

لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسدا سەبارەت بە شۆڕش و خۆپیشاندانەکانی ووڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەوباس کرا و بیروڕا گۆڕدرایەوە . هەروەها لەسەر ئەزمەی دارایی جیهانی سەرمایەداری و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و پەیوەنیان بە شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن بەشداربوانەوە قسەوباسکرا.

لە دەستوری یەکەمی کۆنفرانسدا ئاسۆ کمال بە نوینەرایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ووتەیەکی پێشکەش کرد سەبارەت بە ئامانجەکانی حزب و دەوری لەخۆپیشاندانەکان وئاسۆ و ستراتیژی ئەم شۆڕش و بزوتنەوە شۆڕشگێرانەیەی لە ووڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایە. لەووتەکەیدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانی بە حزبێک کە لەپێناو ئازادی و یەکسانی و حکومەتی سوسیالیستیدا خەبات دەکا ناساند . باسی لە دەوری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کریکاری کرد کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە بە دروستکردنی شوراکان و بێکاران و ڕێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان و ڕێکخراوە جەماوەریەکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق ئەم بزوتنەوەویە  ڕوبەڕوی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بوەتەوە. ئێستاش  حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بەشداری چالاکانەی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی کوردستاندا هەیە وێڕای قەدەغەکردنی حزب لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە. دواتر لەسەر ناوەرۆکی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەم حزبانە و سیاسەتی سەرکوتکردنی ئازادی و ئیدارەی گەندەڵی لەباری ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەوان دوا. لێرەدا لەسەر خاڵی هاوبەشی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەگەڵ شۆڕشەکانی تونس و میسر و خۆپیشاندانەکانی ووڵاتانی تری عەرەبی ئاماژەی بە خواستی هاوبەشی ئەم بزوتنەوانە دا کە بریتیە لە نەهێشتنی سیستەمی دیکتاتۆری و عەسکەری و هێنانەدی ئازادی و ژیانێکی باشتر. هەروەها لەسەر چۆنیەتی بەرەوپێشەوە چوونی خۆپیشاندانەکان و سەرکوتکردنی لەلایەن میلیشیاکانی یەکێتی و پارتی ئامادەبوانی کۆنفرانسی ئاگادارکردەوە. هەڵوێستی بێدەنگی ئەمریکای لەبەرامبەر کوشتن و بریندارکردن و گرتن و رفاندن و میلیتاریزەکردنی شارەکان و قەدەغەکردنی خۆپیشاندانەکان بە شەریک بونی حکومەتی ئەمریکی لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بەستەوە لە ڕووی دەسەڵات وسەرچاوە ئابوریەکانەوە لە عێراقدا.

لەکۆتاییدا لەسەر بەرنامە و ستراتیژ و پەیامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بۆ سەرخستنی شۆڕش لە کوردستان و ناوچەکەدا تەئکیدی لە دوو خاڵ کردەوە کە یەکەمیان ئەوەیە : ئەم شۆڕشانە نابێت لەلایەن حزبە بورژوازیەکانەوە کۆنترۆل بکرێ بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە کۆمەڵێکیانەوە بۆ کۆمەڵێکی تر و بزوتنەوەی ئێمە ، بزوتنەوەی سوسیالیستی دەتوانێ کە دەورێکی چالاک بگێڕێ لەڕاستای شۆڕشی ئازادی و دادپەروەری ڕاستەقینەدا. ئەمەش بەوە دەکرێ کە لەڕێگەی قوتبیکی یەکگرتوی کۆمۆنیست و سۆسیالیستەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ کرێکاران و خەڵک لەم شۆڕشەدا بەدەسەڵات بگەیەنن. خاڵی دووەمیش بریتیە لە یەکگرتوکردنی ڕیزی بزوتنەوەی سوسیالیستی لەناوچەکە و هێنانەئارای هاوپشتی و قوتبێکی ئەنتەرناسیونالیستی کە دەتوانێ ئەم شۆڕشانە بەسەرکەوتن بگەیەنێ. شایانی باسە کە کۆنفرانس لە ڕاگەیاندنی کۆتایی خۆیدا ئەم دوو خاڵەی ووتەکەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانی بەخاڵی گرنگ دانا .هەربۆیە لەم ڕاگەیاندنەدا خاڵی یەکەمی وەک پەرەگرافێک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێزە بورژوازیە دژی شۆڕشەکان جێگیرکرد، هەروەها  پەیامی کۆنفرانسی کردە ئەم خاڵەی دووەم کە دەڵێ : پەیامی ئەم کۆنفرانسە بۆ بزوتنەوە جەماوەریەکان و هەموو سۆسیالیستەکان ئەوەیە کە یەکێتیان لە ئاستی جیهانیدا بەتەنها سەرکەوتن مسۆگەر دەکا.

لەڕۆژی دووەمی کۆنفرانسیشدا باسی دەوری ووڵاتانی ئیمپریالیستی و سیاسەتی داگیرکردن و شەڕیان لە ووڵاتانی عێراق و ئەفغانستان و لیبیاکرا و هەروەها باسی سیاسەتی دژی پەنابەری حکومەتەکانی ئەوروپاکرا بەتایبەت بەرامبەر بەو ڕەوە تازەیەی لەووڵاتانی تونس و لیبیا و ووڵاتانی بەشی خواروی دەریای سپی ناوەراستەوە بەهۆی نائارامی لەو ووڵاتانەدا دەستی پێکردوە.

لەکۆتاییدا کۆنفرانس ڕاگەیاندنێکی کۆتایی بڵاوکردەوە کە  خاڵی یەکەمی لەسەر پشتیوانی شۆڕش و خۆپیشاندانەکانی ووڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو  کە  پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی کوردستانی عێراقیشی تێدا بوو و هەروەها لەلایەن نوێنەرانی حزبە بەشداربوەکانەوە نامەیەکی پشتیوانی لەم خۆپیشاندانانەی کوردستان دەرکرا کە لە میدیاکاندا بڵاومانکردۆتەوە.

لەم کۆنفرانسەدا نوێنه‌ری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دایەلۆگ و دیداری لەگەڵ حزبە بەشدارەکانی کۆنفرانسدا سازدا کە بریتی بوون لە (حزبی نوێی دژی سەرمایەداری (فەرەنسا)(NPA)،حزبی سوسیالیستی میسر، حزبی کریکارانی کۆمۆنیستی تونس، بزوتنەوەی نوێبونەوەی سوسیالیست (میسر)، پارتی پەیڕەوی دیموکراتی ( مەغریب)، یەکێتی لاوانی دیموکراتی حزبی شیوعی لوبنان، بەرەی ڕزگاریخوازی فەلەستین، پارتی ڕزگاریخوازی دیموکراتی (تونس)،پارتی قوبرسی نوێ(YKP)، پارتی کاری نیشتمانی دیموکراتی (تونس)، ڕەوتی چەپی  ڕەخنەگر(ئیتالیا)، ئەلتەرناتیڤی سوسیالیست( مەغریب)،پارتی چەپی دژی کاپیتالیست( ئیسپانیا)، ڕێکخراوی کۆمۆنیستی ئەنتەرناسیونال(یۆنان) ).

لە کۆبونەوەی حزبەکانی ووڵاتانی عەرەبی کە لە پەراوێزی کۆنفرانسدا بەسترا نوێنەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان تەئکیدی کردەوە لەسەر گرنگی کاری هاوبەشی بزوتنەوەی سوسیالیستی لەئاستی ناوچەکە و خستنە ڕووی بەدیلی دەسەڵات و دەستور و بەرنامەی سیاسی و ئابوری حکومەتی بەدیل بەرامبەر حکومەت و بەدیلی حزبە بورژوازیەکان .وە ئامادەیی  حزبی بۆ بەشداری لە هەر کۆنفرانسیکدا کرد کە بۆ ئەم ئامانجانە ببەسترێ. کۆنفرانسی دژی کاپیتالیستی ووڵاتانی دەریای ناوەڕاست دوای دوو ڕۆژ لە کۆبونەوەی حزبەکان و کۆڕێکی جەماوەری لە شاری مارسیلیای فەرەنسی سەرکەتوانە لە جەویکی شۆڕشگێرانە و ئەنتەرناسیونالستیانەدا کۆتایی هات.

هاوکات ڕادیۆی “لیبرال” کە ڕادیۆیەکی سەراسەری فەرەنسیە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئاسۆ کمال سەبارەت بەبەشداری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە کۆنفرانسەدا و هەڵوێستی حزبەدەسەڵاتدارەکانی کوردستان و ئەمریکا لەسەر خۆپیشاندان و داواکانی خۆپیشاندەران و هۆی بڵاونەبونەوەی هەواڵی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لە میدیاکانی جیهاندا  ئەنجامدا. ئاسۆ کمال لەوەڵامدا باسی گرنگی پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ سەرخستنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ناوچەکە و هەروەها باسی تاوانەکانی کوشتن و گرتنی خۆپیشاندەرانی لەلایەن میلیشیا دەسەڵاتدارەکان و داوای گرتن و دادگاییکردنیان کرد و درێژەکێشانی نارەزایەتیەکان تا گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی و گەندەڵ لە کوردستاندا تەئکید کردەوە.هۆیەکانی بڵاونەکردنەوەی هەواڵی خۆپیشاندانەکانی کوردستانیش لە CNN وBBC گەڕاندەوە بۆشەریکبونی حکومەتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە دەسەڵات و بەرژەوەندی ئابوری لەگەڵ یەکێتی و پارتی لەعێراقدا و ئەمەشی وەک سیاسەتێکی دووڕوویانەی ئیمپریالیستی پێناسەکرد.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان/رێکخراوی دەرەوە                ١٧ ی ئایاری ٢٠١١  

Add Comment

Click here to post a comment